چێژ و هونەری نووسین لە هەڤپەیڤین لەگەڵ نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی سەلاح عەبباسی

Wednesday, January 15, 2020



حەسەن قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ. لە یەکەم بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٠ دا  سەلاح عەبباسی کە نووسەر و ڕەخنەگرە میوانی ڕاوێژە . بەڕێزیان نزیک دە مانگ لەوەبەریش لەم بەرنامەیە دا بەشدارییان  کرد بوو. لە بەرنامەی ڕابردوو دا ئێمە باسی هونەری خوێندنەوەمان کرد، لەم بەرنامەیەی ئێستا دا باسەکەمان تەرخان دەکەین بۆ هونەری نووسین و چێژی نووسین . زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز عەبباسی .

سەلاح عەبباسی : سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و بینەرانی بەڕێز

قازی: لەوە ڕا دەست پێ بگەین نووسەرێکی گەوەرەی فەڕانسەیی بە ناوی '  گوستاف فلۆبێر ' دەڵێ "هونەری نووسین هونەری کەشف کردنی ئەوەیە کە تۆ باوەڕت پێیەتی "، یانی وەختێک ئەتۆ قسە دەکەی لەوانەیە قسەکانت بکەی و بڕوا و نەمێنێ بەوڵام کاتێک کە قسەکانت دەنووسی دەیهێنییەسەر کاغەز کەشفێکی تازە دەکەی یانی دەتوانی فکر و زیکرت زیاتر تەرکیز بکا. جەنابت ئەو مەسەلەیە چۆن لێک دەدەیەوە و بۆخۆت چۆنی دەبینی؟

عەبباسی: بێ گومان ئەوە قسەیەکە واتایەکی زۆری هەیە ، بەڵام  ئەوە لە سەردەمی ئەدەبییاتێک دایە کە دەکرێ بڵێین ئەدەبییاتێکی ئاگا لە خۆیە ، خۆ ئاگایە ، چاودێری دەکا بەسەر خۆێدا، ئەو چەشنە بیرە دێتە گۆڕێ. 'فلۆبێر' بۆ خۆی یەکێک لەو کەسانەیە ئاگادارییەکی قووڵی لە سەر ئەوە هەبووە کە چ دەنووسێ، بۆچی دەنووسێ، و چۆنی دەنووسێ. لە سەر فۆڕمی نووسین ، لە سەر ناوەرۆکی نووسین لەگەڵ ئەو نووسەرانەی کە بڵێین بە شێوەیەکی خۆڕسک و بە شێوەیەکی ئیلهامی شت دەنووسن جیاوازییەکی زۆری هەیە. یانی نووسەرێکی کە ئاگایانە ، بە پێی پلان و بە پێی بەرنامە شت دەنووسێ. جا بۆیە دەکرێ بڵێین لە سەردەمانی پێشتر دا . نەک جیهانێکی کە نووسەر بۆخۆی کەشفی بکا، بەڵکوو جیهانێکی کە لە پێشدا بە نووسەر درا بوو دەنووسرایەوە. بۆ نموونە ' شانامە' ی فیردەوسی یان ' ئیلیاد و ئۆدیسە'ی هۆمێرۆس، ئەدەببیاتی کۆن پێم وایە لەو قالبەی کە فلۆبێر باسی دەکا لەوێدا ناگونجێ دەبێتە ئەدەبییاتێک کە باسی جیهانێک دەکا کە لە سەر دەمێکی پێشتر دا هەبووە، ڕوویداوە و وەکوو خۆی دەبێ بنووسرێتەوە ، نەک ئەوەی کە شتێکی تازە کەشف بکرێ.

قازی: با ئێستا ئەوە زیاتر شی کەینەوە بۆ زەینی بینەرانیش  فۆرمی نووسین ، لە پێشدا ڕەنگە بە نامە نووسین، یادداشتی ڕۆژانە نووسین دەستی پێ کرد بێ، چونکە باسی ئەوەش دەکرێ یادداشتی ڕۆژانە نووسین  یارمەتی دەکا بەو کەسەی کە بیرەوەرییەکانی ڕۆژانەی دەنووسێ فکری هێندێک بکرێتەوە. پێت وایە؟ ئێستا ئەگەر  هێندێک باسی فۆرمەکانی نووسین بکەی ؟

عەبباسی: فۆرمی نووسین ، ئێمە ئەگەر باسی فۆڕمی نووسین بکەین  دەبێ باسی وەی بکەین جیاوازی نووسینی ئەدەبی لەگەڵ نووسینی دیکە چییە؟ چونکە نووسین هەموو شێوەیەک لە نووسین دەگرێتەوە . پێوەندی بە زمانەوە هەیە ، پێوەندی بە خەتەوە هەیە . هەر وەک دەزانن خەت ئیختڕاعێکی مرۆڤی یە. لەوانەیە بڵێین چەند هەزار ساڵێک ئەو خەتی هیرۆگلیف ، خەتی میخی و ئەو خەتە کۆنانەی کە دۆزراونەتەوە پێوەندییان بەوەوە هەبووە ئەو شتەی کە گوتراوە بنووسرێتەوە و پێش ئەوەی کە خەت هەبێ ئەدەبییاتی شەفاهی بووە ، ئەدەبییاتی نووسراو نەبووە. خەت کە هاتووە بووەتە هۆی زۆر شت. بۆ نموونە ئەگەر خەت نەبوایە، ئێمە دین و ئائینمان نەدەبوو. مەسیحییەتمان نەدەبوو، ئیسلاممان نەدەبوو ، یانی ئەو دینانەی کە نووسراونەتەوە. ئەگەر دینێکیش نەنووسرابێتەوە نامێنێتەوە هەر وەکوو بەرهەمی شیفاهی کە پێش خەت هەبوون . بێگومان گەلێک بەرهەم هەبوون کە گێڕدراونەتەوە، نەقڵ کراون وەکوو ' ئیلیاد و ئۆدیسە'  کە سەردەمی خەت هاتووە، بەڵام ' 'ئیلیاد و ئۆدیسە' پێش ئەوەی کە بنووسرێتەوە چەندین وەچە، نەسل گێڕدراوەتەوە . خەڵک لەبەریان کردووە . یانی خەڵکانێک هەبوون کە هەموو بەیتەکانیان لە بەر بووە. دوایە ئەوانە نووسراونەتەوە. قورئانیش حاڵەتێکی وای هەبووە لە پێشدا لە بەر کراوە دوایە نووسراوەتەوە لە سەردەمێک دا. جا بۆیە خەت تەئسیرێکی یەکجار گەورەی هەبووە لە سەر وەیدا کە ئەدەبییات بمێنێتەوە و ئەو ئەدەبییاتە شەفاهییە نەفەوتێ ، بێگومان کەلەپوورێکی زۆری فەرهەنگی و فکری و شێعری کۆن فەوتاوە. بەڵام  ئەگەر بێینە سەر ئەوەی کە لە ئەدەبییاتی کۆن دا چ ڕوویداوە، چ فۆرموولێک دامەزراوە دەتوانین بلێین کە ووڵامی ئەو پرسیارەی کە جیاوازی نووسینی ئەدەبی چییە لەگەڵ نووسینی دیکە چۆن دراوەتەوە ، فۆرمالیستەکان پێیان وایە کە لە نووسینی ئەدەبی دا بە تایبەتی لە شێعر دا ، زمان نامۆ دەکرێ ، بە نامۆ دەکرێ.

قازی : پێش ئەوەی بێینە سەر نووسینی ئەدەبی کورتە چیرۆک و ڕۆمان و ئەو شتانە پێم خۆش بوو لە سەر شێوازەکانی دیکەی کە دەستت پێ کرد بۆ وێنە نامە نووسین ، بیرەوەری ڕۆژانە نووسین هێندێک شی بکەیەوە. با لە دواییدا بێینە سەر ئەدەبییات.

عەبباسی:
نامە نووسین دەتوانێ زمانی ئەدەبی بێ ، دەتوانێ نەبێ. دەتوانێ نامەی ئیداری بێ ، ئاسایی بێ ، نامەیەک بێ پێوەندی بە پرسەکانی تێکنیکی و ئابوورییەوە هەبێ ، یان دۆستانە بێ، دەشتوانێ نامەیەکی ئەدەبی بێ جابۆیە گوتم جیاوازی زمانی ئەدەبی و زمانی دیکە لێک بدەینەوە. بیرەوەری نووسینیش عەینی شتە. ئەتۆ دەتوانی فۆڕمی ئەدەبی پێ بدەی ، ئەتۆ دەشتوانی بیرەوەی ئاسایی بنووسی کە زۆر فۆڕمی ئەدەبی بە خۆ وە نەگرێ. ئێمە جاری پێشێش باسی ئەوەمان کرد هەموو بەرهەمێک بە یەک ڕادە ئەدەبی نییە ، بەڵام هێندێک بەرهەم هەن لە ڕادەی ئەدەبییات دەچنە دەرێ ، ئەدەبییات نین ، نووسراوەن. بەڵام هێندێک بەرهەم هەن تا ڕادەیەک ئەدەبین، هێندێک بەرهەمیش هەن خالیس ئەدەبین وەکوو بۆ وێنە هێندێک شێعر، وەکوو بۆ وێنە هێندێک لە شاعیرانی جیهان ، وەکوو هێندێک لە چیرۆک و بەرهەمی ئەدەبی تەنانەت دەکرێ بڵیی 'ئیلیاد و ئۆدیسە' لە هێندێک شوێن ڕۆمانە بە زمانی شێعر نووسراوە، بە بەیت و شێعر نووسراوە. لە سەدەی بیستەمیش دا زۆر ڕۆماننووس حەولیان داوە شێعر و ڕۆمان و چیرۆک لێک نزیک کەنەوە.
قازی: زۆر باشە. بە گشتی پەیدا بوونی نووسین ، دیارە باسی خەتت کرد بۆ ئەوە داهاتووە کە زمانێکی پێ بنووسرێ زمانێک کە پێشتر زارەکی بووە . پێت وایە ئەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییانەی کە نووسین دروستی کردووە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و پێوەندییە ئینسانییەکاندا چییە؟

عەبباسی: بێ گومان شارستانییەت بە بێ نووسین زەحمەتە بڵێی دادەمەزرێ. نووسین دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ گەنجینەیەکت هەبێ لە کەلەپوورێکی کە وەکوو پەروەردە کەلکی لێ وەردەگری. دیارە لە کۆن دا خەڵکێکی زۆر دەستیان ڕانەگەیشتووە بەو بەرهەم و کتێبانەی کە هەبوون . بۆ نموونە ئەمن لە شوێنێک خوێندمەوە کە ساڵی ١٦٠٠ یانی بڵێین ٤٢٠ ساڵ لەوەی پێش لە سەرتاسەری جیهانی ئینگلیسی زمان دا  دوو هەزار کتێب هەبووە، لەوە زیاتر نەبووە. یانی سەرجەم کتێبێکی کە لە تەواوی جیهانی ئینگلیسی دا هەبووە ، بەڵام ئێستاکانێ هەموو حەوتوویەک  دوو هەزار کتێب چاپ دەکرێ لە دنیای ئینگلیسی زمان دا. واتە ئەو دەمی کتێب لە دەست هەموو کەس دا نەبووە. تێڕاژی کتێبێک لەوانەیە لە چەند سەد نوسخەیەک تێ نەپەڕیبێ. ئەو کتێبانەی کە پێش گۆتنبێرگ یانی پێش چاپ بە شێوەی توندنوسی نووسراونەتەوە لە کتێبخانەکاندا هەبوون. دەکرێ بڵێین ئەشڕاف و چین و توێژەکانی سەرەوەی کۆمەڵگە کەلکیان لەو کولتوور و کەلەپوور و شتە وەرگرتووە، نەخشی هەبووە لە پەروەردە کردنی ئەواندا، بەشی زۆری کۆمەڵانی خەڵک بێ بەش بوون  لەو کولتتورە ، لەو پەروەردەیە، لە کتێب ؛ لەو شتەی کە نووسین بەرهەمی هێناوە. بەڵام بێ گومان قوتابخانە و ئاکادێمی دامەزراوە هەر وەکوو لە سەر دەمی ئیفلاتوونەوە هەبووە. لە سەر دەرگاکەی ئیفلاتوون نووسرا بوو :" ئەوەی کە هەندەسە ، ماتێماتیک نازانێ  نەیەتە ژوورەوە" هۆی ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر کەم ڕاهاتبوو ئەو کاتی ، ئەو تواناییەی هەبوو.

قازی: یانی دەتوانین بڵێین بەو شیکردنەوەیەی ئێوە تەواوی ژانرەکانی ، بەشەکانی ژیان لە هەموو ڕوویەکەوە بەستراوەتەوە بە نووسین بە شێوەیەک لە شێوەکان.

عەبباسی: بەڵێ ڕاستە.

قازی: بۆ وێنە مێژوو بە بێ نووسین نییە ، هیچ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی بە بێ نووسین پێی نازاندرێ ئەگەر ئەوانە هێندێک زیاتر شی کەیەوە بەو میناکەی کە بە ئاماژە بە ئیفلاتوون باست کرد.

عەبباسی: ئەوەی کە بەشەر چۆن خەتی دروست کردووە، بە بێ خەت نووسین دروست نەدەبوو.
 
قازی : و دوای ئەوەی کە نووسین پەیدا بوو؟

عەبباسی: و دوای ئەوەی کە نووسین پەیدا بوو  بەشەر توانی ئاکادێمی دابنێ، توانی ئەو شتەی کە پێی دەڵێین عیلم یان زانین یان زانیاری  کۆ بکاتەوە لە شوێنێک دا.  جا هەم وەکوو کتێب ، هەم وەکوو مەرکەز.  و وەکوو ئاکادێمی ، وەکوو شوێنی ئاکادێمی.  لە چین هەبووە، لە یۆنان بووە.  لە ئێراندا ئەمن نازانم لە سەردەمی ساسانییەکاندا هەبووە یان نا،  بەڵام لە دوای ئیسلام هەبووە لە  عێڕاق و ئەوانە زانستگای گەورە هەبوون ، مەزن هەبوون. بەشێکی زۆر لەو شاعیر و ئەدیب  و بڵێین زانا گرینگەکانی جیهانی  ئیسلام لەو ئاکادێمییانە دەرچوون وەکوو  ' ئیبنی سینا '  و ' سەعدی '  و بەشێکی زۆریان خۆیان لەوێ خوێندوویانە ، عەڕەبییان خوێندووە. بۆ نموونە ئیبنی سینا  بەشی زۆری کتێبەکانی بە عەڕەبی نووسیوە چون زمانی ئەو سەردەم بووە . بێگومان زمان دەورێکی داهێنەرانەی هەبووە لە کولتوور دا.



قازی: باشە لێرە ئیستێکی چکۆڵە بگرین  وەکوو ڕوونکردنەوەیەک بۆ زەینی بینەران. باسی ئەوە  دەکرێ پێش ئەوەی کە ' هەژار ' دوو کتێبەکانی ئیبنی سینا  لە عەڕەبی ڕا تەرجەمە بکا بە فارسی ئەوە لە  ئەدەبییاتی ئێرانی دا ، لە ئەدەبییاتی فارسی دا پێی نەزاندراوە. پێت وایە ئەوە تا چ ڕادەیەک دروستە؟ مەبەست ئەوەیە کە یەکەم جار هەژار کردوویەتە فارسی.

عەبباسی:  بەڵێ بەڵام ' قانوون' ناسرا بوو وەکوو کتێب. هێندێک ووشە هەبوو . فارسەکان ناچار بوون عەڕەبییەکەی بەکار بێنن، هەژار  بەرانبەری کوردییەکەی بۆ دۆزیبوونەوە.کە ئەو گیاوگۆڵە لە زمانی کوردی دا نێویان هەیە و لە زمانی فارسیدا نێویان نییە ، ئەوانەی بردبووە نێو زمانی فارسی. لەو ڕوانگەیەوە کارەکەی کارێکی تازە بوو لە ئەدەبییاتی  فارسیدا چون فارسەکان نەیاندەزانی  ئەو ووشانە بە  کوردی دەبنە چی ، بەڵام دەیانزانی بە عەڕەبییەکەی. جا  بۆیە کە تەرجەمەیان کردباوە هەمان  عەرەبییەکەیان بەکار دێنا ، هەژار نیشانی دا بە کوردی  ئەو شتانە موعادیلیان هەیە یانی  کورد عەڕەبییەکەی بە کار ناهێنن .

قازی:  ئیستا بڕێک لە بابەتەکەمان دوور دەکەوینەوە بەڵام هێندێک لەوانەی کە کورد بوون و بە فارسی نووسیویانە  شتی ئاوایان کردووە بۆ نموونە  لە وەرگێڕانەکانی ڕەحمەتی محەمەد قازیش دا زۆر جار دەبینی دەستەواژەی کوردی هەیە. وێنە بۆ وێنە لە وەرگێڕانی کاری  نووسەری بەناوبانگی یۆنانی  نیکۆس کازانتساکیس  لە جێگایەک نووسیویە " هوائی برایمان بخوان " یانی هەوایەکمان بۆ بڵێ. یان ' کەنداڵ'.

عەبباسی:
ئەوە لە ' مەسیحی باز مەسلووب ' دا وای نووسیوە. من دەگەڕێمەوە سەر جیاوازی زمانی ئەدەبی لەگەڵ نووسین دوایە  دەچینە سەر مژارەکانی دیکە.  فۆرماڵیستەکان دەڵێن زمان نامۆ دەکردرێ لە نووسینی ئەدەبی دا و لە نووسینی ڕۆژانە و ڕۆژمەڕە جیا دەبێتەوە. ڕەخنەگرانی ئەدەبی باسی دراماتۆلۆگی دەکەن  یانی ئەوەی کە لە شانۆ دا یا لە چیرۆک دا  درامایەک حاڵەتی ستروکتووری هەیە ، یان  کۆمەڵێک ڕووداو کەڵەکە دەبن کە مانا و مەفهووم و پەیامێکی تێدا دەدۆزرێتەوە. لە  سەردەمی کلاسیک دا باسی وەیان دەکرد کە هەر  شانۆگەرییەک پێویستی بە  وەحدەت هەیە، وەحدەتی زەمان و مەکان و  ڕووداو . و واتە دەبێ لە سەر ڕووداوێک تەرکیز بکا لە زەمانێکی دیاریکراو دا ، لە مەکان و شوێنێکی  دیاریکراو دا، ئە بەو شێوەیە دراما  دەخولقێ. زمانی شێعر دیارە زمانێکی جیاوازترە. بۆ نموونە سارتر پێی وا بوو لە شێعر دا ووشەکان  وەکوو ئامانجن بۆخۆیان لە خۆیاندا، نەوەکوو  ئامرازێک بۆ ئەوەی کە شتێکی دیکە دەرببڕن. یانی پێی وابوو لە کۆنەوە کە شێعر هاتووە  تەنها هونەرێکە لە ناو هونەرەکاندا کە  زمان وەکوو ئامانج بەکار دێنێ نەک وەکوو  ئامراز. لە حاڵێکدا  زۆر کەسی دیکە بۆ نموونە پێیان وایە لە شێعریش دا زۆر کات زمان وەکوو  ئامراز بە کار دێ ، بەڵام  ئەمن ئەو قسەیەی سارترم پێ دروستە ، پێم وایە  لە هێندێک جێ دا کە شێعر دەگاتە لووتکەی خۆی لەوێدا زمان  ئەو کارکردە لە دەست دەدا  کە وەکوو ئامراز کەلکی لێ وەربگیرێ ، خۆی  ووشەکان دەبن بە ئامانج .  سارتر موقایەسە دەکا بەینی  نیگارکێشان و شێعر  دەڵێ لە نیگارکێشانیش دا ڕەنگ دەوری  زمان لە شێعر دا دەبینێ و لە نیگارکێشانیش دا ناتوانی وەکوو ئامرازێک چاو لە ڕەنگ بکەی ، بەڵام پێی وایە کە ڕۆمان ، شانۆ زمان وەکوو  ئامراز بەکار دێنن. زۆر نووسەری سەدەی بیستەم حەولیان دا کە  لە ڕۆمان دا زمان وەکوو شێعر بەکار بێنن نەک وەکوو  ئامراز.

ئەوە هەموو دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە  فێری بوون، فۆڕمەکە فێر بوون و دوایەش  مەسەلەی داهێنان دێتە گۆڕێ ؛ خولقاندن . خولقاندن  مەسەلەیەکە کە بەشێکی پێوەندی بە  توانایی یا کەسایەتییەوە هەیە و بەشێکی دیکەی زۆری پێوەندی بە فێر بوونەوە هەیە.  و واتە ئەو کەسەی کە شتێک دەخولقێنێ ، بەرهەمێک دەخولقێنێ  ئولگووی هەبووە، یان نموونەی هەبووە ، نموونەی پێشتری هەبووە کە چاولێکەری کردووە . ئەو چاولێکەرییە ئێمە لە سەرتاسەری ئەدەبییاتی  سونەتی ئێران و ناوچەکە دا دەبینینەوە . بۆ نموونە ئێمە دەتوانین زنجیرەیەک لە پێوەندی لە نێوان  شاعیرە گەورەکانی ئێران لە فیردەوسی یەوە بۆ سەعدی ، حافز و نیزامی و ئەوانە بدۆزینەوە  و دوایە هاوپێوەندییەکانیشیان کەشف بکەین  لەگەڵ شاعیرانی وەکوو بیدڵ و فزوولی و  نالی و مەحوی و  شاعیرانی خۆمان. یانی هەم بە زمانی تورکی، هەم بە زمانی کوردی  هەم بە زمانی عەڕەبی ، هەم بە زمانی فارسی  شاعیران جیهانێکی هاوبەشیان دەربڕیوە . ئەوە خۆی جێگای زۆر پرسیارە بۆ ڕەخنەی ئەدەبی کە  تەمەدون و شارستانییەتێکی ئیسلامی هەبووە  هاو بەش بووە لە نێو هەموو خەڵکەکان و  کەمایەتییەکان و زمانەکاندا  و زۆربەی شاعیرانی تورک ، ئازەری  و کورد بە زمانی فارسی ، عەڕەبی و  تورکی شێعریان گوتووە. دیارە من نازانم شاعیرانی تورک و فارس بە زمانی کوردی شێعریان  گوتبێ چون کوردی زمانێکی  پەراوێز بووە، زمانێکی گەورە نەبووە ، بەڵام زۆر شاعیری تورک  بە زمانی فارسی شێعریان گوتووە  ، شاعیری کوردیش زۆریان بە زمانی تورکی شێعریان گوتووە.

قازی:  ئەوە هەر لە شێعریش دا نییە ، لە ئەسناد و  قەباڵە و  وەکالەتنامە نووسین و ئەو جۆرە شتانە دا  کە دەبیندرێنەوە هەمووی بە فارسی یە  تەقریبەن.

 عەبباسی:
ڕاستە . ئەوانە هەمووی ڕاستە ، لە دەرباری عوسمانی دا زمانی  فارسی بووە . ئەو مەسەلە یانی ئەو ناسیۆنالیزمە دوایە هاتووە.  ناسیۆنالیزمەکە ڕەنگە زۆرتر لایەنی مەزهەبی هەبووبێ با نەچینە  سەر ئەوەی چون دە دەورەی سەفەوییەکان دایە  کە شیعە وەکوو هووییەتی مەزەبی ساز دەکرێ  نەک  زمانی فارسی وەکوو هووییەتی میللی. زمانی فارسی نایەتە پێشەوە، هەر گرینگی پێ نادەرێ. بەڵکوو  ئەوەی گرینگی پێ دەدرێ شیعەیە بۆ ئەوەی هووییەتی ئێرانی جوێ کەنەوە ئەوە باسێکی دیکەیە.
قازی: ئێستا لێرە هێندێک ڕاوەستین. ئەو مەسەلەی ئالوگۆڕێکی کە نووسین دروستی دەکا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ، ئەوە زۆر گرینگە کە باسی بکەی. ئاماژەمان بە قسەی فۆلبێرمان کرد ،  جەنابت ئاماژەت بە سارتریش کرد .ئەوەی کە ئەوان گوتوویانە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی سەر دەمی خۆیان دا بووە . مەبەستی من ئەوەیە لە درێژایی زەمان دا ئەگەر تەماشای بکەی  تەئسیری نووسین  بە پێویستی نەک هەر ئەدەبییات لە سەر ئالوگۆڕی کۆمەڵایەتی تا چەندەیە؟  چەندە دەتوانین ڕچەی ببینینەوە؟

 عەبباسی:
ئەتۆ کە لەگەڵ ئەدەبێکی دیکە ڕووبەڕوو دەبی بۆ نموونە  سەعدی و حافز بەس لەگەڵ ئەو ئەدەبییاتە ڕووبەڕوو بوون کە لە  ناوچەی خۆیان و زمانی عەڕەبی و فارسی  ئی ئەو ناوچە دا هەبووە. هەتا سەردەمی قاجار – ئەمن بۆیە نموونە لە ئێران دێنمەوە چونکە  ئەو نموونە لە ئێران دەتوانێ شموولی هەموو ووڵاتانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکا. هەتا سەردەمی قاجار ئێمە نووسەرێکمان  نەبووە کە لە شێعر دا یان لە ڕۆمان دا تەئسیر لە فۆڕمەکانی ڕۆژئاوایی وەرگرێ ، لاساییان بکاتەوە و ئەو فۆڕمانە  قەیرانێکی فکری دەویدا دروست بکەن ، یان داهێنانی هونەری بخولقێنێ بە هۆی ڕووبەڕوو بوونەوە  لەگەڵ ئەو فۆڕمانە. چون هەر فۆڕمێکی هونەری بۆ هونەرمەند وەکوو  ئالنگارییەک وایە یانی وەکوو  بەرەوڕووبوونەوەیەکە لەگەڵ شتێکی تازە. کە دەگەینە نیمایووشیج و سادقی هیدایەت  لێرە دایە کە فۆڕمی ڕۆژئاوایی دێت بۆ فۆڕمی شێعر و چیرۆک . یانی خۆی هیدایەت لە ژێر کارتێکەری زۆر نووسەری ڕۆژئاوایی دا بوو. نیمایووشیج یش بە زمانی فەڕانسەیی شێعری دەخوێندەوە و لە ژێر تەئسیری شێعری ئوڕووپایی دا بوو. ئەوەیە کە نیمایووشیچ لە شێعری ' ئەفسانە' دا ڕەخنە لە حافز دەگرێ ، لێی دوور دەکەوێتەوە هۆیەکەی چییە بۆ ڕەخنە لە حافز دەگرێ لە شێعرەکەی دا؟ هۆیەکەی ئەوەیە فۆڕمێکی ڕۆژئاوایی نەک هەر وەکوو فۆڕم ، وەکوو جیهانبینی ، وەکوو دیتنی جیهان بووەتە هۆی ئەوەی کە لە نیگای ویدا ، لە شێوەی دیتنی ویدا بۆ کۆمەڵگا و بۆ ژیانی ڕۆژهەڵاتی ، بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی بوحران دروست ببێ، ئاڵوگۆڕ دروست ببێ. ئەو بوحرانە یان ئەو ئاڵوگۆڕە هەر درێژەی هەیە . ئێستاکانێ کە ئێمە لە سەدەی بیستویەکەم داین نووسەرانی کورد، نووسەرانی ئێرانی ئەوەندەی کە زیاتر لەگەڵ فۆڕمی ڕۆژئاوایی ئاشنا بن ، ئەوەندەش زیاتر قەیرانەکانی کۆمەڵگای خۆیان باشتر دەبینن.

قازی: یانی ئەوە لە سەر ئەدەبییاتی کوردیش دەتوانێ باس بکرێ وەکوو نووری شێخ ساڵح یا گۆران.
عەبباسی:
ئەوانەی کە لەگەڵ ئەدەببیاتی ڕۆژئاوایی ئاشنا نین فۆڕمی نەریتی بەرهەم دێننەوە. یانی ئێستاش وەکوو نالی یان بڵێین وەکوو سەردەمی کۆن شێعر دەنووسن یان بە شێوەی حیکایەت و نەقاڵی کۆن دەیڵێنەوە. لە ئەدەبییاتی فارسی بۆ نموونە ئێستاش زۆر شاعیر و غەزەل بێژمان هەیە بە جیهانبینیش عەینی جیهانبینی سەعدی و حافز ، شێعری کۆن دەنووسێ یان بە شێوەی نەقاڵی ئەمیر ئەرسەلانی نامدار چیرۆکی نەقاڵانە دەنووسێتەوە ئەوە زۆر جار هەن کە فۆڕمەکە دەگۆڕن بۆ نموونە سیمینی بێهبەهانی یان هووشەنگی ئیبتیهاج  دەکرێ بڵێی لە هێندێک غەزەل دا فۆڕمی نوێی ئوڕووپایی دێنن تێکەڵی دەکەن لەگەڵ فۆڕمی کۆنی شێعری فارسی.

قازی: ناکرێ چەند میسالی کوردیش باس بکەی چونکە ڕەنگە بینەرانی ئێمە ڕەنگە بەشێکیان لەگەڵ ئەدەبییاتی فارسی ئاشناییان هەبێ بەڵام نەک هەمویان . چونکە ئەو پڕۆسەیە ، ئەو پێواژۆیەی کە بەڕێزت باسی دەکەی لە ئەدەبییاتی کوردیش دا دەبیندرێ بۆ وێنە ئەگەر تەماشای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەی یان تەماشای ' قوتابخانەی موکریان '  بکەی باسی ئەوە دەکرێ بەرە بەرە پێویست بووە کە ووشەی خۆماڵی کە لە لادێکان و دێیەکان باو بووە ئەوانە بهێندرێتە ناو زمانی شێعر پێ نووسین و دوایە کێشی کۆنی کوردی بەشێوەیەک زیندوو بکرێتەوە. لە باشووریش بە شێوەی کۆنکرێت لە ساڵانی چلەکان بەدواوە ئیدی بە شێعری نووری شێخ ساڵح و عەبدوڵا گۆران تازەگەرییەک لە شێعر دا دەست پێ دەکا.  

عەبباسی:
ئەمن لەگەڵ شێعری نووری شێخ ساڵح ئاشناییم نییە بەڕاستی بەڵام گۆران دەکرێ بڵێین نوختەیەکی گۆڕانە لە شێعری  نوێی کوردی دا و دەکرێ بڵێین ئەویش تەئسیر وەردەگرێ لە ئەدەبییاتی ڕۆژئاوایی و بە شێوەیەک حەول دەدا نوێکاری بکا لە دیتن دا. چون ئەو نوێکارییە بەس لە شێوەی نووسین و فۆڕم دا پێوەندی بە دیتنەوە هەیە پێوەندی بە جیهانبینییەوە هەیە .

قازی: ئەو تێکەڵاوییە لەگەڵ ئەدەبی ئوڕووپایی بە تایبەتی ژانری شێعر بەشێکی دەکرێ لە ڕێگای عوسمانی ڕا هاتبێ بۆ کوردستان و بەشێکی لە فارسی یەوە. یانی وا نییە کە تەنێ تەئسیری فارسی بێ.

عەبباسی: ڕاستە خۆی گۆران شێعری حافزیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی  لە زمانی فارسی ڕا . شارەزاییەکی پێم وابێ زۆر باشی هەبووە لە زمانی فارسی دا و تەئسیری زۆر وەرگرتووە، بەڵام ئیدی ئەوە چۆن بووە ، ئەمن زۆرتر ئاشناییم لەگەڵ ئەدەبییاتی فارسی هەیە.

وەک گوتم ئەو بوحرانە لە چاوی ، لە نیگای نووسەر دا دروست دەبێ ، وەکوو بڵێین نوسەرانی کە فۆڕمی نەریتی دەنووسن کۆمەڵگایەکی شی دەکەنەوە  کە تووشی قەیران نەبووە. جا چ لە شێعر دا، چ لە ڕۆمان دا. لە حاڵێکدا لە سەد ساڵی ڕابردوو دا . لانی کەم لەو زەمانییەوە کە سادقی هیدایەت و نیما و بوزرگی عەلەوی دەستیان بە نووسینی  کورتە چیرۆک و شێعر کرد ، شێعر و نووسینەکانی ئەوانە نیشانەیەک بوو یان بڵێین دەربڕینێک بوو لەو قەیرانەی کە لە کۆمەڵگا دا هەبوو. ئەو قەیرانە چ بوو، قەیرانی ناسنامە بوو، ئەو ناسنامەیە بۆ تووشی قەیران بوو . لەئاکامی بڵێین ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئوڕووپا دا ئەو قەیرانە دروست بوو یانی هەم قەیرانێکی سیاسی بوو هەم هات بوو بە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. لە تورکیا دا بە باوەڕی من ئەو شتە باشتر و زەقتر دەردەکەوێ بۆ نموونە نووسەری وەک ئۆرهان پامووک یان یاشار کەماڵ پێش وی. دیارە یاشار کەماڵ لەوانەیە نووسەرێکی مۆدێڕن بێ ، ئۆرهان پامووک پۆست مۆدێرن بێ. جیاوازییەکانیان لەو چوارچێوەیە دا بێ بەڵام ئەمن یاشار کەماڵ وەکوو نووسەرێکی نەریتی چاو لێ ناکەم ، وەکوو نووسەرێکی ترادیسیونێل.

قازی: پامووک زیاتر لە سەر شار دەنووسێ و یاشار کەماڵ لە سەر دێ

عەبباسی:
مەسەلە دیتنە، جیهانبینی یە ، ئەوە نییە ئەو زیاتر لە سەر کوێ دەنووسێ. گارسیا مارکێزیش زۆرتر لە سەر دێ دەنووسێ . ' ماکاندۆ ' گوندێکە دوایە دەبێتە شوێنێکی گەورە، مەسەلە ئەوە نییە کە حەشیمەتی شارەکە چۆنە یان چەندەیە. ' پێدرۆ پارامۆ' ڕۆمانێکە لە سەر گوندێکی بچووک ، کە یەکێک لە بەرهەمەکانێتی.

قازی: ئێستا کە هاتییە سەر ڕۆمان ، پێش ئەوەی کە دەست بە باسی ڕۆمان نووسی ، نووسینی ڕۆمان بکەی وەکوو سەرەتایەک باسی چێژ بکە، یانی چێژی نووسین. ئەمن ئێستا بە زەینم دا هات بۆ وێنە جەلال ئاڵی ئەحمەد لە جێیەک دا دەڵێ ئەگەر نەنووسم ناتوانم بژیم، نووسین بۆ من جۆرێکە لە ژیان. دەڵێ ئەگەر شەوێک ، درەنگانی شەو قەڵەم بە دەستەوە نەگرم ، دیارە ئەو دەمی کامپیوتیر نەبووە، و لە سەر کاغەز نەنووسم خەوم لێ ناکەوێ. ئەوە جۆرێک چێژە وا نییە؟

عەبباسی:
بەڵێ، بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوە نموونەی فەردی یە، ناکرێ یاسایەکی گشتی لێ دەر بخەی. چون ئێمە نووسەری ئاوان هەیە پێیان وایە نووسەر دەبێ بۆ نموونە چێخۆف ، یان هێمینگوێی یان فاڵکنر هەموو ئەوانە پێیان وابوو کە نووسەر نابێ خۆی تووشی خەمۆکی و ئەفسوردەگی و خەم خواردن و ئەو شتانە بکا بەڵکوو دەبێ ووشیارییەکی تەواوی هەبێ لە هەموو ناڕەحەتی و گرفتێکی ڕووحی و دەرونی دەبێ دوور بێ بۆ ئەوەی کە بەرهەمی باش بخولقێنێ. یانی پێیان وابوو نووسەر دەبێ باش بژی ، شاد بێ و بە ڕوونیش بیر بکاتەوە بۆیە بۆ نموونە ئەو دیاردەیە لە ئەدەبییاتی ڕۆمانتیکی ئوڕووپایی دا زۆر هەبوو کە پێیان وابوو نووسەر دەبێ ژیانێکی پڕ لە  غەمی هەبێ. لە کوردیش دا هێمن شێعرێکی هەیە ؛ هونەرمەند و ژیانی خۆش محاڵە/ هونەرمەند ژیانی تاڵە ! ئەوە زۆر نموودی هەیە لە ئەدەبییاتی فەڕانسەش دا تەنانەت هێندێکان خۆیان دەکوشت لە شاعیرەکان

قازی: سادقی هیدایەتیش لە فەڕانسە خۆی کوشت.

عەبباسی:
بەڵام ئی سادقی هیدایەت ڕۆمانتیک نەبوو ، هۆی وی بڕێک جیاوازە. باسەکە لە سەر ئەوەیە ناکرێ یاسایەکی گشتی دابندرێ دەبێ نووسەر خۆشحاڵ بێ یان دەبێ خەمگین بێ یان دەبێ مادەی موخەدیر بکێشێ یان ..

قازی: بەو مانایە لەو کارەی کە دەیکا چێژ وەرگرێ. ئەو چێژ لێ وەرگرتنە دەتوانێ هەمیشەش پۆزیتیڤ نەبێ. یانی هەست دەکا بەو کارەی کە دەیکا ، یانی بێلایەن نییە بە نیسبەت ئەوەی دەیکا، ئەوەی دەینووسێ.

عەبباسی:
ئەوە دەگەڕێتەوە دەروونناسی نووسەران. ئەمن پێم وایە لە ناو نووسەرانیش دا خەڵکی بەختەوەر هەن، خەڵکی کەمتر بەختەوەری تێدایە ، خەڵکی وای تێدایە خۆی دەکووژێ، خەڵکی وای تێدایە کە ژیانێکی پڕ لە شادی تێپەڕ دەکا. ئەوە زیاتر پێوەندی بە کەسایەتییەوە هەیە نەک بە نووسین خۆیەوە. بەڵام فۆڕمی نووسین ، نووسین خۆی بێ گومان کێشە بۆ نووسەر دروست دەکا. کێشەی ئەوەی کە دەبێ کاتێکی زۆر لە سەر نووسین دابنێ، کێشەی ئەوەی کە لە فۆڕمەکەی دا بەو شێوەیەی کە پێویستە سەرنەکەوێ و لەوانەشە کۆمەڵگا بەو شێوەیەی پێویستە وەری نەگرێ. بۆ نموونە نیمایووشیچ کە دە ژیان دا بوو..

قازی: نیمایووشیچ شاعیرێکی نوێخوازی ئێرانی بوو کە ...

عەبباسی:
نیمایووشیچ یەکەم شاعیڕی نوێخوازی ئێرانی بوو بە 'نیما' مەشهوورە. لە ژیانی خۆیدا خەڵکانێکی کە شێعری بێ بایەخی نەریتی و کۆنیان دەگوت لە کۆمەڵگا دا ئەو پەڕی ڕێزیان لێ دەگیرا. بە خودی نیمایان دەگوت شێت ، زۆر بێ ڕێزیان پێ دەکرد. و دوایە بوو بە گەورەترین شاعیری سەدەی بیستی ئێران

قازی: لە نووسینێکیشی دا وا بزانم باسی تێکۆشەری ناسراوی کورد ڕەحمەتی سەدیق ئەنجیری ئازەر دەکا کە گەنجێک بووە لە تاران ، لە تەجریش هاتووچووی کردووە . دەزانی کە سەدیق ئەنجیری تێکۆشەرێکی سیاسی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەلومەرجێکی نادیار دا لە باشووری کوردستان ژیانی لە دەست دا. فەرموو بەردەوام بە!

عەبباسی:
جا باسەکە لە سەر ئەوەیە کە  پێوەندی نێوان ئەدەبییات ، ڕۆمان و شێعر و شانۆ و پێوەندی نێوان ئەدەبییاتی کلاسیک و ئەدەبییاتی ئەوڕۆ ئەو پێووندییەیە کە ئێستا لە نێوان ئەدەبباتی لۆکاڵ و بوومی  و ئەدەبییاتی جیهانیدا هەیە. ئەگەر لە جێیەکی ئەو پێوەندییە نەبێ  ئەدەبییات تووشی دامرکان یان بڵێین ڕکوود ، ئەدەبییات چەقبەستوو دەبێ. ئەو پێوەندییە چۆن پێک دێ ئەو پێوەندییە  لە ڕێگای ئەوەوە پێک دێ کە نووسەرانی ئەدەبییاتی میللی ( لۆکال)  لەگەڵ فۆڕمەکانی ئەدەبییاتی جیهانی پێوەندی بگرن ، بۆیە دەڵێم ئەدەبییات بووەتە جیهانی . یانی ئێستا فۆڕمی ڕۆمان یان فۆڕمی شێعر  تەنانەت نیگار کێشان، مۆسیقا؛ مۆسیقا کەمتر  ئەوانە هەموو بوونەتە فۆڕمی جیهانی.

قازی: زمانەکە دەکرێ لۆکالی بێ ، بەڵام فۆڕم و ناوەرۆکەکەی جیهانی یە.

عەبباسی:
  ناوەڕۆکیش تا ڕادەیەک لۆکالە بەڵام  تا ڕادەیەکیش ئەو شتانەی کە لە هەر شوێنێکی جیهان ڕوو دەدەن ئێستا لەوانەیە لە شوێنێکی تریش ئەو شتانە ڕوو بدەن. بۆ نموونە ئەمن جارێکی میسالم لەوەی هێناوە  ڕۆمانەکەی یاشار کەماڵ ' ئەو دیوی چیا و کاریتە ' شوکر مستەفا کردووەیەتە کوردی ' زەوی  ئاسن و ئاسمان مس'  لەگەڵ گیای نەمر ' ، بە فارسی  بە ' گیاە بی زوال ' ، بە زمانی ئەسلی ' ئەیرەتی ئۆتوو'  ئەمن وەختی خۆی بە فارسیم خوێندووەتەوە  ئەوە دەکرێ موقایەسەی بکەی لەگەڵ ڕۆمانی  جان شتاین بێک  ' خووشەهای خەشم ' نەک تەنیا لە فۆڕم  بەڵکوو لە ناوەرۆكیش دا

قازی : ترێی غەزەب

عەبباسی:
  وێکچووییەکی تەواو هەیە بە بێ ئەوەی  کە یاشار کەماڵ شتە لوکاڵەکەی  لاسایی کردبێتەوە ، لە دەستی دابێ. تەواوی ڕۆمانەکەی یاشار کەماڵ هەمووی  سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسی و  دۆخی مێژوویی لۆکال باس دەکا  ، بەڵام کە تۆ چاو لێ دەکەی جان شتاین بێک  عەینی شت باس دەکا لە ڕۆمانەکەی دا کە دوایە  خەڵاتی نۆبێلی پێ وەرگرت و ئەو کاتیش  خەڵاتی پۆلیتزێر یان دایە . ڕۆمانێکی گەورەی ئەدەبییاتی ئەمریکایە. مەبەستی من لێرە ئەوەیە کە ئەو قۆناخانە  نووسەران دەیدۆزنەوە یانی کێشەیەک لە کۆمەڵگا دا هەیە ئەو  کێشەیە دەدۆزنەوە. دۆزینەوەی  ئەو کێشەیە بە فۆڕم چارەسەر نابێ  بەڵام لە ڕێگای فۆرمەوە نەبێ ناتوانن باسی بکەن جا بۆیە  نووسەر پێویستە فۆڕمە ئەدەبییەکان بناسێ  بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و  سیاسی و ئابوورییانەی  کە هەن باسیان بکا ئێستا  ئێمە وەکوو کورد ڕۆمانی مێژووییمان نییە. هۆیەکەی چییە ، هۆیەکەی ئەوەیە نووسەرانی ئێمە  فۆرم ناناسن ، چونکە ئێمە ماتریالەکەمان هەیە ، کارەساتەکانمان هەیە ، تەواوی ئەو شتانەی کە ڕۆمانی مێژوویی دەخولقێنن  هەموو پێکهاتەکانمان هەیە.



قازی: باشە ناکرێ  بۆ وێنە باسی  کورتە ڕۆمانێک بکرێ وەک ' پێشمەرگە '  یا وەکوو ' کوێرەوەری'  براییم ئەحمەد بکەین . ناوەرۆکی ئەوانەش ئاماژەیە بە هێندێک ڕووداوی مێژوویی  بەڵام کورتن.

عەبباسی:
  بەڵام ڕۆمانی مێژوویی شتێکی زۆر گەورەترە لەوانە . ڕۆمانی مێژوویی بۆ نموونە لە ئەدەبییاتی ئوڕووپا دا  ، لە ئەدەبییاتی ڕووسیا یان ئەمریکای لاتین دا  نموونەی زۆر سەرکەوتووی هەیە کە  ئەگەر باسیان لێوە بکەین  ئەو ڕۆمانانە توانیویانە بەشێک لە کۆمەڵگای  خۆیان بە خۆیان بناسێنن. ئێستا ئەمن باسی قەیرانیم کرد لە دیتن دا ، قەیرانی لە دیتن دا یانی چی؟ یانی ئەوەی  کە نووسەری ئێرانی ، نووسەری کورد  کە لەگەڵ فەلسەفە و فکر و هونەری ئوڕووپا ئاشنا بێ تووشی قەیرانی  فکری دەبێ ، تووشی قەیرانی دەبێ لە دیتن دا.ئەو قەیرانییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای خۆی باشتر ببینێ.    ئەتۆ کە ئەدەبییاتی ئوڕووپایی بناسی ، کۆمەڵگای خۆت زۆر باشتر دەبینی  لەوەی کە نەیناسی.

قازی: باشە  نموونەی ڕۆمانی مێژوویی لە فارسی دا چمان هەیە؟

عەبباسی:
پێم وا نییە ئێستا نموونەیەکی سەرکەوتووم پێ شک نایە لە فارسی دا.
 
قازی: باسی شۆڕشی مەشڕووتە بۆ نموونە

 عەبباسی:
بەشێکی زۆریان ڕۆمانی پاوەرەقین  وەکوو شێوەی ئەلێکساندر دۆمای.  ڕۆمانی ماجەراجوویی   'دە قزڵباش' ڕومانی ئاوا نووسراوە کاتی خۆی. ' کلیدەر'  ڕۆمانی دەوڵەت ئابادی لە هێندێک جێ نزیک دەبێتەوە لە ڕۆمانی مێژوویی بەڵام ناکرێ بە ڕۆمانی مێژوویی دا بندرێ.

قازی: باسی دەوڵەت ئابادی ت کرد  با لە بیرمان نەچێ دەزانین کە ئەو ڕۆژانە  دوای کووژرانی قاسمی سولەیمانی لە بەغدا  ئەوە ئینعیکاسی زۆر بوو  لە ئێران و لە جیهاندا. بەڵام یەکێک لەو کەسانەی کە لە سەر ئەو ڕووداوە هەڵوێستێکی وای  گرت  کە تەنانەت براکەی خۆشی لە دژی دەرکەوتووە نووسەری ڕۆمانی ' کلیدەر ' ە کە ئێستا باست کرد دەوڵەت ئابادی ، چونکە ئەو ڕۆمانە زۆر ڕۆمانێکی تێر و تەسەل و  موفەسەلە و  ڕووداوەکانی ئی ئەو ناوچەیەیە کە کوردی لێن لە  خۆراسان.  کاراکتێرەکانی لە ئاست زۆرداری و زوڵم  بەرخوە دەدەن و  پەیامی ڕۆمانەکە بە گشتی ئەوەیە . بەبلەبەر چاو گرتنی ئەوە ئەو جۆرە هەلوێستە چۆن دەبینی بەڕێزت ؟

 عەبباسی:
ئێمە ئێستا بیرم لێ کردەوە دوو  نموونە ڕۆمانی مێژووییمان هەیە لە فارسی دا ، بەس نەک ڕۆمانی مێژوویی بە مانای ڕاستەقینەی ووشە بەڵکوو  نزیک دەبنەوە. یەکیان ' شازدە ئیحتیجاب '  ڕۆمانی هووشەنگی گولشیری یە ،  ئەوانی دیکەشیان  دوو کتێبی  "  دراوسێکان "   " داستانی شارێک " ی ئەحمەدی مەحموود ە.  ئەوانە دەکرێ وەکوو ڕۆمانی کە لە مێژوو نزیک دەبنەوە چاو لێ بکرێن .  ' تەنگسیر' ی سادق چووبەکیش  تا ڕادەیەک ڕۆمانی مێژوویی یە ، ' سووشون ' ی سیمین دانێشوەریش . ئەوانە نزیک دەبنەوە بەڵام بە بڕوای من ڕۆمانی مێژوویی نین.

ئەگەر بێینە سەر دەوڵەت ئابادی دوو هۆ هەیە بۆ ئەو هەڵوێستە  کە هەڵوێستێکی ناڕۆشنبیرانەیە، هەڵوێستێکە کە داکۆکی لە فاشیزمی مەزەبی دەکا. چونکە قاسمی سولەیمانی  ئێستا دیارە باسی وی نییە، بەڵام نوێنەری ئەو فاشیزمی مەزهەبی ، نیزامی و میلیتارەیە لە ناوچەکە دا کە  جارێک سوننی یە ، جارێک شیعەیە  یانی فەرماندەیەکی موتەعەسبی ، فەناتیکی مەزهەبی یە  ؛ مەبەست شەخسی قاسمی سولەیمانی نییە، کە شەرت نییە  چونکە لە سوننی ش دا سەرهەڵدەدا. بۆ نموونە لە نێو تالەبان دا . تالەبان پەیامی سەرەخۆشییان نارد بوو بە بۆنەی کووژرانی قاسمی سولەیمانییەوە.  دەبینی حەشدی شەعبی و ئەوانەش کە نموونەکانی دیکەی خۆنی. جا ئەمن جیاوازی دانانێم لە بەینی شیعە و سوننی و لەو شتانە دا. مەسەلەکە ئەوەیە کە دەوڵەت ئابادی چاولێکردنی لە سەر جیهان تووشی قەیران نەبووە هەر وەک ئەوەی پێشتر ئێمە باسی ئەوەمان کرد ، بە هۆی ئەوەی کە ئاشناییەکی کەمی لەگەڵ ئەدەبییاتی جیهانی هەیە  ئەو  ئاشناییەی کە هەشێتی لەگەڵ ئەدەبییاتی  رێئالیزمی سوسیالیستی و  شتە کۆنەکانە بۆ نموونە ' دۆنی ئارام'  دیارە ڕۆمانێکی گەورەیە ئەمن باسی وەی ناکەم  بەڵام خودی " کەلیدەر" تەقلیدێکی شکشتخواردووی  'دۆنی ئارام ‘ ە، یانی تەرحەکەی لەوێرا وەرگرتووە و نەشی توانیوە . تەقلیدە ، بە بڕاوی من ،داهێنانی تێدا نییە لە تەرحەکەی دا بەڵام،  بەرهەمی دیکەی هەیە کە نرخی ئەدەبییان لە سەرێ یە. لایەنێکی ئەوەیە، لایەنێکیشی موحافەزەکاری یە یانی ترسە. یانی خۆت بگونجێنی لەگەڵ حکوومەتێکی کە لێی دەترسێی و پێت وابێ سبەینێ ئەو حکوومەتە تۆ تووشی کێشە ناکا یانی ئەمنییەتی خۆت دەپارێزی لە بەرابەر پێدا هەڵگوتن دا .

قازی: زۆر باشە ئێمە وەختێکی زۆرمان نەماوە، ئەو کاتەش تەرخان بکەین بۆ  تەئسیری نووسین لە پێوەندی لەگەڵ ڕاهێزاندنی ناسێنە دا. هووییەتی جۆر بە جۆر، ئەوە دەکرێ هووییەتی نەتەوەیی بێ، دەتوانێ هووییەتی فەردی بێ ، هەرچۆنێک بێ. لەو پێوەندییانەدا بۆچوونی جەنابت چییە؟

عەبباسی:
بۆچوونی من ئەوەیە، ئێمە کە باسی ئوڕووپا دەکەین ، باسی جیهانێکی نامۆ یان باسی جیهانێکی دەرەوەی خۆمان ناکەین. باسی جیهانێک دەکەین کە داهاتووی ئێمەیە. یانی داهاتووی ئێمەش ، یانی لە داهاتوو دا ئێمەش بەرەو ئەو شتانە دەچین. هەر هەموو فەرهەنگی بەشەری. من پێم وا نییە مۆدێرنیتە شێوەی زۆر و زەوەندی هەبێ. ئەگەر بێینە سەر ئازادیی فەردی و ئەو شتانە ڕێگاکەی بەوەی دایە ، دێمۆکڕاسی و مۆدێرنیتە و ئازادیی فەردی و لیبێرالیزم و تێگرای ئەو شتانە شتهایەکیش نین کە تەنیا ئەو شتانە شیاوی ئوڕووپاییەکان بن وەکوو ئازادی. هەموو کۆمەڵگا شیاوی ئەو ئازادییانەیە جا ئەگەر بێینە سەر ئەوەی لە ئەدەبییاتی ئوڕووپا دا لە سەدەی بیستەمدا چ ڕووی دا؟ زۆر شت ڕوویدا . یانی شتهایەک ڕوویدا  کە بیر و بۆچوونی هێنانە گۆڕین . بۆ نموونە دیاردەی وەکوو ئێگزیستانسیالیزم ، وەکوو ستراکچرالیسم و دوای بنەما خوازی ، وەکوو بزووتنەوەی مانگی مەی ١٩٦٨  ئی زانکۆکان و خوێندکاران لە فەڕانسە. ئەوانە کە هاتنە ناو فەزای سیاسییەوە ، ئەو مەکتەبە فکریانەش کە هاتن میشێل فۆکۆ و ڕۆڵان بارت و  ژان پۆل سارتر و ئالبێرت کامۆ ، بەشی زۆریان فەڕانسەیی بوون ، بەشێکیان ئەڵمانی بوون . جووڵانەوەی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەڵمانیش ڕووی دا بەڵام لە فەڕانسە لە هەموو جێیەک گەرم وگوڕتر بوو جووڵانەوەکە. جا ئەوە پێمان نیشان دەدا کە ئەدەبییات لە ئوڕووپا بۆیە توانی پەنابەر وەربگرێ ، ئازادیی مەزەبی قبووڵ بکا، جیاوازی جینسییەتی قبووڵ بکا هێندێک بنەما و پڕێنسیپی ناسیۆنالیستی و شۆوێنیستی پاک بکاتەوە لە نێو خودی کۆمەڵگاکە دا بە هۆی ئەوەی  کە ئەو جووڵانەوانەی فکری کە ژاک دریدا و میشێل فۆکۆ ، وەکوو بنەما شکاندن ، ستروکتوور شکاندن ، وەکوو پۆست کۆلۆنیالیزم ، ئەو تیوریانە تەئسیری گەورەیان هەبوو لە سەر  ئەوەی کە ئێمە چۆن ئەدەبییات بخوێنینەوە. بەشێکی زۆر لە ئەدەبییاتی کلاسیک خوێندرایەوە بەو چاوەوە کە لەو ئەدەبییاتە دا دووچاوکی یان نایەکسانی شەرعییەتی پێ دراوە .

قازی: زۆر باشە بەڕێز عەبباسی پێت وایە ئەو مەسەلەیە لە جوغرافیای کوردستان دا جا هەر بەشێکی بێ. لە جوغرافیای کوردستان دا ئەدەبی کوردی، ڕۆمانی کوردی  ئەو کاردانەوەی هەبووە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک ، کارتێکەری هەبووە؟

عەبباسی:
کاک حەسەن لە وانەیە قسەکەم بڕێک ڕەق بێ بەڵام ئەدەبی کوردی ، ڕۆمانی کوردی ئەمن نازانم هەیە یان نا؟ زۆر لە سەری سوور نیم. ئەمن پێم وایە نووسەرانی ئێمە بە هۆی ئەوەی کە ڕێئالیزم پرێنسیپێکی قورسە و بارێکی گەلێک قورس لە سەر شانی نووسەر دادەنێ خۆیان لێ بواردووە و یەکسەر بازیان داوە بۆ سوڕرێئالیزم . بەشێکی زۆری ئەو ڕۆمانانەی من دیتوومن، من  خوێندوومنەوە ڕۆمانی سۆررێئالیستین. ڕۆمانی سوررێئالیستی چییە؟ ڕۆمانی سور رێئالیستی ئەگەر ئێمە موقارەنەیەک بکەین لەگەڵ کووبیسم ، پیکاسۆ دەیتوانی بە هەموو سەبکەکان نەقاشی بکا ؛ ڕێئالیستی ، ئیمپیرسیۆنیستی، ئیکسپێرسیۆنیستی ، هیچ قالبێک نەبوو کە نەتوانێ خۆی تێدا تاقی بکاتەوە. بۆیە کووبیسم کە هات نەتیجەی ئەزموونێکی گەورەی پێشتر بوو کە پیکاسۆ هەیبوو. بەڵام تۆ کە ناتوانی ڕۆمانی رێئالیستی بنووسی، چون دەتوانی ڕۆمانی سوررێئالیستی بنووسی ئەمە خۆی پارادۆکسێکی زۆر گەورەیە یانی وەکوو وەی وایە پیکاسۆ نەتوانێ شکلی ئەسپێک بکێشێتەوە  ، نەتوانێ شکلی دارێک بکێشێتەوە بەڵام بتوانێ بە سەبکی کووبیسم نیگار بکێشێتەوە. ئێمە ئێستا لە کوردستان یان لە ئێران تەنانەت نیگارکێشی ئاوامان هەیە ناتوانێ یەک شتی ئاسایی بکێشێتەوە بەڵام  دەتوانێ چەند شت تێکەڵ بکا بڵێ ئەوە سەبکی کوونیسم ە. یانی دەبێ ڕەخنە هەبێ بۆ ئەوەی ئەو شتانە ڕوون بکرێنەوە. لە نێو ئێمە ئێستاکانێ سەبکی سوررێئالیستی زۆر زاڵ و باوە . بۆ نموونە ڕۆمانی بووفی کووری سادقی هیدایەت سوررێئالیستی یە ، بە کوردیش وەرگێڕدراوە بەڵام سادقی هیدایەت کورتە چیرۆکی زۆر سەرکەوتووی رێئالیستی هەیە یانی دەیتوانی بە شێوەی رێئالیستی بنووسێ ، ئەوە نەبوو کە بەس بە شێوەی سوررێئالیستی بتوانێ بنووسێ. جا ئەدەبییاتی ئێمە پێویستی بە چی پێ دەڵێن ئەوەی کە بژاری دەکەن ، هەڵوەژاردنێکی زۆر هەیە لە ڕووی ڕەخنەی ئەدەبییەوە چون زۆر بەرهەم هەیە نرخیان بۆ داندراوە، خوێندنەوەی خراپیان بۆ کراوە، ڕەخنەگران خراپیان لێ تێگەیشتوون  و ئەو بەرهەمانە لە جێی خۆیاندا نین. یانی ئەتۆ ناکرێ نووسەرێکت هەبێ کە هەر لە کوردستان گرینگ بێ و لە هیچ کوێی دنیایە کەس ئەهەمییەتی پێ نەدا و لە هیچ کوێی دنیایە بەرهەمەکانی نەخوێندرێنەوە، موناقەشەیان لە سەر نەکرێ و ڕەخنەگران باسیان لە سەر نەکەن ، لە کوردستانیش دا گەورەترین نووسەری جیهان بێ. یانی ئەمە پارادۆکسێکی زۆر گەورەیە. ئەتۆ  کە نووسەرێکت هەیە، کە بە سەبکێک دەنووسێ . ئەو سەبکە لە هەموو جیهاندا هەیە، وا نییە تایبەت بە کوردستان بێ. ئەگەر لە جیهاندا قبووڵ ناکرێ دەبێ بزانی موشکیلەکە لە کوێ دایە.

قازی: زۆر باشە، دیارە وەک دەڵێن ئەو هەویرە زۆر ئاو دەبا و قسەکانیشمان بە ٤٥ دەقیقە تەواو نابێ. بەڵام بە داخەوە لێرە وەختمان تەواو بوو زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا ، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.

عەبباسی:
زۆر سپاس بۆ ئێوەش .

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە ڕاوێژی ئەمجارەشمان بە کۆتا دێنین تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

سەرچاوە: روانگە


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

ناکۆکی نێوان ناوەندی کوردە موهاجیرە سیاسییەکانی مەسکەو و باکۆ ، جەمیل حەسەنلی


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

دوابەدوای بەرز بوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان و سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری

یەک‌شەممە ۲۷رێبەندان۱۳۹۸/ ۲۱:۲۷