ئۆباما داوای کۆتاییهێنان بە تۆپبارانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە
Saturday, February 20, 2016
NNSROJ: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە کۆتایی بە بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە بێنێت، هەروەک داواشی کردووە یەپەگە ناوچەی زیاتر نەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
پڕێزیدێنت ئۆباما، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەیب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا، وێرای ئیدانەکردنی تەقینەوەکەی ١٧ی فێڤریە لە ئەنقەرە، داواشی لە ناوبراو کردووە کۆتایی بە بۆردومانی ڕۆژئاوای کوردستان بێنێت.
لە لێدوانێکدا کە لەڕێگەی سکرتێری ئیدارەی چاپەمەنیی خۆیەوە بڵاوی کردۆتەوە، کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێ کە پرێزیدێنت ئۆباما لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان، باسی لە هاوکاریی هەردوو وڵات کردووە لە "شەڕ بە دژی تیرۆریزم"دا.
بەگوێرەی لێدوانەکە، ئۆباما تەقینەوەکانی ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی فێڤریەی تورکیا و باکووری کوردستانی ئیدانە کردووە و، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیش لە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی ڕژیمی سووریا بەرەو حەڵەب و ناوچە سنوورییەکانی نزیک تورکیا.
ئۆباما داوای کردووە "دەستبەجێ ئەو کردەوانە ڕابگیرێن کە دەبنە هۆی بارگرژیی زیاتر لەگەڵ تورکیا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە میانەڕۆکان لە باکووری سووریا".
بە گوێرەی کۆشکی سپی ئۆباما نیگەرانی ئەوەیە کە ئەم بارگرژییە کاریگەریی نێگاتیڤی هەبێ لە هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی داعش بەڵام داواشی لە تورکیا کردووە " ددان بەجەرگی خۆیدا بگرێ" و گۆتایی بە تۆپبارانی ناوچەکە بێنێت.
پرێزیدێنت ئۆباما هەروەها دووبارەشی کردۆتەوە کە یەپەگە، " نابێ حەول بدەن بۆ دەرفەتهێنان لەو هەلومەرجە لە ناوچەدا، بۆ گرتنی خاکی زیاتر".
ناوبراو هەروەها بانگەوازیشی لە ڕووسیا و ڕژیمی ئەسەد کردووە کۆتایی بە هێرشە هەواییەکانیان بێنن بۆسەرئەوەی کۆشکی سپی بە "ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕۆ" بەناوی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بەڵێنیشی بە ئەردۆغان داوە "هاوکاریی نێوانیان قووڵتر بکەنەوە لە شەڕیاندا بە دژی هەموو شێوەکانی تێڕۆریزم، بە پ.ک.ک. یشەوە".
------------------------------------
زانیارییەکانی ناو ئەم هەواڵە، لە دیواری کاک حەسەن قازی وەرگیراون.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە