له‌یلا عه‌نایه‌ت‌زاده
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ خۆكوژی له شاری سه‌قز
Wednesday, January 10, 2018

له‌یلا عه‌نایه‌ت‌زاده
خۆكوشتن یه‌كێك له كێشه گرینگه‌كانی لایه‌نی سڵامه‌تی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه. رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، خۆكوژی به كرده‌یه‌كی ئاگادارانه و خۆویستانه پێناسه ده‌كات كه له درێژه‌ی‌دا كه‌سێك به كرده‌وه‌ی مه‌رگ‌هێنه‌رانه به ده‌ستی خۆی كۆتایی به ژیانی ده‌هێنێ.
ره‌وتی خۆكوژی له ئێران له‌م سێ ده‌یه دواییه‌دا روو له زۆر بوون بووه و به گۆڕانی بایه‌خه‌كانیش له‌م ده‌یه دواییانه‌دا جۆری خۆكوژییه‌كانیش گۆڕاون. به پێی لێكدانه‌وه‌یه‌ك كه رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له سه‌ر ره‌وتی خۆكوژی له ئێران‌دا كردوویه‌تی، ئێران ده‌كه‌وێته ریزی ئه‌و وڵاتانه‌وه كه له سه‌ره‌تای چوونه ناو قۆناغی پیشه‌یی‌بوون و له نێوان جیابوونه‌وه و بڕان له نه‌ریته‌كان و پێكهاته‌ی نه‌ریتی و چوونه نێو جیهانی پیشه‌یی‌دایه و له‌م قۆناغه‌دا تووشی پارادۆكسگه‌لێك بووه كه كاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌م ره‌وته بووه.
خۆكوژی و هه‌وڵدان بۆ خۆكوشتن له دانیشتنه‌كانی رێكخراوی جیهانی ته‌ندروستی(WHO) له ساڵی ۱۹۹۶ وه‌ك بابه‌تێكی گرینگی ته‌ندروستی گشتی و هه‌ڵسوكه‌وتێكی ڕانه‌هاتوو له گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا راگه‌یێندرا.
هه‌ر چه‌ند هه‌وڵدان بۆ خۆكوشتن به مه‌به‌ستی خه‌سارگه‌یاندن به خۆ به شێوازی وشیارانه و زیاتر له نێوان كه‌سانی خۆته‌وه‌ر، شڵه‌ژاو، تووڕه و بێ‌توان له سازكردنی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا روو ده‌دات به‌ڵام له نێو ئه‌و كه‌سانه‌ش‌دا كه پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی قورس و قایمیشیان هه‌یه ئه‌گری روودانی هه‌یه.
خۆكوژی له نێو هه‌موو چینه‌كانی جه‌ماوه‌ردا بوونی هه‌یه به‌ڵام ژنان زیاتر له پیاوان هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌ده‌ن. ئه‌مه له كاتێك‌دایه كه خۆكوژی له پیاوان زیاتر له ژنان ده‌بێته هۆی مردنیان. ڕاده‌ی خۆكوژی به پێی بارودۆخی جوگرافیایی له وڵات و ناوچه جۆراوجۆره‌كان جیاوازه. به جۆرێك كه وڵاته‌كانی ئێسكاندیناوی، ئه‌ڵمانیا، رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا و ژاپۆن (ناسراو به پشتێنی خۆكوژی) به ۲۵ له هه‌ر سه‌دهه‌زار كه‌س زیاترین و وڵاته‌كانی ئێسپانیا، ئیتاڵیا، ئیرله‌ند، هۆڵه‌ندا و میسر به ۱۰ له هه‌ر سه‌دهه‌زار كه‌س له ساڵ‌دا خوارترین رێژه‌ی خۆكوژییان بۆ خۆیان ته‌رخان كردووه.
له ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، خۆكوژی هه‌شته‌مین هۆكاری مردن و سێهه‌مین هۆكاری مردن له نێوان ته‌مه‌نی ۱۴ تا ۲۵ ساڵدایه. تێكچوونی ده‌روونی، ئاڵۆزی بنه‌ماڵه‌یی، ئه‌زموون كردنی ئازار و ئه‌شكه‌نجه، ده‌ست‌راگه‌یشتن به چه‌كی گه‌رم و پێشینه‌ی هه‌وڵدان بۆ خۆكوژی له رابردوودا گرینگ‌ترین هۆكاره‌كانی مه‌ترسی خۆكوژی له جه‌ماوه‌ری ئه‌مریكی‌دایه.
له باری ئامارییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه كه ژنان و پیاوان له به كارهێنانی ئامراز و شێوازی خۆكوشتن له یه‌كتر جیاوازن. باوترین جۆره‌كانی خۆكوژی له ئێران خۆهه‌ڵواستن، خۆسووتاندن، ژاراوی بوون و ده‌رمان‌خواردنه‌وه و به كارهێنانی چه‌كی گه‌رم بووه.
رێژه‌ی خۆكوژی له ئێران له زۆربه‌ی وڵاته‌كانی جیهان به تایبه‌ت وڵاته رۆژئاواییه‌كان خوارتره به‌ڵام له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین زیاتره. ئێران له باری پله‌ی جیهانی خۆكوژییه‌وه له پله‌ی ۵۸م دایه و پارێزگا كوردنشینه‌كان به تایبه‌ت ئیلام و كرماشان زیاترین رێژه‌ی خۆكوژییان هه‌یه. هه‌ر بۆیه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له خۆكوژی له سه‌قز وه‌ك یه‌كێك له شاره‌كانی پارێزگای كوردستان و هێنانه ئاڕای باسێكی وه‌سفی و تێگه‌یشتن له رۆه‌وتی خۆكوژی له‌م ناوچه‌دا له پێویستیه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه بوو.
داتا و مێتود
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌یه‌كی وه‌سفی-شیكارانه‌یه به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له رابردوو به شێوازی بڕگه‌یی و ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه هه‌وڵی خۆكوشتنیان داوه له ماوه‌ی ساڵه‌كانی ۹۱ تا كۆتایی ۹۵‌دا و سه‌ردانی یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی شاری سه‌قزیان كردووه.
بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه سه‌ره‌تا سه‌ردانی ناوه‌ندی ته‌ندروستی شاری سه‌قز كرا و ئه‌وانیش دوای ئێزن وه‌رگرتن له زانكۆی زانسته پزیشكیه‌كانی سنه هه‌موو ئه‌و داتا خاوانه‌ی كه بوونی هه‌بوو له به‌ر ده‌ستی توێژه‌ردا دانرا و توێژه‌ریش كه‌ڵكی لێ وه‌رگرتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زانیاریانه‌ی له سه‌ر كه‌یسه‌كان له هه‌ر په‌روه‌نده‌دا بوو مودلێك له خۆكوژی شاری سه‌قز له ماوه‌ی ۵ساڵ‌دا به ده‌ست بهێنێت. شایانی باسه كه هه‌موو په‌روه‌نده و فایل و زانیارییه‌كان له سه‌ر خۆكوژی پێش ساڵی ۹۱ بوونی نه‌بوو و هه‌مووی سڕابووه‌وه و به‌شێكیش له پرسیاره‌كانی هه‌ر پرسیارنامه ناته‌واو، جێبه‌جێ و یا نادروست پڕكرابووه‌وه و یان هه‌ر وڵام نه‌درابووه‌وه. به‌ڵام پرسیارنامه‌كان بریتی بوون له هه‌ندێك پرسیار سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندییه جه‌ماوه‌ری و گشتییه‌كان، ره‌وش و جۆری خۆكوژی، هۆكار و ... بوو كه له ئه‌نجام‌دا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له نه‌رم‌ئامێری SPSS لێكۆڵینه‌وه‌یان له سه‌ر كرا.
ده‌رئه‌نجامه‌كان
له باری رێژه‌ی خۆكوشتن له‌م توێژینه‌وه‌دا، زیاترین ژماره‌ی خۆكوشتن له نێو لاوانی ته‌مه‌ن ۲۰ تا ۳۴ ساڵ(۵۸.۵۳ له‌سه‌د) له هه‌ر دوو ره‌گه‌زدایه. كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ماوه‌ی ۵ ساڵ‌دا له ۹۵-۹۱ خۆیان كوشتووه بریتین له ۲۹ كه‌س(۴۹ له سه‌د) له ژنان و ۳۰ كه‌س(۵۱ له سه‌د)ی پیاوان. هه‌رروه‌ها ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی خۆكوشتنیان داوه ۳۵۸(۲۹ له سه‌د)یان پیاو و ۸۷۴(۷۱له سه‌د)یان ژنانن كه ئه‌مه پیشان ده‌دات هه‌وڵدان بۆ خۆكوشتن دیارده‌یه‌كی ژنانه‌یه و جیاوازی له گه‌ڵ خۆكوشتن ئه‌مه‌یه كه ژنان به‌م كرده‌وانه ده‌یانهه‌وێ هه‌ست و ئازاره‌كانی خۆیان ده‌رببڕن و سه‌رنج و هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سانی‌تر بۆ لای خۆیان رابكێشن یاخود له‌م رێگاوه ده‌رتانێك بۆ ده‌ربازبوون له دۆخی ناله‌بار و ژیانێكی پڕ له ئێش و ئازاریان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێ.
هه‌ر چه‌ند له زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان‌دا ڕاده‌ی هه‌وڵدان بۆ خۆكوشتن له ژنان زیاتر له پیاوانه و ڕاده‌ی مردن به هۆكارێ خۆكوژی له پیاوان‌دا زیاتره به‌ڵام له‌م توێژینه‌وه‌دا رێژه‌ی خۆكوشتنی ژنان (۴۹ له سه‌د) و پیاوان (۵۱ له سه‌د) له مه‌ودایه‌كی پێنج ساڵه‌دا ئه‌مه پیشان ده‌دات كه مودێلی خۆكوشتنی ژنان و پیاوان خه‌ریكه له یه‌ك نزیك ده‌بێته‌وه.
كرده‌ی خۆكوژی لای ژنان له مانگه‌كانی جۆزه‌ردان و گه‌لاوێژدا به شێوازێكی مانادار زیاتر له مانگه‌كانی تر و له سه‌رماوه‌ز و ره‌شه‌مه‌دا كه‌متر بووه. هه‌روه‌ها لای پیاوان، كرده‌ی خۆكوژی له مانگه‌كانی خاكه‌لێوه و پووشپه‌ڕ زیاتر و له رێبه‌ندان و ڕه‌شه‌مه‌دا خوارتر بووه. خاڵی به‌رچاوتریش ئه‌مه بوو كه هه‌ر وه‌ك زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌تر ڕاده‌ی كرده‌ی خۆكوژی له وه‌رزه‌كانی به‌هار و هاوین ده‌گاته لوتكه.
هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ی كه زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان جه‌ختیان كردۆته سه‌ر وه‌رزی بوونی دیارده‌ی خۆكوژی به‌ڵام هێشتا مێكانیزم و چۆنیه‌تی كاریگه‌ری ئه‌م فاكتۆره روون و ئاشكرا نییه به‌ڵام تێگه‌یشتن له‌م بابه‌ته ده‌توانێ ده‌رفایه‌تی پێشگیرانه‌ی ببێ.
له كۆی ۳۵۸ پیاو له‌م توێژینه‌وه‌دا ۲۵۹ كه‌س(۷۲ له سه‌د)یان زگورتی، ۷۸ كه‌س(۲۲ له سه‌د)یان خێزاندار و ته‌نیا یه‌ك كه‌س به ئه‌زموونی ته‌ڵاق و ۲۰ كه‌س باری خێزانیان نادیار بوو. هه‌روه‌ها له كۆی ۸۷۴ ژن، ۴۰۴ كه‌س(۴۶ له سه‌د)یان زگورتی، ۴۲۵ كه‌س(۴۹ له سه‌د)یان خێزاندار، ۱۴ كه‌س(نزیك به ۶ له سه‌د)ی ژنان بێوه‌ژن بوون كه ۱۱ كه‌س ته‌ڵاقیان ئه‌زموون كردبوو و یه‌ك كه‌س هاوسه‌ری مردبوو و ۳۱ كه‌سیش باری خێزانیان نادیار بوو.
به دابه‌شكردنی كه‌سه‌كان له ۵ گرووپی منداڵ، مێرمنداڵ، لاو، نێوانساڵ و به ساڵاچوو، زیاترین كرده خۆكوژییه‌كان۷۳۱ كه‌س(۵۹ له سه‌د) بوون كه ده‌كه‌وتنه ته‌مه‌نی ۳۴-۲۰ واته قۆناغی لاویه‌تی و دواتر ۳۵۰ كه‌س (۲۸ له سه‌د) له ته‌مه‌نی مێرمنداڵی(۱۹-۱۳) و ۱۴۱ كه‌س(۱۱ له سه‌د) له ته‌مه‌نی نێوانساڵی و ۸ كه‌س به‌ساڵاچوو و یه‌ك كه‌س له باری ته‌مه‌نییه‌وه نادیار بوو. كه‌واته قۆناغی مێرمنداڵی و لاویه‌تی كه زیاترین رێژه‌ی خۆكوژی تیا روو ده‌دات هه‌ستیارترین ریزی ته‌مه‌نین كه ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازه‌كانی ئه‌م ته‌مه‌نانه له به‌ر چاو بگیردرێ و پیلانی درێژخایه‌نی بۆ دابڕێژرێ و له سیاسه‌ت‌دانان و به‌رنامه‌ی راهێنان و په‌روه‌رده‌دا جێگای تایبه‌تی بۆ بكرێته‌وه.
چون زۆرترین رێژه‌ی خۆكوژی له دوو ریزی ته‌مه‌نی ۱۹-۱۳ و ۳۴-۲۰ ساڵ‌دا بووه، له باری ئاستی خوێندنیش، ۵۱۰ كه‌س(۴۱ له سه‌د)ی كرده خۆكوژییه‌كان له قۆناغی دواناوه‌ندی و ۳۰۰ كه‌س(۲۴ له سه‌د) له مام‌ناوه‌ندی، ۱۹۴ كه‌س(۱۶ له سه‌د) له قۆناغی سه‌ره‌تایی، ۱۲۸ كه‌س(۱۰ له سه‌د) خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆ و ۶۱ كه‌س(۵ له سه‌د)یش نه‌خوێنده‌وار بوون. كه‌واته كه‌مترین رێژه‌ی خۆكوژی له نێو كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار و كه‌سانی ئاكادێمیك‌دا بووه.
له باری كار و پیشه‌وه ۵۲ له سه‌دی(۶۴۴ كه‌س) كرده خۆكوژییه‌كان له ناو ژنانی ماڵدار، ۱۵ له سه‌د (۱۸۸ كه‌س) قوتابی، ۹ له سه‌د (۱۰۸ كه‌س) كاری ئازاد، ۶ له سه‌د (۷۲ كه‌س) بێكار، ۵ له سه‌د (۶۴ كه‌س) خوێندكار، ۲ له سه‌د (۲۹ كه‌س) سه‌رباز، ۲ له سه‌د (۲۲ كه‌س) كرێكار، ۱ له سه‌د (۱۲ كه‌س) مووچه‌خۆر، ۳ له سه‌د (۳۵ كه‌س) كار و پیشه‌یان نادیار و ۵ له سه‌دی كه‌سه‌كانیش كار‌و پیشه‌ی تریان بوو.
له كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه یه‌كێك له جۆره‌كانی خۆكوژیان ئه‌زموون كردووه، ۸۶ له سه‌دیان (۱۰۶۱ كه‌س) دانیشتووی شار و ۱۴ له سه‌دیان (۱۷۱ كه‌س) دانیشتووی دێهات بوون كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌وڵه‌كانی خۆكوژی له دێهات به به‌راورد له گه‌ڵ شار گوزارش نه‌كرابێ.
باوترین شێوه‌ی هه‌وڵدان بۆ خۆكوژی به‌كارهێنانی قورس و ده‌وا بووه كه ۷۴۶ كه‌س (۸۶ له سه‌د)ی ژنان و ۲۴۷ كه‌س (۶۸ له سه‌د)ی پیاوان كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتووه. دووهه‌م شێوه‌ی خۆكوژی خۆهه‌ڵواستن بووه كه ۲۷ كه‌س (۳ له سه‌د)ی ژنان و ۳۶ كه‌س (۱۰ له سه‌د)ی پیاوان به كاریان هێناوه. شێوه‌كانی‌تر دوا به دوای یه‌ك خواردنی ژه‌هر لای ۳۵ كه‌س (۴ له سه‌د)ی ژنان و ۱۹ كه‌س (۵ له سه‌د)ی پیاوان، له خۆدان به ئامرازی تیژ لای ۱۵ كه‌س (۲ له‌سه‌د)ی ژنان و ۲۲ كه‌س (۶ له سه‌د)ی پیاوان، خۆسووتاندن لای ۱۱ كه‌س (۱ له سه‌د)ی ژنان و ته‌نیا ۲ كه‌س (۰.۵ له سه‌د)ی پیاوان و ده‌یان شێوه‌ی تر بووه.
له ۵۹ كه‌س كه له ماوه‌ی ۵ ساڵی به‌ر باس‌دا به خۆكوژی كۆتاییان به ژیانی خۆیان هێنا، ۲۹ كه‌س (۴۹ له سه‌د)یان ژن و ۳۰ كه‌س (۵۱ له سه‌د)یان پیاو بوون. ۲۳ كه‌س (۳۹ له سه‌د)یان خێزاندار، ۳۱ كه‌س (۵۳ له سه‌د)یان زگورتی، ۲ كه‌س بێوه و ۳ كه‌س نادیار بوون.
له كۆی ۵۹ كه‌س، ۱۳ كه‌س (۲۲ له سه‌د) مێرمنداڵ، ۱۹ كه‌س (۳۲ له سه‌د) لاو، ۲۲ كه‌س (۳۷ له سه‌د نێوانساڵ و ۵ كه‌س (۸ له سه‌د)یش به ساڵاچوو بووه. له باری ئاستی خوێندن زیاترین رێژه‌ی خۆكوشتن له ناو كه‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی ۱۶ كه‌س(۲۷ له سه‌د)، مام‌ناوه‌ندی ۱۶ كه‌س (۲۷ له سه‌د)، دواناوه‌ندی ۱۵ كه‌س (۲۵ له سه‌د) و نه‌خوێنده‌وار ۹ كه‌س (۱۵۶ له سه‌د) و كه‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆش كه‌مترین رێژه‌ی خۆكوشتنیان بووه.
۳۶ كه‌س(۶۱ له سه‌د)ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان كوشتووه دانیشتووی شار و ۲۲ كه‌س (۳۷ له سه‌د)یان دانیشتووی دێهات بوون. كه به به‌راورد له گه‌ڵ داتاكانی هه‌وڵدان بۆ خۆكوژی، رێژه‌ی خۆكوژی له دێهات له راستی نزیكتره.
كاروپیشه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان كوشتووه به دوای یه‌كه‌وه سه‌ره‌تا له ناو ژنانی ماڵدار ۲۲ كه‌س (۳۷ له سه‌د)، دواتر قوتابیان ۷ كه‌س (۱۲ له سه‌د)، كاری ئازاد ۵ كه‌س (۸ له سه‌د)، وه‌رزێڕ ۴ كه‌س (۷ له سه‌د)، بێكار ۳ كه‌س (۵ له سه‌د) و هه‌ندێك كار و پیشه‌ی‌تر بووه.
خۆهه‌ڵواستن زیاترین رێژه‌ی له ناو شێوه‌كانی خۆكوشتن‌دا بووه و ۴۶ كه‌س (۷۸ له سه‌د)ی كه‌سه‌كان به‌م شێوه‌یه كۆتاییان به ژیانی خۆیان هێناوه. دووهه‌م شێوه خۆسووتاندن بووه كه بووه‌ته هۆی مردنی ۴ كه‌س (۷ له سه‌د)ی كه‌سه‌كان، به كار هێنانی چه‌كی گه‌رم له لایه‌ن ۳ كه‌سه‌وه واتا (۵ له سه‌د)ی خۆكوژییه‌كان یه‌كێكی‌تر له شێوه‌كان و دواتر به‌كارهێنانی مادده سڕكه‌ره‌كان له لایه‌نی ۲ كه‌سه‌وه و خواردنی ده‌وا كه یه‌ك كه‌س كه‌ڵكی لێ وه‌رگرتووه گشت ئه‌و شێوانه بوون كه بوونه‌ته هۆی مردنی كه‌سه‌كان.
شرۆڤه
له‌م توێژینه‌وه‌دا له ماوه‌ی ۵ ساڵی به‌رباس له ۹۵-۹۱، ۱۲۳۵ كه‌س هه‌وڵی خۆكوشتنیان داوه كه ۵۹ كه‌سیان سه‌ركه‌وتوو بوون و كۆتاییان به ژیانی خۆیان هێناوه. به‌ڵام به پێی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م داتانه ته‌نیا له نه‌خۆشخانه‌كان كۆكرانه‌ته‌وه و به ناوه‌ندی ته‌ندروستی شاری سه‌قز راگه‌یه‌ندراون و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان نه‌كردووه یا خۆكوژی و هه‌وڵی خۆكوشتنه‌كه‌یان گوزارش نه‌كراوه، ئه‌م راده‌یه له خۆكوشتن و هه‌وڵی خۆكوژی ده‌توانێ تووشی كه‌م‌ژماری هاتبێ.
هه‌ر وه‌ك توێژینه‌وه‌كانی‌تر له ئێران و وڵاتانی‌تر جگه له چین كه ژماره‌ی خۆكوژان و هه‌وڵه‌كانی خۆكوشتن لای ژنان و پیاوان به‌رابه‌ره، ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه پیشانی دا كه هه‌وڵی خۆكوشتن لای ژنان زیاتر له پیاوان بووه و زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ خۆكوژی (۷۱ له سه‌د) بریتی بووه له ژنان و ئه‌وان ریسكی زیاتریان بۆ كرده‌ی خۆكوژی بووه.
زۆرینه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ خۆكوژی له ریزی ته‌مه‌نی ۱۹-۱۳ و ۳۴-۲۰ ساڵ‌دا بوو كه توانای پێویست بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیان له قه‌یراناكان‌دا نه‌بووه و به كوشتنی خۆیان هه‌ستاون. ئه‌مه له كاتێك‌دا بووه كه سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن كه ڕاده‌ی خۆكوشتن به چوونه سه‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌ن زۆرتر ده‌بێ و خۆكوشتن به قه‌یرانی نێوانساڵی ده‌ژمێردرێ به‌ڵام له‌م توێژینه‌وه‌دا رێژه‌ی خۆكوژی به زۆر بوونی ته‌مه‌ن داده‌به‌زێ و ته‌مه‌نی نێوانساڵی ته‌نیا ۱۱ له سه‌دی خۆكوژییه‌كان له خۆ ده‌گرێ. ئه‌مه له كاتێك‌دایه كه ڕاده‌ی خۆكوژی له ناو مێرمنداڵان و لاوان‌دا روو له زیاد بوونه. لێكدانه‌وه‌ی مودێلی خۆكوژی له ناو گرووپه ته‌مه‌نی و جنسییه جۆراوجۆره‌كان‌دا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م كه‌سانێك كه به‌ره‌ورووی مه‌ترسی خۆكوشتنن بناسرێن و هه‌م هه‌وڵیش بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی خۆكوژی له‌م گرووپانه‌دا بدرێ.
زۆرینه‌ی كه‌سانێك كه هه‌وڵی خۆكوشتنیان دابوو ئاستی خوێندنیان مام‌ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی بوو كه به پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی lorant یش ئاستی خوێندنی خوار فاكتۆرێكی مه‌ترسیدار بۆ خۆكوژی له ۸ وڵات له ۱۰ وڵاتی ژێر لێكۆڵینه‌وه بووه.
له باری كاروپیشه‌وه زۆربه‌ی كه‌سه‌كان سه‌ره‌تا ده‌كه‌وتنه گرووپی ژنانی ماڵدار و دواتر به دوای یه‌كه‌وه قوتابی، سه‌رقاڵی كاری ئازاد، بێكار، خوێندكار، سه‌رباز، كرێكار و وه‌رزێڕ بوون.
هه‌ر وه‌ك زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان پیشانیان داوه پێوه‌ندییه‌كی مانادار هه‌یه له نێوان ڕاده‌ی خۆكوشتن و بێكار بوون‌دا و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه بێكاره‌كان دوو ئه‌وه‌نده‌ی كه‌سانی‌تر به‌ره‌ورووی مه‌ترسی خۆكوشتن ببنه‌وه، له‌م توێژینه‌وه‌ش‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌و كه‌سانه راده‌ی سه‌رقاڵیان زۆر كه‌متره، دۆخی خۆكوشتنیان زیاتر بۆ ده‌سته‌به‌ره.
خۆكوشتن له ژنانی زگورتی و خێزانداردا تا ڕاده‌یه‌ك وه‌یه‌ك‌ده‌چن و ته‌نانه‌ت بڕێك لای ژنانی خێزاندار زیاتره و هاوسه‌رگیری وه‌ك "دووركهایم" باسی ده‌كات نه‌یتوانیوه رێگر بێ له به‌رامبه‌ر خۆكوژی ژنان‌دا و ئه‌وان بپارێزێ كه له توێژینه‌وه‌یه‌كیش له برڵین هه‌ر ئه‌م ده‌رئه‌نجامه به ده‌ست هاتووه كه له‌وانه‌یه هه‌بوونی كێشه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌ڵسوكه‌وتی نادروست و نابه‌جێی پیاوان له گه‌ڵ ژنان، داخ خواردنی ژنان له كرده‌وه‌ی ته‌ڵاق، ئه‌وان هان‌بدات بۆ رزگار بوون له كێشه‌كانیان، كۆڵ به خۆكوژی بده‌ن.
له كانا‌دا هاوسه‌رگیری له پیاوان‌دا زیاتر له ژنان بووه‌ته هۆی كه‌م‌كردنه‌وه‌ی مه‌ترسی خۆكوژی كه ئه‌م توێژینه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه پشت راست ده‌كاته‌وه و به به‌راورد له گه‌ڵ پیاوانی خێزاندار(۲۲٪)، پیاوانی زگورتی(۷۲٪) زیاتر هه‌وڵی خۆكوشتنیان داوه كه به پێی روانگه‌ی دووركهایم ده‌كه‌وێته خانووی خۆكوژی خۆپه‌ره‌ستانه‌وه كه له نه‌بوونی هاوپێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌تری كۆمه‌ڵگا سه‌رچاوه ده‌گرێ.
به پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك له ئیتاڵیا زیاترین رێژه‌ی خۆكوژی له مانگه‌كانی فوریه، جوون و جووڵای و كه‌مترین له نوامبر و سپتامبر رووی داوه. له‌م توێژینه‌وه‌دا زیاترین ڕاده‌ی هه‌وڵه خۆكوژییه‌كان له وه‌رزی به‌هار و هاوین و له مانگه‌كانی جۆزه‌ردان وگه‌لاوێژ بۆ ژنان و له خاكه‌لێوه و پووشپه‌ڕ بۆ پیاوان بووه كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه نه‌بوونی كار و سه‌رقاڵی له‌م مانگه‌دا به به‌راورد له گه‌ڵ مانگه‌كانی‌تر یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م رێژه‌یه له خۆكوژی بێت.
شوێنی نیشته‌جێ بوون یه‌كێكی‌تر له‌و فاكتۆرانه‌یه كه له سه‌ر په‌ره‌گرتن و روودانی ڕاده‌ی خۆكوژییه‌كان كاریگه‌ری هه‌یه. لێكدانه‌وه‌ی به‌راوردی ڕاده‌ی خۆكوژییه‌كان له جه‌ماوه‌ری شاری و دێهات ده‌توانێ مودێلێكی جیاواز ئاشكرا بكات. له به‌راوردی شوێنی نیشته‌جێ بوونی كه‌سه‌كان له‌م توێژینه‌وه‌دا بۆمان ده‌ركه‌وت كه زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵی خۆكوشتنیان دابوو (۸۶٪) دانیشتووی شار بوون كه ئه‌م ئه‌نجامه، توێژینه‌وه‌ی "سالاری" له سه‌ر ئازه‌ربایجانی پشت‌ڕاست‌كردۆته‌وه كه زۆرترین ڕاده‌ی هه‌وڵی خۆكوژی له كه‌سانی شاری‌نشین گوزارش كرابوو كه خودی ئه‌م بابه‌ته ده‌توانێ له بوونی ئێسترێسی زیاتر له ژیانی شاری، به‌ربڵاوی و ئاڵۆزی پێوه‌ندییه‌كان و كێشه‌كانی‌تر سه‌رچاوه بگرێ. هه‌ڵبه‌ت زیاتر بوونی جه‌ماوه‌ری شار و سه‌ردانی زیاتری شارییه‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌كان به به‌راورد له گه‌ڵ دانیشتووانی دێهات ده‌توانێ هۆكارێكی‌تر بێت.
یه‌كێك له لایه‌نه گرینگه‌كانی تاوتوێ‌كردنی مودێلی خۆكوژی، دیاری كردنی ئه‌م خاڵه گرینگه‌یه كه هه‌ر كام له دوو ره‌گه‌ز له چ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی خۆكوشتن كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. بۆ وێنه، لێكۆڵینه‌وه‌ی شێوه‌كانی خۆكوژی له ئینگلیز له ساڵی ۲۰۰۳ی زایینی‌دا ده‌ری‌ده‌خات كه پیاوان زیاتر له خۆهه‌ڵواستن(۴۶.۱٪) و ژنان له خواردنی ده‌وا(۴۳.۹٪) كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. ئه‌مه به‌و واتایه‌یه كه ژنانی ئینگلیزی به به‌راورد له گه‌ڵ پیاوان كه‌متر شێوه توندوتیژه‌كان وه‌ك خۆهه‌ڵواسین به‌كار ده‌هێنن و كه‌ڵك وه‌رگرتنی زیاتری پیاوان له شێوه توندوتیژه‌كان له زۆربه‌ی وڵاته‌كان‌دا گوزارش كراوه. ئه‌مه له كاتێك‌دایه كه زۆربه‌ی ژنان و تا ڕاده‌یه‌ك پیاوان له‌م توێژینه‌وه‌دا له هه‌وڵه‌كانیان بۆ خۆكوشتن زیاتر قورس و ده‌وایان به‌كارهێناوه كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی له به‌ر ده‌ست‌دا بوونی ده‌وا و ده‌رمانه‌كانه و ئه‌مه‌ی كه مه‌به‌ست له‌م كرده‌ویه نه مردن به‌ڵكوو له‌م كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. له پله‌ی دووهه‌م‌دا ۳۶ كه‌س (۱۰٪) له پیاوان و ۲۷ كه‌س (۳٪ ) له ژنان خۆیان هه‌ڵواسیوه و له شێوه توندوتیژه‌كانی‌تر له خۆدان به ئامرازی تیژ لای ۲۲ كه‌س له پیاوان و ۱۵ كه‌س له ژنان و خۆسووتاندن بووه كه ژنان (۱۱ كه‌س) زیاتر له پیاوان (۲ كه‌س) كه‌ڵكیان لێ‌وه‌رگرتووه و ده‌توانین بڵێین خۆسووتاندن زیاتر دیارده‌یه‌كی ژنانه‌یه. هه‌ر بۆیه شێوه توندوتیژه‌كانی خۆكوشتن تایبه‌ت به پیاوان نییه و ژنانیش كه‌ڵكیان له‌م شێوانه وه‌رگرتووه.
له كۆتایی‌دا ئه‌م تۆێژینه‌وه‌یه ته‌نیا لایه‌نی چه‌ندایه‌تی خۆكوژی له شاری سه‌قزی كردۆته‌وه، له كاتێك‌دا ئه‌م دیارده‌یه به‌رسازكراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بابه‌تێكی مێژوویی و گرێ‌دراو به به‌ستێنه‌وه‌یه و پێویست به تێگه‌یشتن له ئه‌زموون و چۆنیه‌تی ئه‌زموون كردنی كرده‌ی خۆكوژییه كه كارێكی چۆنایه‌تی ده‌خوازێ.
پەیوەندی‌دار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە