ئەگەری ئەوە هەیە داعش چەکی شیمیایی بەکار هێنابێت
Saturday, February 27, 2016

NNSROJ: کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی هاوپەیمانەتیی دژ بە داعش، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەیەکی شنگال.
لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکیی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر ناوچەیەکی باشووری شنگالدا، "دەیان هاووڵاتی" تووشی ڕشانەوە و هەناسەتەنگی بوون و کاربەدەستانیش گومان دەکەن مووشەکە دەستکردەکانی داعش، مادەی شیمیاییان لێ بار کرابێت.
بەگوێرەی لێدوانێکی "ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" لە ئەکاونتی تویتێرەکەیدا، کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم، بە هاوکاریی پێرسۆنێلی سەر بە هاوپەیمانەتیی نێونەتەوەیی بە دژی داعش، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی دەکات، خەریکی لێکۆڵینەوەن لە کەیسەکە.
بەگوێرەی لێدوانەکەی ئەو ناوەندە ئەمنییە، گومان دەکرێ ئەو مادەیەی لە مووشەکەکانی بارکراو، گازی "کلۆرین" بێت کە بەپێی یاساکانی شەڕ، قەدەغەی لەسەرە و یەکەمجار لە شەڕی یەکەمی دونیاگردا کەڵکی لێ وەرگیراوە.
ئەمینداری گشتیی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان جەبار یاوەر، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە، بە ڕۆیتێرزی گوتووە کە ئەگەر ئەمە بسەلمێنرێ، دەبێتە جاری هەشتەم کە چەکدارانی داعش بە چەکی شیمیایی هێرش دەکەنە سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.
هاوکات هەر بەگوێرەی ڕۆیتێرز، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکی پێشووتر سەبارەت بەکار هێنرانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن داعشەوە، حەوتووی ڕابردوو دەرکەوتووە. لێکۆڵینەوەکە ئاشکرای کردووە کە لە هێرشێکی مانگی ئۆگوستی ڕابردوودا بۆسەر هێزی پێشمەرگە، گازی خەردەل بەکار هێنراوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە لایەنە کوردییەکان، چەکدارانی داعش بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە شەڕدا تاوانبار دەکەن. لێکۆڵینەوەکان پێشتر ئاشکرایان کردووە کە چەکدارانی داعش، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لانیکەم دوو جار گازی شیمیاییان بە دژی شەڕڤانانی کورد بەکار هێناوە.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە