مانگرتنی دووکانداران و کاسبکارانی بازاڕی بانە
Saturday, April 16, 2016
کاسبکار و دووکاندارانی بازاڕی بانە دژی داخستنی دەروازەی سنوور و گرانبوونی کرێی بار، بۆ ماوەیەکی کورت مانیان گرت.
رۆژی شەممە ١٦ی ئاپریل، ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و دووکاندارانی بازاڕی بانە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر داخرانی دەروازەکانی سنوور و گرانبوونی کرێی بار، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک مانیان گرت و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم فەرمانداریی شاری بانە ئەنجامدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند کە، " کۆبوونەوەکە بە هۆی داخرانی سنوور و گرانبوونی کرێ دووکان و کرێی بار بووە و بێ هیچ کێشەیەک کۆتایی هاتووە." ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە، " بڕیارە تا سێ ڕۆژی تر وەڵامی داخوازیی مانگرتووانی ئەمڕۆی شاری بانە بدرێتەوە و کارئاسانییان بۆ بکرێت."
هاوکات موحسین بەیگلەری نوێنەری سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ شارنیوز وێڕای ئاماژەدان بە زۆربوونی رێژەی بێکاری لە شارەکانی سەقز و بانە، لە سەر گرینگی کرانەوەی سنوورەکان جەختی کردوەتەوە و هیوای خواستووە کە حکوومەتی ئێران بە پەلە رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بگرێتەبەر.
بەیگلەری راشیگەیاندووە کە، "دوای هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران رەزامەندیی خۆیان بۆ کرانەوەی سنوورەکان دەربڕیوە، بەو مەرجەی هێنان و بردنی کاڵا و شتومەک بە شێوەیەکی یاسایی و رێکخراو بێت."
شاری بانە لە باکووری پارێزگەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و هاوسنووری پارێزگەی سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان. کاسبکاریی سەر سنوور و هاوردەکردنی کەلوپەلی کارەبایی و شتومەکی نێوماڵ، پیشەی سەرەکیی دانیشتووانی ئەو شارەیە. ساڵانە دەیان هەزار گەشتیاری ئێرانی بۆ کڕینی شتومەک ڕوودەکەنە بازاڕچەکانی ئەو شارە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە