بابەتی گەرم:

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور مکاییل لیزنبێرگ سەبارەت بە چەمک و نۆرمەکانی ناو مەم و زین ی ئەحمەدی خانی

Sunday, February 7, 2021



هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور مکاییل لیزنبێرگ مامۆستا و سەرۆکی بەشی فەلسەفەی زانست لە زانکۆی ئامستردام – هولەند سەبارەت بە  چەمک و نۆرمەکانی ناو مەم و زین ی ئەحمەدی خانی

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست  بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز مکاییل لیزنبێرگ مامۆستا و سەرۆکی بەشی فەلسەفەی زانست لە زانکۆی ئامستردام لە هۆلەند. مامۆستا  هەشت ساڵ ونیو لەمەو بەر میوانی یەکەم بەرنامەی ڕاوێژ بوو لە تێلێڤیزیۆنی  ستێرک دا. ئەو دەمی بەخۆشییەوە هاتە ستودیۆ، بەڵام ئێستا بە ڕێگای سکایپەوە لە گەڵی دەدوێین. هیوادارین لە دادێیەکی نزیک دا دیسان لە ستودیۆ لەگەڵی بین. لەبەرنامەی ئەمجارە دا باسی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکەین لە سەر " مەم و زین" کردوویەتی و بە تایبەتی لە سەر ئەو چەمک و نۆرمانەی لە مەم و زین دا هەن و لە گەڕی بەرنامە دا خۆی زیاتر لەو بارەیەوە دەدوێ. بابەتێکی تایبەتی لە سەر  مەم و زین  دیپاچەکەیەتی کە لەوێدا خانی داوخوازی هەبوونی پادشایەکی کورد دەکا و ئەو لایەنە ڕەهەندەکانی دیکەی ناوەرۆکی مەم و زین ی داپۆشیوە. مامۆستا یەکێک لەو چوار مامۆستای هولەندییە کە شەقڵی خۆیان لە بواری کوردناسی داوە مامۆستایان مارتین ڤان بڕاونیسن، یووست یونگردن و فیلیپ کڕەینبرووک هەر یەک لە بواری خۆیاندا لەمەر کوردۆلۆژی دا کاری بەنرخیان کردووە. مامۆستا مکاییل لیزنبێرگ زۆر بە خێر بێی.

دوکتور مکاییل لیزنبێرگ: زۆر سپاس. ئەمن زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لەم بەرنامەیە دا بەشداری دەکەم. زۆر سپاستان دەکەم، تەنیا بەداخەوە لە بەر پەتای کوڕۆنا و پاراستنی مەودای کۆمەڵایەتی دەبێ بەم ڕییەوە قسە بکەین. ئێستا ئەمن لە ماڵەوەم و دیسان سپاستان دەکەم بۆ بانگهێشتنم.

قازی: مامۆستا بەر لەوەی ئێمە بچینە سەر دیباچەی " مەم و زین" پێم خۆش بوو باسی زەمینەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی خۆت لە سەر " مەم و زین" بکەی لە کەنگێوە دەستت پێ کرد و کەنگێ مرخت بزووت لە سەر مەم و زین؟

یزنبێرگ: بەر لە هەموو شت ئەمن دەمەویست بڵێم ببوورە ئەمن تەنێ کورمانجی دەزانم، سۆرانی هێندێک دەزانم بەڵام کزە بۆیە ئێستا بە کورمانجی قسە دەکەم. بە ڕاستی جاری یەکەم کە ئەمن چوومە کوردستانێ، ئێستا دەکاتە سی و سێ ساڵ لەمەو بەر بۆ جاری یەکەم چوومە باکوور و ڕۆژئاوا. ئەو کاتیش زمانی کوردی لە ژێر گوشارێکی زۆر دا بوو، بەڵام گشت ئەو کوردانەی کە من ناسیمن بە ڕاستی هەموویان سەبارەت بە مەم و زین قسەیان دەکرد. لەو وەختەوە من زانیم کە ئەوە حەماسەی نەتەوەیی کوردانە و پێم وایە لە ساڵی ١٩٩١ بوو ئەو دەقەی کە بۆزئەرسلان کاری لە سەر کردبوو بۆ جاری دووەم چاپ کرا واتە مەم و زین بە پیتی لاتینی و لەگەڵ وەرگێڕانی تورکی. ئەو کتێبە بە ساڵان قەدەغە بوو بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ دا دیسان چاپ کرا. من هێدی هێدی بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە دەستم پێ کرد، بەڵام دیارە ئەوە کاتێکی زۆری برد، چونکە زمانی ' مەم و زین'  زمانی کلاسیکە بۆیە بۆ تێگەیشتنی قامووسێکی زمانی کلاسیکیش پێویستە، قامووسی عەڕەبی و قامووسی فارسیش پێویستن. چونکە زمانی حەماسەی ئەحمەدی خانی زۆر قووڵ ودەوڵەمەندە.

قازی: وەک دەزانین لە سەر دیپاچەی " مەم و زین"  مشتومڕ زۆر کراوە. لەوێدا چەندین بەیت هەن. دەزانین کە خانی لە سەدەی ١٧ دا ژیاوە و لە زەمانی ویدا ئەو چەمکی نەتەوە وەک ئەمجۆرەی ئێستا ئێمە لە مانا و ناوەرۆکی تێ دەگەین، یان حاکمییەتی گەلیی بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە. ئەو حوکمەی کە لە هەرێم و لە جیهاندا هەبووە تەنانەت لە ئوڕووپاش هەبوونی ئیمپڕاتۆریان بووە. بەو شێوەیە نەبووە کە دەوڵەت – نەتەوە هەبن، بەڵام وەک ئێوەش دەزانن لەو دیباچەیە دا  خاڵی ئاوا هەیە  نیشان دەدا ئەوەی لە زەینی خانی دا بووە بۆ ئەو سەروبەندی زۆر تازە بووە. ئەمن دەمەویست لە سەر ئەو گەنگەشە و دمەتەقەیەی کە لەو باەرەیەوە هەبووە دیتنی خۆت بڵێی . منیش چیرۆکێک دەزانم و بەسەرهاتێک دەزانم دواتر لەگەڵ ئێوە و بینەران بەشی دەکەم. ئێوە لە نووسراوەیەکدا بە زمانی ئینگلیسی  کە سەبارەت بە پیرۆز کردنی مەم و زین تان نووسیوە لەوێدا دیتنتان لەگەڵ مامۆستا ڤان بڕاونێسن زۆر لەیەک نزیکە بەو مانایە کە ئەو سەردەمی لە ڕووی سیاسییەوە چەمکێک بە ناوی نەتەوە نەبووە.

لیزنبێرگ: زۆر سپاس. ئەوەی باست کرد زۆر گرینگ و چاوڕاکێشە. وەک ئێوەش دەزانن خانی لە مەم و زین دا دەڵێ لەبەر ئەوە کتێبەکەی بە زمانی کوردی نووسیوە بۆ ئەوەی دەیویست بۆ گەلی کورد شتێک بە زمانی کوردی بنووسێ و لێرە چاپی مەم و زین هەیە کە جان دۆست بەرهەڤی کردووە و من دەمەوێ چەند بەیتی لێ بخوێنمەوە. خانی دەڵێ بۆیە کتێبەکەی بە کوردی نووسیوە بۆ ئەوەی:

" دا خەڵک نەبێژتن کو ئەکراد / بێ مەعریفەتن، بێ ئەسڵ و بنیاد "، یانی لێرە دا خانی دەڵێ دەبێ دنیا بزانێ کە کورد گەلێکی زانان، بەڵام دوو بەیتی چاوڕاکێشی دیکەش هەن:  "هەم ئەهلێ نەزەر نەبێن کو کورمانج/ تشتەک نەکرن ژ بۆ خوە ئارمانج ". یانی دوو شتی زۆر چاوڕاکێش هەن ئەو هەم سەبارەت بە زانست دەنووسێ و هەم سەبارەت بە عیشقیش. شتێکی چاوڕاکێش بوو کاک مارتین ڤان بڕاونێسن وا بزانم نزیکەی ١٥ ساڵ لەمەو بەر بوو وتارێکی نووسیوە و دەوێدا دەڵێ وشیاریی نەتەوەیی خانی شتێکی مۆدێڕن و تازەیە و ڤان بڕاونێسن جار جار هاتووەتە سەر ئەو باوەڕییە کە دیپاچە پارچەیەکی نوێ بێ . دیارە ئێمە هەموو دەزانین بەو قسەیە زۆر کورد عاجز بوون چونکە ئەوان دەیانگوت لە هەموو دەستنووسەکانی مەم و زین دا ئەو بەیتانە هەن و لە نوسخەی هەرە کۆنیش دا. بەلام کاک مارتینیش هەر وای گوتووە. ئەویش گوتی قسەکانی خانی فکرێکی مۆدێڕن و نوێ یە بەڵام ئەو بەیتانە لە هەموو دەستنووسە کۆنەکانیش دا هەن. بە ڕاستی ئەمن بە تەواوی لەگەڵ بۆچوونی کاک مارتین نیم کە ئەوەی خانی گوتوویە فکرێکی بە تەواوی مۆدێڕن بێ. هەر وەک ئێوەش گوتتان ئیرادە و ناسیۆنالیزمی نوێ بریتییە لە حاکمییەتی گەلیی، بە زمانی ئینگلیسی  popular sovereignty، بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن لە  پێوەندی لەگەڵ حاکمییەتی گەل دا فکرێک و ئیدێئۆلۆژییەکی شۆڕشگێڕانەیە، بەلام لە ' مەم و زین' دا ئەو فکری حاکمییەتی گەلیی، سەروەری گەل ئەو فکرە بە ڕاستی نییە، خانی باسی ئەوە دەکا کە میری کوردان دەبێ سەربەخۆ بێ و یارمەتی کوردان بکا. یانی حاکمییەت بە دەستی میرە و لە هەمان کات دا وشیاری ' نەتەوەیی ' خانی شتێکی شۆڕشگێڕانە نییە و شتێکی چاوڕاکێشی دیکەش هەیە ئەو لە مەم و زین دا باسی شانامەی فیردەوسیش دەکا و زۆر لە حیکایەت و چیرۆکەکانی فیردەوسیش دەگێڕێتەوە، بەڵام چیرۆکێکی فیردەوسی لە مەم و زین دا نییە ئەویش چیرۆکی ' کاوە ' یە. یانی کاوە بە دژی میر شۆڕش دەکا بەڵام لە هەمان کاتدا فیردەوسی دەڵێ کە لە زەمانی کاوە دا هەموو ساڵێ چەند منداڵیان گرتووە و هێناویانە چیا و لەوان کورد پەیدا بوون. و ئەمن واقم وڕما کاتێک زانیم ئەو چیرۆکە لە مەم و زین دا نییە. ڕەنگە خانی چیرۆکەکانی شانامەی نەخوێندبێتەوە و بۆیەش سەبارەت بەو ڕاپەڕینەش نانووسێ. جابۆ یە ئێمە دەتوانین بڵێین لە مەم و زین دا ڕەگەیەکی بیری " نەتەوەیی " هەیە ، بەڵام ئەوە وەک ئیدەئۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن نییە، ئیدێئۆلۆژییەکی نوێ نییە بۆیە  زیاتر لە سەر میر دەنووسێ و هەر وەها سەبارەت بە کیمیا. لە چەند پارچان دا ئێمە دەتوانین ببینین کە ئەوە حەماسەیەکی سەدەی حەڤدەهەمە. بۆیە مەم و زین حەماسەیەکی کلاسیکە و ئەگەر ئێمە بڵێین لە مەم و زین دا ناسیۆنالیزم و ولاتپارێزی مۆدێرن هەیە ئەوە قسەیەکی ئاناکرۆنیستە واتە لەگەڵ سەروبەندەکە جۆر دەرنایەتەوە چونکە ئەو دەمی ناسیۆنالیزم نەبووە.

قازی: ئێوە لە وتارەکەشتاندا باستان کردووە و بە گشتی هەموان لە سەری ڕێکن کە خانی مەم وزینی لە سەر بنەمای چیرۆکی گەلیی " مەمی ئالان" کە لە فۆلکلۆر و سینگی خەڵک دا بووە هۆندووەتەوە و تەنانەت باسی ئەوەش دەکرێ فیردەوسیش لە نووسینی  شانامە دا پشتی بەستووە بە خودایەک نامە. مامۆستا مایکڵ شایەد ١٩ ڤێرسیۆنی مەمی ئالانی کۆ کردووەتەوە و وەری گێڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیسی. دیارە ناوەرۆکی " مەمی ئالان" و " مەم و زین" ی خانی لێک جیاوازن. هەم ئێوە و هەم مامۆستا مارتین ڤان پڕاونێسن لەو وتارەی دا کە ئێوە باستان کرد و لە ئەسڵی خۆی دا ئی ساڵی ١٩٩٥ ە. یانی ئەوە وتارێک بوو کە لە سێسەد ساڵەی نووسرانی مەم و زین لە ستۆکهۆڵم پێشکێشی کرد. کۆمەڵەی نووسەرانی کورد لە سوێد بەو بۆنەیەوە سێمینارێکی ساز کرد بوو مامۆستا مارتین ئەو مەقالەیەی لەو سێمینارە دا خوێندەوە بە ئینگلیزی بوو کە من بە کوردی وەرم دەگێڕا و بەر لەوەی کە وەرگێڕاوی ئەو وتارە لە گۆواری " گزینگ " دا چاپ بێ، لەو دەمیدا نەمر محەمەدی مەلا کەریم کە زانایەکی کورد بوو لە ئوڕووپا بوو. من نوسخەی وەرگێڕاوەی وتارەکەم بۆ نارد. دیارە ئەوەی مامۆستا مارتین نووسیبووی بە دڵی وی نەبوو بەڵام گوتی هەتا وتارەکە چاپ نەبێ من وڵامی نادەمەوە و لە سەری نانووسم. دوایە وتاری مامۆستا ڤان بڕاونێسن لە گزینگ دا چاپ کرا. دیارە ڤێرسیۆنی چاپکراوی ئینگلیسی هێندێک گۆڕانی تێدا کراوە. بەڵام دواتر مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم لە سێ ژمارەی گزینگ دا وڵامی مامۆستا مارتینی دایەوە و دواتریش وەک نامیلکەیەک بڵاو بووەوە. وا بزانم لە هاوینی ٢٠٠٩ کۆنفڕانسێک بوو لە سلێمانی یانی دوای چاردەساڵ دوای سێمینارەی ستۆکهۆڵم، کە ئەتۆش لەوێ بووی لەگەڵ مامۆستا مارتین و لەوێ چوون سەردانی ماڵی محەمەدی مەلا کەریمتان کرد کە نەخۆش بوو و ئەو دیدارە بووە هۆی ڕەوینەوەی تەمی نێوانناخۆشی و ئاشت بوونەوە. ئەمن دەمەوێ بە کورتی باسی ئەو سەفەرە بکەی و دووهەم گەلۆ یەکەم تێکستی مەم و زین هەر ئەوەیە کە لە ڕۆژنامەی " کوردستان" دا بڵاو بووەتەوە یان بەر لەویش بە چاپکراوی هەبووە؟

لیزنبێرگ:
 بە ڕاستی ئەوە زۆر سەفەرێکی خۆش بوو. لە سلێمانی کۆنفڕانسێکی گەورە هەبوو سەبارەت بە تەریقەی نەخشبەندی. ئێوارەیەک ئێمە چووینە ماڵی محەمەدی مەلا کەریم. دیارە من پێشتر سەبارەت بەو جیاوازی بیروڕایەم بیستبوو، بەڵام ئێوارەیەکی خۆش بوو. ئەوان نەک وەکوو دوو نەیار بەڵکوو دوو کەسی شارەزا لەگەڵ یەک ڕوو بە ڕوو بوون. ئەوان زۆر بە حورمەتەوە لەگەڵ یەکدی دوان، هەر چەند لەوانەبوو لەگەڵ بیروڕای یەکتریش نەبن بەڵام بە گشتی بە برایەتی و هەواڵەتی بەیەکەوە دانیشتن. دەکرێ بڵێێن ئەو دەمی زۆر کورد لە کاک مارتین ڤان بڕاونێسن عاجز ببوون چونکە ئەوان پێیان وا بوو ئەو گوتوویە پارچەی دیپاچەی  ' مەم و زین"  ساختەیە و ڕاست نییە. بەڵام ڤان بڕاونیشن قەت شتێکی ئاوای نەگوتووە. ئەمن تێ ناگەم بۆچی هێندێک کەس ئەوەندە دڵگران و عاجز بوون سەبارەت بە شتێک کە قەت نەگوتراوە. ئەو دیدارە لەو ئێوارەیە دا زۆر خۆش بوو. بەداخەوە ئێستا کاک محەمەدی مەلا کەریم نەماوە و وەفاتی کردووە بەڵام ئەمن زۆر دڵخۆشم کە ئەو دوو مرۆڤانەم بە یەکەوە دی و لە نزیکەوە گفتوگۆیان کرد. و دوای ئەو سەفەرەش ئەمن چەند جاری دی چوومەتە باکوور و باشوور و هەر کات کۆنفڕانسێک لە سەر  ' مەم و زین'  کرا بێ هەمیشە کەسێک سەبارەت بە کاک مارتین قسەی کردووە. سەبارەت بە پرسی لە مەڕ چاپی مەم و زین  لێرە دا شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە، زۆر دەستنووسی مەم و زین هەبوون بە تایبەتی لە باکوور، بەڵام زۆر کەمتر لە باشووری کوردستان. ئەمن لە سلێمانی جارێک چوومە ماڵی محمەد عەلی قەرەداغی ئەو زۆر لە سەر دەستنووسی کوردی دەزانێ. ئەو گوتی چەند دەستنووسی " مەم و زین"  لە کتێبخانەی بەغدا دا هەبوون. بەڵام بە گشتی لە باشوور زۆر کەمتر هەیە و لە فۆلکلۆری کوردیش دا ئێمە دەتوانین بڵێین ڤێرسیۆنی " مەمی ئالان"  یانی ڤێرسیۆنی زارەکی بە گشتی لە باکوور هەیە و لە باشوور زۆر کەمتر هەیە. ئەمن ناڵێم نینە، بەڵام کەمترن. و هەر وەک مایکڵ شایەدیش نووسیویەتی زۆر ڤێرسیۆنی دیکە هەن بەڵام لێرەش دا شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە. زۆر کەس دەڵێن کە نەریتی زارەکی کوردان وەکوو هەموو نەریتی زارەکی جەماوەری شتی نەتەوەیین یانی بۆ وێنە لە ئوڕووپایە لە سەدەی ١٩ دا برایانی گریم فۆلکلۆری ئاڵمانیان کۆ کردووەتەوە و ئەوان گوتوویانە کە فۆلکلۆری تەواو  و خالیس ئاڵمانی هەیە و تەبعەن ئەوانە حەکایەت و چیرۆکی ئاڵمانی بوون. ئەوەش بەشێک لە پڕۆژەی ناسیۆنالیستی بوو  و لە هەمان کاتدا ئێمە دەتوانین بڵێین لە ئوڕووپا و لە ڕۆژهەڵاتی نزیک دا ئەو نەریتی زارەکی شتی تەنیا تاک نەتەوەیی نین یانی ئێمە دەتوانین ببینین بۆ وێنە لە کوردستانێ دا نەریتی زارەکی هەبوو بەڵام ئەو نەریتە فرە زمانی بوو، یانی زۆر ڤێرسیۆنی ' مەم و زین'  بە زمانی ئەرمەنی و بە زمانی سوریانیش هەبوون و لە هەمان کاتدا ڤێرسیۆنی کوردی ' مەم و زین '  لە لایەن دەنگبێژ و عاشقی ئەرمەنی ڕا گوتراون. یانی ئەوە تەنیا موڵکی کوردان نەبوو، بەڵکوو ئەوە لە لایەن چەند کەس ڕا کە نە بۆخۆیان کوردن و نە زمانیان کوردی یە گوتراوە. و بە گشتی ئێمە دەتوانین بڵێین نەریتی زارەکی ڕۆژهەڵاتی نزیک شتێکی نەتەوەیی نییە بەڵکوو شتێکی کۆسمۆپۆلیت یان جیهان نیشتمانی یە. بۆ وێنە ئێمە دەتوانین لە نێو نەریتی زارەکی  کوردی دا زۆر چیرۆکی شانامەی فیردەوسی ش ببینین. بۆیە دەتوانین بڵێین نەریتی زارەکی  هەر کوردی یان هەر ئەرمەنی و یان هەر فارسی نییە. نەرێتێکی ئێرانی کەونارا هەیە. نەرێتێکی کۆسمۆپلیت وەک کۆسمۆپۆلیتیزمی لاتینی لە ئوڕووپا دا.



 قازی: بەڕێز لیزنبێرگ دیارە هەم مامۆستا ڤان بڕاونێسن  و هەم ئێوەش لە وتارەکەتان دا باسی ئەوە دەکەن مەم و زینی خانی بە شێوەزاری سۆرانی کە هەژاری موکری وەخۆی کردووە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا چاپ کراوە. دیارە ئەوە لە بەغدا نەبوو بەڵکوو لە چاپخانەی شۆڕش داچاپ کراوە بەڵام لە پشت بەرگەکەی نووسراوە بەغدا ئەوە کراوەتە شێعری سۆرانی. بەڵام دەقێکی ' مەم و زین ' هەیە کە لە ساڵی ١٩٠٣، نەک مەمی ئالان بەڵکوو مەم و زین کاتێک کە ئۆسکار مان چووەتە سابڵاغ واتە مەهابادی ئەمڕۆ  بەیتبێژ یان حەکایەخوانی کورد ڕەحمان بەکر بۆ گوتووە کە تێکەڵاوێکە لە پەخشان و شێعر و لە کۆتاییش دا دەڵێ: " یا ڕەبی ڕەحمان بەکر نەمری، بە چوار ڕۆژان ئەو بەندەی بۆ ساحێبی ئاڵمانی کرد تەواوە، ئێستا ڕوحوڵا لە سەر ساحێبی ئاڵمانی ڕاوەستاوە، ئاغای ساحێب بە ساغ و سڵامەتی لە هەموو دەریایان پەڕێوە، لە دایک و خوشکی خۆت بکەی سڵاوە. " چونکە ئۆسکارمان لە ماوەی سەفەرە دوورودرێژەکانی دا نامەی بۆ خوشک و دایکی خۆی نووسیوە. وا دیارە ئەوەی بۆ ڕەحمان بەکر باس کردووە. مەبەستم ئەوەیە ئەو دەقەی مەم و زین لە نەریتی زارەکی کوردیی سۆرانی دا هەیە بەڵام ناوەرۆکی لەگەڵ مەم و زین ی خانی جیاوازە چونکە لێرە دا مەم کوڕی پادشای یەمەنە و پەری ش لەو دەقە دا هەن وەک ئەوەی کە ئێوە نووسیوتانە بە پێچەوانەی ' مەم و زین' ی خانی کە باسی پەریانی تێدا  نییە. پەرییەکان کە سێ خوشکن دەچن مەم دەبەنە لای زین و زین دەبەنە لای مەم و لە سەر بنەمای ئەو دەقەی مەم و زین خودالێخۆشبوو عوبەیدیلای ئەیوبیان لە زانکۆی تەورێز پلەی لیسانسی وەرگرتووە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ناوی مەم وزین بەر لە هەژاریش لە کوردیی سۆرانی دا هەبووە. گەلۆ ئێوە بیستوتانە لە هەورامی کوردیش  دا مەم و زین هەبێ؟

لیزینبێرگ: بە ڕاستی من نازانم ئەگەر بە هەورامیش هەبێ. بەڵکوو هاواڵی دیکە بزانن. من چەند جار پرسیومە و قەت نەمبیستووە ڤێرسیۆنێک بە هەورامیش هەبێ. ئەوە شتێکی چاوڕاکێشە کە بۆچی ئەوەندە زۆرتر و باشتر لە باکوور دا گوتراوە و زۆر کەمتر لە باشوور. تەبعەن لە باشوور نەریتی زارەکی و نەریتی فۆلکلۆری هەبووە و وەک ئێوە باستان کرد لە ساوجبولاغ ( مەهاباد) یش هەبووە بەڵام مۆتیڤی مەم و زین بە تایبەتی لە باکووری کوردستان دایە. ئێمە دەکرێ بپرسین بۆ چی وا بووە و بەگشتی وا گوتراوە کە لە ڕابردوو  دا نەریتی ڕەسەنی زارەکی هەبووە و حەماسەی ئەحمەدی خانی لە سەر بنەمای ئەو نەریتە هەڵنراوە. ئەوە دەکرێ وا بێ بەڵام بە ڕاستی ئێمە نازانین چونکە ڤێرسیۆنی هەرە کۆنی زارەکی ئی سەدەی نۆزدەهەمن و وەک ئێمە دەزانین حەماسەی خانی ئی سەدەی حەڤدەهەمە. ئەمن قەت لە جێیەک نەمدیتووە بۆ وێنە مەلا مەحموودی بایەزیدیش سەبارەت بە ' مەم و زین' نووسیویە بەڵام تەنێ لە سەر حەماسەی خانی نووسیوە و باسی  ئەوە ناکا کە نەریتێکی زارەکی ش هەبوو بێ. بۆ وێنە لە کتێبێ مێژوویی شەڕەفنامە واتە لە کتێبی شەڕەفخانی بتلیسی دا کە ئەمن خوێندوومەتەوە و لەوێدا کاتێک شەڕەفخانی جزیری باسی جزیرا بۆتان دەکا ئەو هیچ لە سەر مەم و زین یان حەماسەی مەمی ئالان نانووسێ. یانی بە ڕاستی ئێمە باش نازانین گەلۆ لە ڕابردوو دا نەریتیكی زارەکی هەبووە یان نا؟ دەبێ هەبووبێ، مومکینە هەبووبێ بەڵام ئێمە بە باشی لەو بارەیەوە نازانین. تەنێ جارێک یان دوو جار بەر لە خانی پێم وا بێ مەلای جزیری هێندێک باسی " مەمی ژار " دەکا، ڕەنگە لە یەکێک لە دەستنووسەکانی شەڕەفنامەی بتلیسیش دا دا پارچەیەک لە مەم و زین بە وێنا و هێمایەکی کورت باسی لێوە کرا بێ. ئەوە حەوجێی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکا. بە گشتی دەتوانین بڵێین لە ڕابردوو دا نەک هەر نەریتێکی زارەکی هەبووە و بە دووی ئەو دا نەرێتێکی نووسراوەیی. لەو فەزا کۆسمۆپۆلیتەی ئەو زەمانی دا زۆر  تێکەڵاوی و کۆنتاکت لە نێوان نەریتی زارەکی و نەریتی نووسراوەیی دا هەبووە. ئێمە دەکرێ ئاوای ببینین بۆ وێنە ئەگەر تەماشای شانامەی فێردۆسیش بکەین. هێندێک لێکۆڵینەوە سەبارەت بە فیردەوسی کراوە کە دەزانین هێندێک پارچە لە چیرۆکەکانی شانامە بە کوردیش گوتراون بۆ نموونە چەند ڤێرسیۆن بە هەورامی هەیە و لەم ڕۆژگارە دا چاپ کراون.

قازی: مامۆستا هاوکاری من هەندرێن هەورامی کە بۆخۆشی خەڵکی هەورامانە و ئێستا لە ژووری فەرمانە دەڵێ نووسەر و لێکۆلەرەوەیەکی  کورد بە ناوی نامیق هەورامی، ڤێرسیۆنێکی مەم و زینی بە زمانئ هەورامی، بە شێوەزاری هەورامی لە باشووری کوردستان چاپ کردووە. وا دیارە بە زمانی هەورامیش، بە شێوەزاری هەورامیش ڤێرسیۆنی مەم و زین هەیە.

لیزینبێرگ: ئەوە خەبەرێکی خۆشە، گەلێک سپاس

قازی: مامۆستا ئێستا دەتوانین بێینە سەر ئەو لایەنانەی مەم و زین کە دەکرێ بڵێین ئێوە کەشفتان کردووە چەمک و نۆڕمی وەکوو جێندر، وەکوو ئەوین ، وەکوو سێکسوالیتی یان جینس لە " مەم و زین" ی خانی دا. ئێوە لە وتارەکەتان " مەم و زینی ئەحمەدی خانی ، پیرۆز کردنی حەماسەی نەتەوەیی کورد " دا بە دروستی دەنووسن لایەنی تەسەوف، لایەنی عارفانە لە مەم و زین دا هەر چەند هێندێکان باسیان لێوە کردووە بۆ وێنە مەلا مەحموودی بایەزیدی یان دواتر خەڵکی دیکەش، بەڵام لێکۆڵینەوەی ئێوە لەو بارەیەوە بە تایبەتی ئەوەی کە ئێوە بۆ ئارگومنێنتەکەتان شێعری خانی بۆ خۆی دەکەنە پاڵپشت زۆر چاوڕاکێشە جا ئەگەر بکرێ باسەکەتان لە جێندر واتە جینسی کۆمەڵایەتی لە مەم و زین دا درێژە پێ بدەین.

لیزنبێرگ: زۆر سپاس، ئەو باسە زۆر سەرنجڕاکێشە چونکە ئەمن بۆ لێکۆڵینەوە ئاکادێمیەکانی خۆم دا جار جار لە مێژووی جینسییەت واتە history of sexuality  م کۆڵیوەتەوە و بە تایبەتی فەیلەسووفێکی فەڕانسەیی بە ناوی میشێل فۆکۆ سەبارەت بەو مێژووە زۆر شتی نووسیوە. دیارە ئێمە دەزانین کە ژن بوون و مێر بوون شتی  تەبیعی یە و جینسییەتێش تەواو شتێکی تەبیعی یە. بەڵام فۆکۆ دەڵێ مەفهوومی ژن و پیاو و مەفهوومی جینسییەت  خاوەن مێژووی لەمەر خۆیانن. فۆکۆ بە تایبەتی لە مەڕ یۆنانی کلاسیک دا نووسیویە، بەڵام ئەگەر ئێمە لە هیندووستانی کلاسێک و چینیش بڕوانین لەوێش دەتوانین ببینین مەفهووم و نۆڕمی جێندر واتە مەفهوومی ژن و پیاو و مەفهوومی جینسییەتیش زۆر کەم وە مەفهوومی مۆدێڕن دەچن. لەوێش دەتوانین ئێمە مێژووی جینسییەت و مێژووی ژن و پیاو ببینین. کاتێک ئەمن ئەوەم خوێندەوە لە ناو مەم و زین یش دا تووشی ئەو نۆڕمە هاتم. تەبعەن هەر وەک ئێوە گوتتان خانی لە مەم و زین دا بە تایبەتی سەبارەت بە عیشق دەدوێ. وەک ئێمە دەزانین عیشق لە بناوانی خۆی دا مەفهوومێکی عارفانە و سۆفیانەیە، بەڵام لە هەمان کات دا خانی باسی عیشق و دڵداری لە نێوان پیاو و ژنیش دا دەکا. بۆ وێنە ئەوینی نێوان مەم و زین. بەڵام زۆر فۆڕمی دیکەی عیشق لە ناو مەم و زین دا هەیە و ئەمن لە باوەرە دام ئەگەر ئێمە بە مەفهوومی تیوریکی جینسییەت چاو لە بەرهەمی مەم و زین بکەین دەتوانین چەند شتی تازەش ببینین. بە ڕاستی ئەوە بۆ منیش وەک شتێکی سەیر و چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە زۆر کەس لەم ڕۆژگارە دا پێیان وایە نۆڕم و پێوەری جینسییەت هەمیشە وەک ئێستا بوون، بۆ وێنە ئەمڕۆ گەلێک کەس دەڵێن لە دینی ئیسلام دا هاوڕەگەز خوازی قەدەغەیە بەڵام ئێمە دەزانین لە دەقی کلاسیکی ئەدەبییاتی فارسی دا زۆر باسی عیشق و دڵداری هاو ڕەگەزان نووسراوە. بۆ وێنە نووسەری ئاوا دەبینی کە باسی کوڕی جوان دەکا کە ئاشقی بووە و ئەو بە مەعشووقی خۆی دەزانێ. یانی ئەو جۆرەی کە ئێمە دەیبینین ئەوە عیشقێکی هاوڕەگەزییە، بەڵام لە سەردەمی کۆن دا ئەو پێوەندییە بەو شێوەیەی ئێستا نەبیندراوە. ئێمە هەموو دەزانین کە لە قورئان دا وەک کارێکی قەدەغە باسی لەوات (لواط) هاتووە، لەوات وەک کردەوەیەک بووە و عیشق خۆشەویستییەک بوو لە دڵی مرۆڤ دا. جا لە مەتنی کۆن دا و لە ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسی دا عیشق و لواط دوو شتی تەواو سەربەخۆن و وەک ئەو ڕۆژگارە وەکوو شتێیکی وەکوویەک نەدیتراون.


قازی: ئەگەر بکرێ نموونەی لە ' مەم و زین ' دا باس بکەی.


لیزنبێرگ: ئەوە بۆ منیش زۆر سەیر و چاوەڕواننەکراو بوو کاتێک من سەبارەت بە مەفهوومی ' عیشق ' لە مەم و زین دا دەمنووسی بۆ وێنە کاتێک کە مەم و تاژدین، زین و ستی دەبینن تەبعەن ئێمە دەزانین کە دە چیرۆکەکە دا مەم و تاژدین جلوبەرگی ژنانەیان دەبەر کردووە و ستی و زینیش بەرگی پیاوانەیان پۆشیوە. ستی و زین کە جلکی پیاوانەیان دەبەر کردووە ئەگەر حەزیان لێک کردبا ئەوە شەرم بوو، عەیب بوو کاری کرانێ نەبوو. ژن ناتوانێ حەز لە ژن بکا. بەڵام لە هەمان کات دا بۆ مەم و تاژدین ئەوە هیچ کێشەیەک نییە.و لە هەمان کاتدا شتێکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە هاواڵەتی لە نێوان مەم و تاژدین دا وەک عیشقیش دەبیندرێ. یانی خانی بە ئاشکرا دەڵێ ئەوان نەک هەر هاواڵن بەڵام هەر دووکیان عاشقیشن. لە بەیتی ٤٦٣ لە چاپی جان دۆست دا لەمەڕ مەم و تاژدین دا دەڵێ:  " هەرچەندی برایێ ئاخیرەت بوو، تە دگۆ دنێ و ئاخیرەت بوو". یانی مەم و تاژدین برای ئاخیرەت بوون. دوو بەیتی دیکەش هەیە " ئەو هەر دوو جوان و لێک عاشق/ ئەو هەر دوو برا و پێکڤە سادق" و ئێستا شتێکی سەرنجڕاکێش مەم و تاژدین وەک لەیلا و مەجنوون باسیان دەکرێ. " یەک قەیسی زەمانە یەک لەیلا  /  یەک وامیقی عەسرە یەک عەزرا"

قازی: یانی دیارە خانی هەم ئاگادار بووە لە لەیلی و مەجنوون واتە لەیلی و قەیس  کە قەیس دوایە شێت بووە و بووەتە مەجنوون و هەم ئاگادار بووە لە بەسەرهاتی نامیق و عەزراش.

لیزنبێرگ: بەڵێ. ئەوە شتێکی سەرنجراکێشە کە خانی هەر باسی هاواڵەتییان ناکا، بەڵکوو هاواڵەتییەکەیان وەک عیشقیش دەبینێ.

قازی: مامۆستا ئێستا نزیکەی دە دەقیقەمان کات ماوە بگەینە سەر چەمکی کۆسمۆپۆلیتیزمیش. هەر وەک ئێوە لە مەقالەکەتان " پیرۆز کردنی حەماسەی نەتەوەیی کورد " دا باستان کردووە لەمەڕ کۆسمۆپۆلیتیزم لە ئەدەبی فارسی دا بەڵام کاتێك ئەوە دەڵێین دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەو دەمی زمانی فارسی تەنێ لەمەڕ وڵاتی ئێرانی ئێستا نەبووە یانی جوغرافیایەکی بەربەرینی وەبەر داوە و هەتا بەر لە داهاتنی  " ڤێرناکیولاریزاسیۆن" لە عوسمانی دا زمانی فارسی باوە بووە و ڕەواجی هەبووە. و پاشان ئەگەر دەکرێ باسی هاوتای مەم و زین  دە ئەدەبی گورجی و ئەرمەنی ش دا بکەن. چونکە لەو ڕووەوە لێکۆڵینەوەتان کردووە ئەگەر ئەوەش باس بکەن لە جێی خۆیدا دەبێ.

لیزنبێرگ: بۆ ئەوەی نەکا هێندێک لە بینەران لە قسەکانی من عاجز بن ئەمن ناڵێم مەم و تاژدین هۆمۆسێکسوێلن بەڵام من دەمەویست بڵێم نۆڕمی جینسییەت و عیشق لە سەردەمی کلاسیک دا وەک نۆڕمی ئەمڕۆ نەبوون. یانی دە مەم و زین دا عیشق شتێکی ئەخلاقی یە و شتێکی جینسی نییە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە. وەک من پێشتریش باسم کرد نەریتی زارەکی کۆسمۆپۆلیت هەبوو. ئێمە دەتوانین بڵێین ئەوە شتێکی ئێرانی بوو یان لەگەلێک زمانی ئێرانی دیکە دا هەبوو.

قازی: بۆ کۆسمۆپۆلیتیسم دەکرێ بڵێین جیهان نیشتمانی

لیزینبێرگ: بەڵێ جیهان نیشتمانی وشەیەکی جوانە. یانی لە ئوڕووپا کۆسمپۆلیت زمانی لاتینی بوو و لە هیندووستان زمانی سانسکریتی کلاسیک و ئێمە دەتوانین بڵێین زمانی فارسی ئەدەبی بۆ وێنە زمانی فیردەوسی، زمانی نیزامی و زمانی ڕوومی و زمانی حافز وەک زمانێکی کۆسمۆپۆلیت دەبیندرا و بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و سەفەوی دا لە باڵکانەوە، لە بۆسنیا و ئاڵبانی ڕا هەتا هیندووستان و بەنگالادێش وەک زمانی ئەدەبی پێی دەنووسرا. بەڵام هەر وەک ئێوەش گوتتان بە تایبەتی لە سەدەی شازدە و حەڤدە دا لە ئیمپراتۆری عوسمانی دا هێدی هێدی زمانی زارەکی وەک زمانی  نووسینیش سەر هەڵدەدەن، نەک لە مەر زمانی کوردی بە بەرهەمی عەلیی تەرەماخی و ئەحمەدی خانی، بەڵام لە هەمان کاتدا زمانی ئەرمەنیی مۆدێڕن و زمانی یوونانی مۆدێڕن و زمانی ڕۆمانی و بولگاری وهتاد. ئەوانیش وەک زمانی نووسین دەکار کران. و ئەو گۆڕانی زمانی زارەکی بە زمانی نووسین ئێمە بە ئینگلیسی پێی دەڵێین پێواژۆی vernacularisation، مخابن من هەتا ئێستا وشەیەکی هاوتای کوردیم بۆ نەدۆزیوەتەوە.

قازی: هەر وەک گوتتان دەکرێ بڵێین  ڤێرناکیولار زمانێکی زارەکی خۆماڵی یە کە خەڵک قسەی پێ دەکەن و پێواژی کردنی بە زمانی نووسین دەبێتە ڤێرانکیولاریزەیشن.

لیزنبێرگ: کردنی زمانی زارەکی بە زمانی نووسین. لێرەش دا شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە کە ئەو شارستانییەتی کۆسمۆپۆلیتی ئێرانی/ فارسی نەک هەر لە ناو گەلانی موسڵمان دا خوێندراوە بەڵکوو لە ناو گەلانی مەسیحیش برەوی بووە. ئەمن جارێک وتارێکم نووسیوە و تێیدا باسم کردووە چلۆن حەماسەی نەتەوەیی کوردی یانی حەماسەی ئەحمەدی خانی نووسراوە چەند سەد پێشتریش حەماسەی گورجستانی نەتەوەیی نووسراوە، ناوی ئەو حەماسەیە بە گورجی  ვეფხისტყაოსანი /vepkhnist’q’aosani   بووە کە مانای کوردییەکەی دەبێتە " پاڵەوانێک لە دێوجامەی بەور دا" ئەو حەماسەیەش وەکوو حەماسەی ئەحمەدی خانی بە ئاشکرایی دەڵێ دەبێ ئەمن بە زمانی گورجی بنووسم هەرچەند چیرۆک لە وڵاتی فارس/ ئێرانی زمانیشەوە هاتبێ. ناوی نووسەرەکەی شۆتا ڕۆستەڤێلی یە و لە سەدەی دوزادەهەم دا گوتراوە. لە سەر بنەمای هەمان ئەدەبی کلاسیکی فارسی هەڵنراوە بەشێوەیەک لە شێوەکان وەک  بەرهەمی ئەحمەدی خانی واتە مەم و زین وایە. لە هەمان کاتدا حەماسەیەکی نەتەوەیی ئەرمەنی هەیە کە پێشتر لەوەی گورجیش گوتراوە ناوی  داودی ساسوونی یە یان قارەمانانی ساسونی ، مەجنوونانی ساسوونی یە و تەنیا ڤێرسیۆنی زارەکییەکەی دەست کەوتووە کە دواتر نووسراوەتەوە و لێکۆلەرەوەی ئەرمەنی دەڵێن شتێکی هەتا بڵیی کۆنە، بەڵام بەر لە سەدەی شازدەهەم پێی نەزاندراوە. لە سەدەی شازدەهەم دا دوو کەسی پورتوگالی دێنە ئەرمەنستانێ و دەڵێن حەماسایەکی زارەکی یان دۆزیوەتەوە سەبارەت بە کەسێک بە ناوی داودی ساسوونی.

قازی: با ئێستا بێینە سەر وەرگێڕانی ' مەم و زین ' ئێوە لە سەر ئەو بابەتە کارتان کردووە بۆ ئەوەی وەری بگێڕن بۆ سەر زمانی هولەندی، چونکە دەزانین چەند وەرگێڕانی ئینگلیسی مەم و زین هەیە، بە فارسی هەیە، و هەژاری موکریانی کردوویەتە سۆرانی، بە عەڕەبی هەیە. ئێوە حەولتان داوە بیکەنە هۆلەندی و ئەوە چۆنە؟


لیزنبێرگ: بە داخەوە خەبەرێکی هێندە خۆشم پێ نییە لەو بارەیەوە. ئێستا ئەوە نزیکەی دە ساڵە ئەمن مەم و زین م وەرگێڕاوەتە سەر زمانی هولەندی و بە شێعر وەرم گێڕاوە. من ڕووم لە چەند وەشانخانان نا و پرسیارم لێکردن گەلۆ دەیانەوێ ئەو کتێبە چاپ بکەن؟ بە گشتی وڵامیان ئەوە بوو لە هولەند بازاری فرۆش بۆ ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی نییە و ئێمە ناتوانین و دواتر بەڕێوەبەری یەکێک لە وەشانخانەکان گوتی شتێکی سەرنجڕاکێشە ئێمە دەمانەوێ چاپی بکەین بەڵام سالێک دواتر ئەو بەڕێوەبەرە خانەنشین بوو و کارەکەی تەواو کرد و من دیسان گەڕام و وەشاخانەیەکی دیکەم دۆزیوەتەوە و ئەوان دەیانەوێ چاپی بکەن بەڵام دەڵێن ئەگەر دەکرێ ئەمن وەرگێڕاوێکی پەخشانیان بدەمێ بۆ ئەوەی بڵاوی کەنەوە. مخابن جارێ کارەکەم تەواو نەبووە و ئەگەر خودا یار بێ ساڵی داهاتوو ئەمن وەرگێراوی هولەندی مەم و زین چاپ دەکەم.

قازی: ئەی مامۆستانە ئەو دەقانەی بە ئینگلیسی هەن چۆنن، ئەوەی سەلاح سەعدوڵا بۆ نموونە؟


لیزنبێرگ: ئەمن پێم وایە وەرگێڕاوەکەی سەلاح سەعدوڵا باشترینە دە ناویان دا. بە تایبەتی لە مەر لایەنی تەسەوف و عارفانە زۆر بە دروستی بە زمانی ئینگلیسی وەری گێڕاون. لە مەم و زین دا هەم زاراوە و فەرهەنگی زانستی و هەم عارفانە و سۆفیانە هەن، ئەگەر تەماشای دەقەکانی دیکە بکەی دەبینی وەرگێڕانی ئەو چەمکانە بۆیان زەحمەت بووە، بۆ  محەمەدەمین بۆزئەرسلانیش جار جار زەحمەتە.

قازی: بەڵام کارەکەی مامۆستا بۆزئەرسلان  ڕەخنەی لێ گیراوە بە تایبەتی لە لایەن مامۆستا هەژار ڕا. هەژار باسی ئەوەی کردووە و دەڵێ هەر وەک بەدرخانی پەسنی مەم و زین یان داوە و گوتوویانە کتێبی کوردانە. هەژار باوەری وایە دەبێ دەست لە مەم و زین وەر نەدرێ و چۆنی خانی نووسیویە ئاوا ئاستە بکرێ. بەڵام مامۆستا بۆزئەرسلان پەیڤە عەڕەبییەکانی کردووەتە کوردی مۆدێڕنی ئێستا کە لەوانەیە زۆر جار بۆ خوێنەرەوەی کورد مەفهووم نەبێ و لێی تێنەگەن. بۆچوونی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟


لیزنبێرگ: بە ڕاستی ئەمن نامەوێ ڕەخنە لە کاک حەمەدەمین بۆزئەرسلان بگرم. کارەکەی وەی گەلێک گەلێک گرینگ بوو بۆ هەموو کوردان. ئێمە دەبێ زۆر سپاسی لێ بکەین. بەڵام پێویستی بە وەرگێڕانی مۆدێڕن هەیە و ئەوەش کێشە ساز دەکا. لە بەر ئەوەی کە زمانی ئەحمەدی خانی بە ڕاستی زمانێکی کلاسیکە و گەلێک پەیڤ و وشەی تێکنیکی عارفانە و زانستی کلاسیکی تێدایە و هەر وەها فەلسەفەی ئیسلامی کلاسیکیشی تێدایە. چاپی جان دۆستیش هێبانە سەر زمانی کوردی ئەمڕۆیە واتە کوردیی مۆدێڕن و نوێباو. بەڵام موشکیلە ئەوەیە ئەگەر ئێمە دەقەکە بە زمانێکی مۆدێڕن،  کوردی یان تورکی یان  فارسی وەربگێڕین یان ئینگلیسی لە وانەیە ئێمە  هێندێک چەمکی تەسەوف مان بەسەر دا تێپەڕێ بۆ وێنە وەرگێڕانی هەژار باشە بەڵام ئەو وتەی " عیشق" ی بە  "خۆشەویستی " وەرگێڕاوە. تەبعەن ئەوە وشەیەکی ڕاستە بەڵام مانا عارفانەکەی ناگەیێنێ. جابۆیە لە وەرگێڕان بە زمانی مۆدێڕن دا لەوانەیە ئێمە مانا تەسەوفوییەکەی لە کیس بدەین. بۆیە وەرگێڕان بە زمانی مۆدێڕن گەلێک زەحمەتە بەڵام من لەو باوەڕە دام کاک سەلاح سەعدەڵا زۆر چاکی وەرگێڕاوە.


قازی: مامۆستا لە کۆتایی دا فەموو بە کورتی قسەکان بێنەوە سەر یەک چونکە کاتمان خەریکە تەواو دەبێ.

لیزنبێرگ: بە ڕاستی نازانم بڵێم چی هەر دەتوانم بڵێم ئەمن جارێکی دیکە زۆر سپاستان دەکەم منتان بانگهێشتن کرد بۆ بەشداری لەم بەرنامەیە دا. و من هیچ هەست ناکەم ئێمە ئەوە زیاتر لە چل دەقیقە قسەمان کردووە. وەخت زۆر خێرا تێپەڕی و هیوادارم جارێکی دیکە بکرێ ئێمە درێژە بە گفتوگۆی خۆمان بدەین. سڵاو دەکەم لە گشت لایەک و هیوادارم جاری دیکە نەک لە ڕێگای ئینترنێتەوە بەڵکوو لە نزیکەوە یەکتر بە ساخ و سڵامەتی ببینین. سەرچاوان.

قازی: زۆر سپاس مامۆستا لیزنبێرگ گەلێک سپاس بۆ بەشداریتان لەم بەرنامەیە دا و ئەو زانیارییە بە کەلکانەی پێشکێشتان کرد. گەلێک سوودیان دەبێ بۆ بینەران لە مەڕ مەم و زین . بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە ڕاوێژی ئەمجارەشمان بە کۆتا دێ، تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە ٣-ی فێورییەی ٢٠٢١ ئاستە کراوە و سەعات ٧-ی ئێوارەی پێنجشەمە ٤-ی فێوریە لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستیڕک دا بڵاو کراوەتەوە. لەم وتووێژەدا مامۆستا مکاییل لیزنبێرگ بە کوردی کورمانجی قسەی کردووە و بە ئاگاداری خۆی لێرەدا هێنراوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی.

 

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

راپۆرتی تایبەت؛ ناجی شەریفی زیندەشتی، کارتێلی هێرۆیین یان قۆنتەراتچیی میت و سپای پاسداران


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

ئەم وتووێژە لە ئێوارەی جومعە ٤-ی فێڤرییەی ١٩٩٤ [ ١٥-ی ڕێبەندانی ١٣٧٢-ی هەتاوی] یانی زیاتر لە ٢٧ ساڵ لەمەو بەر لە ستۆکهۆ

یەک‌شەممە ۱۵نەورۆز۱۴۰۰/ ۱۹:۴۶