بنەماڵەی گیانبەختکردوانی ئامەد مان دەگرن
Tuesday, March 1, 2016
ڕۆزارین چووکوور، نزیک بە دوو مانگ لەوەبەر گیانی لەدەستداوە
NNSROJ: ژمارەیەک بنەماڵەی ئەو هاووڵاتیانەی لە ناوچەی "سوور"ی ئامەد لە ماوەی ڕابردوودا گیانیان لەدەست داوە، بەوهۆیەوە کە چەند مانگ دوای مەرگی ڕۆڵەکانیان دەرفەتی بەخاکسپاردنیان پێ نەدراوە، مان دەگرن.
لە میانەی شەڕ و پێکدادانەکانی گەڕەکی سووری ئامەد و لە ماوەی نزیک بە سێ مانگدا، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی کورد گیانیان لە دەست داوە. بە گوێرەی پەیامنێری وێبسایتی "میدڵ ئیست ئێی"، تەرمی ژمارەیەک لەو هاووڵاتیانە تا ئێستاش لە کۆڵان و شەقامەکانی ئەو گەڕەکە ماونەتەوە و ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکان دەرفەتی کۆکردنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمەکانی بە کەسوکاریان نەداوە.
مستەفا چووکوور، باوکی "ڕۆزارین"ی حەڤدە ساڵە کە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزەکانی دەوڵەت و گەنجانی کورددا لە گەڕەکی سووری ئامەد، نزیک بە دوو مانگ بەر لە ئێستا گیانی لە دەست داوە، ڕایگەیاندووە کە "ئەگەر بێتوو لە ماوەی یەک حەوتوودا ئابڵۆقەی سەر ناوچەی سوور هەڵنەگیرێت و تەرمەکان بە خاک نەسپێردرێن"، خۆی و کەسوکاری دەست بە "مانگرتنی تا مردن" دەکەن.
ئۆفیسی والیی شاری ئامەد بە ڕۆژنامەکەی گوتووە کە تا کاتێک توندوتیژییەکان بەردەوام بن، ناتوانن زانیاریی تەواو لەبابەت بارودۆخی ئەو تەرمانەوە دەست بخەن. "هەر شتێک لەبابەت ئەم ئابڵۆقەوە بگوترێ تەنیا بانگەشەیە، ئێمە نە دەتوانین بچینە ئەو شوێنە و نە دەشتوانین بزانین داخوا تەرمەکان لەسەر شەقامەکان کەوتوون یان نا".
ناوچەی سووری ئامەد نزیک بە سێ مانگە لەژێر ئابڵۆقەی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتدایە و لەو ماوەیەدا، دەیان هاووڵاتیی سیڤیل گیانیان لە دەستداوە. بەگوێرەی مێدیا هەرێمییەکان، "دەیان تەرم" لە کۆڵان و شەقامەکاندا ماونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگە بە کۆکردنەوە و بەخاکسپاردنیان نادەن.
بنەماڵەی چووکوور، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، دوای ئەوەی گوندەکەیان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە خاپوور کرا، لە ناوچەی سووری ئامەد نیشتەجێ بوون. بەگوێرەی بنەماڵەکەی، تەرمی ڕۆزارینی حەڤدە ساڵە "دوو مانگە لەسەر شەقام کەوتووە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پارتی گەلی کۆماری، کە گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی ناو پارلەمانی تورکیایە، "هەشتا لەسەدی بیناکانی گەڕەکی سوور بە تەواوی تێکڕووخاون" و ژمارەیەک لەو بینا و ئاسەوارانەش کە لە لیستی میراتی فەرهەنگیی یوونێسکۆ دان، "زیانی زۆریان پێ گەیشتووە".
هاوسەرۆکانی پارتی دێموکراتیکی گەلان سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، دوێنێ [سێشەممە] لەلێدوانێکی هاوبەشدا ناوچەکەیان بە "دڵی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابووری"ی شاری ئامەد بەناو کرد و داواشیان لە کۆڕ و کۆمەڵی نەتەوەیی و ناونەتەوەیی کرد "کاردانەوەی شیاویان هەبێت لەبەرامبەر ئەو قەیرانە مرۆیی و سیاسییەدا کە ئێستا لە سوور لە ئارادایە و پشتیوانی لە خەڵکی ئەو ناوجەیە بکەن".
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە