بابەتی گەرم:

"بێلا چاو" - سروودێکی بەرگری جیهان داگیر دەکات

Thursday, April 2, 2020

 

رێپێوانی پارتیزانەکانی ئیتالیا لە ساڵی ١٩٤٥ لە شاری میلان - Keystone

مارک زولینگر - Neue Zürcher Zeitung
لە ئاڵمانییەوە: عەممار گوڵی

لەم دوایانە لە خۆپیشاندانی دژ بە کۆڕبەندی جیهانی ئابووری لە داڤۆس، یان وەک هەمیشە لە هۆنگ کۆنگ یان تەنانەت لە ئێستانبوڵ، کوبنان، کوردستان و ئوکراین: سروودی بەرەنگاری "بێلا چا" لەسەرانسەری جیهان لە تەڤگەردایە. چالاکانی ژن و پیاوی بزووتنەوەی داگیر کردنی واڵ ستریت هەروەک کرێکارانی مەزراکانی کالیفۆڕنیا ئەم سروودەیان دەچڕی. لە خۆپیشاندانەکانی "هەینی بۆ داهاتوو" ئەم سترانە بووەتە مارشی سەرەکی بزووتنەوەکە. هاوکات لە نیشتمان –ئیتالیا- دەبێتە زایەڵەی دەنگی لایەنگرانی پیاو و ژنی بزووتنەوەی ساردینی کاتێک لە نێو شاردا لەدەوری یەکتر کۆ دەبنەوە.

هەمیشە کاتێک مرۆڤەکان لەدەوری یەکتر کۆ دەبنەوە تا دەنگ هەڵبڕن، دەست بە چڕینی ئەم سترانە دەکەن، هۆنراوەیەک کە بە جەنگاوەرانی خۆڕاگری ئیتالیا دژ بە فاشیزم لە دوورینگی شەڕی جیهانی دووهەم رەپاڵ دەدرێت. بەڵام کەمتر کەسێک دەزانێت کە ئەم هۆنراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ رابردوویەکی دوور و هەروەها بە هیچ جۆرێک خاوەن بنەچەیکی سیاسی نەبووە و بەپێچەوانەوە ئەم سترانە حەقایەتی لە ئەوینێکی هیوابڕاو کردووە. هەروەها گرینگتر لە هەمووی و بەوجۆرەی کارلۆ پێستێلی مێژوو نووسی مووزیک لە پرتووکەکەی "بێلا چاو. سترانی ئازادی" سەبارەت بە سترانە پاڵوانانەیە نووسیویە، ئەم سترانە لای پارتیزانەکان بەدەگمەن ناسراو بووە. تەنیا لە لایەن چەندین هێزی تەریک کەوتوو لە ناوچەگەلێک وەکوو ئێمیلیا-رۆمانیا، پیامۆنتێ و ئێبرۆتزۆ دەهۆنرا.

لەسەرتادا ئەوینێکی هیوابڕاو بوو

ئەوەیکە ئەمڕۆ "بێلا چاو" وەکوو سترانی پارتیزانەکان دەناسرێتەوە پەیوەندی بەو ستراتێژەوە هەیە کە "داهێنانی نەریت"ی[۱] ناوە: نەریتێک دادەهێنرێت تا بنەمایەک بۆ بزووتنەوەیەک بەدی بێنێت، بنەمایەک کە [وەک جەستەیەک] پێکەوە رایگرێت. "بێلا چاو" کاتێک بوو بە "سترانێکی کلاسیکی پارتیزانی" کە پێویستی یەکگرتنی گرووپەکان –کۆمۆنیست، سۆسیالیست، کاتۆلیک و لیبراڵ- هاتە پێشەوە. ئەڵبەت دەیانتوانی سترانگەلێکیتر هەڵبژێرن، بۆ نموونە سترانی کۆنتر و لەبەر دڵانی " Fischia il vento- با ئەفیکێنێت"[۲]، سترانێک کە مزگێنی راگەیاندنی بەهاری سووری [موونشێنی] [۳] هێنا. بە هەڵبژرادنی "بێلا چاو" سروودێک هەڵبژێردرا کە لانی کەم سیاسی بوو و مووسیقایەکی بەهێز و بەدەر لە تێپەڕینی کاتی پێ بوو.

 

 

 

پێستێلی لە پرتووکەکەیدا پەردەی لەسەر توێژگەلێکی جیاواز کە بنەڕەتی ئەم سترانە ئەژمار دەکرێن لادا. هەر لەو بارەوە پەیوەندیەکی لە نێوان ئەم سترانە و مووسیقای کلێتزمێری جوولەکەکان[۴] و فۆلکلۆری خەڵکی ئەورووپا دیتەوە. کۆنترین هێماکان دەگەڕێنەوە بۆ سترانێکی سەدەی ١٥ کە لە ناوچەی نۆرماندی هۆنراوە. لە سەدەی ١٨ بەشگەلێکی ئەم سترانە لە پیامۆنتێ و وێنیز دەردەکەونەوە. بەتایبەت بەشگەلی سەرەتایی و کۆتایی تێکستی سترانەکان وەک یەکن. ئەم سترانە سەبارەت بە ژنێکی گەنجە کە بەیانییەک لە خەو رادەبێت " رۆژێک لە خەو هەستام - una mattina mi son svegliata" و دەبینێت خۆشەویستەکەی کەسێکیتری خۆش دەوێت. ئازار دیتوو لە مەینەتی ئەوین، تەنیا ئەیەوێت بمرێت و ئاوات دەخوازێت کە خۆشەویستەکەی لەپاش مەرگی گۆڵێک لەسەر گڵکۆوەکەی دابنێت.

لە نموونەیکی ئەم سترانە کە دوابەدوای داگیرکرانی ئیتالیا لە لایەن ئاڵمانی نازی دەنگی دایەوە، داگیرکەر (invasor)  جێی رەکابەری عشقی گرتەوە " e ho trovato l’invasor". دوابەدوای شەڕی جیهانی دووهەم کرێکارانی ژنی مەزراکانی برنج لە دۆڵی پۆ [۵] لەگەڵ ئەم سترانە راهاتن. ئەوان لە مێشوولەکان کە لە کاتی کار کردندا ئازاریان دەدان و هاوکات لە سەرکرێکاری مەزراکە کە بە کوتەکێک بەدەستیەوە لە تەنیشتیان رادەوەستێ تووڕە بوون " il capo in piedi col suo bastone – سەرۆک بە کوتەکەکەیەوە راوەستاوە".



زنان کارگر در مزارع برنج

"بێلا چاو" بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣ بەڕێگەی ستران بێژی فڕانسی "ئیۆ مۆنتان" (بە ناوی ئیوو لیوی لە تووسکانی لەدایک بووە) گەیشتەخۆشەویستی راستەقینە. ئەم سترانە بەبێ گۆڕینی سەردێڕە ئیتالیەکەی و چامەکانی هەڵبەستەکە وەرگەڕایەوە سەر زیاتر لە ٤٠ زمان. "بێلا چاو" بەمجۆرە بەیانێکی جیهانی پەیدا کرد، بەیانێک کە لە تەواوی جیهان لێی تێدەگەن. کورت و ساکار دەڵێ لای ئێوە خۆش!

خۆشەویست نە بەهۆی نێت فلیکسەوە

ئەوەیکە ئەمڕۆکەش دیسان ئەم سترانە لە کۆبوونەوەکان و خۆپیشاندانەکان دەهۆنرێتەوە، بە گوتەی پێستێلی بەتایبەت پەیوەندی بەوەوە هەیە کە [خەڵک] بانگێشتی چەپڵە لێدانێکی ریتمیک دەکات، شتێک کە لەگەڵ خۆی تەڤگەر و جوولەی بە کۆمەڵ و شایی و سەرخۆشی دێنێت. مژاری ئازادی گرینگترین تێگەیشتنی گشتی لەم سترانەیە: کەسێک کە "بێلا چاو" دەچریکێنێتخۆی وەکوو مرۆڤێکی ئازاد لە کۆمەڵێکی ئازاددا دەبینێت. ئەڵبەت ئەم بابەتە ناگاتە ئاستی تێکۆشانێکی دیار تا بەرخۆدانێک کە گیانبەختکردنی لێ دەبێتەوە. تێکستی مێلۆدراماتیکی "بێلا چاو" لە کۆتاییدا وەکوو رابردوو بە مردنی قارەمانەکە کە بە شانزیەوە گۆڵێک لەسەر گڵکۆوەکەی دادەنێن کۆتایی دێت. 


دوو ساڵ پێش ئێستا نێت فلیکس بووە هۆی زۆرتر بوونی خۆشەویستی ئەم سترانە. و ئەمە لە رێگەی زنجیرەی "ماڵی دراو"ەوە، درامایەک کە حەقایەتی دزی لە چاپخانەی شاھانەی ئیسپانی دەگێڕێتەوە. "بێلا چاو" تەنیا بەشێک نیە لە سەردێڕ، بەڵکوو رۆڵێکی گرینگ لەم بەسەرهاتە دەگێڕێت: مێشکی پشتەوەی هێڕشەکە سروودە پارتیزانیەکە لە باپیریەوە وەر دەگرێت و خۆی وەکوو تێکۆشەرێکی دژ بە سیستێم وێنا دەکات. دوابەدوای [بڵاو بوونەوەی] ئەم زنجیرەیە جۆرگەلێکی تازەی ئەم سترانە ژەنرانەوە، بەجۆرێک ڤێرژێنێکی رەپی بووە باشترین سترانی هاوینە.

سترانێک بە هێزێکی زۆر

لە ئیتالیادا "بێلا چاو" هێزێکی زۆر بۆ خۆی هێشتووەتەوە. شوێنێک کە لەوێدا ئەم سترانە دەهۆنرێتەوە، هاوکات یەکگرتوو و دادەبڕێت لەیەکتر. کەسێک کە خۆی سەر بە بزاڤی بناژۆ خواز و راستڕەو بزانێت قەت ناتوانێت ئەم سروودە هاوڕێ لەگەڵ کەسانیتر بچڕێت. هەر بۆیە زۆربەی کاتەکان گرووپێکی کۆر (Choir) خۆڕسک لەنێو خەڵکدا دەر ئەکەون، بۆ نموونە وەک کاتێک کە ماتێئۆ سالڤینی سەرۆکی پارتی لگا لەگەڵ رێبواراندا تێکەڵ دەبێت. بەڵام هاوکات "بێلا چاو" دەتوانێت کەسێکی وەکوو ماتێئۆ رێنزی سەرۆک وەزیری مەیلەو چەپی پێشووی ئیتالیا کە لەگەڵ دەنگدەرانی راستی نێوەنجی خەریکی وتووێژە بخاتە دۆخی شەرمساریەوە. لەمدوایانەدا کاتێک لە پرسەیکی گشتیدا ئەم سترانە خوێندرا، رێنزی بە دەمێکی بەستراو لەسەر کورسیەکەی جووڵەی نەکرد.

بەڵام دۆن ماسیمۆ بیانکالانی پێچەوانەی ئەو بوو. قەشەی ویکۆفارۆ (Vicofaro) لە پارێزگای پیستۆیا بۆ خۆی ناوبانگێکی دەرکردووە، لەبەر ئەوەیکە لەکاتی کۆتایی هاتنی عیبادەتی بە کۆمەڵ لە کلیسا زیاتر لە جارێک "بێلا چاو"ی چڕی. بەوجۆرە کە راگەیاندنەکان باسیان کردووە ئەم قەشەیە ویستبووی بەم کارە دژ بە رق و قین هەڵوێستێکی سیمبۆلیک بنوێنێت. ئەڵبەت دیارە کە بەم کارەی بەشێک لە لایەنگرانی دەورووژێنێت.

۱. Eric Hobsbawm and Terence Ranger , invention of tradition
۲. سترانێک کە لە ئیتالیا و  لەسەر ئەساسی مووسیقای سترانی فۆلکلۆری رووسی "کاتیووشا" هۆنراوە
۳. ئاماژەیە بە کۆماری شەورایی باڤاریا لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٨ و ا١٩١٩
۴. مووسیقای فۆلکلۆری جوولەکەی ئەشکەنازی لە ئەورووپای رۆژهەڵات
۵. دەشتێکی مەزن لە باکووری ئیتالیا - Pianura Padana



پەیوەندی‌دار:

"سێلفی لە گەڵ مەک دۆناڵد"

"دنیا کەمە و زەوی غوبار خوێنت فەرقە و خەڵتانی ژار"

زیزترین پیاسەی ئامێزی شار

شیعرێکی حافز مووسەوی

"mongrel"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

بەڵگەیەکی ساواک سەبارەت بە چلۆنایەتی کووژرانی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز یان فێرمۆن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سیاسەتمەدارانی کورد لە دادگاکانی بێلژیک، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی

یەک‌شەممە ۱۱رەشەمە۱۳۹۸/ ۱۶:۱۴