بابەتی گەرم:

رمێڵان؛ یەکەم جڤین بۆ راگەیاندنی "فیدراڵیزم" لە رۆژئاوای کوردستان

Wednesday, March 16, 2016



NNSROJ- دانوستانەکانی لایەنە سیاسی و گرووپە ئیتنیکی و مەزهەبییەکانی سووریا لەمەڕ سیستمی داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەستیان پێکردووە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە؛ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٦ی مارسەوە، ٢٠٠ کەس لە نوێنەرانی نەتەوەکانی نیشتەجێی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، وێڕای ئەندامانی حیزب و رەوتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، لە شاری رمێڵان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە سیستمی داهاتووی سووریا گفتوگۆ بکەن و بە بڕیارێک بگەن.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی هاوار؛ نوێنەرانی نەتەوەگەلی کورد، ئەرمەن، سوریانی، تورکمان، عەرەب و چیچان، وێڕای نوێنەرانی کەمینە مەزهەبییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارن.

بەرپرسێکی باڵای کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، تیشکی خستۆتە سەر گرینگیی ئەم جڤینە و رایگەیاندووە؛ ئەم کارە دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ لەپێناو بەڕێوەبردنی کاروباری باکووری سووریا لە لایەن هاووڵاتییانەوە بێت.

ئیدریس نسان لە هەڤپەیڤینێکدا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە؛ بڕیاری پێکهێنانی سیستمێک، بە مەبەستی پەرەپێدانی چوارچێوەی ئەو ئۆتۆنۆمییە دەبێت کە کورد و پێکهاتەکانی دیکەی باکووری سووریا، جێبەجێیان کردووە.
هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک ناسراو بە "تەڤدەم"یش ئەمڕۆ رایگەیاندووە کە باشترین مۆدێلی حوکمڕانی بۆ داهاتووی سووریا، "فیدراڵیزمی دیموکراتیک"ە. 

ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بە پێشنیاری ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک بۆ لایەنە سیاسییەکانی تر لەمەڕ سیستمێکی فیدراڵ کردووە و جەختی کردوەتەوە: "سیستمێکی فیدراڵ و دیموکراتیک، باشترین سیستمە بۆ داهاتووی سووریا."
سەرەڕای بەردەوامبوونی دانوستانەکانی لایەنگەلی بەشدار لەم کۆبوونەوەیەدا، دەگوترێت؛ ناوی ئەم سیستمەی کە چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دابمەزرێت، "فیدراسیۆنی دیموکراتیکی رۆژئاوا" دەبێت. 

سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن؛ نوێنەرانی هەندێک لایەنی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا، ئەلوەحدە و ئەلپارتی کە بە نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ناودەبرێن، لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەن.



بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی رۆژ گەیشتوون؛ فیدراسیۆنی رۆژئاوا و باکووری سووریا، هەر سێ کانتۆنەکەی جزیرە، کۆبانی و عەفرین لەخۆدەگرێت و هەروەها ناوچە ئۆتۆنۆمەکانی وەک گرێ سپی، شەدادی و شەهبا-ش پێیەوەدەلکێن.

هەروەها لە سیستمی گۆڕیندا، هەر کانتۆن و ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم، لە سەر بنەمای سیستمی "خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیک"، سەربەخۆیی پێشووی خۆی دەپارێزێت و رایەڵکەیەک لە کۆمۆنەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆ دەبێت.

ناوچەی شەهبا بریتییە لە شارۆچکە و گوندەکانی سەر بە هەر چوار شاری منبج، باب، جەرابڵۆس و عەزاز لە باکووری پارێزگەی حەڵەب.
وێدەچێت کۆبوونەوەکەی رمێڵان و ئەگەری راگەیاندنی فیدراسیۆنی رۆژئاوا و باکووری سووریا، نیگەرانی و دڵەڕاوکێکانی تورکیا پەرەپێبدات.

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە پێداگرییان لە سەر مانەوەی یەکپارچەیی سووریا کردبوو و دژایەتیی خۆیان لە ئاست دامەزرانی هەرێمێکی کوردی لە پاڵ سنوورەکانی خۆیان هێنابوە سەر زمان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشتر، سیستمی فیدراڵی بە گەرەنتیی یەکپارچە مانەوەی خاکی سووریا لەقەڵەمدابوو.

کۆتایی مانگی رابردووش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دابوو؛ ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتەوایی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی سووریا سەرکەوتوو نەبن، ئەوا ئەگەری پارچەبوونی ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت.

 

پەیوەندی‌دار:

به‌ڵگه‌نامه‌ی فێدڕاڵیی ڕۆژئاوای کوردستان ئه‌رێ کرا - نوێکرایه‌وه‌

"غەزەبی خابوور" ٢٤٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەی رزگار کرد

داعش دزەی کردە ناو گرێ سپی

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە