٣ی فەروەردین ( خاکەلێوە) ی ٥٢ / ٢٣ی مارسی ١٩٧٣ دۆستی عەزیز ئەلان کە دەمەوێ ئەو چەند ووشەیەتان بۆ بنووسم هێندێک پێکەنین گرتوومی. لە نامەی پێشوو دا پێم وایە نوسیبووتان کە ئەگەر ووڵامدانەوەی نامەکان لە لایەن ئێوەوە وەدرەنگی کەوت من بە هێندی نەگرم و درێژە بدەم بە نامە نووسینی خۆم و ئێستا ئەوە دەبینی زۆر باش و بەتەواوی ئەو ڕاسپاردەیەی ئێوەم ئەنجام داوە! بەڵام بۆخۆتان دەزانن کە نامە نووسینیش کارێکی هێندە سادە نییە!! و هەرچەندەش سوێی دیدار زۆریش بێ هەرچۆنێک بێ نامە نووسین حەوجێی بە حەوسەلەیە و ئەمن هەرچی پیرتر دەبم بەپێچەوانەی باری ئاسایی حەوسەلەم کەمتر دەبێ! هەرچونێک بێ ئەو وەخرانە دوور و درێژە لە بناواندا لەبەر گرفتاری دەرس و مەشق بووە کە خۆتان ئاماژەیەکتان پێ کرد بوو. ئەمن لە بەر نابەڵەدی ( و هێندێکیش بە هیوای زیاتر مانەوە لە ئوڕووپا) لە جیات ئەوەی ڕاستەوڕاست لە دەورەی دوکتورا دا ناوم بنووسم ، لە دەورەی لیسانس دا ناوم نووسی و سەرقاڵی هێندێک تەسەدیق م ( بە زمانی ئێرە سێرتێفیکا) بەڵام نازانم ئاگاداری یان نا کە کاری تیوری لە دەورەی لیسانسی ئێرە ( بە پێچەوانەی دەورەی دوکتورا) بە ڕاستیش تاقەت پرووکێنە بە شێوەیەکی ئاوا بێ هیچ موبالەغە ئەمن هەر لە هەمان مانگی یەکەمی ساڵی خوێندن دا بە قەد هەموو دەورەی لیسانس وەرگرتنم لە ئێران دەرسم خوێند و پاشانیش هەڵبەت زیادییە! دوایە ووردە ووردە تێ گەیشتم کە لەبەر نابەڵەدی یەکەم لە دژوارترین زانکۆی پاریس و دووهەم لە دژوارترین بواری ئەو زانکۆیە دا ناوم نووسیوە ! کە فەڕانسەییەکان خۆشیان هەموویان لە بەری هەڵدێن. دیارە زمانیش کەمتر لەو ئاستەی دەزانم کە پێویستە. تاقیکردنەوەکانیش بێ پسانەوە و بە دووی یەک دا [ دەکرێن] ، جگە لەمەش هەموو حەوتوویەک دەبێ ڕاپۆرتێکی کاری ٢٠ لاپەڕەیی [بنووسم]! ئیتر خۆت حیساوی کە بزانە هیچ کات دەمێنێتەوە! ڕەنگە بڵێن کە نابێ زۆری گوێ بدەمێ بەڵام من ئیجبارم هەیە وا بکەم چونکە زەمالەیی م ( ناسڵامەتی) و ئەگەر بە هەڵکەوت دەرنەچم ( کە ئەگەریشی کەم نییە) تۆبزییە دەبێ بگەڕێمەوە ئێران و لەوێ حیسابی ئەو پارانە ببژرێم کە لەو ماوەیە دا بە قسەی ئەوان بە خٶڕایی سەرفم کردووە. لەوەش زیاتر ئەگەر ناجیحیش بم دەبێ مەعدەلی سەرکەوتنم زیاتر لە ١٣ بێ کە بتوانم هەر لەم زانکۆیە هەر لەو بوارە دا درێژە بە خوێندن بدەم و دەنا دەبێ ڕێ دابگرم و فەڕانسە بگەڕێم تا پەنایەکم [ جێگەیەکم] دەست دەکەوێ! باوەڕ بکەن ئەوەندە سەرم قاڵ بووم کە حیسابی ساڵ و مانگ بە تەواوی لە دەستم دەرچوو بوو تا دوو سێ شەو لەمەو بەر دۆستی مەهابادی " ئیفتیخاری" [ مەبەست حەسەن ئیفتیخاری یە ] هات و گوتی جەماعەتی ئێرانییەکان ( ئەوانەی سەر بە کۆنفێدڕاسیۆن ) [ مەبەست ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانی یە لە فەڕانسە کە لقێکی کۆنفێدڕاسیۆنی جیهانی قوتابیان و خوێندکارانی ئێرانی بوو] ، بە بۆنەی جێژنی نەورۆز مەجلسێکیان ساز کردووە ئەوجار زانیم ساڵ تەواو بووە و بەهار گەیوەتێ . لە ئاگادارییەکەی خۆشحاڵ بووم و لە سایەی ئەو خەبەرەی هێنابووی دوا جار شەوێکیشمان لە کۆڕی ئێرانییەکان تێ پەڕاند – شتێکی زۆر سەیرت سەبارەت بەو شەوە بۆ بنووسم سەروسیمایەکم دی بە تەواوی " کوردی" هەڵبەت ئەو شێوە تایبەتییە لە سەروسیما کە لەمەڕ سنەییەکانە و ئەوەش بە جوانی دیارە، گرێوم کرد ئەو کەسە دەبێ کورد بێ و لەبەر ئەوەی تەبعەن کەلەش گەرم بوو و مەجلیسەکەش خۆمانە بوو ئاخرەکەی پێشم بە کابراکە گرت و لێم پرسی میللیەتی چییە و خەڵکی کوێنەس. کابرا بەو پەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە دەیگوت مناڵ تارانە! پێم گوت سەروسیمای لە یەک کیلۆمیتری یەوە هاوار دەکا کە خەڵکی کام ناوچانە بەڵام هیچ سوودی نەبوو و بە ئاکسانێکی خەستی کوردی بە فارسی دەیگوت کە خەڵکی خاکی پاکی " تێهروون " ە. دیسان خودا لە باوکی ئەو برادەرەی کە گرێوم لەگەڵ کرد بوو خۆش بێ باوەکوو پێکێشی کابرا خۆی وەک دۆڕاوی گرێوەکە ڕاگەیاند و ئەمنی بە بەرەوە دانا! وەبیر ئێوە کەوتمەوە کە جێتان دیار بوو پێ بکەنن . هۆیەیەکی دیکە نامە نووسینم لە حاڵی حازر دا –جگە لە پیرۆزبایی ساڵی تازە کە چ بە کوردیتان قەبووڵ بێ چ فارسی هەر چۆنێک بێ بە ڕاستی ساڵی تازەیە و هەرچی قەزا و بەڵای هەیە وەگیانی ژانوییەی فەڕەنگییەکان بکەوێ ( ئەوەش نەفرینی پێرێژنەکانی لای خۆمان کە کە نەمتوانی وەریگێڕم !- ، ئەوە بوو کە دوێنێ ئاخرەکەی نامەیەک لە تارانەوە گەیشتێ و ئادرێسی ئاغای ئەمیر حەسەنپوور لە ئەمریکا کە داواتان کرد بوو بە خەتێکی شیاوی خوێندنەوە بۆیان نووسیبووم. ئەگەر لە شوێنێک دا تەواو نەبێ یان هەڵە هەبێ ئەوە خەتای نووسەری نامەیە لە تارانەوە. ( ڕەنگە تا ئێستا ئێوە خۆشتان ئادریسی دروستیتان وە دەست هێنابێ) Amir-Hassanpour …………………….. .......................... زۆر سپاس بۆ ئەو کتێبە و هەر وەها ئەو ناونێشانەی محەمەد [ مەبەست کوڕی گەورەی هەژارە] کە بێ هەرا و هوریا بۆت ناردبووم. هێشتا دەرفەت نەبووە نامەیەک بەو ئادرێسە بنووسم ڕەنگە هەر ئەو ڕۆژانە یاڵا و یا محەمەدی لێ بە یاد کەم ( ڕاستەکەت بوێ لەبەر ئەوەیکە ناتوانم بە کوردییەکی باش و ڕەوان [نامە]ی بۆ بنووسم شەرم دەکەم!) دەزانم وای دادەنێی کە چەندە بە سوێوەم بتان بینم . بە داخەوە بۆ پشووی جێژنی پاک پێم وا نییە دەبێ لێرە بمێنمەوە و ئەو دەرسانەی وا وەدوا کەوتوون هێندێک ڕاست و پاست کەم بەڵام هیوام بە دیداری ئێوە لە پاریس زۆرە .شایەدیش حەوتوویەک بتوانم ( دوای جێژنی پاک ) سەرێک لە لەندەن بدەم چونکە دوای تاقیکردنەوەکانی پاک تەنێ چوارشەمۆیان و پێنجشەمۆیان دەرسمان هەیە و لە جومعەوە تا سێشەمە هەرچۆنێک بێ دەرەفەتێکی بەخێرە ، ساخ و شاد وسەرکەوتوو بی . دۆستان ئەمیر و جیداری تان ئەگەر دیت وەکوو هەمیشە سڵاو دروودیان بۆ دەنێرم. [ مەبەست لە ئەمیر، ئەمیر ساوجبولاغچی کوڕی ئاغامەجیدی نەغەدە و مەبەست لە جیداری، حەسەن جیداری تێکۆشەری ئازەربایجانی یە کە کاتی خۆی لەگەڵ کاک سادق بەیەکەوە لە ورمێ مامۆستا بوون] دڵسۆزت شەڕەفکەندی سەرچاوە: فەیسبووکی حەسەن قازی
هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی
یوونس رهزایی
4/16/2016 10:19:00 AM
مەحموود بۆزئەرسڵان / ئەلمۆنیتۆر وەرگێڕانی: NNSROJ
3/17/2016 4:07:00 AM
سیمای باوی رۆشنبیر-ژورنالیست لە کوردوستاندا ئیتر لە سیمای فرۆشیارەکانی ئەو مۆڵانە ئەچێت کە دوای هەر هەورەتریشخەیەک وەک قارچک سەرهەڵدەدەن و بەردەوام لە زیادبووندان.
4/14/2016 8:08:00 AM
ئهگهر له ساڵانی پێش هێرشی داعیشدا له باشووری كوردستان دهستهواژهی وهك "واسیته" و "خاڵ" و "تهعینات"، شویێنی "ئازادای" و "یهكسانی" و "داد"یان گرتبۆوه، ئهوا ئهمڕۆكه ئهوانه چیتر بۆ بهدهستهێنانی شوێن...
4/12/2016 4:10:00 PM