بابەتی گەرم:

شێرکۆ جیهانی

پاڵەوانی ترسەنۆک! قەسابی بێ دڵ و مێشک!

Saturday, April 2, 2016

لەبارەی ئەو جاشەی داعیش کە بەهاری ٢٠١٦ سەری پێشمەرگەی بڕی:

کابرا جلوبەرگی کوردی لەبەر دابوو. بە زمانی کوردی قسە دەکرد و هەر لە تفلی منداڵییەوە لە کۆمەڵگایەکی کوردی گەورە بووە. بەڵام کاتێک کە سەری پێشمەرگەیەکی دەبڕی، کوردبوون بۆ ئەو چ واتایەکی هەبوو؟ مەگەر ئەحمەدی نەژاد کاتێک کە هاتە سنە و کرماشان جلوبەرگی کوردی لەبەر نەکرد؟ مەگەر ئەردۆغان بە دەهۆڵی کوردی و تەنانەت ئاهەنگی شوان پەروەر نەهاتە ئامەد؟ جلوبەرگی کوردی لێرەدا نیشانەیەک بوو لە کۆیلایەتی. پەیامێک بوو بۆ ئەوەی پێمان بڵێن: کورد لە خزمەتمان دان، نۆکەر و بندەستمانن! بێگومان داعیش بە هەمان شێوە بە ئەنقەست کوردێکی بە جلوبەرگی کوردییەوە هەڵبژاد تا سەری کوردێکی دیکە (ئەویش پێشمەرگەیەک) لە جەستە جیا بکاتەوە. داعیش دەیهەوێ بڵێ ئێمەش کوردمان تێدایە و کوردی باش ئەو کوردەیە کە ئاوا خزمەت بە دەوڵەتی ئیسلام دەکات! ئەگینا زمان و فەرهەنگی کوردی بۆ داعیش، ئەحمەدی نەژاد و ئەردۆغان چ واتایەکیان هەیە؟ کوردی باش بۆ ئەوان، ئەو کوردەیە کە چەکی ئەوان لە شان بکات و سەری ئەو کەسە لێبکاتەوە کە داوای مافی کوردان دەکات.
***
کابرای کورد، پاڵەوان بوو! خەنجەر بە دەست، پاڵەوانانە ڕاوەستا بوو. لە یەکەم نیگادا پێت وابوو کە شەڕکەرێکی سەردەمی ساسانییە و تازە لە خاک هەستاوەتەوە. سینگی دابووە پێش و بەو ژێست و قیافەیەی دەیهەویست بڵێ کە زۆر ئازایە. بەڵام ئەو شانازی بەوە دەکرد کە پێشمەرگەیەکی ئەسیری لەبەر دەستدایە و سەری دەبڕێ! ئەو پاڵەوانە، بەلام پاڵەوانێکی خوێڕی. پاڵەوانێکی ترسەنۆک! ئاخر پاڵەوانی ئازا لە مەیدانی شەڕدا و لە هەلومەرجێکی بەرابەر لەگەڵ ڕەقیبەکەی دەستەویەخە دەبێت، نەوەک ئیسانێکی لاوازی دەست و چاو بەستراوی ئەسیر کە دەرفەتی بەرگریکردن لەخۆی نییە، بەو شێوەیە لە عەرز بدات و بیکووژێت! پاڵەوانی ترسەنۆک سینگی داوەتە پێش و شانازی بە حیماقەتی خۆی دەکات، بەوەی کە بووەتە کۆیلە و داردەستی گڵاوترین ڕێکخراوی جیهان! داخەکەم درەختی کوردستان لە هەر لایەکەوە و بە هەموو شێوەیەک هۆرەی لێ دەتاشن!
***
زۆر جاران، جەللادەکان و قسابەکان وەک پاڵەوان دێنە بەر چاو. جەللاد و قەساب سینگی خۆیان دەدەنە پێش و، هەموو کاتێک چەقۆ یان ساتوورێکیان بەدەستە. بە گشتی هەر کە ناوی قەساب یان جەللاد دێت، ڕووخساری پیاوێکی لەو شێوەیە دێتە بەرچاومان. جەلاد و قەساب سەر شانەکانیان پانە و باسکەکانیان هەمووی ماسوولکەن، چوونکە بەردەوام گۆشتی جەستەی مرۆڤ یان ئاژەڵێکی بەستەزمان لەتوپەت دەکەن. ئەو جەللاد-قەسابە کوردەش لەو جەللاد وقەسابانە دەچوو کە سینگیان بە شانازییەوە دەدەنە پێش: شانازی کردن بە قووربانیکردنی پێشمەرگەیەک، هاوزمانێکی بەستەزمان، ئەسیرێک! کەسێکی سەربڕی کە دەیتوانی بە برا بانگی کردبا، ئەگەر توندڕەوی لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ئەوی لێ نەکردبا بە دووژمن. تەنانەت ڕەنگە بە منداڵی ئاواڵی یەکتر بوون و یاریان لەگەڵ یەکتر کردبێت، یان دەکرا منداڵەکانیان ئاواڵی یەکتر بوونایە و یاری یەکتر بان. بەڵام ئێستا ئەوان دوژمن بوون، یەکیان لە پێناو پاراستنی وڵاتەکەی ئەسیر بووە و ئەمەی دیکەیان لە پێناو ئایدیۆلۆژیای دوژمنی وڵاتەکەی، بووەتە جەللاد و قەسابی ڕۆڵەیەک لە ڕۆڵەکانی ئەو خاکەی کە تێیدا گەورە بووە. تەنز ئەوەیە کە لێرەدا تەنیا ئەو پێشمەرگەیە نییە کە قووربانییە، خودی ئەو جەللاد-قەسابەش بە جۆرێک لە جۆران وەک قووربانی دێتە ئەژمار. ئەو بووەتە کۆیلەی ڕێکخراوێکی خوێنڕێژ و دژی مرۆڤایەتی. بووەتە هاوبیر و هاوسەنگەری کەسانێک کە لە پێناو تەوەهومی وەدەست هێنانی حورییەکانی بەهەشت (تۆ بڵێ لە پێناو ژێر کەمەر) بە ڕێگای کوشتنی کەسانی دیکە، خەریکن جیهان وێران دەکەن! پێشمەرگەیەک وەک قۆچی قووربانی سەری دەبڕدرێت، بەڵام قووربانی دوویەم جەللاد-قەسابە کوردەکەیەتی کە بووەتە پێڵاوی ئەو ئەمیرانەی دەسدرێژیان کردە سەر خوشکانی خۆی! کێشەکە تەنیا لەوەدایە کە مێشکی وا شۆردراوەتەوە کە ئیتر نە ژنی پێ ئینسانە و نە ئەو کچانە بە خوشکی خۆی دەزانێ، بەڵام ئاغا عەرەبەکانی خۆی بە برا ناو دەبات و بۆ کوشتار و جەنایەتی دەبێتە پێڵاویان. جەللاد-قەسابی لەو شێوەیە، قووربانییە، چوونکە تەنیا وەک پێڵاو بەکاری دێنن!
***
کام جیهان بنیاد دەنێ ئەو کەسەی کە سەر دەبڕێ؟ ئەو ڕێکخراوەی کە بەردەوام دەسدرێژی دەکاتە سەر ژنانی ناموسڵمان، ژنانی موسڵمانیش بە نیقاب ئیزۆلە دەکات و بە نیوە مرۆڤیشیان نازانێ، چی هەیە بۆ ژنان؟ ئەو ڕێکخراوەی کە تەنیا کتێبی قووڕئان بە فەرمی دەناسێ و ناهێڵێ کە منداڵ و لاوەکان ئاگایان لە هیچ زانستێکی جیهان بێت، چی هەیە بۆ داهاتووی منداڵان و لاوان؟ ئەو ڕێکخراوەی کە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئوروپا بەردەوام چالاکی خۆکووژی دەکات و خەڵکی ئاسایی دەکووژێ، چی هەیە بۆ جیهان؟ چ شتێک لاوێکی ئیسلامی کورد هان دەدات کە ببێتە بەشێک لەو دێوەزمەیە و شەریکی جەنایەتەکانیان بێ؟ ڕەنگە بە هۆی ئەوەی کە ئەو جەللاد-قەسابە کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ولە ژێر سێبەری حکومەتی ئیسلامی ئێراندا ژیاوە، لە دژکردەوەیەک لە بەرابەر ستەمی حکومەتی شیعە لە بەرابەر سوننییەکانی ناو ئێران، تووشی توندڕەوی بووبێت و ڕووی لە داعیش کردبێت. بەڵام نابێ بە خۆی بڵێ کە ئەگەر ئێران بە تەناف خەڵک هەڵدەواسێ و جەنایەت دەکات، خۆ ئەوەی من دەیکەم خراپترە و بە چەقۆ سەر دەبڕم؟ چۆن بیری لەوە نەکردووەتەوە کە ئەو جیهانەی کە ئەو بە خۆی خەریکە بۆی تێدەکۆشێ، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو جیهانە نییە کە حکومەتی شیعە لە ئێراندا سازی دەکات و بگرە خراپتریشە لەوی! ئەوان هەر دوو ئامادەن کە ئەو جیهانە وێران بکەن، تەنیا لە پێناو جیهانی دوای مردن! دۆزەخێک لەو جیهانە نەغدەدا لە پێناو بەهەشتێکی خەیاڵی دوای مردن. بەهەشتێک کە بە سەربڕین و کوشتن دەبێ وەدەست بێ! لێرەدایە کە دەبینین، موسڵمانی توندڕەو بەڕاستی نەخۆشە و جەللاد-قەسابە کوردەکەش یەکێکە لەو نەخۆشانەی کە گوێی کەڕە و دەنگی جیاواز نابیسێ.، چاوی کوێرە و شتی جیاواز نابینێ!
***
سەردەمانێک پاڵەوانەکان گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕان و، شانۆیان دەگێڕا و زنجیریان دەپساند. ئەوەی بۆ پاڵەوانییەتی گرینگە، هێزی باسکە نە مێشک. پاڵەوان دەتوانێ زنجیر بپسێنێ، بەڵام کێشە لەوەدایە کە ئەگەر مێشکی نەبوو، زنجیری مێشکی پێ جێبەجێ نابێ! جەللاد-قەسابە کوردەکەش لە پاڵەوانێک دەچێ کە ڕەنگە زۆر زنجیران بە جەستە بپسێنێ، بەڵام وەها مێشکیان بە زنجیری خورافات تەنیوە کە تەکانی بۆ ناخورێ. ئەو ناتوانێ زیادتر لەو شتە بیر بکاتەوە کە پێی دیکتە دەکرێ. وەک کەرێک وایە کە بە جەستە بەهێزە، بەڵام تەنیا بۆ بار هەڵگرتن خۆی تەرخان کردووە. بەڵێ، پاڵەوان دەتوانێ کەر بێت، دەتوانێ بارەبەر بێت، دەتوانێ ئامرازی دەستی ئەم و ئەو بێت، ئەگەر بە خۆی بیر نەکاتەوە و مێشکی کەم بێت!
***
قانع دەڵێ:
بێ قەزا بێ مامە سۆفی تا بێ ڕیشی پان دەکا
قل بە فل حاڵی بووە، چی ئیدیعای ویژدان دەکات
وا دراوسێ کەشفی مانگ و ڕۆژ دەکەن، ئێمەش شوکور
مامە دەروێش وا خەریکە کەشفی دۆڵەی نان دەکا

ئەوەی لێرەدا قانع باسیان دەکات، دەروێش و سۆفی و کەسانی مەزهەبی دیکەن کە سەریان لە لاکی خۆیاندایە و پاسیڤن. ئەوان کاریان بە دونیا نییە و لە پێشکەوتنەکانی گەردوون بێ خەبەرن. بەڵام داعیش پاسیڤ نییە، زۆریش ئاکتیڤە. ئەوان هیچ شتێک ساز ناکەن جیا لە بۆمب و مرۆڤی خۆکووژ. داعیش کارخانەی بەرهەمهێنانی جەنایەتکار و قەسابە. ئەو ماتریالەش لەو کارخانەیە بەکار دێت کە بە کەڵکی کارخانەکە دێت. بەڵێ، کۆمەڵگای کوردی بە زۆرینە کۆمەڵگایەکی ئیسلامییە و ماتریالی وا لەو کۆمەڵگایەش بەشی ئەوان دەست دەکەوێت.
***
بەڵام داعیش تەنیا لە موسڵ و ڕەقا بەرهەم نایەت. مزگەوتەکانی خۆشمان بەستێنی سازبوونی داعیشن! مزگەوتەکان و مەلاکان لە کوردستان، دوو دەوری جیاوازیان گێڕاوە! لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر درێژخایەن کۆمەڵگایەکی فێئۆدالی بووە، نە خوێندنگایەک هەبووە و نە زانکۆ. تەنانەت لەگەڵ سازبوونی یەکەمین خوێندنگاکان لە شار و گوندەکانی کوردستان، زۆر مەلا هەبوون کە دژایەتی خوێندنیان کردووە. زمانی ئینگلیسیان بە زمانی شەیتان ناوبردووە و وانەکانیان بە وانەی کفر زانیوە! بەر لە سازبوونی زانکۆ و خوێندنگاکان، تەنیا مزگەوت شوێنی خوێندن بوو. بەڵام دواتر نان و دۆی مزگەوت خەریک بوو دەبڕا. زۆر یەک لەوانەی کە تێئۆری داورین و زانستی گالیلەیان دەخوێندەوە، ئیتر بڕوایان بە قسەی کۆلکە مەلای کوێرەدێیەک نەبوو کە پێی وابوو محەمەد بە ئاماژەی قامکێک مانگی دوو لەت کردووە و عیسا بە بێ باوک لەدایک بووە. لەهەمانکاتدا زۆر یەک لە مەلاکان بە نرخی ڕۆژ نانیان خواردووە و ماستاویان بۆ ئاغا یان کاربەدەستی دەوڵەت گرتووەتەوە. مەلا قادر سۆهرابی لە مەهاباد نموونەیەکە لەو مەلایانەی کە نانی ئەوە دەخوات کە لە نوێژی هەینیدا فرمێسک بۆ خومەینی هەڵبڕێژێت و جنێو بە حیزبی کوردی بدات. بەو حاڵەش زۆر شاعیر و نووسەری ناوداریش لەو مزگەوتانە پێ گەیشتوون. هەژار و هێمن و قانع لە مزگەوت خوێندوویانە و دواتر خۆیان تێکەڵ بە ئایدیا و باوەڕە سەردەمییەکان کردووە. نموونەی مەلایەکی هەرە ڕووناکبیر مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینییە کە پێی وابوو ئەگەر خودا پێشتر بە ڕێگای پێغەمبەران تەجەلی کردووە، ئێستا سەردەم گۆڕاوە و بە ڕێگای زانست تەجەلی دەکات! واااو، چ ئینسانێک! سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئێستاش زۆر کۆلکە مەلای کۆنەپەرەست هەن کە پێیان وایە حکومی محەمەد دەبێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێ و عەرەبستانی سەردەمی محەمەد بە ئۆلگوو بگیرێ! ئەو عەرەبستانەی کە ئێستاش ڕێگە بە ژنان نادات ماشێن لێبخووڕن و لە سیاسەتدا دەوریان هەبێت. ئەمڕۆ بە کردەوە هێندێک لە مزگەوتەکانی کوردستان، بوونە لانکەی پەروەردەکردنی ژمارەیەک لاو بۆ ئەوەی ببن بە کۆیلەیەکی ئەو دینە و هێز و وزەی خۆیان بۆ کۆمەڵگای مەزهەبی و ئیسلامی سیاسی تەرخان بکەن. ئەو پاڵەوانە ترسەنۆکەش یەکێک لەو کەسانە بووە کە ئەو تاقمە مەلایانە - ئەگەر تەنانەت ڕاستەوخۆ ڕێگەی داعیشیان نیشان نەدابێت بەڵام - دەوریان هەبووە لە شۆردنەوەی مێشکی ئەم و سازکردنی ئوستوورەیەک لە چەشنی ئەبووبەکر بەغدادی بۆی. ئێستا جەللاد-قەسابەکە ناسراوە بەڵام، چی لەگەڵ ئەو هێلانە و کۆلکە ئیسلامیانە بکەین کە وەک جاڵجاڵۆکە مێشکی کەسانی هاوشێوە بە مەزهەب و خوڕافاتی خۆیان دادەتەنن؟ مەلا شوان کە مەلای مزگەوتێکی شاری هەولێر بوو، نموونەیەک لەو کۆلکە مەلایانەیە کە زۆر کەسی لە هەولێر و دەوروبەری هان دا بۆ ئەوەی ببنو جاشی داعیش و چەک لە دژی ئاڵا و نیشتیمانی کوردی هەڵبگرن، هەڵبەت بە جلوبەرگی کوردییەوە!
***
ئایا ئەو کەسەی کە سەر دەبڕێ، هیچ هەست بە ئێش و ئازارەکانی ئەو کەسە دەکات کە سەری لێدەکرێتەوە؟ بەراستی ئەگەر پاڵەوانە ترسەنۆکە کوردەکە، تەنیا مسقاڵێک ویژدانی هەبێت، لە دوای ئەو جەنایەتەی کە کردوویەتی خەوی لێ دەکەوێت؟ ئۆی، باسی چی دەکەم؟ هەست و ویژدان؟ جاش ئەگەر ویژدانی هەبا، نەدەبوو بە جاش. قەساب ئەگەر زگی بەو ئاژەڵە بسووتێ کە لەتوپەتی دەکات، ئیتر قەساب نییە. جەللاد بە جەنایەتەوە جەللادە. ویژدان و هەست و دڵ، دوژمنانی سەرەکی جەللاد و قەسابەکانن. ئاشت بوونەوە لەگەڵ ویژدان، گەڕانەوەیە بەرەو دڵ، بەرەو هاوسۆزی و مرۆڤایەتی. بەڵام ئایا ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە هەیە؟ لەوەش گرینگتر، ئاخۆ ویستێک بۆ گەڕانەوەی ئەم تاقمە ئینسانە هەیە؟ شوێنی پاڵەوانێکی جاش کە قەسابی پێشمەرگەیە لە کۆمەڵگای کوردی و جیهانیدا کوێیە؟


پەیوەندی‌دار:

لە خەندەقی ڕۆژئاوا بۆ گەمارۆی کەمپی مەخموور؛ کێ کورستانی پارچە کرد؟

شاهیدی دانی زارەکی لە کۆمیتەی کارو باری بەرگری پاڕڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)

تەقینەوەی خۆکوژی لە حەسەکە؛ لانیکەم ۲۲ کەس گیانیان لەدەست داوە

دێمیرتاش؛ هیچ تۆڵەیەک لە ئاشتی گەورەترنییە

ئاڵمان؛ تورکیا و گروپە ئیسلامییەکان هاوفکرن

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷