هیوا گوڵ محەمەدی
یەکیەتیی نیشتیمانی وزەی هەڵکشانی ماڵی بارزانییە
Thursday, February 25, 2016
بەردەوامی هەموو ئەو ڕەوتەی ئێستە لە باشووری کوردستان هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی مەلا مستەفا بارزانی لە شەڕی زەویوزارەوە کرایە قارەمانێکی نەتەوەیی.
کاتێک لە عێراق بڕیاری دابەشکردنی زەوی درا و حکوومەتی ناوەندی دەیویست دەسەڵاتی عەشیرە و سەرۆکی عەشیەرەکان کەم بکاتەوە، لە دەڤەری بارزان ناڕەزایەتییەک هاتە ئاراوە و مەلامستەفا بارزانی بوو بە فەرماندەی ئەو کۆمەڵە خەڵکە ناڕازییە. لە ئەنجامی هێڕشی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا، بارزانی و دواکەوتووەکانی شکستیان هێنا و ڕوویان لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. ئەو کاتە بۆشاییەک لەو دەڤەرانەی سەر سنوورە دەسکردەکان هاتبووە ئاراوە، هۆکاری ئەو بۆشاییەش شەڕی دووهەمی دنیاگر و گوشاری هێزە هاوپەیمانەکان بوو لەسەر دەسەڵاتی رەزا شای دیکتاتۆر و لایەنگری هیتلێر. هێزەکانی ئینگلیز و یەکیەتیی سۆڤیەت، بەهۆی ئەم بارودۆخە، خواروو و ژوورووی ئێرانیان داگیر کردبوو. لە چانسی مەلامستەفا بارزانی و هاوڕێکانیدا و لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە کە هاتووە ئاراوە، پێشەوا قازی محەمەد و ئاوەڵبەندەکانی کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاندبوو.
مەلا مستەفا بارزانی نامەی بۆ دەسەڵاتدارنی عێراقی ناردبوو کە بەو شەرتەی ئێعدامی نەکەن، ئامادەیە بگەڕێتەوە و خۆی تەسلیم بکاتەوە و تەنانەت ئامادە بوو دووریش بخرێتەوە بو خوارووی عێراق، تەنیا بەو مەرجەی لێی خۆش بن. کۆمەڵیک لە سەرکردەکانی حیزبی هیوا بەو مەسەلەیەیان زانیبوو و هەوڵیان ئەدا کە نەهێڵن مستەفا بارزانی تەسلیم بێتەوە و ئەیانویست وەک قارەمانی نەتەوەیی رایگرن و دەسەڵاتی ناوەندیی پێ بترسێنن. ئەوان بەو جۆرە دەیانویست بەشێک لە مافەکانی گەلی کورد لە باشوور مسۆگەر بکەن.
لە لایەکیترەوە پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی، لە سەرەتاوە بڕوایان بە مستەفا بارزانی نەبوو و نەیاندەویست بێتە مەهاباد و ناوچەی ژیر کونتروڵی کۆماری کوردستانەوە. ئەوان گومانیان هەبوو کە بارزانی و لایەنگرەکانی، بە پلانی ئینگلیزەکان هاتبنە ئەو دەڤەرە و بیانەوێ کۆماری کوردستان بڕووخێنن. لەم کات و ساتە ناسکەدا، ئیبراهیم ئەحمەد و چەند رووناکبیرێکی دیکەی سەرکردایەتیی حیزبی هیوا، نامەیەک بۆ پێشەوا ئەنووسن و تومارێکی لەگەڵ ئەخەن و مەلامستەفا وەک نوینەری گەلی کورد لە باشوور پێناسە ئەکەن. ئەوان داوا لە پێشەوا و کۆمار ئەکەن کە رێگە بە ناوبراو بدرێ بەشداریی کۆمار بکات و ئیتر بەمجۆرە پلان داڕیژن بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی باشوور و روژهەڵاتی کوردستان.
بەر لە هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بۆ سەر کۆماری کوردستان و گرتنەوەی شاری مەهاباد، مەلا مستەفا بارزانی بە سەردانێک لە تاران بوو و چاوی کەوتە حەمەڕەزا شای ئێران کە ئەو کاتە تازە لە جیاتی باوکی چووبووە سەر تەختی پاشایەتی.
هەتا ئیستە هیچ کەس پرسیاری ئەوەی نەکردووە کە مەلا مستەفا لە سەر چ بنەمایەک لەوکاتەدا چووەتە تاران و لەو دیدارەیدا چی وتووە و چۆن بووە کە دەگەڕێتەوە یەکسەر هێزەکەی کۆ دەکاتەوە و پاشەکشە دەکات، لە کاتێکدا مەلا مستەفا بارزانی لە لایەن حکوومەتی کۆماری کورستانەوە کرابووە ژێنراڵ و بڕوایەکی زۆری پێدرابوو؟
مەلا مستەفا بارزانی، ڕۆژانی بەر لە ڕووخانی کۆمار ئەو ناوچەیەی بەجێ هێشت و خۆی ڕادەستی یەکیەتی سوڤیەتی ئەو کاتە کرد. ئەو هێزەش کە لەگەڵیدا بوون، بە چەند شار و ناوچەیەکدا بڵاوەیان پێکرا و بارزانیش بۆخۆی، سەرەتا بێدەنگ مایەوە و پاشان ژیانی هاوبەشی لەگەڵ ژنێکی ڕووسی پێک هێنا و لە قەساوخانەیەکدا دەستی بەکار کرد.
ساڵی 1958 لە عێراق شۆڕش کرا، رژیمی پاشایەتی ڕووخا و سیستەمی کۆماری راگەیەندرا. مەلا مستەفا بارازنی چەند جار نامەی بۆ سەرکردەکانی عێراقی ئەوکات نارد کە ڕێگەی بدەن بگەڕێتەوە وڵات، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەدایەوە. سەرئەنجام ئیبراهیم ئەحمەد کەوتە هەوڵدان و جارێکی دیکە مستەفا بارزانی هێنایەوە عێراق.
سەرەتا مستەفا بارزانی وەک وەڵاتییەکی عێراقی حیسابی بۆ کرا و لە بەغداد نیشتەجێ کرا. ئەو لەو سەروبەندەدا کاری بە هیچ نەدابوو، بەڵام جارێکیتر ڕۆشنبیرە سۆرانییەکانی دەڤەری سلێمانی کەوتنەوە گەورەکردنەوەی و وەک قائیدی کوردی باشوور پێناسەیان کرد. کاتێکیش بارزانی نێوانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا تێکچوو، گەڕایەوە بارزان و بە تەما بوو ژیانێکی ئاسایی بژیت، بەڵام هەر ئەو کۆمەڵە خەڵکە، کە ئەمجارە مام جەلال تالەبانیشیان پێ زیاد ببوو، نەیانهێشت و پێداگرییان کرد کە مستەفا بارزانی ببێتە قائیدی شۆڕش.
لە دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، برایم ئەحمەد و مام جەلال نێوانیان لەگەڵ بارزانی تێکچوو و ئیتر ئەویش برایم ئەحمەد و مام جەلال و گرووپەکەیانی لە پارتی وەدەر نا. ئەوکاتە بەوانەیان ئەوت باڵی مەکتەبی سیاسی. بارزانی و لایەنگرەکانی بێحومەرتییەکی زۆریان بە باڵی مەکتەبی سیاسی کرد. بەڵام دوای ماوەیەک، ئەم لایەنە وەدەرنراوە کە بارزانی ڕیسوای کردبوون و ڕاوی نابوون بەرەو ئێران و جارێکیش پاڵی پێوە نابوون بچنەوە لای حکوومەتی ناوەندی، گەڕانەوە ژێر باڵی بارزانی و دیسان وەک قائیدی کورد بانگەشەیان بۆ کرد.
ساڵی 1975 مستەفا بارزانی بە خێرایی بانگهێشتی تاران کرا و شای ئێران پێی وت: دوو رێگەتان لەبەرە، یان کوتایی بە شوڕش بێنن و بێن لە لای ئێمە وەک پەنابەر بژین، یانیش بۆ خۆتان بەردەوام بن لە شەڕ و ئێمە یارمەتیتان نادەین! مستەفا بارزانی ڕازی بوو بە تەسلیم بوون و لە ئەنجامدا ئاشبەتاڵ راگەیندراو و کورد تووشی گەورەترین شکەست و سەرشۆڕی مێژووی خۆی بوو.
بارزانی ماوەیەک لە ئێران ژیا و پاشان بۆ عیلاجی نەخوشیی شێرپەنجە برایە ئەمریکا و بنەماڵەکەشی لە کەرەج، لە نێزیک تاران پێتەختی ئێران، لە ژیانێکی خۆش و ئاسوودەدا ئەژیان.
ڕۆژنامەوانێکی ئەمریکی سەردانی مستەفا بارزانی ئەکات لە نەخوشخانەدا و پێی ئەڵی کە بەڕیز بارزانی ئێوە شتی زۆرتان هەیە بۆ باسکردن، بۆچی بیرەوەرییەکانی خۆتان ناگێرنەوە؟ بارزانی لە وەڵامدا ئەڵی: ئاخر برام، من لە ژیانما هەر شکەستم خواردووە، کێ هەیە باسی شکەستەکانی خۆی بکات.
ماوەیەکی کورت دوای ئاشبەتاڵ، چەند لایەنێک و دەیان کەسایەتی سیاسی و سەربازی، لە ناوەو و دەرەوەی وڵات، کۆ دەبنەوە و بڕیاری بەردەوامیدان بە شوڕش ئەدەن. دیارترینی ئەمانە بریتی بوون لە مام جەلال تالەبانی، نەوشیروان مستەفا، عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید ، دکتۆر مەحموود عوسمان.
لە کاتێکدا بارزانی ئاشبەتاڵ کردووە و لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وەڵات ئێعتبارێکی نەماوە، مام جەلال تاڵەبانی نامەیەکی بۆ ئەنووسێ و دیسان وەک قائیدی کورد ناوی دەبا و بەڵێنی پێ ئەدات کە شۆڕشی ئەوان دژی بنەمـاڵەی بارازنی نییە و ئەوەش گیان وەبەر بارزانی ئەهێنێتەوە و کوڕەکانی ئەکاتە بەرپرس کە دەست بە کۆکردنەوەی پاشماوەی هێزەکانیان بکەن و ئەوانیش چەند کەسێکی وەک سامی عەبدولڕەحمان و جەوهەر نامیق و .... ئەرکدار ئەکەن و دەست پێ ئەکەنەوە.
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتای خۆ ئامادەکردندا بوو کە هێزەکانی قیادەی موەقەتە، بە فەرماندەییی سامی عەبدولڕەحمان و جەوهەر نامیق، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مستەفا بارزانی و پلانی دەزگای جاسووسی و ئەمنیەتیی ئێران، هەروەها بە هاوکاریی عەشیرە کۆنەپەرەستەکانی باکووری کوردستان، کەوتنە گەمارۆ دانی هێزێکی گەورەی یەکیەتی لە حەکاری و پێشیان پێگرتن و ژمارەیەکی یاکجار زۆریان لێ کوشتن و هەندێکیشیان لێ بەدیل گرتن. عەلی عەسکەری و دکتور خالید دوو سەرکردەی دیاری بەدیل گیراو بوون. سامی عەبدلوڕەحمان، کە ئەوکاتە پیاوی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی بوو، فەرمانی کردبوو کە "پیاوی گەورە دەبێ بە چەکی گەورە بکوژرێ" و ئیتر بە ئاڕ بی جی عەلی عەسکەرییان کوشت.
ئەگەر مام جەلال و ئەو کەسانە کە دەستیان بە خەباتی نوێ کردبوو بەو دوودڵییەوە لە بەرانبەر بە بنەماڵەی بارزانیدا هەڵسوکەوتیان نەکردبایە و هەر لە یەکەم ڕۆژەوە حیسابی هەڵهاتوویان بۆ بکردایەن، ئەوا لەسەر دەستی پارتی تووشی ئەو شکەستە گەرەیە نەدەبوون کە لە حەکاری بەسەریاندا هات.
سەرەڕای ئەو کارانەش و سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی قیادەی موقەتە دوای مردنی بارزانی باوک و بە فەرماندەیی ئیدریس بارزانی و دواتریش مەسعوود بارزانی، بوونە لەمپەری کار و خەبات و گەشەکردنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و دەیان کادر و ئەندامی ئەو جووڵانەوە شوڕشگێرە نوێیەیان تێرۆر و ئێعدام کرد، مام جەلال نامەی دڵسۆزی و برایەتی بۆ بنەماڵەی بارزانی و هاوژینی بارزانی [حەمایل خانی دایکی مەسعود بارزانی] دەنووسێ و بەردەام دەبێ لە شەرعیەتدان بەو بنەماڵەیە.
لە کاتی راپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستاندا، یەکەمجار نەوشییروان مستەفا و دواتر کادر و فەرماندەکانی یەکیەتیی نیشتیمانی بوون کە تێکەڵ بە ڕاپەڕینەکە بوون، بەرنامەیان بۆ دانا و پێشەنگایەتیان کرد. پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەو ئاخر کەسانە بوون کە گەڕانەوە باشووری ڕزگارکراو، کەچی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا. دیسان ئەمانەیان دایە پێش خۆیان و جارێکی دیکە گەورەیان کردنەوە. لە کاتێکدا دەبوو، بەهۆی تاوانی گەورە و بچووکەکانیان، هەر لە سەر سنوورەوە چەک بکرێن، زیندانی و دواتریش لە دادگایەکی خەڵکیدا دادگایی و سزا بدرێن.
ئەمانە هاتنەوە و سەرلەنوێ لەسەر دەستی یەکیەتی و جەلال تاڵەبانی کرانەوە ئاغا و کوێخا. بەڵام ئەم ڕەوتە زۆری نەبرد و لەگەڵ یەکیەتی دیسان دەستیان کرد بە شیر وتیر لەیەکتر سوین و تا سەرئەنجام شەڕی براکوژییان دەست پێکردەوە. دوای ماوەیەک شەڕ، ساڵی 1996 مەسعود بارزانی نامەی بۆ سەدام حسەینی دیکتاتور و قاتڵی نیو ملیۆن کورد نارد و داوای یارمەتی لێکرد لە دژی هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان. پارتیەکان بێشەرمانە سواری دەبابەکانی بەعس بوون و بارەگای پارلەمانی کوردستانیان داگیر کرد و ئاڵای باشووریان داگرت و ئاڵای عێراقیان هەڵکردەوە. کەچی هەر دوای ئەوە دیسان مام جەلال کەوتەوە تاریفکردنی بنەماڵەی بارزانی و بۆیان نووشتایەوە. وا بوو کە سەرئەنجام لە پێناو کورسیی سەرکۆماری لە بەغداد، هەموو یەکیەتیی نیشتیمانیی تەسلیم بە بنەماڵەی بارزانی کرد.
وەک دەبینین لە ڕەوتی ئەم مێژووەدا، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و لە سەرووی هەموانەوە مام جەلال و برایم ئەحمەد، بوونەتە دوپینگی گەورەکردنەوە و داسەپاندنی بنەماڵەی بارزانی بە سەر کوردستاندا، هەر مام جەلال و پاشماوەکانی یەکیەتیشن کە هەموو شکەستەکانی پارتی و بارزانی پینە و پەڕۆ دەکەن و بە سەرکەوتن لە قەڵەمی دەدەن.
پاریی شەنگاڵ ئەدا بەدەستەوە و خەریکە لە هەولێریش دەرئەچێ، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان سینگی دێنێتە پێش و کەرکوویش دەگەڕینێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، کەچی لە جیاتی هەموو شتێک دەستی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەگرێ و چاڵە نەوتەکانیان ئەداتە دەست و دیسان بارزانی بەسەردان ئەچێتە بەرەکانی شەڕ و لە پەنا ئاڵای حیزبەکەیدا خوتبەی سەرکەوتن ئەخوێنی و خەبەرێکیش لە یەکیەتی و پێشمەرگەی یەکیەتی و ئەوانی تر لەگۆڕێدا نییە.
پارتی و بنەماڵەی بارزانی سەروەت و سامانی خەڵک ئەخۆن و کوردستان هەرزانفروش ئەکەن، کۆمەڵانی خەڵک ئەگاتە گیانیان و ئەیانەوێ هەستنە سەر پێ و ئەو گەندەڵکارانە وەدەر نێن، بەڵام یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئەبێتەوە لەمپەر و بە فریودانی خەڵک دیسان بنەماڵەی بارزانی ئەپارێزێ.
لە راستیدا ئەوەی بنەماڵەی بارزانی ڕاگرتووە و ئەوەی بەردەوام شەرعیەت بە کار و کردەوە ناشەرعییەکانی ئەو بنەماڵەیە ئەدات، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتیی ئەو حیزبە و بەتایبەت بنەماڵەی جەلال تاڵەبانین.
چەند نمونەیەکی کورت:
پارتی دیموکراتی بارزانی دوای ڕووداوی سەرشۆڕانەی 31 ئابی 1996، کە هێزەکانی عێراقی هێنایەوە بۆ ڕاوەدوونانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تەواوی ریسوا ببوو و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێزیان لێ دەکردن و تەنانەت ئەندام و لایەنگرانیشیان شەرمیان ئەکرد باسی ئەو کارەساتەی سەرکردایەتیەکەیان بکەن. کەچی یەکیەتی بە پەلکێشکردنی چەند پاسدار و چەکداری بێزراوی داگیرکەرانی ئێرانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری کۆیە، گوڕ و تینی وەربەر بنەماڵەی بارزانی نایەوە و ئیتر یەکیەتی و خەیانەتی یەکیەتی بوو بە ڕۆژەڤ و خەڵک هێدی هێدی 31ی ئابیان لەبیر کرد.
پارتی دێموکراتی کوردستان گەورەترین زەربەی لە تەڤگەڕی ئازادیی باکووری کوردستان دا و لە ساڵی 1992 بەملاوە پێشمەرگەی پارتی و هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا لە یەک سەنگەردا بوون دژی گریلاکانی کوردستان و بە قسەی مەسعوود بارزانی 3000 پێشمەرگەی پارتی لە شەڕی پەکەکەدا کوژراون و ئەوەش وایکردبوو کە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ئەو حیزبە و ئەو بنەماڵەیە بە چاوێکی سووک تەماشا بکەن. کەچی یەکیەتی بە فەرمانی مام جەلال تاڵەبانی، لە کوتایی 1999 و سەرەتای 2000 دا، پەلاماری گەریلاکانی پەکەکەی دا لە چیای قەرەداخ و قەندیل و دەیان گەریلای چەکدار و بێ چەک لە کچ و کوڕی هەر چوار بەشی کوردستان کوژران و بەمجۆرە جارێکی دیکە گوڕوتینی وەبەر بنەماڵەی بارزانی نایەوە و ئییتر یەکیەتی بوو بە ڕۆژەڤ و کەوتەوە خانەی خەیانەت و خەڵک هەموو خەیانەتەکانی پارتی دێموکرات و بنەماڵەی بارزانیان لەبیر چوویەوە.
هەر لەم ماوەیەی رابردوودا یەکیەتی چەند جار خۆی کردووەتە قوربانیی پارتی و بنەماڵەی بارزانی. هەندێ جار مروڤ وا تێدەگا کە سەرکردایەتیی یەکیەتی ئەرکدار کراون پاشەڵی پارتی و سەرکردەکانی پاک بکەنەوە و خۆیان لە پێش چاوی خەڵك سووک و ڕیسوا بکەن.
کاتێک سەردەمی سەروکایەتیی بارزانی بەرەو کوتایی دەچوو، یەکیەتی لە پارلەمانی هەرێمدا کوودەتایەکی کرد و دوو ساڵ ئەو مەودایەی درێژ کردەوە و لەم کاتەشدا کە بارزانی ئیتر ئەوا دوو ساڵ زیاترە بە ناشەرعی لەسەر کورسی دەسەڵات ماوەتەوە و ڕێگری لە سەرۆکی پارلەمان ئەکەن بچێتەوە هەولێر و خەڵک لە هەڵچوون و توڕەبوون دان، سەرکردایەتیی یەکیەتی ئەچنە "سەری ڕەش" و لەبەردەم بارزانیدا چۆک دائەدەن و ملکەچی فەرمان و دەسەڵاتی سەرۆکایەتییە بەسەرچووەکەی دەبن و ئەوەش گوڕ و تین وەبەر بنەماڵە ئەداتەوە.
لەم بارەوە دەیان نموونەمان هەیە، بەڵام من نامەوێ بابەتەکەم درێژ بێتەوە. تەنیا ئەمەوێ بڵێم ئەوەی ماڵی بارزانی گەیاندە ئەمڕۆ، ئەو هەڵە و کەموکۆڕیانەیە کە یەکیەتیی نیشتمانی و نەیارانی ماڵی بارزانی کردوویانە و لەوەش ئەچێت جارێ هەروا بەردەوام بێت. بۆیە ئێمە، بۆ کەمکردنەوەی هێژمۆنیی بنەماڵەی بارزانی بەسەر باشوری کوردستانا، پێویستمان بە سەردکرادیەتییەکی جەسوور، خاوەن پڕۆژەی تایبەت و سەردەمیانە هەیە بۆ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان. بە باوەڕی من کاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکیەتی خانەنشین بکرین و لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە، ئیتر بەمجورە باشوور ئەتوانی بەرەو گوڕانکارییەکی جیدی هەنگاو بنێ و بنەماڵەی بارزانی لە سواری کورسی دەسەڵات بێنە خوارێ.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە