بابەتی گەرم:

ئاوارە گەڵاڵەیی

هەڵوێستەکان، زۆر دژوارترە لە سەلماندنی کودەتاکە!

Saturday, April 8, 2017



ئاوارە گەڵاڵەیی

تورکیا، لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی پڕ گەندەڵیی عوسمانییەکان و بونیادنانی کۆماری تورکیا؛ هێندەی ڕۆژانی ئەمڕۆ، ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەنەبۆتەوە. تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارو ڕێبەری (ئیسلامی سیاسیی)، نوێنەری هەڵبژێردراوی (فەتحوڵڵا گولەن) بۆ پێشەوایەتی کردنی ڕەوتی چاکسازی (بەهاوکارییی و پشتیوانی ئەمێریکا) لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا، لەناو جەنگێکی کوشندە دایە لەگەڵ دۆستەکەی جارانی. ئەو دۆستەی، جاران بەهاوبەشی میراتی فەرمانڕەواتییەکەی دەزانین، ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ئەردۆغان (گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت). جیاوازبوونی ئەم جەنگە لەوەدایە، کە ئەکتەرەکانی هەمان ئەو دۆستانەی ڕابردووبون، کە بانگەشەی بونیادنانی (Yeni Türkiye/ تورکیایی نوێ)ـیان، بەجیهاندا بڵاودەکردەوە. ئایا چی‌بووە هۆی ئەوەی ئەم برای ئایینیانە بکەونە گیان و جەستەی یەکتر؟ وەڵامی ئەم پرسە بۆ وتارێکی تر.

ئەوەی من دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، دەست خستنە سەر ئەو خاڵەیە، کە ئایا دەوڵەتانی جیهان، بەدەم بانگەوازەکەی (تەیب ئەردۆگان)ـەوە دەچن، کاتێک داوایان لێدەکات لەبەرامبەر کودەتاچییەکان هەڵوێست وەربگرن؟ ئایا وڵاتانی جیهان دەتوانن چ کۆمەکێک پێشکەشی تورکیا بکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ  جەماعەتی گولەندا بکەن؟ ئەوجەماعەتەی کە (تەیب ئەردۆغان)ـیان هێنایە سەرکورسی دەسەڵات، ئێستا بەتۆمەتی (ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دژی دەوڵەت) لەجیهاندا ناوزڕاون! هەرچەندە شوێنکەوتوانی گولەن، لەناوخۆی تورکیا لەژێر مەترسی و فشاری پڕوکێنەری حکومەتدان، بەڵام ڕێبەرەکەیان لە ژێر ئاسایشی دەوڵەتی ئەمێریکا پاڵی لێداوەتەوە. جگە لەوتاری هەفتانەی، کەماوەی ٣ ساڵە دەستەواژەی سیاسیی و پەرچەکرداری ڕووداوەکانی لێدەچۆڕێت، هیچ بەخەمی ئازارو ناڕەحەتی شوێنکەوتوەکانییەوە نییە. لێرەدایە، کە زیاتر بواری بۆ گوشارەکانی حکومەتی تورکیا دژ بە شوێنکەوتوانی خۆشکردووە. ڕەنگە تەنها کاردانەوەیەکی بەهێز بۆ قوتارکردنی شوێنکەوتوانی، هەوڵی کودەتای سەربازی شکستخواردووی ساڵی ڕابردووبێت. کودەتایەک، کە لەکۆتایی تەمەنی هێزی سەربازی گولەندا ئەنجامدرا. کودەتایەک، دەبوایە ساڵی ٢٠٠٨ ئەو سەردەمەی، کەهێزی فەتحوڵڵا گولەن لەهەناوی سوپای تورکیا، لەوپەڕی هێزو قودرەتی خۆیدابوو. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی گولەنیەکاندا، هەرچی هەوڵی کودەتای نوێ‌بوو هەمووی پوچەڵکرایەوە و بواری کودەتای سەربازی لەلایەن گولەنەوە تەواو لاوازبوو. هەرچەندە هەوڵی کودەتای ١٥ تەموزی ٢٠١٦، کۆتا کارتی سوتاوی گولەنییەکان بوو، بەڵام هێشتا ناوەندەکانی گولەن لەوڵاتانی جیهاندا، توانای ئامادەسازی و خۆ کۆکردنەوەیان هەیە، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەسەڵاتی (تەیب ئەردۆغان) ژێراوژوور بکەن.
 
ئەم ترسەیە کەماوەی ٣ ساڵە، ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغڵوی لەم سەری دونیاوە، بۆ ئەو سەری دونیا، خستۆتە ئامادەباشی و هەموو هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانییە لەلایەن دەوڵەتانی جیهانەوە. ئەو وڵاتانەی کەسەردەمێک لەڕێگای تۆڕی سیخوڕی نیشتیمانییانەوە، کارئاسانی بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی گولەن، وەک نوێنەرایەتی (گەل و حکومەتی تورکیا) دەکرا و گەورەترین ناوەندی ئاڵوگۆڕکردنی هەواڵ و زانیاری بوون! جەماعەتی گولەن، لە وڵاتانی جهیاندا، جگە لە دروستکردنی (قوتابخانە و زانکۆ)ی تایبەت، هەوڵی ئەوەیاندا کەخۆیان بەشێوازێک ڕێکبخەن کە بۆ هەمیشەیی ببنە نوێنەری (گەل و حکومەتی) تورکیا. ئەم خۆڕێکخستنە خۆی لەدزەکردن بۆ ناو دەوڵەتان و حکومەتەکانیان بینییەوە. لەدوای جەنگی ئاشکرای (تەیب ئەردۆغان) و (گولەن) لەساڵی ٢٠١٣دا، دیدارەکانی حکومەتی تورکیا لەگەڵ تەواوی وڵاتان، بریتی‌بووە لە باسکردنی مەترسی ئەم گروپە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ڕادەستکردنەوەی هەڵسوڕاوەکانیان. یەکەمین هەوڵی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەم مژارە، لە وڵاتی پاکستان دەستی پێکرد.
 
دەسەڵاتدارانی تورکیا (تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیروباڵوێزەکان) بەخۆیان و جانتایەک بەڵگەی مەترسی‌دار لەمەڕ جەماعەتی گولەن، سەردانی وڵاتانی (پاکستان، سڕبیا، ئەلبانیا، جەزائیر، هەرێمی کوردستانی ئێراق، ئازەربایجان، ئوردون، سودان، مەغریب، کازاخستان، قیرغیزیستان، ئەڵمانیا، ئەمێرکاو...هتد) کرد. هەر یەکێک لەو دەوڵەتانە باش‌دەزانێت لە وڵاتی تورکیا چی دەگوزەرێت. هەرچەندە دەسەڵاتی (تەیب ئەردۆغان) زیاتر دیکتاتۆر و سەرکوتکاربێت، کارناکاتە سەر باوەڕی ئەو وڵاتانە. چونکە تاکە هێزی پشتیوانیی‌و ڕەخساندنی بواری گەیشتن بەدەسەڵاتی (ئەردۆغان)، خودی جەماعەتی گولەن بووە. بۆیە وڵاتانی جیهان بەشێوازێکی (هاوسەنگ و هاوتەریب) لە حکومەتی تورکیا و جەماعەتی گولەن دەڕوانن. مەگەر (تەیب ئەردۆغان) بارودۆخەکە زیاتر لەخۆی ئاڵۆزبکات، ئەگەرنا وڵاتانی جیهان لەوەتێ‌دەگەن کە حکومەتی تورکیا کوێی‌دێشێت.

هەرچەندە حکومەتی پاکستان لەهەموو وڵاتانی تری جیهان زیاتر کەوتۆتە ژێر فشاری تورکیا! مل‌دان بۆ داواکاری حکومەتی تورکیا هێندە ئاسان‌نییە. ئەوە ڕوونە کە چالاکی جەماعەتی گولەن لەپاکستان، لەژێر ڕۆشنایی دەزگای موخابەراتی پاکستانی بووە! ئەم ڕۆشناییە بەبێ بەخشینی (هەواڵ و زانیاری)نابێت. ئەوکاتەی کە دەزگای سیخوڕی تورکیا(میت/MIT) لەژێر چاودێری جەماعەتی گولەندابوو، هۆکاری هەرەباشبوو بۆ بەخشینی هەواڵ و زانیاری بەناوەندەکانی تری سیخوڕی لەجیهاندا. کەواتە جەماعەتی گولەن، پێش ئەوەی  لەو وڵاتانە زەمینەی کاروچالاکی بۆ کردنەوەی (قوتابخانە و زانکۆ)ی نموونەیی بڕەخسێنن؛ بەتەواوی لەخزمەتی دەزگای سیخوڕی وڵاتانی جیهاندابوون. (دیگیستەر فلێکس) لێکۆڵیارو نوسەری ناوداری گۆڤاری (نیویۆرکەر) لەبارەی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی ئامادەکردووەو بەڕوونی ئاماژە بەوەئەکات، کە جەماعەتی گولەن لەپشتی کودەتاکەوەبوون. لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەی نوسەردا، ئاماژە بەوەکراوە، کە مامۆستاکانی وانەی زمانی ئینگلیزی لەناو قوتابخانەکانی گولەندا، کارمەندی هەرەباشی کۆکردنەوەی (هەواڵ و زانیاری)بوون لەو وڵاتانەدا، کەکاریان تێداکردووە. جگە لەناوەندەکانی خوێندن، کۆمپانیای بازرگانی و نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو و زێڕ، یەکێکی تربووە لەناوەندە چالاکەکانی جەماعەتی گولەن لەو وڵاتانەدا. 

(د. ئەلەند میزڵ) کە لێکۆڵیارێکی ترە لەمەڕ کاروبارەکانی جەماعەتی گولەن لەجیهاندا؛ تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی، کە جەماعەتی گولەن بەبێ هاوکاری و کارئاسانی دەزگای سخوڕی ئەمەریکی (CIA)، ناتوانێت بەو شێوازە پاوانخوازییە لەجیهاندا پەلبهاوێت. پشتیوانیی و کەفالەتی کارمەندی پێشوی دەزگای CIAی (ئەبراهام فۆکسمان) بۆ فەتحوڵڵا گولەن، لەدادگای ئەمێریکا، یەکەمین هۆکاری مانەوەی گولەنە لەژێر ئاسایش و پارێزگاری ئەمێریکادا. هەروەها بەرگری سەرسەختانەی (مایکڵ ڕۆبن)، کارمەندی خانەنشینی CIA بۆ جەماعەتی گولەن و نوسراوەکانی لەناو وێبسایتی جەماعەتی گولەندا، سەلمێنەری ئەو ڕاستی‌‌یەیە، کە جەماعەتی گولەن دەمێکە پشتیوانی بەهێزیان لەلایەن بەشێکی بەرچاو لەڕێکخراوە سیخوڕیەکانی جیهان بەدەست هێناوە.

کاتێک بەم دەرئەنجامە دەگەین، ڕووندەبێتەوە کە جەماعەتی گولەن، هێندە پاروویەکی سوک نین، کەلەلایەن حکومەت و دەسەڵاتی (تەیب ئەردۆغان) وە بخورێت و لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بخرێنە ژێر فشارەوە. هەرچەندە حکومەتی تورکیا لەناوخۆی وڵاتتدا بەرەو لاوازیی بردوون. بەڵام هەتا ناوەندەکانی سیخوڕی وڵاتان هاوکارنەبن بۆ حکومەتەکانی خۆیان؛ هەڵوێستەکان لەئاستی جەماعەتی گولەن، پێ ئەنجام دەبێت. چونکە جەماعەتی گولەن پێش ئەوەی لەئاستی حکومەتی وڵاتاندا لەپەیوەندیی‌دابن، لەئاستی دەزگای سیخوڕی ئەو وڵاتانە، لەپەیوەندیی‌دابوون. پەیوەندییەک، کەببووە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی (هەواڵ و زانیاری)! 

دەزگای سیخوڕی وڵاتان، قەرزێکییان لەلای دەوڵەتی تورکیایە، کە وەختی خۆی بە جەماعەتی گولەنیان بەخشیوە. هەتا ئەو قەرزە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەدرێتەوە، ئاستەمە هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵوێست لەلایەن وڵاتانەوە هیچ ئاکامێکی هەبێت. قەرزێک، کەدەمێکە لەژێر چاودێری جەماعەتی گولەندا، وەبەرهێنانی پێکرا، ئێستا تەیب ئەردۆغان دەیەوێت بۆ سودی خۆی کەڵکی لێوەربگرێت. بەبێ ئەوەی بزانێ کە پێش ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات، (گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت).


سەرچاوەکان.

http://www.newyorker.com/magazine/2016/10/17/turkeys-thirty-year-coup

http://www.reuters.com/article/us-turkey-kazakhstan-education-idUSKCN10G1PI

http://thediplomat.com/2016/08/kazakhstan-and-kyrgyzstan-reject-turkish-calls-to-close-gulen-schools/

http://hizmetnews.com/21860/expert-i-fear-that-turkey-is-headed-to-a-prolonged-period-of-civil-conflict-if-not-civil-war/#.WN-HRtKGPIU

http://hizmetnews.com/20535/rubin-says-gulens-extradition-convince-erdogan-blackmail-works/#.WN-IA9KGPIU

http://hizmetnews.com/14841/erdogan-receives-harsh-criticism-civil-society-bid-close-turkish-schools/#.WN-H4tJ97IU

http://www.hurriyet.com.tr/ve-orgeneral-akarin-yaveri-40155810

http://www.aljazeera.com/news/2016/11/pakistan-expels-turkish-school-staff-gulen-links-161116084837457.html

http://www.kurdishaspect.com/doc043011am.html


پەیوەندی‌دار:

دێمیرتاش؛ هیچ تۆڵەیەک لە ئاشتی گەورەترنییە

بنەما کۆمەڵایەتێکانی دەسەڵاتی ئەردۆغان

دەمیرتاش؛ ڕاگەیاندنی خۆسەری دیموکراتیک چ ئەنجامێک نادات بەدەستەوە

بەشار ئەسەد: سوپای ئەردۆغان لە سووریە لە شەڕدایە

"ئەگەری دووهەم لەوانەیە دابەشبوونی سووریا بێت"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷