تورکیا، عەفرین تۆپباران دەکات؛ کوژراو و بریندار هەیە
Thursday, February 18, 2016
سەرچاوەی وێنە: ANHA
NNSROJ- سوپای تورکیا لە شەوی پێنجشەممەوە دەستی بە تۆپبارانی کانتۆنی عەفرین و دەوروبەری شارۆچکەی عەزاز کردووە و ژمارەیەک هاووڵاتیش بوونە قوربانی.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا لە شەوی رابردووەوە دەیان جار شاری عەفرین و شارۆچکەکانی شیێ و جندرێسی سەر بە کانتۆنی عەفرینی تۆپباران کردووە، لە ئەنجامدا ٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون کە لە نێویاندا منداڵیش بەدیدەکرێت.
هاوکات سوپای تورکیا، دەوروبەری شارۆچکەی "عەزاز"یشی بە خەستی تۆپباران کردووە ، بەڵام هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەوێ بە دەست نەخراوە.
تۆپبارانەکە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی تورکیا، تۆمەتی تەقینەوەکەی شەوی چوارشەممەی ئەنقەرەی خستە ئەستۆی یەکینەکانی پاراستنی گەل، تۆمەتێک کە بە توندی لە لایەن ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکەوە رەتکراوەتەوە.
سوپای تورکیا لە گەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کانتۆنی عەفرین، دەستی بە تۆپبارانی ئەو دەڤەرە کردووە و تا ئێستاش بە هۆی تۆپبارانەوە لانیکەم ٥ شەڕڤانی یەپەگە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە ١٨ی فێڤرییەش ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ ٢ هەزار چەکدار بە تانگ و چەکی قورسەوە و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی یەپەگە و یارمەتیدانی چەکدارە گەمارۆدراوەکانی نێو شارۆچکەی عەزاز، لە سنووری تورکیاوە ئاودیوی باکووری سووریا بوون.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی خۆیدا داوای لە تورکیا کردبوو؛ تۆپبارانی هێزەکانی یەپەگە رابگرێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە