"پێویستی بە باغەکان"
Monday, May 30, 2016
کورتە چیڕۆکێکی_ ڕیچارد بڕاتیگان
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: خالید چەڵەبی
کاتێک گەیشتمە ئەوێ، ئەوان دیسان خەریکی ناشتنی شێرەکە لە حەوشەی پشتەوە بوون. هەر وەکی جاران بە پەلە گۆڕەکە هەڵقەندرابوو, گۆڕەکە هێندەی پێویست بەرین نەبوو کە شێرەکە لە ناوییا جێی بێتەوە, هەوڵییان دەدا شێرەکە لەو قووڵکە تەڕ و تەنگەبەرەدا دا جێ بکەنەوە.
شێرەکە بە لەسەرەخۆیی ئەوەی قەبووڵ بوو. لە ماوەی دوو ساڵی پێشوو دا بە لانی کەمەوە ٥٠ جار و هەموو جارێکیش لە حەوشەی پشتەوە دەنێژرا.
لە بیرمە یەکەم جار کە ویستییان بینێژن نەیدەزانی چی ڕوویداوە. ئەو شێرێکی گەنج بوو، هەروەها ترسابوو، مابۆوە، بەلام ئێستا هەموو شتێک دەزانێ، چۆن گەورەتر بووە و گەلێک جاریش نێژراوە.
کاتێک کە چنگ و پەلی پێشەوەیان کۆ کردەوە و لە سەر سنگیان دانا و خۆڵەکەیان بە سەر روخساری داکرد، بە شێوەیەکی نامۆ ماندوو دیار بوو.
بە تەواوی بێ هیوا بوو. ئەو قووڵکە هیچ کات هێندەی ئەو شێرە بەرین نەبوو. هیچ کات قووڵکێکی تەواو لە حەوشەی پشتەوە نەبووە و نابێت. ئەوان نەیانتوانی قووڵکێکی گەورە هەڵکەنن تا شێرەکەی تێدا جێ بێتەوە.
کوتم: "سڵاو، ئەو قووڵکە زۆر چوکە".
کوتیان: "سڵاو ، نا چووک نییە"
ئەو چاک و خۆشیە ئاساییەی ئێمە بۆ ماوەی ٢ساڵ درێژەی بوو.
لەوێ ڕاوەستام و بۆ ماوەی کاتژمێرێک چاوم لێ کردن. لە بابەت ناشتنی شێرەکە تووشی دمەبۆڵە بوون، بەلام ئەوان تەنیا توانییان یەک لە چواربەشی شیرەکە بنێژن و بە جێی ئەوەی کە دەست لە بوغز و تاوانبار کردنی یەکتری هەڵگرن، بەو هۆیەی قووڵکەکەیان زۆر بەرین نەکردبۆوە، بێهیوایانە لە بابەت ناشتنی شیرەکە دەدوان.
کوتم: "بۆ لە ساڵی داهاتوو بێستانێک ناچێنن؟ وێدەچێ ئەو زەوییە گێزەری چاک بەرهەم بێنێت".
بە لایانەوە بیرۆکەیێکی باش نەبوو.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە