تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە
Wednesday, September 7, 2016
رۆژەڤی گەرم و خێرا لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سەر گۆرەپانەکە لە پێشڤەچووندایە و بە داخەوە مەرگ و خوێنڕژانی زیاتریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنی. بەتایبەتیش لە یەک ساڵی ڕابردوودا، رۆژ لە دوای رۆژ هێرش و پەلامارەکان ڕوو لە زیادبوونن و تورکییە بەرلەوەی هەلی پەرژانە سەر پەلامارەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەلعەزیز، جیزرە و عەنتەبی هەبێت، خۆی لە ناو خاکی سووریەدا بینییەوە.
بۆ قسەکردن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس لە ژێر ناوی “قەڵغانی فورات” دیدارێکمان لەگەڵ پرفیسۆر دکتۆر عەباس وەلی، مامۆستای بەشی سۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازئیچی ئیستانبوڵ ئەنجام دا. وەلی لەسەر ئەو باوەڕەیە ڕووسیا کە بەبێ دەنگی لە چوونەناوەوەی تورکییە بۆ ناو خاکی سووریەی دەڕوانێ، پلانی ستراتیژی گەورەی هەیە. مەسەلەی تێکدانی بەینایەتی نێوان تورکییە و ئەمریکاش بەشێکن لەو پلانانە...
بە بڕوای وەلی، ئێستا تورکییە دڵخۆشە بەوەی کە چووتە ناو خاکی سورییە، بەڵام پێویستە جارێکی تر بیر لەو دڵخۆشەیەی خۆی بکاتەوە، بگەرێتەوە سەر ڕێگەی ڕاست. چونکە تورکییە کە بە نیازە یەپەگە لەو ناوچەیە ڕاماڵێت، ئێستاکە کەوتووەتە ناو گەمەیەکەوە کە لەلایەن ڕووسیاوە داڕێژراوە و لەو گەمەیەشدا ڕۆڵێکی بچووکی پێ دراوە.
عەباس وەلی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەم بارودۆخەی ئێستادا زەحمەتە چاوەڕوانی جارێکی تر دەستپێکردنەوەی گفتووگۆ بین لە نێوان ئاکەپە و پەکەکە. چوونکە ئاکەپە چووتە ناو پێکهاتنێک لەگەڵ کەمالیستەکان و ئەمەش ئەگەری جارێکی تر دەستپێکردنەوە وتووێژەکان لاواز دەکاتەوە.
سازدانی دیمانە: سەرپیل ئیلگون- Evrensel
وەرگێڕانی: ئیبراهیم شێخ شەرەفی
_______________________________________________________
با لە ئۆپەراسیۆنی جەرابلوسەوە دەست پێ بکەین. لێکدانەوەی ئێوە بۆ هەڵبژاردنی کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنە چییە؟ بەواتایەکی تر، تورکییە بۆچی لەمەوپێش ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیەی بۆ سەر جەرابلوس و بۆ ناو خاکی سووریە ئەنجام نەدا و تا ئەم کاتە ڕاوەستا؟ ئامانجی ستراتیژی ئۆپەراسیۆنی “قەڵغانی فرات” چییە؟
ماوەیەکی زۆر بوو کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە لە رۆژەڤی ئاکەپە دا بوو. بەڵام ئەوان بەجۆرێکی تر بیریان لێ کردبووەوە. ئەوان دەیانهەویست وەک ئەندامێکی ناتۆ بچنە ناو خاکی سووریە و ناوچەیەکی ئەمنی پێک بهێنن. بەڵام نەیانتوانی پشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئەو مەسەلەیە بەدەست بێنن. کاتێکیش رووسیا بە دەستتێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆ چووە ناو خاکی سووریە، سەرجەم یاساکانی گەمە سیاسییەکە و هاوسەنگی ستراتیژەکان بەتەواوەتی گۆڕان. لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە و بەیەکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ رووسیاش، تورکییە بەتەواوەتی کەوتە دەرەوەی گەمەکە و ئیمکانی هێرشی زەمینیی بەتەواوەتی لەدەست چوو. هاوکات لەگەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسیەکەش، ئیدی ڕێگەی چوونەناوەوەی ئاسمانیش ئیمکانی نەما. بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.
چۆن؟
مەسەلەی نزیک بوونەوە لە ڕووسیا و، تەنانەت بەلای هەندێکانەوە پرۆسەی ڕێککەوتنی دولایەنە هاتە ئاراوە. سەرجەم ڕێساکانی گەمەکە گۆڕان. بە ئەگەری زۆرەوە، ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتن،ئیدی مەسەلەی گۆڕینی ئەسەد و بەشداری پێ نەکردنی ئەو لە دانوستانەکاندا بە هیچ شێوەیەک ئیمکانی نییە. ئیدی ئەسەد لایەنێکی سەرەکی دانیشتنەکانی ئاشتی سووریەیە.
تورکییە چووە ناو خاکی سووریە و لە گۆر بەلاڤۆکی فەرمی، ئامانجی ئەو کارەی پاککردنەوەی سنوورەکانە لە داعش. دیارە کە ئەو کارە بە پێکهاتن لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانییەتی (شەڕی دژی داعش) ئەنجام دەدا و ڕێگە لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی و بەیەکەوە گرێدانەوەی مینبەج و عەفرین لەلایەن پەیەدە/ یەپەگە و ە دەگرێ.
ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە؛ بەڵێ ڕاستە تورکییە چووە ناو خاکی سوورییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکار بوو لە پاککردنەوەی جەرابلوس و ئیدی جەرابلوس گیرایەوە. بەڵام ئەمە هاوکات چەند پرسیارێک لەگەڵ خۆیدا دێنێ. یەکەم ئەوەی کە ئایا تورکییە تا کۆتایی یەکجاری شەڕ لە جەرابلوس دەمێنێتەوە؟ ئەی ئەگەر تورکییە لەوێ نەمێنێ پێگە و شوێنگەی جەرابلوس چۆن چۆنی دەبێ؟ ئاخۆ دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ؟ ئەی باشە گەر تورکییە تا کۆتای دۆخەکە نەکشێتەوە و لە جەرابلوس بمێنێتەوە، ستراتیژیەتەکەی چی دەبێ؟ داخۆ هەر تەنیا لەوێ دەمێنێتەوە یان پێشڕویش دەکا؟
بەر لەوەی بێینە سەر وەڵامی ئەم پرسیارانە، وەک ئێوەش باستان کرد، سەرەتا ناتۆ و ڕووسییە و ئەمریکا ڕێگەی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئەمنیان لە باکووری سوورییە بە تورکییە نەدەدا، بەڵام ئەمرۆکە ڕەزامەندیان نیشان داوە و ئەگەر بەتەواوەتیش نەبێ، پیلانەکەی تورکییە بەجۆرێک لە جۆرەکان جێ بەجی بوو. چی لە دۆخەکە گۆڕا و بۆچی ڕەزامەندیان دەربڕی؟
لە ڕاستیدا ئەوان ڕێگە نادەن بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئەمنی. وا باشە ئەم مەسەلانە تێکەڵ نەکرێن. چونکە ئەسەد لایەنگری مانەوەی سووریەیە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکپارچە. ڕووسیە و ئێرانیش ڕێکن لەسەر ئەو مەسەلەیە. شتێکی لەو جۆرە، دەبێتە هۆی هاتنە ئارای چەندین کێشەی تێکەڵ و ئاڵۆز. دامەزراندنی ناوچەیەکی ئاوا بە قوڵایی و درێژایی سەدان کیلۆمەتر، چۆن چۆنی لە دژی پەلاماری دوژمن پارێزگاری لێ دەکرێ؟ ئەمریکا پشتیوانی خۆی بە ئاشکرا بۆ چوونە ناوەوەی تورکییە بۆ جەرابلوس ڕاگەیاندووە. ئێران سەرەڕای دژایەتی ئەو حەرەکەتە بێدەنگە و ڕووسیاش هەر بە هەمان شێوە. لێرەشدا ئەوی گرینگە هۆکاری ئەو بێدەنگیەیە. رووسیا گەمەیەکی زۆر عاقڵانە دەکا.
گەمەیەکی چۆن؟ ئامانجی ڕووسیا چییە؟
ئامانجی سەرەکی ڕووسیا نانەوەی درزێکە لە نێوان تورکییە و ئەمریکا. ئەو دەیهەوێ لەڕێگەی پەلکێش کردنی تورکییە بۆ ناو خاکی سوورییە، جیاوازی بخانە نێوان ئەمریکا و تورکییەوە. ئەسەد سەبارەت بە (سوپای سوریای ئازاد) دەڵێ: تورکییە گروپێکی تیرۆریستی دەرپەڕاند و گروپێکی تیرۆریستی تری لە شوینی ئەو دانا.”
ئامانجی گەمەکە ئەوەیە؛ ئەگەر بێتو تورکییە بەتەواوەتی بچێتە ناو خاکی سووریە و لەگەڵ یەپەگە دا جەبهەیەکی شەر بکاتەوە، ئەمریکا ناچار دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە و لایەنیک هەڵبژێرێ؛ پشتیوانی تورکییە دەکا یان هی پەیەدە؟ ئەم مەسەلەیەش هاوکات و بە ناچاری کاریگەری دەبێت لە سەر ستراتیژی شەری داعش. ڕووسیا دەیهەوێ وەک زلهێزێک بەتەواوەتی سەرکردایەتی ستراتیژی لە ناوچەکەدا بەدەست بینێ. دەیهەوێ لەدژی سەرکرددایەتییەکەی ئەمریکا لەو ناوچەیە پشێوییەک بنێتەوە. رووسیا حیساباتی ورد و دەقیقی هەیە لەو مەسەلەیەدا. ئەو دەزانێ کە تورکییە بەم ڕاستییە دەزانێ: سوپای ئازادی سووریە هەرگیز ناتوانێ خاک و ناوچەکانی ژێ دەستی کۆنترۆڵ بکات.
ئەی باشە تورکییە لە ماوەیەکی کورتدا پاشەکشە دەکا؟
ئەگەر تورکییە هەر ئێستا پاشەکشە بکات، ئۆپەراسیۆنەکە هیچ مانایەکی نابێت. چونکە پەیەدە دەتوانێ هەر زوو جەرابلوس کۆنترۆڵ بکاتەوە. بەڵام ئەگەر بمێنێتەوە، دەبێتە لایەنێکی تێوەگلاو لە شەڕ و کێشەکان. پوتین یارییەک دەکات کە ئامانجی گەورەی لە پشتەوەیە. ئامانجی سەرەکی ئەو هەر وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، بەدەستهێنانی پێگەیەکی بالایە لە مەسەلەی سووریە. لاوازی و نادیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو فورسەتەی دا بە ڕووسیا بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە. ئەو پرسیارەی کە پێویستە بیکەین ئەوەیە؛ داخوا تورکییە وەک ئەندامێکی ناتۆ دەتوانێ لە گەمەیەکدا کە ڕووسیا دارێژەریەتی بەردەوام بێت؟ پرسیاری هەرە ئەساسی ئەوەیە.
وەڵام و پێشبینی ئێوە چییە؟
ئێستا تورکییە دڵخۆشە بەوەی کە چووتە ناو خاکی سورییە، بەڵام پێویستە جارێکی تر بیر لەو دڵخۆشەیەی خۆی بکاتەوە. دەبێ جارێکی تر بیر لەوە بکاتەوە کە حەرەکەتێکی لەوجۆرە لەوانەیە چ دەرنجامێکی بەدواوە و بێ و بەمجۆرەش واقعبینانەتر هەنگاو بنێ، چونکە لە ڕاستیدا ئێستاکە تورکییە تەنیا رۆلێکی دیاریکراو دەگێڕێ کە لەلایەن ڕووسیاوە بۆی دیاریکراوە. ڕووسیا لە پێناو ئامانجە ستراتیژیەکانی خۆیدا چ کێشەیەک لەوەدا نابینی کە پەیەدە فیدا بکات. بەڵام تورکییە ناچارە بیر لەوە بکاتەوە کە؛ ئەی دواتر چی رودەدا؟
یانی ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس، ئۆپەراسیۆنێکە دەتوانێ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێزەکان و ئەو گەمەیەش هەبێ کە لەسووریە لە ئارادایە؟
نەء، وا نییە. چونکە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە. دیارترین ئامانجی ڕاماڵینی پەیەدەیە لە گۆڕەپانەکە. ئەگەر بە تەواوەتیش بۆی ڕانەماڵدرێ، دەیهەوێ سنوورێکی بۆ دابنێ. ئەم ئامانجەش ناتوانێ کێشەی سووریە چارەسەر بکات. چوونکە لە سووریە حیساباتی گەلێک جیاوازتری سیاسی و پارسەنگی هێزەکان لە ئارادایە. با وای دا بنێین کە تورکییە ئامانجەکانی خۆی لە سووریە فراوان کردووە و بە نیازی پێشڕەوییە لە ناو خاکی سووریە. کێ لەم هەنگاوەدا هاوپەیمانییەتی دەکات؟؟ پەیەدە ئەوە لە بنەڕەتدا نابێتە هاوپەیمانی، سوپای سووریەی ئازادیش نابێ. لە حاڵەتێکی وادا ڕەنگە گروپە ئیسلامیەکانی تر ببنە هاوپەیمانی، بەڵام ئەو گروپانەش نە لەلایەن ڕووسیاوە و نە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی ناکرێن. مەسەلەن پێشڕەوی تورکییە بۆ، گریمان گرتنی ڕەققە، دەکری چ ئامانجێکی هەبێ؟ و بۆ هێرشێکی ئاوا کێ هاوپەیمانی دەبێ؟ لە مەسەلەیەکی ئاوا دا ناچارە لەگەڵ گروپە ئیسلامیەکاندا شەڕ بکات و ئەمەش بە واتای پەلکێشانی تورکییەیە بۆ ناو شەڕێکی درێژخایەن لە ناو خاکی سووریە. خاڵێکی تریش هەیە؛ تورکییە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە سوننیەکانیشی وەک عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی کەنداو کێشەی هەیە لە دوای هەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز، پەیوەندیەکان بەتەواوەتی گۆڕانیان بەسەردا هات. ئیدی ئێستاکە تورکییە و عەرەبستانی سعودی لەسەر هەمان هێڵی ستراتیژی نین.
ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس، کە ئامانجە سەرەکیەکەی دەرکردنی پەیەدەیە لە گۆڕەپانەکە و بە ڕەزامەندی ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران و تەنانەت رۆژئاوا بەڕێوە دەچێ، بۆ پەیەدە/هەپەگە بە چ مانایەک دێت؟
پەیەدە هێزێک نییە کە رۆژئاوا و ئەمریکا بتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بن. بەڵام ئەگەر بێت و لە دوای هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری داهاتوو ئەمریکا ستراتیژی خۆی بگۆڕێ، دەکرێ ئەو شتە(پشت کردنە پەیەدە) ڕوو بدا. بەڵام لە ستراتیژیەتی کاروباری دەرەوەی ئێستای ئەمریکادا، ئەمریکا نایهەوێ سەرباز ڕەوانە بکات، و لە ڕێگەی هێزەکانی ناوچەکە لە گۆڕەپانەکەدا ئەو شەرە بەڕێوە دەبات. ئەگەر بەم شێوە درێژە بە ستراتیژیەتەکەی بدات، ئەوا ناتوانێ دەستبەرداری کورد بێت. تورکییە بەردەوام ئەوە دووبارە دەکاتەوە؛ پەیەدە، درێژکراوەی پەکەکە یە”. بەڵام گەر بڕوانییەنە بەرەی شەڕی سووریە، یەپەگە لە ڕووی سەربازییەوە لانی کەم پێنج، شەش بەرابەری پەکەکە هێزی هەیە. سنووردارکردنی ئەو هێزە کارێکی زۆر زۆر زەحمەتە.
شتیکی تریش هەیە؛ ئەگەر پەیەدە بەرەو ڕۆژهەڵات و بەرەو خەتی حەسەکە-قامیشلی بڕوا، بەبڕوای ئێوە تورکییە لەبەرامبەر هێزیکی پێکهاتوو لە ٥٠ هەزار شەڕکەری ژن و پیاو دەتوانی چ بکا؟ داخوا دەتوانێ سنووری عێراق بپارێزێ؟ ئەگەر بۆ لای کوردستانی عێراقیش بڕۆن هەر بە هەمان شێوەیە. بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی شتێکی وا چ دەکرێ؟!! کەوابوو سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی پەیەدە کارێکی هێندە ئاسان نییە. تەنانەت گەر بێتو تورکییە بۆ پارێزگاری سنوور داوای هاوکاری لە بارزانیش بکات، ئەو کێشەیە چارەسەر نابێ. ئەوەی کە ئێستاکە پەیەدە بەرەو عێراق ناڕوات، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هیچ پێویستیەکی سەربازی لەوەدا نابینرێ. بەڵام گەر لەژێر فشاردا بەرەو رۆژهەڵات پاڵ بنرێ، بی هیج گومانێک سنوور دەبڕێ و پێشمەرگەش لە حاڵەتێکی ئاوادا هەرگیز نایهەوێ بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ یەپەگە.
مادام قسەکە هاتە سەر ئەو مەسەلەیە، چ خویندنەوەیەکتان هەبوو بۆ سەردانی بارزانی بۆ ئانکارا، کە ڕێک هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس؟ گەلۆ چ داواکارییەک لە بارزانی کراوە؟
بەر لە هەموو شتێک، مەسەلەی ئەو سەردانە پەیوەندی بە جەرابلوسەوە نەبوو. بارزانی هاوپەیمانێکی ستراتیژییە. بانگکردنی بۆ تورکییە بێگومان بۆ دانی زانیاری و بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەو بووە، بەڵام ئەوە هاوپەیمانییەتیەکی نوی نییە. ئاکەپە و بارزانی ماوەیەکە هاوپەیمانن. ئەم هاوپەیمانییە ستراتیژیە ٥-٦ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد. مەسەلەکە ئەوەیە؛ بارزانی ئەو کات هەم لە لایەنی ئابووری و هەم لە لایەنی سیاسییەوە بەهێزتر بوو. بەڵام ئەمڕۆ هەموو شتێکی بە تەواوەتی لاواز بووە. هاوکات لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، بارزانی ڕووبەڕووی تەنگوچەڵەمە بووەوە سەبارەت بە بەشداری پێکردنی گروپ و لایەنەکان لەم هاوپەیمانیەتییەدا. سەرەڕای ئەوەش عێراق خۆی لە خۆیدا ئێستاکە بە شەری خۆی لەگەڵ داعشەوە مەشغوڵە و لە دژی داعش لە جەنگدایە و لە ڕاستیدا نەک بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ تورکییە، بەڵکو لە گەڵ رۆژائاوا و بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئەو دا درێژە بەو شەڕە دەدا. خۆی لەخۆیدا بارزانی بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت توشی قەیران بووە و هاکات لە ڕووی مەشروعیەتی سیاسیشەوە ڕووبەڕووی زەخت و زۆری بۆتەوە. کەوابوو سەرجەمی حیساباتەکان بە تەواوەتی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. بە بڕوای من لە ئەگەری چوونی پەیەدە بۆ ناو خاکی عێراق، هەڵوێستی بارزانی تەواو جیاواز دەبێت. بەڵام بێگوومان ئەگەر سەرلەبەری ئەم هەنگاوانە بە هەڵوێستی حیساب بۆ نەکراوی ورد و دوور لە عەقڵەوە ئەنجام نەدرێن.
ڕێککەوتنی ئاکەپە و کەمالیستەکان ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی لاواز دەکات
ئاکەپە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس جارێکی تر پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پەڕینەوەی یەپەگە بۆ رۆژائاوای فورات بۆ ئەوان هێڵی سوورە. وا دێتە بەرچاو کە ئەمریکاش نەرمی نواندن و مەیدانێکی بۆ ئەم داوایەی تورکییە خۆش کردووە. تەنانەت بە پێی لێدوانی سەرۆکوەزیر بیناڵی یڵدرم بێت، ئەمریکا سەبارەت بەو مەسەلەیە گەرەنتی داوە بە تورکییە. بەڵام لەولاوە، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی یەپەگە سەبارەت بە پاشەکشەیان لە بەری رۆژئاوای فوراتەوە، پەلاماری لەشکری تورکییە بۆ سەر هێزەکانی یەپەگە دەستی پی کرد. لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکییە بۆ سەر یەپەگە، وا دیتە بەرچاو کە توندووتیژی و پێکدادانەکان لە ناوخۆی تورکییە ڕوو لە زیادبوون بکەن و ترسی هاتنە ئارای شەڕێکی ناوخۆیی کەوتووەتە بەر باس. ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم بۆچوونە؟
لە ڕاستیدا ئەو پێداگری و ناڕەزایەتییە بەردەوامەی تورکییە لەسەر پێشرەوی هێزەکانی یەپەگە بەرەو ڕۆژئاوا، بوو بە هۆی ئەوەی مەسەلەیەک بۆ هەموو ئەوانە بە تەواوەتی ڕوون ببێتەوە کە چاودێری بارودۆخی سووریە دەکەن. ئەویش ئەوەیە کە مەسەلەیە ڕیک بەو مانایە دێت کە تورکییە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەزامەندی دەربڕیوە سەبارەت بە مانەوەی یەپەگە لە رۆژهەڵاتی ڕووباری فورات. ئەو مەسەلەیەی کە واشی کردووە ئەمریکا قەناعەت بە تورکییە بێنێت هەر ئەوەیە. بەڵام تورکییە هەر لەگەڵ چوونی بۆ ناو جەرابلوس دەستی بە داواکاری زیاتر کرد. ئەو گەمەیەش کە تورکییە دەستی پی کردووە و (ڕووسیا دارێژەرەکەیەتی)، بە واتای پەلکێش بوونی تورکییەیە بۆ ناو شەڕێکی درێژخایەن. دیارە کە ئامانجی ئامانجی کورتخایەنی تورکییە ڕێگریە لە پێشڕەوی هێزەکانی یەپەگە و مانەوەیانە لە بەری رۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، بەڵام بێگوومان گەر هەلومەرجەکە بە پێی خواستی ئەوان بەرەو پێش بچێت، ئامانجەکایان دەگۆڕێ بۆ لەناوبردنی پەیەدە و یەپەگە. بەڵام لە کاتی ئێستا دا هەلومەرجی هاتنە ئارای شتێکی لەو جۆرە نامومکین دەبینم. سەبارەت بە سینارۆکانی شەڕی ناوخۆ، بە بڕوای من زۆر ڕێی تێ دەچێ. بەڵام بێگومان لە سیاسەتدا هەموو شتێک قابیلی ڕوودانە. بەبڕوای من شەڕی ناوخۆیی نەک بە هۆی کۆمەڵگای کوردییەوە (لە باکوور)، بەڵکوو بە هۆی دووجەمسەری لە ناو کۆمەڵگای تورکییەوە سەرهەڵدەدات. واتە ئەگەر کۆمەڵگای تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو تووشی دووجەمسەری بێت، و بەشێکی بەرچاوی پشتیوانی خۆی لە حکومەت بستینێتەوە، ئەو شەڕە ڕوو دەدات. گەر پەیەدە لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتەوە درێژە بە پێشڕەویەکانی خۆی بدا، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە درێژە بە شەڕ و پێکدادانەکانی بدات لە ناوخۆی تورکییە، لەولاشەوە ئەو دەسەڵاتەی ئێستاکە لەسەر کارە درێژە بە ناوەندیگەرایی و دەسەڵاتی ئۆتۆریتەری خۆی بدات، کۆمەڵگای تورکی توشی لەت بوونیێکی بەرچاو و دووجەمسەریەکی گەورە دەبێت . تەنیا لە حاڵەتی ڕوودانی دۆخێکی ئەوتۆدا ئەگەری شەڕی ناوخۆیی لە ئارادا دەبێت. بە کورتی،شەڕی ناخۆ نەک بەهۆی کوردەوە، بەڵکوو بەهۆی بەرهەڵستی کۆمەڵگای تورکیی و دەرەنجامەکانی سیاسەتی ئەو بەرهەڵستییەوە دێتە ئارا.
هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا، توندووتیژی و شەڕی پەکەکە لە تورکییە هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەشێکی هۆکارەکانی ئەو مەسەلەیەش بەستراونەتەوە بە ڕۆڵی سیاسەتەکانی تورکییە لە مەر رۆژئاڤا و پەلامارەکانی بۆسەر یەپەگە. بەڵام بەلای هەندێک لە چاودێرانەوە، پەرەسەندنەکانی ئەو توندووتیژیانە بە ناچاری مەسەلەی چارەسەریش وەک پێویستیەکی حەتمی دینێتە کایەوە. ئێوە تا چەند ئەگەرێکی لەو شێوەیە لە کاتێکی نزیکدا دەبینن؟
لە ڕاستیدا دەکرا کاریگەری و رۆڵی رۆژئاڤا و سیاسەتەکانی تورکییە لەمەڕ رۆژئاوا گەلێک دەرەنجامی باشتریان لێ کەوتبایەوە. بەڵام پەکەکە توشی گەلێک هەڵەی ستراتیژی گەورە بوو و تەنانەت تا ئێستاش درێژە بەو هەڵانەی دەدات.
دەکرێ هەندێک بە ڕوونتری باسی ئەو هەڵانە بکەن؟
لە ڕاستی دا پەکەکە شووناسی خۆی لە بیر کرد. ڕاستە پەکەکە باڵێکی سەربازی هەیە، بەڵام لەو لاوە پەکەکە بزوتنەوەیەکی جڤاکییە. بەڵام ئەو خۆی بیری چووە کە بزوتنەوەیەکی جڤاکییە. کاتێک شەری ناو خەندەقەکانی لە دیاربەکر، سیلڤان، نوسەیبین و ناوچەکانی تر دەست پێ کرد، مەسەلەی جڤاکی بوونی بزوتنەوەکەی لەبیر کرد. ئەو مەسەلەیەی بە سوک سەیر کرد و پێداگری و قورسایی خستە سەر ئەوەی کە ئەو هێزێکی سەربازی و چەکدارە. بە تایبەتیش ئەو مەسەلەیە زۆر گرینگ بوو لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران . لە ڕاستیدا دەبوایە ئەو کات پێداگری لەسەر ئەوە بکات کە ئەو بزوتنەوەیەکی سیاسی و جڤاکییە نەک چەکداری. تەنیا بەم شێوەیە دەیانتوانی هەدەپە بەهێزتر بکەن. لە ڕاستیدا تاگە ڕیگا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لە ناو تورکییە بۆ رۆژئاڤا ئەوە بوو. شەڕی هێزەکانی (یەپەسە-یەکینەکانی پاراستنی سڤیل) لە ناو شارەکاند یەکێک لە هەڵە ستراتیژیە هەرە گرینگەکان بوو. دەبوایە لە دوای ٧ی حوزەیران پەکەکە بە هەموو شێوەیەک، تەنانەت ئەگەر هێرشیشی کرابایە سەر لە دژی شەڕ بوەستیتەوە و بە ئاشکرا ڕایگەیاندبا کە “ئێمە بە هەموو شێوەیەک دەمانهەوی خۆ لەم شەڕە لا بدەین.” دەبوایە کارێک نەکەن کە لەبەرژەوەندی ئاکەپەدا بێت. دەبوایە بزانێ کە تووندوتیژی هیچ ئەنجامێکی نابێت. هەربۆیە (پەکەکە) ناچارە لایەنی جڤاکی خۆی بەهێز بکات. تەنیا لەڕیگەیەکی لەوجۆرەوە دەتوانێ کاریگەریەکانی رۆژئاوا لەسەر خەڵکی تورکییە بگۆرێ. بە بڕوای من کاریگەرترین ستراتیژ بۆ پەکەکە فروانکردن و پەرەپێدان و ناساندنی بزوتنەوەکەیەتی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی، جڤاکی و کلتوری. چونکە ئەوە ڕیک ئەو شتەیە کە حکومەت نایهەوێ.
سەبارەت بە پرسیارەکەتان دەربارەی دانوسان و گفتووگۆ؛ ئەمڕۆکە لەدوای هەوڵی کودەتاکە، کۆنسینسوسێکی نوێی سیاسی لە نێوان ئیسلامگەرایی ئاکەپە و کەمالیستەکان هاتووەتە ئاراوە. ئەو پێکهاتنەش بەهۆی پەراوێزخرانی کورد و بۆ پەراوێزخستنی کورد پێکهاتووە. بناغەی ئەو پێکهاتنە مەسەلەی نیگەرانی ئەمنییە. مەهەپە و جەهەپەش لە سۆنگەی ئەو نیگەرانییەوە پشتیوانی ئەو شەڕە دەکەن کە لە دژی هێزە کوردیەکان لە ئارادیە. هاوکات پشتیوانی ئەو سیاسەتی توندووتیژیەش دەکەن. ئەو پێکهاتنەی نێوان ئاکەپە و کەمالیستەکان ئیحتمالی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئاشتی لاواز دەکات. بۆ ئەوەی ئاکەپە بتوانێ جارێکی تر دەست بە وتووێژەکانی ئاشتی بکاتەوە، دەبێ بەر لە هەر شتێک بگاتە ئاستیک لە هێز و دەسەڵات کە بتوانێ بەبێ بوونی هێزی کەمالیستەکان لە ئەمان دا بێت و بتوانێ درێژە بە ڕێگای خۆی بدات. ئەگەر بتوانێ دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات و سەقامگیری سیاسی و ئابووری دەستەبەر بکات، دەتوانێ بە بێ بوونی هێزە کەمالیستەکان هەست بە ئەمان بکات. بەڵام تا دەگاتە ئەو خاڵە، هەرگیز پشت لە هێزە کەمالیستییەکان ناکات. پەکەکەش دەبێ ئەو ڕاستیە باش بزانێ.
لەم سۆنگەیەوە لێدوانی چەند رۆژ لەمەوبەری کەجەکە کە تیایدا دەڵێ “ ئامادەی دانیشتنین” چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هەڵوێستێکی لەوجۆرەی پەکەکە شتێکی باشە بەڵام دڵنیام کە لەبەر هەمان ئەو هۆکارانەی ئاماژەم پێ کردن، حکومەت وەڵامی ئەوجۆرە بانگەوازانە ناداتەوە. جگە لەوەش، تاکو حکومەت ئەنجامێکی دروست لە ستراتیژی خۆی لە شەری سووریە بەدەست نەهێنێت، لە ناوخۆدا و بەر بە پرۆسەی ئاشتی هیچ هەنگاوێک نانێت. چونکە خۆشی نازانێ ئەو ستراتیژە نوێیەی لە سووریە گرتوویەتە بەر چ دەرەنجامێکی دەبێت.
ئاکەپە هەرگیز مەسەلەی چارەسەری کێشەی کوردی وەک ئامانجی خۆی نەژماردووە
حکومەت ئامادەی دانوستان و گفتوگۆ نییە و لەولاشەوە شەڕ و پێکدادانەکان لە پەرەسەندندان…باشە ئەو مەسەلەیە بە کوێ دەگات؟ ئەم مەسەلەیە تا بەدەستهێنانی(ڕوودانی)چ شتێک درێژە دەکێشێ؟ ئامانجی حکومەت چییە؟
بە بڕوای من هەر لە بنەڕەتدا حکومەت شتێکی بە ناوی سیاستی کورد نییە، بەڵکوو سیاسەتی پەکەکەی هەیە. ئەم سیاسەتەش بە واتای چەک فرێدان و تەسلیم بوون دێت. ئەوان چاوەڕوانی ئەوەن. ساڵەهای ساڵە سەبارەت بە تورکییە و بە تایبەتیش سەبارەت بە کێشەی کورد کار دەکەم و دەخوێنمەوە. لەسەر ئەو باوەرەم هیج کام لە حکومەتەکان سیاسەتی کوردیان نەبووە، چونکە بەلای ئەوانەوە کێشەی کورد کێشەیەکی جڤاکی و کۆمەڵایەتی نییە. ئەوان ئەو مەسەلەیە تەنیا وەک کێشەی گروپێکی چەکدار دەبینن.
بەڵام بە درێژایی دووساڵ و نیوی پرۆسەی ئاشتی، لێدوانی جۆراوجۆر درابوون سەبارەت بەوەی کە ئەم کێشەیە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە . یانی سەرجەمی ئەو قۆناغە تاکتیک بوو؟
لە ڕاستیدا زۆر گرینگ نیە کە داخوا ئەوە تاکتیک بووە یان نا. بە دڕێژایی قۆناغی پرۆسەی ئاشتی، ئاکەپە هەرگیز خاوەندرێتی لە چارەسەری کێشەی کورد نەکرد، بەڵکو لە هەوڵی چارەسەری کێشەی پەکەکە دابوو. کاتیکیش لەو مەسەلەیەدا شکستی هێنا، ئەمجارەیان مەسەلەکەی وەک تاکتیکیک بۆ بەدەست هێنانی “دەنگ “گۆڕی. کە لە سایەی ئەو مەسەلەیەوە دەنگیشی بەدەست نەهێنا، ئیدی بە تەواوەتی پەشیمان بووەوە. بە بڕوای من گەورەترین کێشە، گۆڕینی ستراتیژیی دەوڵەت بوو بۆ تاکتیکی “هەڵبژاردن”ی ئاکەپە. گەورەترین هەڵە ئەمە بوو.
تورکییە لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە
ئەو ئارگومینتەی ئاکەپە لە دوای هەوڵی کودەتا بەهێزتریش بوو کە دەڵێ؛ “تورکییە لە ژێر هێرشی هێزە ئیمرتیالیستیەکاندایە. ئەوان دەیانهەوێ ئەو حساباتە کۆنانەی خۆیان کە پێشتر تەواویان نەکردبوو، ئێستاکە بگەیەننە کۆتایی. گەمە و ئۆنێکی گەورە لە دژی تورکییە لە ئارادایە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش کورد و پەکەکە و گروپەکانی تر بەکار دەهێنن. ئامانجیان دابەشکردنی ئەم وڵاتەیە و خستنەوەی ئاژاوەیە لە ناو خەڵکەکەیدا. هەموو ئەم بەزمەش لە لایەن عەقڵێکی بانسەرەوە بەڕێوە دەبرێ”. ئێوە چۆن دەروانە ئەو جۆرە لێدوانانە لە کاتێکدا بە قۆناخێکی پڕ لە شەڕ و پێکداداندا تێپەڕ دەبین ؟ بە بڕوای ئێوە تورکییە بەرەو کام لا دەروا؟
لە ڕاستیدا ئەوە حیکایەتیکی زۆر قەدیمە. سەرجەم رژێمە عەوامگەراکان زۆر پێویستیان بە دوژمنی دەرەکی هەیە. سەددامیش هەمان کاری لە عێراقدا دەکرد.لە ئێرانیش زۆر بەکارهێنرا. بەڵام مەسەلەی سەرەکی، ئەوەیە کە کورد بە تەواوەتی ترنجێرانە ناو ئەو ئارگومێنتە و خرانە ناو ئەم قاڵبەوە. لە ناو کۆمەڵگەدان، بەڵام بەشێک نین لە کۆمەڵگە و مەقاشی دەستی دەوژمنیشن! ئەوە سەبارەب بە کوردستانی سووریە، ئێران و عێراقیش بەکار هێنرا. دەستیان بەسەر تەواوی موڵک و ماڵی کوردەکانی سوریەداگرت، ٥٠٠ هەزار کورد لە ١٩٦٢ناسنامەیان لێ سەندرایەوە. ئەوەیان چۆن کرد؟ گوتیان کورد لە دژی یەکیەتی عەرەبن . “دژی کۆمکاری عەرەبن و هاوکات مەقاشی دەستی هێزە دەرەکیەکانیشن!” ئەم ئارگومینتە زۆر بێمانا و هیلاککەرە.
یەکێک لەو فاکتۆرانەی کە وەڵامی پرسیاری ئەوەی “گەلۆ تورکییە بەرەو کوێ دەروا؟” دیاری دەکات مەسەلەی ئۆپەراسیۆنی جەرابلوسە. جێگری سەرۆکوەزیران نوعمان کورتوڵموش گوتبووی؛” هەرچی بەسەرمان هات، لە ئەنجامی سیاسەتی سووریە بوو”. پرسیار ئەوەیە؛ تورکیا چووە ناو جەرابلوس، لەمەوبەدوا چیمان بەسەر دێ؟
پێویستە ئەوە ڕاست کەیەنەوە کە هەرچی ڕوویدا لە سۆنگەی سیاسەتی سووریەوە نەبوو، بەڵکوو لە سۆنگەی سیاسەتی هەڵەی سووریەوە بوو. ئەو سیاسەتەی تورکییە گرتبوویە بەر، توشی شکست و دۆڕان بوو و ئەوانەی ئەو سیاسەتەیان داڕشتبوو ئێستاکە بێدەنگن. وە ئەوەی ئێستاکە لە ئارادایە، دەرەنجامی خراپی بۆ کۆمەڵگای تورکییە بەدواوە دەبێ. دەمهەوێ ئەوەندە بڵێم کە، تورکییە لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە. دوو بژاردەشی لە بەر دەستن؛ دەکرێ ئالێرەدا بوەستێ و گۆرانکاری بخوڵقینی و بەڕاستی عەقڵی سیاسی بەکار بهێنی، بیر لە هێزی خۆی و چۆنیەتی بەکارهێنان و سنووری واقعیانەی ئەو هێزەی بکاتەوە، و پشتیوانی لە مافە دیموکراتیکەکان بکات و…هتد. یانیش درێژە بەو تێگەیشتنەیان لە ناوەندگەرایی وشێوازی رژێمی ئۆتۆریتەر و داپلۆسێنەر بدات. فاڵگرەوە نیم من! و لە سیاسەتیشدا هەرگیز تەخمینەکان ڕاست دەرناچن. هەر بۆیە نامهەوێ وەڵامی ئەوە بدەمەوە.
بەڵام هەندێک ئاماژە و فاکتیش هەن ، وەک هێرشەکەی سەر عەنتەب. دەگوترێ کە داعش کە پێشوەختە ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس بووە، بۆ تۆڵە کردنەوە لە کوردەکان ئەو هێرشەی ئەنجام داوە. نیگەرانیەکانیش سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەم جۆرە هێرشانە، لە دوای چوونە ناو جەرابلوسەوە زیاتر بووە. داعش چ بەرپەرچێکی دەبێت بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس؟
سەبارەت بەوەی کە ئایا پەلامارەکەی عەنتەب هۆکارێک بوو بۆ چوونە ناو جەرابلوس، یاخود دژکردەوەیەک بوو لە لایەن ئەوانی پێشتر ئاگادار کرابوونەوە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس، شتی زۆر دەگوترێ، بەڵام گەیشتن بە ڕاستی سەبارەت بەو مەسەلەیە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ئیمکانی نییە. ئەگەر مەسەلەی پەیوەندی و نزیکایەتی داعش و هێزە ئەمنیەتییەکانی تورکییە ڕاست بێت، ڕێی تێ دەچێ کە پێشتر بەم مەسەلەیان زانیبێ. بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکی لەوجۆرە لەبەر باس نەبێ، دەکرێ عەنتەب وەک پاڵنەرێک بۆ دەسپێکی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەیر بکرێ. بەڵام بیگوومان هێزە ئەمنیەتییەکانی تورکیە دەبوایە گەلێک باشتر کار بکەن. هیوادارم من هەڵە بم، بەڵام ئەگەر داعش لە دوای جەرابلوس زەبری کاریگەرتری لێ بدرێ، لەوانەیە حوجرە نهێنیەکانی داعش لە عەنتەب و ناوچە سنووریەکانی تر بکەونە خۆ و وەڵام بدەنەوە. تەنانەت گەر لە سووریە پاشەکشەی پی بکرێ، لەوانە دەست بۆ هێرش و پەلاماری کوێکوێرانە ببات..بەراستیش ئەوە جیگەی داخە.
داعش بەسەر دەچێ، بەڵام بیر و هزری داعش دەمێنێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەوەی کە داعش لە جەرابلوسدا هیچ بەرەنگاریەکی لە خۆی نیشان نەدا، یانیش مەسەلەی ئەوەی کە هێزەکانیان لە بنەڕەتدا بەرلە ئۆپەراسیۆنەکە ئەوێیان جێ هێشتبوو…هتد، مەسەلەکە بۆ ئەو ئاقارەدەبات کە دەگوترێ بەجۆریک لە جۆرەکان ئەوە شەڕ و زۆرانبازیەکی بە ڕیککەوتن بووە. بۆچوونی ئێوە چییە؟
زۆرێک لەوانەی قسەم لەگەڵ کردوون و بەشی زۆری ئەو بابەتانەی خویندوومنەوە و تەنانەت پەکەکەش دەڵێ کە ئەوە زیاتر وەک زۆرانبازیەکی بە ڕیککەوتن بووە. بەڵێ،داعش هیچ بەرەنگاریەکی ئەوتۆی نیشان نەدا. سا لەبەر گۆڕانی هەلومەرجی سووریە و نەمانی ستراتیژیەتی جەرابلوس بۆ ئەوان بێت، یاخود لەبەر پێکهاتن و ڕێککەوتنێکی بەینی خۆیان بێت،….نازانم. سەرجەمی ئەوانە گریمانەن.
ئەوەی کە داعش هیچ بەرەنگاریەکی لە جەرابلوس نەکرد، وەک لاوازبوونی داعش لە سووریەش لێکدانەوەی بۆ کرا. هاوڕان لەگەڵ ئەو بۆچوونە؟ داخوا داعش بەرەو لاوز بوون دەچێ؟
ڕاستە. لە ڕاستیدا گەر چاوێک لە راپۆرتە سەربازی و ستراتیژیکیەکان بکەین ئەوە دەبینین. وەک دوو هێڵی گرینگ، تەنیا ڕەققە و موسڵ ماون. گەر ئەوانیشیان لەدەست بێتە دەر، دەکرێ بڵەین کە تەقریبەن داعش بەتەواوەتی لەبەین چووە.
ئەی باشە کێ دێتە شوێنی؟ کێ هێڵی سوننیەکان پڕ دەکاتەوە؟
داعش دەروا و بەسەر دەچێ، بەڵام هزر و بیری دەمینێ. بە دڵیاییەوە گروپە سەلەفیەکانی تر ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە. پرسەکە ئەوەیە کە، چۆن دەکرێ دۆخی سووریە بەرەو سەقامگیری دەڕوا.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە