بابەتی گەرم:

کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

Thursday, January 30, 2020




دوابەدوای بەرز بوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان و سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ هەوڵی داوە لە رێگەی ئاڕاستە کردنی پرسیار لە سەرجەم حزبە چالاکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤە و روانگەی ئەم حزبانە بە نیسبەت ئەم رووداوانە و هاوکات بەرنامەیان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر شی بکاتەوە. لە سێهەمین وتووێژ لە زنجیرە وتووێژەکانی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیارەکان ئاڕاستەی "دارا ناتێق" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کراوە؛ ئەم دیدارە پێش تیروری "قاسم سولێمانی و ابومهدی موهەندس" و دەرنەنجامەکانی ئەنجامدراوە .

لە کۆتای مانگی خەزەڵوەردا گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین بە بڕیاری کاربەدەستانی ئێران، ناڕەزایەتی برینی هەموو گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی توند و بێ بەزەیانە بەرهەڵستی خەڵکی نارازی بوویەوە. لە ئاکامی توندوتیژی دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا دەیان هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش گیراون یا بۆ لێپێچینەوە پەلکێشی ناوەندە ئەمنییەکان کراون. ئێستا دۆخێکی نا یاسایی و ئەمنی تر لە جاران لە ڕۆژهەڵات حاکمە.بۆچی کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و تەنانەت ئێرانیش سنووردار بوو به شێوەگەلی زارەکی و نووسراو و چالاکی لە باشووری کوردستان و تاراوگە. هەندێ کەس لەم ڕەهەندەوە ناڕەزایەتیان هەبوو. با لەم ڕوانگەیەوە چاو لێبکەن. ئەگەر پێشمەرگە پارێزەری تاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، ئەی بۆچی ئیمکان یا ویستی ئەمەی نییە؟ ڕوانگەی ئێوە بە نیسبەت ئەم پرسە چییە؟

خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزڵوەری ئەمساڵ لە ئێراندا و بە دژی نیزام کە بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن ‎دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە سەرکوت کرا و بە سەدان کوژراو، هەزاران بریندار و شەپۆلێکی بەرین لە گیران و دەستبەسەرکرانی لێ کەوتەوە، دەرخەری ئەو راستییەن کە ڕێژیم مەشرووعییەتی خۆی لە دەست داوە و سەرەتای ڕووخانی دەستی پێکردووە  و بێگومان ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوویەکی نزیکدا خێرایی و پانتایەکی بەرینتر لە جاران لە خۆ دەگرێ. ‎جۆری ڕەفتار و داخوازیی نەتەوەکانی ئێران لەم قۆناغە لە ناڕەزایەتییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی، جێگای سەرنج بوون و نیشانی دا کە داخوازی ئازادی و دێموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی نەتەوەیی و رووخانی ڕێژیم دروشمی سەررەکی خەڵکی بێزار لە نیزام بوون. 

جۆری درۆشم و داخوازییەکانی خەڵک لەم خۆپێشاندانە دا، شێوازی ئۆرگانیزەکردن و ڕێکخستنی، نەبوونی ڕێبەرییەکی دیاریکراو، یەکێک لەکەماسیەکانی ئەم بزاڤە بوون. ئەم خۆپێشاندانانە لە ئاستی سەرانسەریدا بە بێ ئەوەی ڕێبەری و ڕێنیشاندەرێکی دیاریکراویان هەبێت، لە شوێن و ناوچە جۆراوجۆرەکاندا جۆری داواکاری و درشمەکان جیاواز و ناڵێک بوون، لەگەڵ ئەوەی کە ئەسلی بزاڤەکە بە شێوەیەکی بەڕچاو دژ بە تەواویەتی نیزام بوو، دیسان داخوازییەکان بۆ ئەگەری دوای نەمانی ڕێژیم لێڵ و ناڕون بوون. 

نەبوونی ڕێبەر و ڕێنیشاندەر لە خۆپیشاندانەکانی ڕەزبەری ئەمساڵدا گەورەترین و سەرەکیترین کەمایەسیی ئەم حەرەکەتە بوو لە سەر ئاستی ئێران بە گشتی. ئۆپوزسیۆنی سەراسەری ئێران لە راستی دا ئوپۆزسیۆنێکی پێک ناکۆک و نایەکگرتوو و تا ڕادەیەک دژ بە یەکن. 

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان و بزاڤی جەماوەر و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و خەسڵەتە ڕەفتاری و جەوهەرییەکانی ئەم باس و ڕوانینەکان جیاواز و بە شێوازێکی دیکەیە. لەگەڵ ئەوەی کە لە کوردستانیش نارەزایەتییەکان لە گشت شارەکان وەک یەک و گشتگیر نەبوو، بەڵام ماهییەتی ناڕەزایەتییەکان و تەنانەت شێوەی ڕوانین و ڕەفتاری دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا جۆرێکی دیکە و بە ئاراستەیەکی جیوازتردا بوو. بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان بەپێچەوانەی ئێران لەسەر ئاستی سەرانسەری، بزووتنەوەیەکی تۆکمەی خاوەن داواکاریی دیار و روون بوون. ڕەفتار و جۆری هەڵوسوکەوتی خەڵکی کوردستان لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا بێ، نێوەرۆک و پێناسەیەکی نەتەوەیی و دێموکراتیکی هەیە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتیی دەکەن. ئەمەش ئەو راستییە دردەخات کە بزاڤی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان خاوەن ڕێبەری تایبەت بە خۆیەتی کە بۆتە جێگای هیوا و ئومێد بۆ بەردەوامی خەبات و گەشەسەندن و بەرینتربوونەوەی بزاڤی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان بە هەڵوێست و دژکردەوەی وشیارانەی خۆیان و پێشوازی کردن لە بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان نیشانیان داوە کە حیزبەکان بە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری خۆیان دەزانن و خاوەندارییان لێ دەکەن.

ئەوەی کە بۆ چی هێزی پێشمەرگە لەم زرووفەدا هێرشی نەکرد، دەگەڕێتە سەر ئەوە کە پێویستە ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین کە پێگەی کورد لەم هەلومەرجە نوێیە دەبێ بە چ پێوانەیەک هەڵبسەنگێنین؟ ئایا لە چاوی ئەوەی کە سەردەمێک کوردستان سەنگەری بەرگری بوو و بەشێک لە ئێرانییەکانیش لەوێوە خەباتیان دەکرد؟ یان لە سونگەی باشوور لە نەوەدەکان یان لە روانگەی رۆژئاوای دوای بەهاری عەرەبی؟ هەروەها پێدەچێ لەو سونگەوە بابەتەکە لێک بدەینەوە کە کورد دەبێ دەستپێشخەری بکات؟ وەک ئەوەی پ.ک.ک لە باکوور لە ژێر ناوی شەڕی خەندەق کردیان و ئاکامەکەی بوو بە چی.

لە ئێستادا لە خۆرهەڵات رژیم هێشتا بە تەواوی تەعادل یان هاوسەنگی خۆیی لەدەسنەداوە، کورد لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ و کرماشان زیاتر قوربانیداوە و هێشتا پێگەی جوغرافی بۆ ساز نەبووە.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە تەنیا لە ئاستی قسەدا هاتوونەتە مەیدان و هێشتا سیاسەتێکی روون و بەکردەوەیان نەخستونەتە کاییەوە لە ئاست ئەو هەموو کوشتار و سەرکووت و ڕەشبگیری و ئەشکەنجە کردنی خەڵکدا. 

ئایا پێتان وانییە ڕووداوەکانی خەزەڵوەر دەرخەری ئەوەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتیی لە دۆخێکی لاوازدایە و ئامادەی ئەوەی تێدانییە لەکاتی پێویست موداخلەی بارودۆخی ناوخۆ بکات؟

لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا، ئاماژەم بە دۆخی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کردووە.  یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم خۆپێشاندانانە، نەبوونی ڕێبەرییەکی دیاریکراو و ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و خاوەن گوتارێکی یەکگروو بوو. ئوپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی پێکناکۆک و دژ بە یەکن و لە ئاست چاوەروانی جەماوەری ڕاپەریوی نێوخۆ دا نین و تەنانەت لە مەر ڕووخانی ڕێژیمیش خاوەن ڕای جیاواز و هەڵوێستی دژ بە یەکن. 

بەڵام لە ئاست کوردستاندا دەتوانین بڵێین کە پارتە سیاسییەکانی تا ڕادەیەکی باش خاوەن گۆتارێکی یەکگرتووانە و لە چواچێوەی ناوەندی هاوکاریدا، به پلان و بەرنامەی هاوبەش و ستراتێژی نەتەوەیی هاوبەش بزاڤی مافخوازانەی کوردستان ئاراستە دەکەن. و باندۆری ئەم هەڵوێست و کاری هاوبەشە ڕاستەراست لە سەر خەبات و حەرەکەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان دیار و بەرچاوە.

لە نەورۆزی ساڵی 1395ی زایینیدا بە فەرمی دەستتان بە قۆناغێکی نوێی خەباتکرد. دووای چەندین ساڵ لە سنووری رۆژهەڵات لە ناوچەی کێلە شین و هەڵگورد جێگیربوونەوە. ڕاسانتان هێنایە ناو ئەدەبیاتی سیاسیتان و لە پێناویشیدا تێچوویەکی زۆرتان دا. ئێستا ڕاسان لە چ قۆناغێکدایە و چەندە ئامانجەکانتان پێکاوە؟

یەكێك لە جوانییەكانی ڕاسان بەرهەمهێنانی گوتارێك بوو بۆ دەربازكردنی هێز و تاكی خۆرهەڵاتی لە بێهودەیی سیاسی و كلتوری. لەم ماوەشدا هێزیی پێشمەرگەی كوردستان (خۆرهەڵات) دەستكەوت و ڕەچەشكێنی گەورەیان كرد، دەتوانم بلێم كە هەموو جومگەكانی ڕژیمی تووشی مەترسی و دڵەراوكێ كرد. دەركەوتنی پێشمەرگەكانی كوردستان خوڵقێنەری وزەیەكە کە خوێنێکی تازە بە بەر بزاڤی مافخوازانەی کوردستاندا کرد. ئەم دەركەوتنانە هەڵگری پەیامێكی ڕوونە بۆ خۆرهەڵات. پەیامی ڕاسان ،ئیرادە و متمانە بوو. 

ڕاسانی نەتەوەیەك، ئیرادەی كۆمەڵگایەك و متمانە بە سیاسەت لە خۆرهەڵاتی كوردستان. فەلسەفەی وجودی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ڕاساندا بەخشینی ئیرادە و رۆحی بەرەنگارییە بە كۆمەڵگا. بزاڤی ڕاسان توانی ئەو بێدەنگی و پەراوێز خرانەی کە بۆ ماوەی ساڵانێک بوو پەڕ و باڵی بە سەر دۆزی ڕەوای کورد لە خۆرهەڵاتدا کێشابوو بشکێنێت و جاڕێکی دیکە ستراتێژی نوێ خوی واتە لێک گڕێدانی خەباتی شاڕ و شاخ٫ دەنگی مافخوازانەی نەتەوەی کورد بگەیەنێتە هەموو دونیا و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بخاتە ڕۆژەڤی سیاسەتی مەنتەقە و دونیا. و هەروەها ببێتە جێی هیوا و ئومێدی بزاڤی ئازادیخوازی و سەرانسەریی لە ئێراندا و ئەم بزاڤە نوێیە کە بە کۆدی ڕاسان دەستی پێکردووە، بەردەوامە تاوەکوو گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن. 

ئامانجی ڕاسان لەیەک گرێ دانی خەباتی شاخ و شاربوو. شار ڕاپەڕی، لەسەر پێ بوو. هاوڵاتیان بێ ڕحمانە درانە بە گوللە و کوژران. بەڵام پێشمەرگە کاردانەوەی نەبوو. هۆکارەکانی چی بوون؟

دەبێ ئەو راستیە ببینین کە ڕێژیم لە تاران و شارە گەورەکاندا دەرووخێت. تا لە تاران بە ملیۆن خەڵک نەیتە سەر شەقامەکان ڕێژیم هیچی لێنایەت. لە شارە گەورەکانی وەک تاران، ئیسفەهان، شیراز، تەورێز و زۆرێک لە شارەکانی دیکە، هێشتاش جۆرێک خەڵکەکەی بە حەزەر و موحافزەکارانە دەجۆلێنەوە. پێویستە سەرەتا ئەم ڕاپەرینە جەماوەرییە لە شارە گەورەکان و بەشێوەی گشتگیر هەموو شارەکانی وڵات بگرێتەوە. کورد چڵ ساڵە قوربانی دەدات و هیچ کەسیش لای بۆ ناکاتەوە. کوردستان نابێ ببێتە قوربانی لەم نێوەدا. کێشەی کورد تەنیا ڕووخانی کوماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو خەبات دژی سیاسەتی داگیرکاری و لە نێوبردنی ناسنامەی کوردییە کە دوای نەمانی ئەم نیزامە دیکتاتۆر و داگیرکارەش هەروا بەردەوام دەبێت. بۆیە لەم قوناخە هەستیارەدا پێویستە بەر لە هەموو شتێک لە نێو خۆی وڵات خەریکی خۆ ئامادە کردن و ڕێکخستن و دانانی پلان و بەرنامەی تۆکمە بین و نابێ هێز و وزەی کورد بە خۆرایی بە فێرو بڕوات. 

لە ساڵی ڕابردوودا باس و خوازی پەیوەندیدار بە گفتوگۆی نێوان هەندێک حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  کۆماری ئیسلامی ئێران بە نێوەندگیری ڕێکخراوەیەکی نۆڕوێژی کەمنەبوون. ئێوەش بەشداربوون. ئەنجام و ئاکامی گفتوگۆکان چی بوون و ئایا تا ئێستاش بەردەوامن؟ ئەگەر بەردەوامن چاوەڕێی چ ئەنجامێکن؟ هەروەها کۆماری ئیسلامی و شاندی ئێوە لە چ ئاستێکدا بەشداری گفتوگۆکان دەبێ و یا بووە؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمووكاتێك باوەڕی بە چارەسەری پرسی كورد و گەلانی ئێران لە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتیانەوە بووە.

ئەوەی ڕاستی بێت لەم قۆناغەی ئێستادا هیچ وتوێژێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران نەكراوە. هەر وتووێژەك لە گەڵ ڕێژیمی ئێران پێویستە لە ڕێگای ناوەندی هاوكاری هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بە ئاگاداری و چاوەدێری لایەنێكی نێودەوڵەتی بێت. هەروەها پێویستە ڕێژیم بە شێوەیەكی ئاشكرا بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنێت كە دەیهەوێ لە گەڵ هەیئەتیی نوێنەرایەتی كورد بۆ چارەسەری پرسی كورد گفتوگۆ بكات و ئەو وتوێژە تایبەتە بۆ چارەسەری دۆزی ڕەوای كورده نە شتێكی دیكە. هێندێك ناوەندی سەربەخۆی ڕۆژئاوا پێوەندیان بە ناوەندی هاوكاری هێزەكانی ڕۆژهەڵات گرتووە. مەبەست لەو پێوەندیانە دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەكی ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەری پرسی كورد. ئەگینا هیچ وتووێژەكی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ڕێژیمی ئێران نەكراوە لەم زرووفەدا هەروەها لەو پێوەندییەشدا پێشتر ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەبارەت به دەنگۆی وتووێژ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاگادارییەكدا بۆ ڕای گشتی ڕایانگەیاندبوو كە، حیزبەكانی پێكهێنەری ناوەندی هاوكاریی، هەمووكات بڕوایان به چارەسەری مەسەلەی كورد له كوردستانی ئێران به ڕێگای ئاشتیخوازانه و دادپەروەرانه و دیالۆگ هەبووه و هەیه، بەڵام بەداخەوه له لایەك كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای به چارەسەری سیاسی مەسەلەی كورد نه بووه، و له لایەكی دیكەوه ئەزموونی وتووێژەكانی ڕابردووش زیاتر كەش و هەوای بێ متمانه یی درووست كردووه هەروەها لە پێناو چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێندێک ناوەند و لایەنی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە گەڵ ناوەندی هاوکاری لە پێوەندیدان. مەبەست لەو پێوەندییانە یارمەتیدان بۆ دیتنەوەی ڕێگا چارەیەکی سیاسی ئاشتیانە بۆ مەسەلەی کوردە. هەرکات مەرجەكانی دانوستانێکی جدی بۆ چارەسەری پرسی كو رد له كوردستانی ڕۆژهەڵات وەدی بێ، بە دڵنیایی ناوهندی هاوكاری ڕای گشتیی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان له ئاگادار دەكاتەوه.



شەشەم: بەکردەوە کاردانەوەیەکتان بە نیسبەتی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو. وەکوو موداخلەی چەکداری. ئایا دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە بوو؟

‎ خه‌ڵكی ئێران و بە تایبەت گەلی چەوساوە و ئازارچێشتووی کورد، له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا ئیڕاده‌ی مافویستی و به‌ره‌نگاریخوازانه‌ی خۆیان سه‌لماند ‌و،‌ و نیشانیان دا كه‌ لێبڕاون ئیراده‌ و وزه‌ی خه‌باتکارانەی خۆیان به‌دژی ئەم دەسەڵاتە دڕندەیە ڕێكبخه‌ن. بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و مافخوازیی خه‌ڵكی کوردستان نەک  سه‌ركوت نەکراوە، بەڵکوو لە گەشە و پەرەسەندن دایە و هه‌تا وه‌دیهاتنی ماف و داخوازیە رەواکانی ئەم گەلە چەوساوەیە  درێژه‌ی ده‌بێ و هیچ بەربەستێک ناتوانێت پێش بە ئیرادەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بگرێت و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هەردەم لە سەنگەری خەڵکی مافویستی کوردستاندان و لە کات و دەرفەتی پێویستدا بە شێوەی کردەوەی ئەرکەکانی بەجێگەیاندووە و بەردەوامیش دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی خۆی تا گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن.

بە باوەری من به باشم زانی که له خۆپیشاندانی پێشوو دا هێزی پێشمه‌رگه بەشێوەی ڕاستەوخۆ موداخلەی نەکرد، نابێت ئیحساسی هه‌نگاو بنین ، نابێت شه‌رێک بکه‌ین که تێیدا سەرکەوتوو نەبین، رژیم وه‌زعی زۆر خرابە و رۆژ لەدووای رۆژ به‌ره‌وه خرابتربوونی زیاتر دەچێت بۆیه پێویسته خۆمان بۆ شه‌ڕی یه‌کلاکه‌ره‌وه حازر بکه‌ین.

لە کوردیدا دەڵێ دەستەڵات تاسەر نییەبۆ کەس. لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵووگۆڕیکیتر یان لاوازبوونی دەستەڵات یا ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا، پلان و ستراتیژتان چییە؟ یەکەم هەنگاوەکان چی دەبن؟

بێگومان خەباتی کورد تەنیا بە رووخانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کۆتایی نایەت و دوای نەمانی ڕێژیمیش هەروا بەردەوام دەبێت. تا ئێستاش زۆرێک لە ئوپۆزسیۆنی ئێرانی بە گشتی تەنیا بە قسە باس لە مافی نەتەواکانی ئێران دەکەن و بە کردەوە هیچ باوەرێکیان بە ئازادی و دێموکراسی و مافی نەتەوەکان لە ئێراندا نییە. هەر بۆیە لە ئێستا دا و بە تایبەتی لە دوای رووخانی ڕێژیمیش دەبێ هەوڵ بدەین کە بە تێکۆشان و بەرفراوان کردنی خەباتی نەتەوەیمان لە گشت ڕەهەندەکان و ڵێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ و ستراتێژی هاوبەشی نەتەوەیی لە گەل هەموو ئەو هێزە کوردستانیانەی کە باوەریان بە پرسی نەتەوەیی هەیە، ببین بە هێزێکی شوێندانەر.

بە شوێندانەربوونمان لە ڕەوتی رووداوەکان لە ڕێگای هێزی جەماوەر و چەکداری خۆمانەوە، بێگومان کورد گاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسی دوای رووخانی ڕێژیم و لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سیاسیەکاندا ڕۆلی سەرەکی دەبێت. ئامانجی سەرەکی ئێمە دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک و فیدرال کە تێدا مافی گشت نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران دابین بێت و ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری کۆمەلایەتی وەک زامنی سەرەکیی بۆ پاراستنی وەها سیستمێک بێت.

ئەگەر بێت و لە قۆناخی ئێستادا نەتوانین ببین بە هێزێکی شوێندانەر، لە دوای نەمانی ڕێژیمیش دووبارە کورد رەنج بە خەسار دەبێت و خەباتی مافخوزانەی کورد بۆ ماوەیەکی دورودڕێژ هەروا بەردەوام دەبێت. 

ئامانج لە دامەزراندنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بوو؟ لە داهاتوودا ئەم ناوەندە چ ڕۆڵێک دەبینێت؟ ئایا ناوەندی هاوکاری ئاڵترناتیڤی کۆدارە؟ هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی حیزبەکانی دیکەش ببن بە ئەندامی ناوەندی هاوکاری؟

هەروەک دەزانن کە پێویستیی هاوخەباتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، و هەروەها پێویستیی پێکهاتنی بەرە یا هاوپەیمانەتییەک لە  نێوان حیزب و هێزە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە مێژ ساڵە هەستی پێ دەکرا و ببوو بە ویست و داوای بەردەوامی خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان. دامەزراندنی ناوەندێکی هاوکاری بە ئامانجی په‌ره ‌پێدانی هاوکاری و کاری هاوبەشی لە نێوان هێز و ڕێکخراوەکانی ڕؤژهەڵات دا بووە، تاکوو لە ڕێگایەوە هێزو توانایی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران بۆ کاری هاوبه‌ش کۆ بکاته‌وه‌ و له‌ ئاستی گشتی و نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نوێنه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بکات. دەرگای ئەم ناوەندە بە رووی هەموو ئەو هێز و ڕێکخراوە کوردستانیانەی کە باوەریان بە مافی نەتەوەیی و ئازادی و دێموکراسی هەیە کراوەیە. 

سیاسەتتان بە نیسبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان چییە؟ لەگەڵ یەکگرتنەوە؟ بە چ شێوەیەک؟ چ هۆکار گەلێک ڕێگربوونە لەبەردەم یەکگرتنەوەتان؟

بە داخەوە هێزەکانی کوردی دژ بەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرش و بڵاویدان و بەمشێوەیە تواناکانیان لە هەموو رەهەندێکەوە بەرەو کزی چووە، بەداخەوە حیزبی دیموکرات بە جیابوونەوەیەک لە ریزەکانیدا کە لە ساڵی 2006 روویدا، وەک حیزبێکی سەرەکی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە لە ئێرانیشدا، لەو نەخۆشییە بەدوور نەماوە. ئەو جیابوونەوەیە زەڕبەیەکی گەورە بوو لە پەیکەری حیزبی دیموکرات و بێجگە لە کۆماری ئیسلاميی ئێران و نەیارانی دیکەی کورد، کەس قازانجی لێ نەکرد". 

لە راستیدا دەتوانم بڵێم کە یەکگرتنەوە پێویستی بە ویستی دوو لایەن هەیە، تەنها یەک لایەن ناتوانێت یەکگرتنەوە دروست بکات. ئەگەر بە تەنیا یەک لایەن لێبوردنی هەبێت و هەردولا نەتوانن لە سەر خاڵەکان ڕێک بکەون، یەکگرتنەوە سەخت دەبێت. حیزبی دێمۆکرات هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ وەسەریەکخستنەوەی  بنەماڵەی گەورەی دێمۆکرات خستووتە گەر و هەوڵی پێویستی بۆداوە و بەردەوامیشە لەو پێوەندییە دا. 

دەنگۆی ئەوەیە هەیە کە لەناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەندێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە نابێ پەژاک لە داهاتوودا حزوری چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت. ئەمە تا چەندە ڕاستە؟ ئەگەر هۆکار و میکانزیمەکانی چین؟ سیاسەتتان بە نیسبەتی پەژاک و کۆدارەوە چییە بە فەرمی و هەوڵتان داوە لەیەک نزیک ببنەوە؟

ئەو دەنگویانەی باسی دەکەی هیچ بنەما و ئەساسێکی نییە. حیزبی دێموکرات لە ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەوڵ بۆ دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی وەک هێزی پاڕێزەری نیشتمانی پیرۆزی کوردستان دەدات و لەو پێوەندییە دا مانیفێستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دوای بزاڤی ڕاسان کە لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ئامادە کراوە، دەرخەری ئەو راستیە و هەست بە بەرپرسیارەتی کردنی مێژووی حیزبی دێموکرات لە پێناو یەک هەڵوێستی و یەکگرتووی نیشتمانی و بە دامەزراوەی و قانوونمەند کردنی ناوەندەکانی دەسەڵاتە لە ئیدارە خۆبەڕێوەبەری داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە راستیدا پەژاک و کۆدار بەشێکن لە هێزی دروستکراوی پ.ک.ک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەڕەرای ڕەخنە و تێبینیمان لە سەر سیاسەت و ڕەفتاری پ.ک.ک پێوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵیدا هەیە. 

ژمارەی ئەم حیزبانەی کە هێزی پێشمەرگە/گەریلایان هەیە کەم نین. بۆچی تا ئێستا هەوڵ نەدراوە هێزێکی هاوبەش پێکبهێندرێ. ئایا ئەگەر بەمشێوەیە بچنەوە شار کێشە ناخوڵقێت؟

لە پێشدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە کۆمەڵگای ئێستای کوردستان جیاوازە لە گەڵ دەیەکانی ڕابڕدوو.

ئیڕادەی بەڕزی نەتەوەی و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئاستی هوشیاری سیاسی و رۆشەنبیری نەتەوەی کورد هیچکات ڕێگا بە هێز یان لایەنێکی سیاسی و چەکداری کورد نادات کە تووشی هەڵەیەکی وا مێژوویی ببێت. هاوکات بۆ نەهێشتنەوەی ئەو نیگەرانیانەش، لە ئێستادا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک ئیڕادەی یەکگرتووانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێت، هەوڵ بۆ دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نەتەوەیی لە گشت ڕەهەندەکانی، دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن، هێزێکی چەکداری یەکگرتووی نیشتمانی، ڕێکخستنی هاوبەش و زۆر بوواری دیکە تێدەکۆشێت و بووەتە جێی هیوا و ئومێدی خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی ئێوه بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە، هیچ ئامادەکاریەکتان کردووە بۆ ئەو مەبەستە یان هێشتاش لەسەر کاغەزە؟

حیزبــی دێموکراتــی کوردســتانی ئێــران، لــه هەمــوو ئاســتەکان  بەگشـتی و لـە پێوەنـدی لەگـەڵ چارەسـەریی پرسـی ڕەوای کـورددا، بـاوەڕی بـە مێتـۆدی ئاشـتی و دیالۆگـی بونیاتنـەر هەیـە. هەروەها هاوهەنـگاوە لەگـەڵ ڕەوتی دێموکراتیزاسـیۆن و لەسـەر ئـەو باوەڕەیـە، کـە ویسـت و داخوازیـی  خەڵـک سـەرچاوەی سـەرەکیی ڕەواییدانـە بـە سیسـتمی حوکمڕانـی. لــە هەلومەرجــی ئێســتادا، سیســتمێکی دێموکراتیکــی فێــدراڵ دەتوانێــت مافــی نەتــەوه ســتەملێکراوەکانی ئێــران و یــەک لــەوان نەتـەوەی کـورد، دەسـتەبەر بـکات. ڕۆژهەڵاتـی کوردسـتان، یەکێـک لـەو هەرێمانەیه، که به شـێوەیەکی ئارەزوومەندانـه و هاوشـان لەگـەڵ هەرێمەکانـی دیکـەی پێکهێنەری ئێـران، وڵاتـی فێدراڵـی ئێـران پێـک دێنن. لــە هەرێمــی کوردســتاندا، ســەرچاوەی دەســەڵات، خەڵکــە، خەڵـک ئـەو دەسـەڵاته لـه ڕێـگای نوێنەرانـی هەڵبژێـردراوی خۆیـان لــە پارلەمانــی کوردســتان و لــە ڕێــگای ئۆرگانەکانــی حکوومەتی هەڕێمەوە بەکار دێنن. هەر لەو پێوەندییەدا و لە پێناو ئەو ئامانجەدا، حیزبی دێموکرات بەردەوامە لە تێکۆشان و بە تایبەتی لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی ئێران کە باوەرمەندن بە چارسەری پرسی نەتەوەی و ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا. 

ڕۆژئاڤا یا باشوور؟ ڕۆژهەڵات دەبێتە کامەیان؟

مخابن نیشتمانی کوردستان لە سەردەمی خۆیدا و لە لایەن زڵهێز و داگیرکەرانی کوردستانەوە بە سەر چوار بەش دا دابەش کراوە. ئێستا هەریەک لەو بەشانەی کوردستان خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن. بێکومان مودێلی حوکمرانی هەریەک لەو بەشانەش جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەوەی دیکە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەو تایبەتمەندیانەی خۆی و لە ڕێگای ئیڕادەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، بڕیار لە سەر مێتودی حوکمرانی داهاتووی خۆی دەدات. 

ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوا چ دەرسێکیان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیە؟

ئەزموونی حوکمرانی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، سەڕەرای دەستکەوت و سەرکەوتنەکانیان، بێ کەم و کوری و هەڵە نەبوون. ئەم ئەزموونە دەتوانێ دەرسێکی باش بێت بۆ بنیاتنانەوەی بناخەیەکی توکمە و یەکگرتووی نیشتمانی لە حوکمرانییەکی بەهێز و شوێندانەر لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. 

ئایا پاڕتەکانی باشووری کوردستان ڕێگرن لەبەردەم خەباتی سیاسی و چەکداری ئێوە؟ ئایا دووایی ڕووداوەکانی ئەم دووایە هیچیان پێڕاگەیاندوون؟ وەکوو ئەوەی نابێ جوڵە بە پێشمەرگە بکەن؟

سەڕەرای گشت ئاستەنگەکان و هەڵومەرجی تایبەتی هەرێمی کوردستان و دڕەندەیی و پیلانگیری داگیرکەرانی کوردستان و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لە بار بردنی دستکەوتەکانی ئەم بەشەی کوردستانی ڕزگار کراو، خەباتی مافخوازی و ئازادیخوازانەی حیزبی دێموکرات هەروا بەردەوام بووە و ڕۆژ لە ڕۆژ لە گەشەسەندن دایە. ئەوە حیزبی دێموکراتە کە لە سەر بنەمای سەربەخۆی سیاسی و بریاردان و بە پێی هەڵومەرج و گۆرانکارییەکان، تاکتیکەکانی خەباتی خۆی دیاری دەکات و بەردەوام دەبێ لە بەرەوپێش چوونی خەبات. ئەوەی کە لایەنێک ڕێگر بووبێت لە بەردەم خەباتی ئێمە راست نییە. 

لە ڕوانگەی ئێوه جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ناوچە گەلێک لە خۆ دەگرێت و مەیدانی خەباتی ئێوە چ ناوچە گەلێکن؟

جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمـوو خاکـی کوردسـتانی ئێـران دەگرێتەوه. چوارچێــوەی جوگرافیایــی ڕۆژهەڵاتی کوردســتان، بەپێــی پێــوەری جوگرافیایــی نەتەوەیــی و ویســتی زۆربــەی دانیشــتووان دیــاری دەکرێــت. پاڕێزگای ورمێ، سنە، كرماشان و ئیلام و تاكوو دەگاتە لۆرستان سنووری جۆگرافیای كوردستان پێك دێنن. 

ئەگەر ئەوەی لە ساڵی 2003 لە عێراقدا ڕوویدا لە ئێران دووبارە بێتەوە، هێزێکی هاوپەیمانیی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکبێت و بیهەوێت حکومەت لەڕێگای سەربازییەوە بگۆڕێت. ئەوە چ کاردانەوەیەکتان دەبێت. وەکوو هێزە باشوور، یارمەتی هاوپەیمانییەتی دژی ئێران دەکەن؟

هەر هێز و لایەنێک یارمەتیدەر بێت بۆ رووخانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و هێنانەدی حکوومەتێکی دێموکراتیک و فیدڕال و وەدیهێنانی مافی دیاری کردنی چارەنووسی گشت نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران، پێشوازی لێدەکەین. 

بۆچوونتان سەبارەت بە گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر حکومەتی ئێران چییە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئابلۆقە ئابوورییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووه؟ ئەگەر ئەم گوشارانە بەردەوام بن چاوەڕێی چ ئەنجامێک دەکەن؟

سزاکانی سەر ئێران، کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروست کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی داهاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سزاکان کەمیکردووە و جووڵەی بازرگانیش لاواز بووە.

ئەمریکا توانیوییەتی بە گەمارۆ و سزاکانی تواناکانی ئێران بە پشتیوانیکردن لە تیرۆر کەم بکاتەوە. هەرچەند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نین راستەوخۆ دان بەوەدابنێن کە گەمارۆکانی ئەمریکا توانیویەتی فشارێکی لە ڕادە بەدەر بۆ کۆماری ئیسلامی بێنێ، بەڵام کاریگەرییەکان زۆر لەوە بەرچاوترن کە بشاردرێنەوە و خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی هەژار و مامناوەند تا سەر ئێسقان هەستی پێدەکەن و کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا تا دێت فشار بۆسەر خەڵک زیاد دەبێ.  وڵاتی ئێران لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی کە دروستکردنی بشێوی و نائەمنییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەبەر ئەوەی دژی هەموو بایەخ و پرەنسیپەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، هەم لە ڕووی سیاسییەوە ئیزۆلە کراوە و هەم لە ڕووی ئابوورییەوە گەمارۆی توندی خراوەتە سەر. لە سۆنگەی ئەم گەمارۆیانە و هەروەها بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیک لە بازنەی دەسەڵات و حاکمییەتدا و نەخوێندنەوەی خەڵک و ماف و بەرژەوەندییەکانیان، ئەمە هەر خەڵک و ئەویش توێژی هەژارو دەستکورتی کۆمەڵگەن کە دەبێ باج و تێچووی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە بدەن. ئابووری ئێران بە تەواوی دارووخاوە وڕێژیم توانای وەڵامدانەوە و مودیرییەت کردنی ئەو هەموو کێشە وگرفتانەی نییە.

کەڵەکەبوونی ماف و داوا سەرکوتکراوەکان و چوار دەیە پەراوێزخستن و بەهیند نەگرتنەکان کۆمەڵگەی ئێرانی بە تەواوی پشووسوار کردوە، بۆیەش دەبینین هەر دەرفەتێک دەبێتە بیانوو بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری. دەتوانی بڵێین سەرەتای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردووە و بزافی مافخوازانەی خەڵکی ئێرانیش رۆژ لە رۆژ لە گەشەسەندنەوەدایە. 

بەرنامەتان بۆ سیاسەت کردن لە سەر ئاستی ئێران چیە، گەر بمانەوێت لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە خۆ هەر دەبێ سیاسەتێکی گشتیشتان هەبێت، یان ئەو مەیدانه بە مۆڵکی هێزەکانیتر دەزانن؟

هەروەک بەڕێز لێپرسراوی گشتی حیزب لە دوایین وتاریان لە پەرلەمانی ئەورووپادا ئاماژەی بەوە كرد كە; بەو ڕادەیە کە تێکەوەپێچانی تۆماری کۆماری ئیسلامی ئامانجمانە، بەو ڕادەیەش پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی دوو هێڵی سەرەکیی و پڕەنسیپی نەگۆڕن، بەڵام گرینگتر لەمانە، تێپەڕین لە عەقڵانیەتێکە کە بیهەوێ ئەزموونی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی دووبارە بکاتەوە. هەر بۆیە پێمان وایە دەربازبوون لە بنبەستی سیاسی ئێستا و بنیاتنانی سیستمێکی کارامە و وڵامدەر لە داهاتوودا، پێویستی بە خوێندنەوە و عەقڵانییەتێکی جیاواز هەیە .

فرەتەوەیـی بوونـی ئێـران وا دەخوازێـت، کـە سـنووری یەکـه یـان هەرێمـە پێکهێنەرەکانـی ئێرانـی فێـدراڵ لەسـەر بنەمـای نەتەوەیـی  جوگرافیایـی دیـاری بکرێـن، هەروەها دەبێ دەسـەڵات و توانسـتەکان لــه نێــوان حکوومەتــی فێــدراڵ و حکوومەتــه هەرێمییەکانــدا، بــه جۆرێـک دابـەش بکرێـن، که مافـی نەتەوەکانـی ئێران لـه چوارچێوەی هەرێمــی خۆیانــدا دەســتەبەر بکرێــت و دەرفەتــی بەشــداربوونی یەکسـانیان لـه بەڕێوەبردنـی سیسـتەمی فێدراڵـدا بـۆ بڕەخسـێنێت.

کاردانەوەتان بە نیسبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئێران و ئەنجومەنی شار و گوندەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟  بایکۆت یا بەشداری مەشروت؟

هەر وەک دزانن لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندی هاوکاری کە حیزبی دێموکراتیش بەشەکە لە پێکهاتەی ئەو ناوەندە، شانۆگەری هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی ئێرانی بایکۆت کرد و لە بەیانامەکەیاندا بە دروستی ئاماژەیان بەوە کردووە کە: ‎بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە نێوەرۆکی مەجلیسێکی ڕاستەقینە بەتاڵ کراوە و هیچ کات نەک هەر نەیتوانیوە لە پرسە گرینگەکانی ئێراندا بڕیاردەر و شوێندانەر بێت، بەڵکوو ئەم مەجلیسە بۆ خۆی بەشێکی گرینگ لەم رێژیمەیە و وەک یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی ئەم نیزامە سەرکوتکەرە رۆڵی گێڕاوە.

وێڕای ئەو ڕاستییەش، لە هەلومەرجی ئێستادا و بەتایبەت پاش حەرەکەتە ئیعترازییەکان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕوونتر و ئاشکراتر لە هەموو کات دەرکەوت کە نە مەجلیسی ڕێژیم پارلەمانێکی ڕاستەقینەیە و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە پارێزگاری لە خەڵک و ماف و ئازادییەکانیان دەکەن.

هەر بۆیە ئێمە ئەو بە ناو هەڵبژاردن و شانۆگەرییەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بایکۆت دەکەین و داخوز لە خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەکەین کە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە نەکەن و دەنگ نەدەن.

ئامادە کردن: ئۆمید بەرین، عەممار گوڵی


پەیوەندی‌دار:

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور فاتمە کەریمی لەمەر کتێبەکەی: " جێندر و میلیتانتیسم لە کوردستانی ئێران، ژنانی کوردی کۆمەڵە ١٩٧٩- ١٩٩١"

یادێک لە تێکۆشەری بەوەج شەهید قەرەنی کەریمی

ڤایرۆسی كڕۆنا و خۆبەڕێوبەری جەماوەریی ڕۆژھەڵاتی كوردستان

کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KODAR)

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷