مەنسوور تەیفووری
ئیدەی سنایپێر
Sunday, June 12, 2016
روانینی ژمێریارانە بۆ سیاسەت و سووژەکەی، واتە خەڵک، دەکەوێتە نێو کایەی کەم و زۆرەوە؛ کە زۆرینەش ئامادە نەبوو، ئیتر خەڵک بزر دەبێت و، لە ئەنجامیشدا داوای وەستانی سیاسەت دەکرێت، وەستانێک کە یەکێکە لە ناوەکانی پەشیمانی.
پەشیمانی فرە شێوەیە، گەلێ رێگەشی بۆ پاساودان هەیە؛ تەنیا بەو ماناش نییە کە راستەوخۆ چۆک بۆ دوژمن دابدەیت؛ لادان لەوەی کە دوژمن هەیە، خۆی یەکێکە لە شێوەکانی پەشیمانی، بەڵام ناوەرۆکی کۆی فۆرمەکانی دەکرێت ئەمە بێت:" دوژمن لەسەر هەق بوو".
لە پەشیمانیدا، تەنانەت ئەوەی وەک سووژەی سیاسەت دەیناسین، خۆی دەکرێ بکرێتە پاساوێک بۆ کشانەوە. گوتاری ژمێریارانە کە سیاسەت بەوەوە دەبەستێت زۆرینەیەک لەسەر جادە یان شوێنی دیکە لەگەڵی ئامادە بێت و ئەم ئامادەییە هەستپێکراو و قابیلی لەمسە تەنیا مەرجی سەلماندنی بێت، لە راستیدا پێشتر لە بیانوویەک دەگەڕێت کە کاتی کشانەوە و ماندووبوون بە کاری بهێنێت، ئەم بیانووە بەڵام زیاتر داوایە بۆ خەڵکێکی پەتی و رووت، واتە "خەڵکی ئایدیال".
بەڵام ئەم خەڵکە دەکرێ هەر شتێک بێت: هاوڵاتییەکی مردوو کە بە هیچ ناجووڵێت؛ لەشکرێک لە بێکاران کە نان لە ئازادی بە گرنگتر دەزانن؛ کۆمەڵێک زیندەوەر کە ئەقڵیان نییە چاک و خراپی خۆیان لێک بدەنەوە؛ مێگەلێک کە نایەوێت بیر بکاتەوە و کتێب ناخوێنێتەوە؛ لە هەموو ئەم دەرکەوتانەشدا، بیانوویەک هەیە بۆ ئەوەی بێژەری ئەم جۆرە رستانە خۆی هیچ نەکات، واتە گوتنەکان زیاتر لەوەی روویان لە رەخنەی شتێکی کۆنکرێت و هەستپێکراو بێت، روویان لە داتاشینی خەڵکی ئایدیالە بە سوودی پەشیمانی، روویان لە خولقاندنی خەڵکێکی وەهمییە کە هەمیشە خەتای ئەوە. بڵێی بەرێکەوت ئەمە هەمان فرموولەکەی بنەڕەتی نازیسم نەبیت کە دەیگوت:" ئەگەر جوەکان نەبوایەن... ، ئەگینا..." ؟.
ئەگینا چی دەبوو؟ وەڵام: ئەگینا دەکرا ریفۆرم، شۆڕش، بەرگری و سیاسەت بکەیت، بەڵام مادام خەڵک نایەن، کەواتە – لێرەوە ناوەرۆکی ئەم گوتارە زیاتر ئاشکرا دەبێت- با چاوەڕێ بکەین تا خەڵک دێت. هەڵبەت ئەم چاوەڕێکردنە تەنیا یەک شێوەی وەڵامدانەوەیە بە نەبوونی ئەو خەڵکە ئایدیالە. نموونەی دیکە دەکرێت ئەمە بێت: خەڵک فەرهەنگی نییە و پێویستی بە کاری فەرهەنگییە، ئەنجامەکەش ئەمەیە: کار بە نوخبەکان بسپێرین و با ئەوان خەڵک رابێنن بزانن چۆن لە دڵی ستەمدا هەر بەژیار و شارستانی بمێننەوە. دەرکەوتەی دیکەی ئەم شکستە دەتوانێت گەڕان بێت بۆ هاوپەیمان: مادام خەڵک نین، کەواتە با بۆ هاوپەیمانێک بگەڕێین لە نێو ئەو هێزانەدا کە هەن و ئەمە "ریال پۆلیتیک"ە و هیچی لەگەڵ ناکرێت، مەگەر نا کە ریال پۆلیتیک بەردەوام خۆی دەسەپێنێت، دەی کەواتە با بۆ ماوەی کاتی لە گەڵ هێزی دواکەوتووش رێکبکەوین و کێشە نابێت ( بیریشیان دەچێت لەم پرۆسەدا خۆیان دەگۆڕێن بۆ هێزیكی دواکەوتوو).
هەموو ئەمانەش بە ناوی بزریی و نەبوونی خەڵکەوە، کە چیدی لێرەدا کارێکی دیکەی هەیە، ئەویش ئەوەی کە لە هەر حاڵدا هیچ کاتێک ئایدیال نەبێت و هەمیشە بزر بێت، بزرییەکی هەمیشەیی کە نەبوونەکەی پاساوی جۆرە جیاوازەکانی دابەزاندنی سیاسەت و گۆڕینی بۆ پەشیمانی بدات. لێرەوەش مەترسیی ئەو گوتارانە دەردەکەوێت کە بۆ خەڵکی ئایدیال دەگەڕین. ئەم خەڵکە ئایدیالە کە بە ڕێکەوت دەبێ هیچ کات ئامادە نەبێت و هەمیشە کێشەیەکی هەیە، دەکرێتە سەنگەری کشانەوەی بەردەوام، تا ئاستێک کە هیچ سەنگەرێک نامێنێت.
بەڵام نەبوونی ئەم خەڵک یان هێزە ئایدیالە ناوێکی گەورەتری هەیە، سیاسەتی ئەویدیی گەورە، سیاسەتێک لە لەدەرەوەی سووژە خۆیەوە بەردەوام لە سەرچاوەیەک دەگەڕیت کە خۆی پێوە پێناسە بکات، واتە سیاسەتێک کە لە شتێکی دیکە داوای زەمانەت دەکات و ئەگەر ئەو شتە نەبوو ئیتر سیاسەت دادەخرێت، ئەم داخستنەش، وەک وتمان، فۆرمی فرەجۆری هەیە، لە کشانەوە بۆ کایەی کولتوورەوە تاکوو پەشیمانی. ئەم داوا بۆ گەرەنتیەش خۆی ئەو شتەیە سیاسەت رادەگرێت، واتە گەر ناوەرۆکی سیاسەت جۆرێک ئەگەری هەمیشەیی و توانست یان پۆتەنسیالێتی بێت، ئەو روانگەی گەرەنتی لە کەسێک یان ئەویدییەکی دەرەکی داوا دەکات خۆی پێشتر سیاسەتی لە قاڵب داوە و لەوە دایبڕیوە کە توانست بێت، واتە کرانەوە بە سەر بەدیهاتن و داهێناندا.
گریمانی ئەم جۆرە سیاسەتە لە کۆبانێ بکەین – ئەرێ کۆبانێ بێگومان پارادایمێکە دەبێ لە ئاسۆیەوە دووبارە لە چەمکەکان رامێنین: دوژمن بەڕێوەیە، "خەڵک" باریان کردووە و بگرە هێزی شۆڕشگێڕ خۆی ئەرکیەتی لەشەڕ دووریان بکاتەوە، چونکوو هەموویان شەڕی سەنگەریان پێ ناکرێت؛ بڕێک کەسیش هەر خۆیان دەڕۆن و هیچ هێزێکیش ناتوانێت و بۆی نییە بە زۆر رایان بگرێت؛ ژمارەی دوژمنیش زیاترە و هێزیشی چەند ئەوەندە. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە: چی دەکەیت؟ ئەگەر تیۆرێک بۆ سووژە هەبێت، لانیکەم یەکێک لە بنچینەکانی ئەمە دەبێت کە سووژە هیچکات لە بەرپرسایەتی ناکەوێت، بەم پێیەش، نە بزریی خەڵک و نە ژمارە و بڕی چەک ناتوانێت سووژە لە بەرپرسایەتی بۆ بەرگریی دابماڵێت. لە مەیدانەکەدا دەبینین هیچ زەمانەتێک نییە کە تۆ شەڕەکە دەبەیتەوە و دەتوانیت شارەکە بپارێزیت، تەنانەت ئەگەری دۆڕاندنی مەیدان و سەنگەرەکانیش زیاترە لە ئەگەری پاراستنی شارەکە.
ئەرێ، لەوێ هیچ گەرەنتییەک نییە، کەس نەماوە زمانەتی ئەوە بکات لە پشتەوە بتپارێزێت. خەڵک بە مانای زۆرینە، بە مانای ماتماتیکی، رۆشتوون. نموونەی هەر رەبەقی ئەمە دۆخی سنایپێرەکانن. دەزانین گەر گرووپێکی بچووکی شەرڤانیش هەبن کە جۆرێک پێکەوەبوون و پشت و پەنا بۆ یەکتر درووست بکەن، سنایپێر لەم بەخت و پشتەیش بێبەشە. ئەو نموونەی رەبەقی سیاسەتێکە تەنیا دەتوانێت پشت بە وریایی، تەنیایی، سووژایەتی و بینینی خۆی ببەستێت؛ ئەو کەسێکە تەنیا خۆی هەیە و هەموو شتێکی دەوروپشتی دەتوانن لێی ببن بە دوژمن و نیشانەیەک بە دوژمن بدەن کە لێرە کەسێک خۆی حەشارداوە. هەموو شتێک دژی ئەوە، تەنانەت دەکرێت بایەک شوێنی خۆشاردنەوەی ئەو ئاشکرا بات، هەرچی روو بدات ئەو دەبێ ببێتە بەشێک لە سرووشت و ئەو کەلاوانەی هەن؛ ئەو دەبێ لە دڵی زرمەزرمی شەڕدا بێدەنگ بێت؛ ئەو هیچ سەنگەرێکیشی نییە بۆی بگەڕێتەوە و دەبێ هەموو جێگەیەک بکات بە سەنگەر؛ هیچ بۆلدزێرێک سەنگەری بۆ هەڵناکەنێت، هیچ فڕۆکە و تۆپخانەیەک نایپارێزیت و رێگەی بۆ ناکاتەوە؛ کەس چاوی لێی نییە کە ئافەرینی بۆ بکات؛ هیچ کامێرا و ژوونالیستێک لەگەڵی ناچێتە شوێنی حەشارەوە؛ ئەو نموونەیەکە لە زەروورەت بۆ داماڵینی سیاسەت لە هەموو ئەو مەرجانەی بۆی داتاشراون و لێی بە دانەبڕاو دادەنرێن، تەنانەت خودی خەڵک. بێگومان تفەنگەکەی دەستی تەنیا هۆکاری ماددیی پێویست نییە، بەڵام هیچ مەرجێک لەوانەی پیرۆزێنراون لای ئەو نییە و ئەو لێیان بێبەشە. لە لایەکی دیکەوە، تەنانەت هەموو ئەو شتانەی کە کراون بە مەرج بۆ سیاسەت و دەستدانە کردەوە، لەم روانگەوە، دژی ئەون و دەکەونە بەرەی دوژمنەوە و پێی دەڵێن:" مادام مەرجە مادییەکان تەواو نین، واز بێنە و ..." .
ئەم دۆخەی وێنەمان کێشا دەگمەن و ریزپەڕ نییە، بەڵکوو دۆخێکە لە ئاستی ژیانی رۆژانە و سیاسەتی هەنووکەدا دەکرێ ببینرێتەوە. لە ئێستەدا کە سیاسەت بە دەزگای گەورە و هێزی گەورەوە دەبەسترێتەوە و تەنیا فۆرمەکەی دەکرێتە لەشکری گەورە و یوونیفۆرم و جلی ژەنەڕاڵەکان، دەکرێتە رازی کردنی هێزی گەورەتر، لە ئاکەپەوە تا داعش، ئەم نموونە دەتوانێت سەرەتای جۆرێکی دیکەی سووژەی خۆبەست و سیاسەتی بێمەرجمان بداتێ.
لە رۆژانی کۆتایی شەڕی کۆبانێدا، دنیا سیمایەکی نوێی ناسی: مووسا، یەکێک لە قەناسڤانەکانی کۆبانێ. ئەو بۆ ماوەی چەند مانگ لە کەلاوەکانی شارەکەدا ژیابوو، تەنیا و سێبوور و داماڵراو و بێبەش لە هەموو مەرجەکانی سیاسەت. نە دووربینی لەگەڵ بوو و نە لەشکری گەورە، نە سەنگەری هەبوو و نە تەنانەت سیمای دوژمن لێی ئاشکرا بوو، نە خەڵک لەوێ بوون و نە تەنانەت دەستەیەک شەرڤان، ئەو سووژە بوو دامڵراو لە هەموو پێشمەرجەکان، هەر ئەمەش سووژایەتیی ئەوی پێکدەهێنا، سووژەیەک کە نە لە رێگەی پێزیادبوون بەڵکوو لێکەمبوونەوە دەمێنێتەوە. ئەگەر لە سەردەمی ئادەمەوە مرۆڤ بە پێزیادبوونی رۆحەوە پێناسە کرابێت، لە نموونەی ئەم سووژەدا دەبینین سووژە یان مرۆڤ مانەوە بەستراوە بە کەسر و لێکەمبوونەوە، بەستراوە بە داماڵینی زیادەکان لە خۆت و ناسینەوەی مەرجە زیادیەکان. لە ئێستەدا ئیدەی بەرگری و بیرکردنەوە، ئەگەر نموونەیەکی هەبێت، فۆرمێکی دەبێت وەک مووسا: داماڵینی سووژ ەلە مەرجەکان، کردنی هەموو جێگەیەک بە سەنگەر، هەوڵ بۆ ناسینەوەی دوژمن و شوێنپێکانی لە هەر فۆرم و سووچ و قوژبنێکدا، سێبووری و پێداگریی و پاشگەزنەبوونەوە لە شەڕەکە، پاراستنی شوێن و سەنگەرەکان، خۆداگرتن لە نادیاری و بێناویدا، ناسینەوەی ئەو وەسوەسانەی دەتوانن هەر سەنگەرێک بە فەنا بدەن: ماندوویەتی، شک لە پێداوێستیی سیاسەت و بەرپرسایەتی، لە جێگەیەکدا کە یەک خەونووچکە رزگاریی دنیای پێوە بەستراوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە