کورتە چیرۆکی "منیش دادەبەزم"
Saturday, May 28, 2016
ناسر فەتحی
یەکەم جار کە ئەو شتەی زانی لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری نزیک ماڵێیان بوو. کاتێک دابەزی زانی کە سێبەرەکەی لە سێبەری ئەو کەسانەی لە وێستگەیە وەستاون کاڵترە.
ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ سێبەرەکەی کاڵتر دەبووەوە؛ لە عەیبەتانە چی وای نەمابوو شێت و خوودار بێت. دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر بەو ئەنجامە گەیشت کە ئەگەر ئەوشتە ئاشکرا کات، لەبەر ڕۆژنامە و چاوپێکەوتنی تیڤی و شتیوالە ژیان و گوزەرانی دەشێوێ و ئەوەندە هۆش و گۆشەی ماویشێتیی لێی دەستێنن و بەیەکجاری دەهریی دەکەن و ڕەکێویی دەدەن؛ هەر بۆیە سەرەتا بڕیاریدا تەنیا شەوانە بچێتە دەرێ و، دواتریش بەڕۆژ بەس ئەوکاتانەی هەورووهەڵایە و هەتاو بەدەرەوە نییە وەدەربکەوێ.
ئەوشتەی کە بەلایەوە سەیر و سەرنج ڕاکێش بوو و سەرەندەری لێ دەرنەدەکرد، ئەوە بوو کە تەنیا بە شەوانە سێبەرەکەی ئاسایی بوو. ڕۆژێک ـ بە پێچەوانەی ڕۆژان ـ کە متمانەی بە هەواڵی کەشناسی کردبوو و لە وێستگە چاوەڕوانی شەمەندەفەری دەکرد، کوتووپڕ وەک پەڕجوو هەورەکان بەری هەتاویان بەردا و خۆر لە پشتەوەڕا ڕێک لە تۆقی سەری دا. سەرەتا وەک کەسێک کە بەقوونی ڕووتی لە نێو خەڵکدا وەخۆ هاتبێتەوە، بە ترسێکی ئاوێتە بە شەرمەوە خۆی وێکهێنا و پڕی بە گەڵوگونی خۆیداکرد و، دواتر کە بینی سێبەرەکەی بەیەکجاری نەماوە و کەسیش سەرنجی ئەو شتەی نەداوە، سەبرێک خۆی گەیاندە بن سێبەری دار بەڕوویەک و هەڵترووشکا. خوا خوای بوو زوو ببێ بە شەو و بگەڕێتەوە ماڵێ. بۆ بەختی وی، تاو بەیەکجاری هەڵات و، هەور تاقی بە تاقی ئاسمانەوە نەما. هەروا کە لە قووڵایی چارەنووسە سەیرووسەمەرەکەی خۆیدا مابووەوە کوتووپڕ چاوی بە شتێکی سەیر کەوت. ژن و منداڵێکی سەر ڕەش کە زۆر لە ژن و منداڵی نێو خەونەکانی دەچوون، بەبێ سێبەر لە وێستگەکە ڕاوەستابوون و چاوەڕوانی شەمەندەفەریان دەکرد. بۆ چرکەیەک دڵی خۆش بوو بەڵام دیسان ترس ئازای ئەندامی داگرتەوە، نە دەکرا بچێ بۆلایان و لە بێ سێبەرییەکەیان ئاگادار بکاتەوە و، نە لەڕووشی هەڵدەهات دەنگی هەڵێنێ و بانگیان بکاتە لای خۆی. شەمەندەفەرەکە هات. هەرچۆنێک بوو خۆی ڕازی کرد و بە هەڵاتن خۆی بە شەمەندەفەرەکەداکرد. چوو لە تەنیشتی ژن و منداڵەکە دانیشت و بە سرتە و منگە منگ سەرنجی ژنەکەی بۆلای خۆی ڕاکێشا. ژنەکە کە زانی چ باسە و وەک لەوسەری ڕا هاتبێتەوە، ڕووی تێکڕد و گوتی: بەڕێز بە چ زمانێک قسە دەکەی؟ ئەویش گوتی: بەو زمانەی پێی پرسیارت لێ کردم. ژنە زۆر بەشێنەیی گوتی: بەڕێزم مەترسە و سەریش لە خۆت مەشێوێنە، ئەگەر جوان سەرنج بدەی جگە لە ئێمە خەڵکێکی زۆر لەم وڵاتەدا بێ سێبەرن. هەڵبەت خەڵکی ئێرە کە سێبەرەکانیان بێ عەیب و ئیرادە ئیتر بۆیان گرنگ نییە ئێمە بێ سێبەرین یان سێبەرەکانمان کێشەیەکی هەیە یان نا.
ـ
ئیتر؟ بۆ ئیتر؟!
ـ
برای بەڕێزم وادیارە تۆ تازە هاتوویەتە ئەم وڵاتە و ئاگاداری زۆر شت نی؛ هەموان لەم باسە بوونەتە و تۆ تازە وەخۆ کەوتووی!؟
ـ
بەڵێ، ئاخر من لە ڕێیە هۆشی هیچم نەبوو.
ـ بۆ ئاگاداریت زۆر کەسی دیکەش هەن کە سێبەرەکانیان لە سێبەری خەڵکی دیکە تۆخترە و، هیواش هەیە سێبەرەکەی کورتترە و، هەشمانە سێبەرەکەی پێچەوانەی سێبەری خەڵکە و، هەڵبەتە سێبەری جۆراوجۆری دیکەشمان زۆرە، بەڵام خەڵکی ئێرە یەکەمجار کە ئەم شتەیان زانی.. ببوورە من دەبێ دابەزم!
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە