بابەتی گەرم:

وتوێژ لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی دیواری ئێتنیکی و لەمپەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Thursday, March 25, 2021



محەمەد خاکی: بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ دیالۆگ سڵاوتان عەرز دەکەم. دیداری ئەم جارەمان لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی یە . کاک دوکتور عەبباس وەلی زۆر بەخێر بێی چاوم ڕۆشن!

عەبباس وەلی: سپاست دەکەم کاک محەمەد سڵاو دەکەم لە بینەران و بیسەرانتان خۆشحاڵم دیسان دەرفەتێک هەیە پێکەوە وتوێژ دەکەین.

خاکێ: زۆر سپاس کاک عەبباس گیان. کاک عەبباس با لەوەوە دەست پێ بکەم جەنابت بە تازەیی لە کۆنفڕانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرهێڵ ڕێکی خستبوو بەشداریت کرد سێرییەک مەسەلەی گرینگت باس کرد یەکێک لەوانە مەسەلەی دیواری ئێتنیکی بوو پێم خۆشە ئەگەر دەکرێ بۆ دەسپێکی باسەکە کەمێک ئەوە بکەیتەوە زیاتر مەبەستتان لەوانە چییە؟

وەلی: مەبەستی من لە دیواری ئێتنیک ئەوەیە کە سیاسەتی کوردی، بەشی زۆری سیاسەتی کوردی لە ڕووی وێژیاکەوە ، لە ڕووی وتارییەوە دە چوارچێوەیەکی کوردی دا، ئێتنیسیتی کوردی دا بەیان دەکرێ، هەر وەتر کاتێک تەماشای پڕۆژە سیاسییەکان دەکەین ئامانجەکان دەو چوارچێوەیە دا دەهێندرێنە گۆڕێ و هەر وەتر هەلومەرجی وەدیهاتنی ئەو سیاسەتانە دیسان دەوچوارچێوەی دا دەردەبڕدرێ. هەر وەتر ئەگەر بمانەوێ ئەو مەسەلەیە پەرە پێ بدەین ئەگەر بڵێین کە ئێتنیسیتی کوردی بەشێکی ئەساسی لە ناسێنەی کوردی یە دەگەڵ زمان، فەرهەنگ و مێژوو و ئەوانە کە بە گشتی بە هەموویان دەبن بە ناسێنەی نەتەوەیی کوردی، ئەگەر بڵێین ئێتنیسیتی کوردی بەشێکی گەورەیە لەوە، لە ناسێنەی کوردی یە جوورێک تەجانوس هەیە لە نێوان سنوورەکانی ئەو ئێتنیسیتی یە و سنوورەکانی کۆمەڵی کوردی. ئەگەر ئەو قسەیە دروست بێ یانی ئەوەی کە پێی دەڵێن coterminous ن، پێکەوە تەجانوسێکی سنووریان هەیە، ئەگەر ئەوە دروست بێ بەو مانایەیە کە سیاسەتی کوردی و وێژیاکی کوردی دە چوارچێوەی ئەو ئێتنیسیتی یەی دا، ئەو زمانەی دا، ئەو فەرهەنگ و مێژوویە دا بەیان دەکرێ. جا بۆیە ئەمن باسی ئەو دیوارە دەکەم. ئەو دیوارە بە نۆرەی خۆی زۆر گرینگ بووە بۆ پاراستنی ناسێنەی کوردی، تا ئەو کاتەی کە ئەو دیوارە نەشکاوە بە باوەڕی من کولتوور و زمان و هەر وەها تاک و کۆمەڵی کوردی لە پشت ئەو دیوارەی تا ڕادەیەکی زۆر خۆی پاراستووە و من هەمیشە کوتوومە ئەو دیوارە دەبێ بپارێزدرێ.، بەڵام هەر کاتێک کە ئەو دیوارە درزی تێ بووە ئێمە تووشی سەرەگێژە و ئاڵۆزیی بووین هەر وەک دیتمان لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩-ی ئێرانێ ئەو دیوارە لە سێ جێگایان زەربەی وێ کەوت درزی تێ کەوت.  یەکیان کاتێک بوو کە حیزبی توودە و فیدایی ئەکسەرییەت کوردەکان بە ناسێنەی کوردی بەڵام بە سیاسەتی ئەوان هاتنە ژوورێ و لە ژێر تەئسیری سیاسەتی ئەواندا بوو و لە لای کۆمەڵەشەوە کە دیارە دەزانن کە " اتحاد مبارزان کمونیست"  بوو کە ئەو دیوارەی شکاند. کاتێک ئەو دیوارە دەشکێ ناسێنەی کوردی تووشی ئالۆزی دەبێ. جا بۆیە ئەوی ڕۆژێش کە باسم کرد تەعبیری خراپ لە قسەکانی من کراوە وەدەزانن کاتێک ئەمن دەڵێم ئێمە دەبێ لەو دیوارەی بۆ خۆمان تێ پەڕین بچینە ئەو بەری دیوارەکە سیاسەت بکەین لەوێ ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە ئەو دیوارەی بە جێ بێڵین. نا، ئەو دیوارە لە جێگای خۆیەتی، ئەو دیوارە حیسار و حیفازی ئێمەیە  بەڵام ئێمە دەتوانین ویستەکانمان، سیاسەتەکانمان زۆر بەرفرەوانتر لەو دیوارەی بێنینە گۆڕێ.، بچینە ئەولاتر. هۆیەکەشی ئەوەیە کاتێک ئێمە لە چوارچێوەی ئێران دا خەبات دەکەین، ئەمن دوایە دێمەوە سەر چەمکی حاکمییەت و مەسەلەی ئۆتۆنۆمی و ئەوانە. کاتێک کە ئێمە لە ئێرانێ دەژین، لە ژێر حاکمییەتی ئێرانێ دا دەژین، کاتێک ئابووریمان بە ئابووری ئێران بەستراوەتەوە، کاتێک سیاسەتی دەرەوەییمان بەستراوەتەوە بە سیاسەتی دەرەوەیی ئێرانێ، واتە تەئسیرەکانی سیاسەتی دەرەوەیی ئێران لە سەر ئێمە هەیە، بۆ وێنە ئێستا بزانە ئەو تەحریمانەی لە سەر ئێران داندراون چییان لە کوردستان کردووە. مەبەستم ئەوەیە ئێمە بە بەک بەستراوینەتەوە. ئەو مەسەلەیە لە ڕووی تیورییەوە لە بەرچاو بگرین. ئێمە تا ئەوکاتەی هەر جوورە سیاسەتێکی بکەین کە ئەو سیاسەتە لە ژێر چەتری حاکمییەتی میللی ئێرانێ دا بێ، سیاسەتی کوردی و هەر وەها کۆمەڵی کوردی و هەر وەها ناسێنەی کوردی دەگەڵ سیاسەتی ئێرانێ بەشێوەیەکی گشتی، دەگەڵ ناسینەی ئێرانی بە شێوەیەکی گشتی و دەگەڵ فەرهەنگی وێ حاڵەتێکی ناوکۆیی هەیە، ئەوانە لە حاڵەتی تەقابول دا لەو بەری دیوارین بەڵام  کاتێک تەماشای دەکەی ئەوانە لە ڕووی ئەو مەسەلانەوە پێکەوەن. مەسەلەن ئەلئان تەحریمەکان، هەر بڕیارێکی ئێران لەو بارەیەوە بیگرێ لە سنە و مەهاباد و مەریوان و کرماشان و کامیاران و هەر کوێیەکی بڵیی لە جوگڕافیای ڕۆژهەڵاتی دا تەئسیری هەیە. ئێمە ناتوانین بڵێین تەئسیری نییە ئێمە کاتێک دەتوانین بڵێین تەئسیری نییە  ئەو دەمییە کە بڵێین ئێمە سەربەخۆییمان دەوێ، سەربەخۆین لە پێش ئەو تەئسیراتە ڕا دەوستین نایەڵین بێتە ژوورێ، ئەو هێزەشمان هەیە نەیڵین بێتە ژوورێ، ئەو هێزەشمان هەیە ئیدیعا بکەین کە دەمانەوێ سەربەخۆ بین. بەڵام کاتێک ئێمە ئەوە ناکەین ئێمە سیاسەتێکمان دەوێ کە دە چوارچێوەی حاکمییەتی میللی – سیاسی ئێرانێ دایە ئێمە ئەوەی دەبێ قبووڵ بکەین کۆمەڵی کوردی و کۆمەڵی ئێرانێ، ئابووری کوردی و ئابووری ئێرانێ، فەرهەنگی کوردی و فەرهەنگی ئێرانێ، ئاموزش و پەروەرشی کوردی و ئاموزش و پەروەرشی ئێرانێ ئەوانە پێکەوە حاڵەتی ناوکۆییان هەیە. ئەو دوانە لە دەرەوەی یەکتری ڕا نەوەستاون. بە پێچەوانەی ئەوەی کۆلۆنیالیستەکان دەڵێن. ئەو دوانە لە ڕووی تیورییەوە حاڵەتی interiority  یان هەیە ، ناوکۆییان هەیە. ئەوە چەمکێکی زۆر گەورەیە دەبێ لە بەر چاومان بێ. واتە ئەو حاڵەتە ناوکۆیی یەی کە هەیە هەر سیاسەتێکی کە ئێمە دەیکەین دەبێ بزانین ئەو سیاسەتە بەرەو ئەوە بڕوا  ئەو بەندانەی کە یەک بە یەک ئێمە  بە وان دەبەستێتەوە ئەوانە بپسێنین. ئەگەر ئێمە باسی ئەوەی دەکەین کە دەمانەوێ سیاسەتێکی دژی هێژێمۆنی دابنێین کە ئەوەش شتێکی هەڵەیە دوایە دێمەوە سەری و دەڵێم بۆچی هەڵەیە. ئەو سیاسەتەش ئەوە نییە کە ئێمە دەبێ recovery   بکەین، نا، ئێمە دەبێ بەند بەندی ئەو شتانەی کە ئێمە دەبەستێتەوە بەو ئابوورییەی، بەو فەرهەنگەی یا بپسێن یان ئەگەر ناتوانین بیپسێنین دەبێ تێیدا شەریک بین و جوورێکیش شەریک بین کە بتوانین قسەکانمان بڕوا، بە لانی کەمەوە لە لای خۆمان حاڵەتی سەرەکی هەبێ. ئەوە واقعییەتی سیاسی یە کە من باسی دەکەم. جا ئەگەر ئەوە بێ ئەو دیواری ئێتنیکە دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ، ئەو دیواری ئێتنیکە دەبێ بپارێزدرێ، بەڵام ئەو دیواری ئێتنیکە لە سیاسەت دا نابێ موتڵەق بکرێ. موتڵەق کردنی ئەو دیواری ئێتنیکی یە  زۆر بە زەرەری ئێمەیە.

خاکی: یانی چی، مەبەستت چییە؟

وەلی: وای دانێ ئێمە لە چوارچێوەی جوغرافیای ڕۆژهەڵات دا مەسەلەی ئاموزش و پەروەرشمان هەیە، مەسەلەی ڕسقی ڕۆژانەمان هەیە، مەسەلەی تڕانسپۆرتمان هەیە، مەسەلەی ژنانمان هەیە، مەسەلەی منداڵانمان هەیە، مەسەلەی دەسەڵاتیی دادوەریمان هەیە، هەر شتێکی کە لە تاران و شیراز و ئیسفەهان  دەگوزرێ، خانەوادەیەکی مامناونجی ئێرانی چ فارس بێ، تورکی ئازەری بێ، چ بەلووچ بێ بە شیدەت و حیدەتی کەمتر و زۆرتر ئەو مەسەلانەیان هەیە. یانی ئەو مەسەلانە چ ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ ئەوانە هاتوونە ژوورێ، چ بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو دیواری ئێتنیکە بە ئێمە ناڵێ کە حکوومەت و دەسەڵاتی ئێرانێ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی دا نییە. دەوێدایە،  دە ڕۆژ بە ڕۆژ، سانیە بە سانیە و دەقیقە بە دەقیقەی ژیانی ئێمە دایە.

خاکی: باشە کاک عەبباس، ببوورە ئەوانیش دەڵێن، ئەو کەسانەی کە ئەو بیر و باوەڕەیان هەیە دەڵێن هەن بەڵام  باری پێچەوانەکەیەتی یانی ئەو تەبعیزە سیستیماتیکە، ئەو هەڵاواردنە و ئەو شەراییتە بەشێک لەوێ نییە بە تەوری واقعی یە، بەشێکی ناقیسە، ئەوە چۆن تەوزیح دەدرێ.

وەلی: دەقیقەن وایە. لە بەر ئەوەیە کە ئێمە جیاوازی ناسێنەمان دەگەڵ وان هەیە. ئەو جیاوازییە بەشێکە لە تەعریفی ناسێنەی فارس. ناسێنەی ئێرانی ئەلئان ستروکتوورێکە، دەسەڵاتێکی لە سەرە. ئەو دەسەڵاتە لە سەر بنەمای ئەو ناسێنەی یەکگرتووی ئێرانی یە کە دروستیان کردووە، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە شڵ بێتەوە ئەو ناسێنەیانەی کە لە بن وەیدا سەرکوت کراون هەموو سەر هەڵدەدەن. وەک ناسێنەی بەلووچی، ناسێنەی کوردی. ئەوە بێ ئەملاو ئەولا وایە. ئەمن بە هیچ جوور ناڵێم تەبعیز نییە، ڕەگەز پەرستی نییە، ناڵێم بۆ وێنە ئەو جوورەی دەگەڵ زیندانی کورد ڕەفتار دەکرێ دەگەڵ زیندانی فارس دەکرێ، یان ئی ئازەری. ئەوانە ئەسڵەن ناڵێم. بەڵام ئەوە بەشێک لە سیاسەتی ئێمەیە. ئەوانە دەبێ موحاسەباتی سیاسی لە سەر بکرێ. ئێمە ئەگەر بتوانین بە پاراستنی  دیواری ئێتنیکی خۆمان، ئەو مەسەلانە کە دەگەڵ وانە، دەگەڵ دەرەوەی خۆمان موشتەڕەکین بێینە وێ و لەوێ لە سەر ئەو مەسەلانە  جەبهەیەکی هاوبەش  پێک بێنین ئەو دەمی ئێمە خۆمان لە ناوخۆی خۆمان دا تەقوییەت کردووە، ئێمە خۆمان لاواز نەکردووە. ئێمە کاتێک لاواز دەبین کە هەموو دەسەڵاتی ئێمە سنووردار بێ بەو دیوارە ئێتنیکە. مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەلئانەکە کورد دەسەڵاتی لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی خۆی نییە. ئێمە دەبێ ئەو نوختە ئەساسییە ستڕاتێژیکە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریانە، تەنانەت مەسەلەی ناوچەییش ئەوانە دەبێ بە شێوەیەکی تەنانەت ئەگەر بە نهێنیش بێ بێنینەوە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردان. هێژێمۆنی فەرقی لەگەڵ سوڵتەی ئەوەیە کە بنەمای هێژێمۆنی لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی داندراوە بەڵام سوڵتە لە سەر هۆکارو ئامرازی تێڕۆر و سەرکوت و ئەوانەیە. ئەگەر فەرقەکە ئەوە بێ ئێمە دەبێ لەوێڕا دەست پێ بکەین کە بە باوەڕی من ئەوەیە ئەو کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی یە لە سەر ڕا تەسخیر بکرێتەوە یانی بگیرێتەوە و بنەما و هەلومەرج و دەرفەتی ژیانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی بەشێکی دەخۆی دایە و بەشێکی لە دەرەوەی خۆیەتی. بە داخەوە لە من زۆر خراپ تێ دەگەن وەدەزانن کە من دەڵێم کە هەموو سیاسەتەکەی وێڵ بکەین و بێین و تەنیا باسی ئەوەی بکەین لەو دیوارەی دەرباز بین. نا وا نییە، ئەگەر ئێمە باوەڕمان بەوەی هەیە کە دەسەڵاتی جمهووری ئیسلامی وەکوو هەر دەسەڵاتێکی دیکە یەکگرتوو نییە، بەشێک لەو دەسەڵاتەی کە پێی دەڵێن دەسەڵاتی حاکمییەت ئەوە لە سەر زەخت و زیندان و زەبر و درەوش و دەسەڵاتی دادوەری و ئەو جوورە شتانەیە. بەشێک لەو دەسەڵاتەش ئامانجی ڕووی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە. ئەوەیە کە ئەمن پێی دەڵێم سیاسەتی ژیان. ئەو سیاسەتی ژیانە نیشانی داوە کە لە بەر کارتێکەری تەحریمەکان، لە بەر ئەو وەزعەی کە لە ئێرانێ دا هاتووەتە پێشێ، حاکمییەتی جمهووری ئیسلامی ئەو Biopower واتە سیاسەتی ژیانی زۆر کەمە لە بەر وەی هەمیشە لەمەڕ سیاسەتی ژیانیش بە زەبر و زەنگ کار دەکا. ئێمە ئەوەمان دی لە مەڕ کۆڕۆنا هێندێک شت هاتە پێشێ لە مەر سیاسەتی ژیان کە ئەو حکوومەتە هیچی پێ نەبوو بیکا. هەتا مانگێکی تەنانەت لە بەعزە جێیەکی وەک کوردستانێ هەتا دوو مانگان پاشە کشەی کرد، پاشەکشەی کە کرد خەڵک هاتنە پێشێ مەسەلەی هایجین [ بێهداشت]، مەسەلەی خۆراک کڕین و دابەشکردن و مەسەلەی کۆنتڕۆڵی هات و چوو و ئەوانە هەموو خەڵک بۆخۆی دەیکرد. مەسەلەی نەخۆشی و بە دەم نەخۆشانەوە چوون. ئەوە یەک شتی نیشان دەدا، نیشان دەدا کە حاکمییەتی جمهووری ئیسلامی هەر چەند لە بەشی زەبر و زەنگ  بەکار هێنانی لاواز نەکر بێ.  لەوەی زۆرتر دەوبەشەی دا کە دەگەڵ سیاسەتی ژیان، سیاسەتی جەماوەری ئێرانێ دا پێوەندی هەیە دەوێدا لاواز کراوە. جا تەماشا بکەن تا چ ئەندازەیەک ئەو حکوومەتە لە سەر مەسەلەی لە مەڕ کۆڕۆنا،  لە سەر مەسەلەی لە مەڕ ئەرزی واتە دراو.....

خاکی: کاک دوکتور ئەگەر ئیجازە بدەی دێینە سەر مەسەلەی حکوومەت. ئەگەر ئێمە هەر چل پەنجا ساڵ بگەڕێینەوە دواوە لە کوردستان، ئێمە دوو شێوە، دوو ڕوویکەرد، دوو approach، دوو ستڕاتێژیمان بووە لایەک پێی وا بووە ئێمە لە کوردستان قەوی بین، بە هێز بین. لایەکیش پێی وا بووە لە مەراکزی هێز و دەسەڵات لە تاران لە دەرەوەی کوردستان. جا چەپ بوو بێ، ناسیۆنالیست بووبێ، میانە بووبێ. ئێمە بە کردەوە چی دەبینین؟ پێت وا نییە هەر دوو لا بە ناکامی گەیشتوون، هەر دوو لا بە وەی کە دایان نابوو نەگەن. بۆ نموونە حیزبی دێمۆکڕات لەگەڵ " شووڕای میللی موقاوەمەت " دەکەوێ، کۆمەڵە لەگەڵ " اتحاد مبارزان"  دەکەوێ کە لە تەریق کرێکار و ئەوانەوە هینی کا، بەڵام ئێمە نەتیجەکە چی دەبینین ئێستا؟ ئایا لێکدانەوە و خوێندنەوەت بۆ ئەو وەزعە چییە کاک عەبباس؟

وەلی: نا مەسەلەکە ئاوا نییە کاکە. ئێمە لە کوردستان بە پێچەوانەی ئەوە دوو ستڕاتێژی هەبووە. یەک ئەوەیە کە جەماعەتێک دەڵێن ئێمە هیچ ڕێگایەکمان نییە جگە لە سەربەخۆیی نەبێ. ئەوە سیاسەتێکی ستڕاتێژی خۆی هەیە، ئیستیدلالی خۆی هەیە ئەوە جیاوازە تەوەجوهێ دەکەی. یەکیش ئەوەیە دەڵێ نا، مەسەلەی سەربەخۆیی هەزینەی ئینسانی و هەزینەی کۆمەڵایەتی و هەزینەی ئابووری و هەزینەی سیاسی و ئەوانەی زۆر لە سەرێ یە لە هەلومەرجی هەنووکە دا، ئێمە ناتوانین ئەو کارە بکەین دەبێ ڕێگایەکی دیکە ببینینەوە. ئەگەر ئێمە بە دوای وەی دا بین ڕێگایەکی دیکە جگە لە سەربەخۆیی ببینینەوە ئەو مەسەلە دێتە پێشی کە دەبێ ئێمە چۆن هەڵسوکەوت بکەین دە چوارچێوەی کوردستان دا و دە چوارچێوەی ئێرانێ دا، ئیختیاری ئێمە نییە. بەعزە مەسەلەیەک هەیە ئەوانە تایبەتمەندییەکان و هەلومەرجی وەدیهاتنی سیاسەتەکەیە. ئێمە دەبێ ئەوەی بزانین یانی تەواوی ئەو کەسانەی کە دەڵێن دە چوارچێوەی ئێرانێ دا دە ژێر حاکمییەتی میللی ئێران دا ئێمە دەمانەوێ مافەکانی کورد بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتێک یان بە شەڕی چەکداری هەر جوورێکی دەتەوێ، ئێمە دەمانەوێ ئەوە وەدی بێنین، ئەوەی بە دەست بێنین، باشە. پاش وەی هاتین دانیشتین  ئێمە دەبێ  ئەوەی بزانین ئەگەر ئێمە فێدرالیزممان دەوێ یان هەر جوور ئۆتۆنۆمیمان دەوێ، ئایا ئۆتۆنۆمییەکە کە لە خاک بەستراوەتەوە، ئۆتۆنۆمییەکە کە لە کۆمەڵگە بەستراوەتەوە، ئۆتۆنۆمیکە تەنانەت مومکینە لە شارومەندی و لە تاک بەسترابێتەوە، ئەوانە چەند فۆڕمن، کارم بە وەی نییە بەڵام ئەگەر ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێ یان فێدرالیزممان دەوێ دەبێ بزانین کە ئەوە هەلومەرچ و ئیمکاناتێکی وەدی هاتنی هەیە کە بە دەست ئێمە نییە. کاتێک ئەوەمان قبووڵ کرد دوو شت دەوێدا  هەیە. ئەو ئۆتۆنۆمییە بە دوو ڕێگایان دا وەدی دێ، یا دەبێ حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک لە تارانێ هەبێ کە ئەوەی قبووڵ بکا بێن قانوونێکی ئەساسی دابنێن، حکوومەتێکی غەیری موتەمەرکیز دا بنێن، فیدڕالیزمی تۆ بە ڕەسمییەت بناسن بڵێن ئێران چەند نەتەوەییە تەنانەت مومکینە ئەوەش نەڵێن بەڵام فێدرالیزمی تۆ بە ڕەسمییەت بناسن ئەگەر حکوومەتێکی ئاوا نەبێ دەبێ ئەو حکوومەتەی وادار کەن کە ببێ. ئەو دەمی ئەتۆ بۆ خۆت یا دەبێ هێندە بە هێز بی بیکەی یان دەبێ ئیتیلاف بکەی بیکەی. ئەو حکوومەتە ئەگەر نەبێ دەبێ ناچاری بکەن. بە نموونە باس بکەم پاش ئەوەی کە لە ئێرانێ شۆڕشی مەشڕووتییەت کرا، دوای ئەوە ئیستیبدادی سەغیر هات، پاش ئەوەی کە ئئیستیبدادی سەغیر هات هێزەکان  لە ئەیالەت و ویلایەتان، لە ئازەربایجانێ ڕا ، لە ڕەشتێڕا ، بەختیارییەکان هەستان چوونە تارانێ بە سەر حکوومەتیان دا سەپاند. قانوونی ئەساسی دیسان هاتەوە سەر جێگای خۆی. ئەگەر ئەو هێزە نەبێ کە حکوومەتێکی نا دێمۆکڕاتیک ناچار بکەی ئەتۆ هیچ چارەت نییە. ئەگەر حکوومەتەکە لاواز بێ و ئەتۆ بە سەری دا بسەپێنی قبووڵی بکا. ئەو ئۆتۆنۆمییەی تۆ ئەمن نێوی دەنێم سوڵحی موسەلەح یانی هەتا ئەو ئۆتۆنۆمییە  لە سەر تەعادولێکی هێز داندراوە لە نێوان حکوومەتی ئۆتۆنۆمی کورد و حکوومەتی مەرکەزی، ئەگەر ئەو تەعادولی هێزە لە بەرژەەوەندی کوردەکان دا بێ ئەو سوڵحی موسەلەحە بەردەوام دەبێ. ئەگەر بە قازانجی کوردەکان نەبێ و هەڵگەڕێتەوە تەعادولەکە لە بەرژەوەندی حکوومەتی مەرکەزی دا بێ دیسان دەبێتەوە شەڕ. ئێمە ئەوەمان لە ساڵی ١٩٧٠-ی لە باشووری دیوە. کاتێک کە لایەنی کورد سەرکەوتوو بوو و قەراردادی ئۆتۆنۆمیان دەگەڵ بەغدایە ئیمزا کرد، پاش ئەوەی کە بەغدا دەگەڵ ڕووسان پەیمانی دۆستایەتی پازدە ساڵەی ئیمزا کرد و ڕووسان دەستیان کردەوە بە بەچەککردنی ئەڕتەشی عێڕاق، بەعس ڕاهێزێندرا و کۆمۆنیستەکان لەگەڵ بەعس ئیتیلافیان کرد شەڕ دەستی پێ کردەوە. دەزانی مەسەلەی ئۆتۆنۆمی لە سەر تەعادولی هێز داندراوە یا ئەتۆ دەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک بکەی یا دەبێ حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک بێ ئەوەت لێ قبووڵ بکا یان دەبێ لەگەڵ ئەو هێزانەی کە دەگەڵ حکوومەتی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار لە تارانێ موخالیفن ئیتیلاف بکەی بەڵام ئەوەت پێ بڵێم کاتێک ئەمن دەڵێم ئێمە دەبێ  لە پشت دیواری ئێتنیک بێینە دەرێ ئەوە تەنیا بە جۆرێک دیتراوە. ئەمن تەواوی ئەو ڕەخنانەم خوێندەوە کە لەمن گێراوە، تەئەسوفی من ئەوەیە کە کورد هیچ کاتێک لەو چوارچێوە فکرییەی کە ١٩٧٩ لە کوردستان دامەزرێندراوە نایەتە دەرێ. وەدەزانێ وەختێک ئەمن دەڵێم ئێمە دەبێ دیواری ئێتنیک بشکێنین، نەشی شکێنین، لێی تێپەڕین بێین دەو کۆمەڵی دا کار بکەین وەدەزانێ ئەمن دەڵێم دەبێ فەررەن ئیتلاف بکرێ و دەڵێ ئەوە فڵانکەس کردی نەبوو، فیسارەکەس کردی نەبوو. ئەمن دەزانم دە سیاسەت دا گاڕانتی نییە بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە ئەتۆ دەبێ  دەپێشدا بەر لەوەی کە قسە لەوە بکەی دەگەڵ کێ ئیتیلاف بکەی، ئیتیلاف نەکەی دەبێ لە پێشدا کۆمەڵگەی مەدەنی خۆت لە سەر ڕا فەتح بکەیەوە، لە سەر ڕا بیگریەوە و داگیری بکەی. کاتێک دەتەوێ ئەو کارەی بکەی ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە لە پێوەندیی پتەوی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و قەزایی و حقووقی دایە دەگەڵ دەرەوەی خۆی. ئەتۆ ئەگەر بتەوێ ئێرە، نیوخۆت بەهێز بکەی دەبێ لەوێ حزوورت هەبێ. ئەو حزوورە دەکرێ لە بواری جیاواز دابێ، لەمەر کاروباری ژنان، کاروباری زانکۆ، education، هەر چییەکی کە ئێمە ڕۆژانە فکری لێ دەکەینەوە. مەبەست ئەوە نییە ئەتۆ بچی لەگەڵ فڵان حیزبی دانیشی ئەوە مەسەلەیەکی دوایەیە. ئەمن باسی کۆمەڵگەی دەکەم ئەمن باسی سیاسەتی ژیان دەکەم. ئەمن باسی ئەوە دەکەم کە سیاسەتی ژیانی کوردستان، ئی ڕۆژهەڵات سەدی حەفتا و پێنج هەشتای لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێرانێ یەکە. ئەگەر دەسەڵات ئێمە جۆرێکی دیکە تا و توێ دەکا، تەبعیزمان دەگەڵ دەکا، ئەوانە هەموو بە جێگای خۆی. بەڵام ئێمە دەبێ لەو بەشەی دا تا ئەو جێیەی کە دەتوانین لە دەرەوەی دیواری ئێتنیکی کار بکەین. بۆ وێنە یەکێک بە من دەڵێ ئەتۆ سیاسەتێکی تەبلیغ دەکەی باسی سیاسەتێکی دەکەی کە هەدەپە لە تورکیا کردوویەتی. هەدەپە لە تورکیا ئەلئانیش ئەمن دەڵێم. هەدەپە لە زیندانێ دایە، هەر ئەلئانەکە مەهەپە و حیزبی ئەردۆغانی دەیانەوێ لە ٣٩ کەسی دیکەش لە نوێنەرانی هەدەپە مەسوونییەتی پارڵمانی یان لێ بستێنن. بەشێکیان لە زیندانێ دان، بەشێکیان هەڵاتوون، سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەلئانەکەش، دەو لەحزەی دا کە من قسان دەکەم  هەدەبە نفووزی لە نێو کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی لە تورکیای نە تەنیا لە دەست نەداوە بەڵکوو بەهێزتریش بووە، هەدەبە ئەو نفووزە چەند لە سەدەییەی کە هەیبوو لە سەر کۆمەڵگەی تورک کە نیشانی دا لە ٢٠١٥ ی دا چەندە لە کۆمەڵگەی تورکیا دەنگیان دا بە هەدەپەی. هەر ئەوانە ئەگەر ئێستا ئازادی لە تورکیا هەبێ، هەر ئەو بەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی تورکی دیسان دەنگ دەدەنەوە بە هەدەپەی زۆرتریشی دەنگ دەدەنێ. ئەوە لە بەر ئەوە نەبوو کە هەدەپە کوتی ئەمن ئاوام،  هەدەپە بەرنامەیەکی سیاسی دانا کە بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی تورکیای خۆی دەو بەرنامەیە دا دیتەوە. مەبەستم کۆمەڵگەی مەدەنی غەیری کوردی تورکیایە، تورکەکان خۆیان دەو بەرنامەی دا دەدی. ئەو بەرنامەیە دەگەڵ ناسێنەی ئەوان یەک دەهاتەوە. مومکینە کەسی وا هەبوو کە نە مەسەلەی کوردی بەو شێوەیە دەزانی، نە عەڵاقێکی چەندانی هەبوو. بەڵام بەرنامەی دێمۆکڕاتیکی هەدەپەی بۆ ئەوانە لە حیزبەکانی دیکە زۆر باشتر بوو. ئەگەر ئێمە لە کۆنگرەی حیزبی چ دێمۆکڕاتەکان، چ کۆمەڵەکان  ئەگەر دێین بەرنامەی حیزبی دادەنێین بۆچی ئەو بەرنامەی حیزبی نابێ ئاوا بێ کە بتوانێ مەسەلەی ئاوای تێدا بێ کە کەسێک لە بەلووچستانێ یە، لە خووزستانێ یە، لە خۆراسانێ یە، لە گورگانێ یە بتوانێ identify لەگەڵ بکا، بتوانێ ناسێنەی خۆی دەوێدا ببینێ. بۆچی؟ ئایا ئەو بەشەی سیاسەتی ژیان کەئێمە حەفتا هەشتا لە سەد دەگەڵ ئەوان ئیشتراکمان هەیە نابێ دەو  بەرنامەی سیاسی ئێمە دا ڕەنگ بداتەوە. هەر دەبێ باسی مەسەلەی ئیتنیکی خۆمان بکەین؟  ژنێکی خانەداری دانیشتووی ئیسفەهانێ چ پێوەندییەکی بە مەسەلەی ئێتنیکی کوردییەوە هەیە؟   بۆچی دەنگ بە تۆ بدا؟ بۆچی ئەسڵەن پێی ناخۆش بێ . ئەگەر لە کوردستانی دیسان شەڕ ببێتەوە، دە ساڵ ، پازدە ساڵ ، بیست ساڵی دیکەش کوردستان بۆمباران بکەن  چ تەئسیرێک دە ژیانی شیرازێ دا دەکا؟

خاکی: کاک عەبباس ببورە ئەگەر کەسێک لێت پرسێ باشە ئەوە دروست  ئەوان دەبێ چاوێک بە بەرنامەکە دا بخشێننەوە، ئاڵوگۆڕێکی تێدا بێ، بە ڕۆژی بکەنەوە، هەموو ئەو مەسەلانەی تێدابێ، بەڵام لاکەی تر، ئەمان کێیان هەیە لەوێ؟ یانی هاوپەیمان، کەس هەیە کە وەکوو ئەمان بیرکەنەوە؟ غەیرەز ئەوەیە کە ئەمان هێندێک تەلاشیان کردووە و هەمیشە لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو بووە عەمەلەن؟

وەلی: ئێمە هەتا ئێستا دوو کارمان کردووە یا ویستوومانە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان هەڵسوکەوت بکەین، تازە ئەویش بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی غەیری کورد دەڵێم. بە ئاسایی چەپەکان. تازە چەپەکانیش ئەگەر لەگەڵ ئێمە هەڵسوکەوتیان کردووە ئەوە مەشڕووت بووە. وەکوو حیزبی توودە، حیزبی توودە ئەساسەن حیزبێکی ناسیۆنالیستی فارسە.

خاکی: حیزبی دێمۆکڕات لەگەڵ موجاهیدینیش  کردی.

وەلی: بەڵێ، ئەویش کردی. بەڵام حیزبی دێمۆکڕات وەختێک کردی کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران دا بنەمای نەبوو. ئێمە هیچ ڕەبتمان بەو مەسەلەی نەبوو، ئەوان زۆر بە ڕاحەتی دەتوانن ئێمە وەلا نێن. بەڵام ئەلئانەکە تەماشاکە  ئەمن دوێنێ خوێندمەوە کە حیزبی ئیی (حیزبی باش)ئەوەی ئاکشەنەری کە حیزبێکی ناسیۆنالیستی ئیفڕاتی تورکە ، لە حیزبی حەڕەکەتی میللی جوێ بووەتەوە، دەڵێ ئەمن دەبێ قەرار بدەم ئایا لە ڕووی ستڕاتێژیکەوە دروستە کە دەنگ بدەم بە هەڵگرتنی مەسوونیەتی پارڵمانی لە سەر نوێنەرەکانی هەدەپەی یان نا؟ لەبەر ئەوەی دەزانێ ئەوە دیتراوە کە هەدەپە دوو  جار سەرەڕای ئەوەی کە ڕەئیسەکەی لە زیندانێ دایە، جەماعەتێکیشیان هەڵاتوون، وەزعیان ئاوایە، شارەدارەکانیان لە سەر کارەکانیان لا دراون، بەڵام دووجاران بە کۆمەگی ڕاستەوخۆ و ئەساسی هەدەپەی ئەردۆغان لە ئەستەنبوول و ئانکارا و ئیزمیری شکست درا. ئەوە چ دەگەیێنی، ئەوە دەگەیێنێ کە حیزبێکە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا ڕیشەی داکوتاوە. ئەگەر سبحەینێ بە نێوێکی دیکەش بێ، ئەو کارەی دەتوانێ بکا، ئەلئان کە دەیانەوێ ئەو حیزبەی مونحەل بکەن، چوار ڕٶژی دیکە بە نێوێکی دیکە دێتەوە. با ئەوەت پێ بڵێم هەتا ئێستا لە ساڵی ١٩٧٩ بەم لایەوە یەک نموونەم پێ بڵێ کە هێزە کوردییەکان توانیبێتیان لە ئاجێندای سیاسی کە لە تاران دا هەبووە تەئسیریان بوو بێ. پێم بڵێ. ئەمن ئەوەی کە دەڵێم مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە نابێ کارێکی وا بکەین لە ڕووی سیاسییەوە  لە پشت دیوارەکانی ئێتنیکی خۆمان بڕزێین. نابێ بڕزێین. ئێمە ئێنێرژیمان هەیە، ئێمە پۆتانسییێلی دەسەڵاتمان هەیە، ئێمە فکرمان هەیە ، ئێمە هەموو ئەوانەمان هەیە بۆیە نابێ خۆمان دە سیاسەتێکی دا زیندانی بکەین  کە هەر بە خۆمان هەڵبڵێین.



خاکی: باشە کاک دوکتور عەبباس من پرسیارەکەم هەر ئەوەیە ئەگەر ئێوە باسی تورکیا دەکەن قورسایەتی جەمعییەت، نفووسی کوردەکان لە تورکیا ئەگەر گەرەکت بێ موقایسەی کەی لەگەڵ ڕۆژهەڵات، لەگەڵ کوردستانی ئێران، نە ئێمە ئەو جەمعییەتەمان هەیە، نە ئەو قورسایەتی ئابووریمان هەیە و نە حەتتا  ئۆپۆزیسیۆنێک هەیە ئەوە حکوومەت بە جێگەی خۆی و تەنانەت کۆمەڵگایەکی مەدەنیش نییە بتوانی ئەو پڕۆژانە جێ بە جێ کا چون یەک لایەنە نییە، تەنها بە ئێوە ناکرێ، تەنها بە کورد ناکرێ. ئەتۆ پێویستت بە شەریکە. ئەم شەریکانە کێن؟

وەلی: بە کورد بە تەنێ ناکرێ. ئەو شەریکانە ئەتۆ دەبێ لە کۆمەڵگەی مەدەنی بدۆزییەوە. بەڵام ئەتۆ ناڵیی ئێمە قورساییمان نییە. تەماشای باشووریش بکە، شێوەی ڕووخانی سەدامی لەبەر چاو بگرە. ئەگەر سەدام لە  عێڕاقێ بە ڕێگای شۆڕشێکی خەڵکی ڕووخابا، ئەگەر بەو شێوەیە ڕووخابایە کوردان هیچ کات ئەو وەزنەیان نە دەبوو. ئەگەر شتێک بایە وەک بەهاری عەڕەبی میسرێ  کە بە جێگایەک نەگەیشت بەداخەوە، بەڵام ئەگەڕ شۆڕشێکی ئاوا بوو با، ئەو شێوەی کە سەدامیان لە عێڕاقێ لابرد، ئەو شێوەی کە لە ئیتیلافەکانی پێش ڕووخانی سەدامی دا کوردان بوونیان هەبوو، وەختێک کە سەدام ڕووخا، وەزنی سیاسی کوردان ئەو ڕۆژی پاش ڕووخانی سەدامی لە وەزنی واقعی سیاسی کوردی دە چوارچێوەی عێڕاقێ دا زۆر زیاتر بوو. یانی سیاسەتەکەی تەعادولی هێز ئاوا بوو کە باشوور وەزنی زۆر چوو بووە سەرێ. ئیحتیمالێکی ئاوا مومکینە لە ئێرانێش بێتە پێشی.  لە ئێرانێ ئێمە ئەوپەڕی دوازدە میلیۆنین، سێزدە میلیۆنین نازانم واقیعەن با بڵێین سێزدە میلیۆن  با بڵێین چاردە میلیۆن  با بڵێین دوازدە میلیۆن فەرق ناکا. ئەگەڕ ئێمە ئەوەین  ئەوە مەسەلەیەکی سیاسی یە. ئەو مەسەلە  سیاسییە ستڕاتێژیستەکانی ئێمە لە کۆمەڵە و حیزبی دێمکڕات و ئەوانە دەبێ ئەو کەمایەسیانە لەبەر چاو بگرن ئەوانە دەبێ لە ستڕاتێژی ئەوان دا ڕەنگ بداتەوە. باشە ئێمە ئەگەر ئەوەی دەزانین کە ئێمە ئەو وەزنەمان نییە، ئەگەر دە ساڵان کوردستانێ بۆمباران کەن مومکینە تەئسیری لە سەر ژیانی خەڵکی لە مەشهەدێ یا ئیسفەهان و شیرازێ نەبێ ئەوە مەسەلەیەکی سیاسی زۆر گرینگە. بۆچی ئەوە لە ستڕاتێژی ئێمە دا ڕەنگ نابێ ڕەنگ بداتەوە؟ ئەو مەسەلانە مەسەلەی ئەساسی سیاسین. ئەگەر ئەمن ئەوەی دەزانم، ئەگەر ئەتۆ ئەوەی دەزانی دەی باشە ئێمە دەبێ بە خەڵک بڵێین کە لە بەر ئەو هۆیانە ئەو مۆدێلی بەرنامە ڕێژی کە ئێمە کردوومانە گۆڕاوە. بە باوەڕی من ئەگەر لەو کەمایەسی و کەمبوودانە ئاگادار بین زۆر زۆر گرینگە ئێمە زۆرتر ئیهتیمام بە بەشی کۆمەڵگەی مەدەنی بدەین. ئێمە دەبێ زۆرتر ئیهتیمام بەوە بدەین. ئەو بەرنامە ئەوە نییە کە ئێمە بێین تێیدا سیاسەت و ستڕاتێژی حیزبەکانمان تاو توێ بکەین  ئەوە بەرنامەیەکی جیاوازە. ئەمن هەمیشەش کوتوومە ئیحتیڕامم هەبووە بۆیان، ئیحتیڕامم هەیە بۆیان لە هەلومەرجی زۆر زۆر دژوار و سەخت دا ئەوانە سیاسەت دەکەن دە چوارچێوەی تواناییەکانی خۆیان دا. بەڵام بە باوەڕی من ئەو توانایانە دەتوانێ زۆرتر بکرێ. یانی ئەگەر قسەی لێ بکرێ، ئەگەر سیاسەتمەدارەکانی ئێمە ئەوەی بکەن. ئەوانە ئەلئان سی و پێنج ساڵە لە تەبعید دان و هیچ وەختێک نەهاتوون بە شێوەیەکی یەکگرتوو کۆنفڕانسێکی دوو حەفتەیی دروست کەن، ئەفڕادی غەیری حیزبی کە نەزەریان هەیە دەعوەت کەن، دەو دوو حەفتەی دا بڵێن وەرن دانیشن باسی سیاسەتی ڕۆژهەڵات بکەین. بۆ خۆیان دەی بڕن، بۆ خۆیان دەیدروون. ئەگەر دەگەلیانی دەگەڵیانی، ئەگەر دەگەڵیان نی، دەگەڵیان نی. ئەوە کارێکی زۆر غەڵەتە، کارێکی زۆر زۆر غەڵەتە. هەرچی داڕشتنی سیاسەت و ستڕاتێژی بنەمای فرەوانتر بێ، فکری فڕەوانتری تێدا بێ، ئەو فکرە تا و توێ کرا بێ، ڕەخنەی لێ گیرابێ، بەحسی لە سەر کرا بێ باشترە. ئێستا تەماشا کە تەنانەت چەپییەکانمان، تەماشای مێژووی بۆڵشۆیک بکە بزانە چیان دەکرد ئەوان بە بەحس و بە تیوری. ئەسڵەن حیزبە چەپەکانی ئێمە زیدی ڕەوشەنبیرین. ئەگەر بۆڵشویکەکان ئیستا لەگەڵ ئەوان بایەن حیزبە کوردەکان تەردیان دەکردن، دەیان گوت ئەوانە ڕوشنفکربازییە دەکەن. دەزانی لە ساڵی ١٩١٥، ١٩١٦- ی دا  لە جەنگەی شەڕی ئەوەڵی جیهانی دا لێنین لە زووریخێ، لە سویسێ ڕۆژێ دەچووە کتێبخانەی کتێبی مەنتقی هێگێڵی دەخوێندەوە. ئەوە یادداشتەکانی، دە جڵدی ٣٨-ی کارەکانی دا هەیە. بچن تەماشای کەن، تەماشای تاریخەکەی کەن، بزانە لە چ هەلومەرجێک دا ئەوەی کردووە. لێنین شەوێش کە خەونی سیاسەتی دەدی و وەکوو ڕێوییەکی بۆنی سیاسەتی دەکرد، بۆنی قودرەتی دەکرد. بەڵام حیزبەکانی ئێمە چی، لە جێدا نەفرەتیان لە شتی ڕەوشەنبیری یە. لەو سی و پێنج ساڵەی دا یەک دانە سێمیناری گشتی دروست کرا کە بڵێن جەماعەتی غەیری حیزبی وەرن، وەرنە سوڵەیمانێ، وەرنە هەولێرێ، نازانم وەرنە کۆیە، هەر کوێ یەکی ئێمە دادەنیشین دوو حەفتان لە سەر  ڕۆژهەڵاتی قسان دەکەین. ئێمە ئابووریزانمان هەیە، ئێمە پسپۆڕی فەرهەنگمان هەیە، پسپۆڕی جەماوەرمان هەیە، پسپۆڕی پێوەندییە نێو نەتەوەییەکانمان هەیە. ئەوانە ئینسانن، ئەوانە دەرسیان خوێندووە، ئەوانە کتێب دەنووسن. بۆ؟

خاکی: پرسیارێکی زۆر باشە کاک دوکتور عەبباس، ئەو شتەی کە ئێوە دەفەرموون پێتان وایە ئەگەر باسی هەزینە و فایدە کەین، ئەوەی کە ئەو شێوەیە  لە پێوەندی لەگەڵ ئێران دا دەڵێن دەڵێن هەشتا لە سەد شتی موشتەڕەکمان هەیە  بە نیسبەتی شێوەکانی تر، کارایی زیاتر، فایدەی زیاترە، هەزینەی کەمترە و ئیمکانی دەسکەوتی زیاتر هەیە؟

وەلی: نا، ئیشتبایە مەکەن. ئەمن نامەوێ بە هەڵە لە من تێ بگەن. ئەوەی کە من دەڵێم ئاڵترناتیڤی سیاسەتی حیزبەکان نییە.

خاکی: من باسی حیزبەکان ناکەم.

وەلی: ئەوە موکەمیلی کاری ئەوانە. ئەو سیاسەتی بەربەرەکانی لە ئاست دەسەڵاتی ئێرانێ دەبێ بەهێزتر بکرێ، دەبێ باشتر بکرێ، بەڵام لەو لاشەوە ئێمە دەبێ دە فکری داگیر کردنی کۆمەڵگەی مەدەنی دا بین. دەبێ ئەهەمییەتی  Biopolitics،  سیاسەتی ژیان  لە سیاسەتی مۆدێڕن دا دەرک بکەین و لێی تێ بگەین. وەختێکی ئەوە لەگەڵ سیاسەتەکەی دیکە کە بەشێوەیەکی ڕوو بە ڕوو و ڕاستەوخۆ دەگەڵ حاکمییەتی ئێرانێ، دەگەڵ زەبرو زەنگی حاکمییەتی ئێرانێ دەرگیرە ئەو دوانە موکەمیلی یەک بن و تەواوکەری یەکتری بن زۆر باش دەبێ. یانی بە شێوەیەکی دیکە ئەگەر ئەوەی بڵێم ، بە شێوەیەکی گشتی دەڵێم دەبێ شاخ و شار لێک ببەسترێن. یانی ئەوەی کە من دەڵێم بە مانای نەفی ئەو سیاسەتەی کە باری نەتەوەیی ئێتنیکی کوردی هەیە ئەوە نەفی وی نییە ئەوە موکەمیلی وییە.

خاکی: پرسیارەکەی من ئەوە نەبوو کاک عەبباس گیان. من ئەوەت عەرز دەکەم کەسانێک هەن بۆخۆشتان فەرمووتان  باسی سەربەخۆیی و ئیستیقلال دەکەن، کەم یا زۆر ئەوە هەیە کەسانێک هەن باسی فێدڕالیزم دەکەن، کەسانێکیش هەن بەو شێوە وەک جەنابت فەرمووت ڕوو لە ناوەوە، ڕوو لەو هەشتا لە سەدە موشتەڕەکە و بە دۆای کۆمەڵگای مەدەنی و جامیعەی مەدەنی دان بەڵکوو بنوانن مەسەلەی کوردستان بکەنە مەسەلەی ئیسفەهان، مەسەلەی شیراز، شتهایەکی موشتەڕەک ببینێتەوە. پرسیارەکەی من ئەوە بوو بە نیسبەتی ئەوانە  ئایا هەزینەی کەمترە دەسکەوتی زیاترە یا هەر وەکوو ئەوانە وایە؟

وەلی: ئێمە ئەگەر بتوانین لە جیاتی یەک جەبهە دە چەند جەبهان دا حزوورمان هەبێ، حزوورەکەمان نەک بەشێوەی نوێنەرایەتی، نوێنەرایەتی دەو کارەی دا ناکرێ. حزووری بەشدار بوون، participation  یانی شیرکەت کردن. ئەگەر لەو سیاسەتانە دا بەشداری بکەین ئەوەی کە پێوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەوە هەیە تێێدا بەشدار بین ئەوە زۆر گرینگە جەبهەی ئاوا لە ئێرانێ ساز بێ. ئەلئان ئێران لە حاڵەتی قەیرانێکی زۆر زۆر قووڵ دایە. مەسەلەی سازان لەگەڵ ئەمریکایە بە شێوەیەکی کاتی ئەو قەیرانە چارەسەر دەکا، ئەو قەیرانە زۆر زۆر قووڵە، بەڵام ئەو قەیرانە دەتوانێ مودەتێکی زۆر بەردەوام بێ ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێک نەبێ کە لەوەی کەلک وەربگرێ. بە داخەوە ئێران وەزعی ئاوایە. بەڵام ئەو مەسەلەی کە ئەمن دەیڵێم ئەوەیە دەڵێم ئەگەر لە چەندین جەبهان دا بین، لە چەندیان بەرەیان دا بین، پێویست ناکا ئێمە وەدوای سیاسەتی نوێنەرایەتی بکەوین یانی بەو مانایەی کە بچین دەفتەری دانێین و بڵێین ئەوە نوێنەرایەتی فڵان حیزبی کوردی یە یان ڕێکخراوەی کوردی یە. ئەوە نییە. مەسەلەن بڕاونە مەسەلەی ژنان لە ئێرانێ دا. مەسەلەیەکی سەرەکی یە و بە نەزەری من تەواوی دیوارەکانی ئێتنیکی و چینایەتی و ئەوانەشی ڕووخاندووە، ئەوە مەسەلەیەکی زۆر گەورەیە زۆر زۆر گەورەیە. ئەگەر ئێمە سیاسەت دادەنێین، بەرنامەی حیزبی دا دەنێین دەبێ لەو بارەیەوە بەرنامەیەکی بەرفرەوانمان هەبێ. مەسەلی بێکاری هەر واتر کوردستان لە هەموو جێگایەکی بێکاری زۆرترە بە غەیری بەلووچستانی. مەسەلەی بێکاری ئەگەر ئێمە دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ داین و دەمانەوێ دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێش دا مافەکانی خۆمان بە دەست بێنین مەسەلەی بێکاری مەسەلەی ستڕاتێژیکی ئێمەیە، مەسەلەی بێکاری مەسەلەی ستڕاتێژیکی بەلووچستانێشە ئی تارانێشە. مەسەلەی ئینتیحار و خۆ کوشتنی جەوانان، مەسەلەی خسووسی کردنی تەعلیم و تەربییەت ئەوانە مەسەلەی ستڕاتێژیکن کە تەنیا تایبەتی کوردستان نین. ئەتۆ کاتێک دەتوانی لە خەبات بە دژی ئەوانە دا بەشدار بی، هەڵوێستت هەبێ، هەڵوێستەکەت بچێتە ئەو بەری دیواری ئێتنیکەکە ئەتۆ مەسەلەکەی خۆت دەبەی بۆ ئەوان. دەگەڵ ئەوان تێکەڵ دەبێ. مەسەلەی ئەوان دەگەڵ تۆ already بە نەغدەن تێکەڵە یانێ ئێمە لەبەر ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان داین ئی ئەوان دەگەڵ ئێمە تێکەلە بۆچی ئێمە ئی خۆمان نەبەین و دەگەڵ ئەوان تێکەڵی نەکەین و مەسەلەی خۆمان نەکەین بە مەسەلەی ئەوان؟  مەسەلەکە ئەوەیە ئێمە دەبێ بێین بڵێین دەسەڵات شتێکی یەکگرتوو نییە، بلۆکێکی  بەردینی، ئاسنینی یەکگرتوو نییە. دەسەڵات درزی تێدایە، دەسەڵات چەند جوور هەڵدەسووڕێ، دەسەڵات دەبێ دە فکری بێکاری دابێ، دەبێ دە فکری کۆنکووری دا بێ، دەسەڵات دەبێ دە فکری بێهداشتی دا بێ، دەسەڵات دەبێ دە فکری ژنان دا بێ، دە فکری منداڵان دا بێ، دەسەڵات بەشێکیشی ئەوەیە کە دەبێ دە فکری سەرکوت کردنی ئێمە دا بێ. ئەگەر دەسەڵات ئامانجەکانی نیشان دەدا کە یەکگرتوو نییە، هەمیشە ئەوەمان لە بیر بێ کە بەرخوەدان، مقاوەمەت دەگەڵ دەسەڵات و زەبر و زەنگی حاڵەتێکی ناوکۆییان هەیە، یەکگرتوویان هەیە. وەختێک کە دەسەڵات یەکگرتوو نییە، وەختێکی کە دەسەڵات ئەو درزانەی تێدایە ئێمە بۆچی بەرخوەدانەکەی خۆمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی  لاوازییەکان ،شکانەکان و گیروگرفتەکانی دەسەڵات ڕێک نەخەین. بۆچی هەر لە سەر ئەو جێگایە ڕاوەستین کە زەبر و سەختەکەی لە سەرە. ئێمە چۆن دەکرێ مەسەلەی کۆڵبەری لە مەسەلەی بێکاری لە ئێرانێ جوێ کەینەوە؟ ناکرێ. مەسەلەی سووتەمەنی بەری لە مەسەلەی بێکاری لە بەلووچستانێ چۆن جوێ دەکەیەوە. مەسەلەی ئیزدیواجی منداڵان پێوەندییەکی زۆری بە وەزعی ئابووری خێزانانەوە هەیە. دە حەقیەقەت دا بەشێک لەوانە کچەکانیان بە منداڵی دەفرۆشن یان لانی کەم لەکۆڵ خۆیانیانی دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە ژمارەی خێزان کەم بێتەوە. ئەوانە مەسەلەی ئەساسین. ئەو کەسەی کە پێی وایە دەسەڵات تەنیا دە چوار چێوەی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت دا دەبیندرێ و ناتوانێ سیاسەت لە بەشی سیاسەتی ژیان دا ببینێ، هەر بەشەکانی دیکە ببینێ، ئەو ڕاستییە نەبینێ کە دەسەڵات یەکگرتوو نییە بە باوەڕی من لە سیاسەتی مۆدێڕن زۆر دوورە. دەسەڵات نابێ دە چوارچێوەی حقووقی سیاسی دەوڵەتێ دا بمێنێتەوە. یەکێک لە هەڵە گەورەکانی تیوری مارکسیستی ئەوە بووە کە هەمیشە زیاتر دەسەڵات و دەوڵەتی وەک یەک داناوە و بە یەکی زانیوە، هەڵبەت کەسانی وەک گڕامشی و ئەوانە وا نەبوون. بەڵام زۆرتر چەپەکانی مارکسیست – لێنینیستی کە لە نەریتی ڕووسیا ڕا هاتوون ئاوا بوون، دەسەڵاتیان هەر دە چوارچێوەی دەوڵەت دا دیتووە ئەوە دروست نییە.  دەسەڵات هەر  دەوڵەت و ئامرازەکانی سەرکوت و زیندان و چووزانم درەوش و  ئەشکەنجە و قانوونی زەبروزەنگ و ئەوانە نییە، ڕەهەندی دیکەشی هەیە دەسەڵات زۆر لەوانە بەرفڕەوانترە. یەک ئەوە، دووهەمیش ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر دەوڵەت، ئەو جۆرەی کە دەڵێن، هەموو دەسەڵاتەکانی دە دەست دا بێ دەسەڵات لەگەڵ سوڵتەی یەک نییە. کردنی دەسەڵات بە سوڵتە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا دەکرێ. ئەگەر ئێمە بمانەوێ دەسەڵات بکەین بە سوڵتە دەبێ ئامڕازەکانمان هەبێ، ئەو بنیات و دامەزراوانەمان هەبێ کە دەسەڵات بکرێتە سوڵتە و بکرێ ئێمە نەزمێکی کۆمەڵایەتیمان هەبێ. باسی نۆرماڵ بکەین، نۆرماڵ دەسەڵات دای دەنێ. کاتێک ئێمە بتوانین کۆمەڵگەی مەدەنیمان لە بەر دەست دا بێ، لەبەردەست دا بوون نەک ئەوەی ئێمە بتوانین کۆنتڕۆڵی  بکەین بەڵام جیگای ستڕاتێژیکی ئەو کۆمەڵگەیەی کۆنتڕۆڵ بکەین، مەسەلەی ستڕاتێژیک وەکوو بێکاری ، مەسەلەی ژنان، مەسەلەی منداڵان، مەسەلەی مەدرەسەی، ئەگەر لەو بوارانە دا ئێمە ستڕاتێژی تایبەتیمان هەبێ، نفووزمان هەبێ بتوانین لە سەر ئەجێندای ڕۆژ تەئسیر دابنێین حکوومەت، دەسەڵات ناتوانێ بە ڕاحەتی دەسەڵاتی بکاتە سوڵتە. ئەوە مەسەلەیەکی گرینگە، ئەوە مەسەلەیەکی ئەلفبای سیاسەتە. بە داخەوە هێشتا ئێمە موشکیلە بۆمان ئەوە قبووڵ بکەین.

خاکی: کاک دوکتور عەبباس من پرسیارێکم نییە، بەڵام چ لە کارەکانی ئەو دواییانەتان دا، چ لە نووسراوەکانتان دا، چ لە موساحەبە و چاوپێکەوتنەکاندا، چ ئەو دەمانەی ئێمە تەلەفوونی قسەمان کردووە زۆر شتی گرینگت باس کردووە ئایا شتێک هەیە لەوانە دا باست نەکردبێ پێت خۆش بێ باسی بکەیت؟

وەلی: مەسەلە ئەوەیە وەختێک ئێمکان دێتە پێشێ بۆ قسە کردنێ ئینسان قسان دەکا، بەڵام ئەو وتوێژانەی کە دەکرێ ئەو قسانەی کە دەیکەم وەک تاکێکی کە ئەو شتانە دەبینم  دەریان دەبڕم.  ئەمن هیچ کات نەهاتووم بڵێم ئەو قسانەی ئەمن دەیکەم  دروستن یان بێ ئەملاو ئەولان. ئەمن دەمەوێ ئیمکانێک بێتە پێشێ کە فکر بکەنەوە بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە هێشتا دڕدۆنگن. ئەو قسانەی ئەمن لە کۆنفڕانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات کردم زۆر کەس ئیرادی لێ گرت و زۆر کەسیش تەئییدیان کرد و پشتیان گرت بەڵام ئەوانەی کە ئیرادیان گرت هەر لە سەر ڕەهەندێک ڕاوەستان و نەیان گوت ئەوکابرایە قسەی دیکەشی کرد ئەدی ئەو قسانە چی؟ هەر گوترا ئێمە ئیتیلافمان کرد سەری نەگرت و فڵان تاریخ و ئەوانە. یانی قسەیەک کە  چل ساڵە دووپاتە دەبێتەوە. ئەمن نەم گوت قسەکانم سەرکەوتن دەستەبەر دەکا بەڵام هەر نەبێ، بەلانی کەمەوە دەکرێ دەرفەتی فکری تازە بێنێتە پێشێ. بۆیە دەڵێم ئێمە نابێ لە پشت دیوارە ئێتنیکییەکانی خۆمان دا چەق ببەستین، بڵێین ئێمە کوردین، ئێمە دەو چوارچێوەی دا سیاسەتێ دەکەین کارمان بە کاری کەس نییە. کێشەی ئەوان کێشەی خۆیانە و کێشەی ئێمەش کێشەی خۆمان. وا نییە! کێشەی ئێمە کێشەی ئەوانیشە، کێشەی ئەوانیش کێشەی ئێمەیە. ئەوە لە سەر مەسەلەی ناسێنەش هەر ئاوایە، لەو بارەیەوە دواوم و باسم لێوە کردووە . ناسێنە هەر ئەوە نییە دوو کەس ڕووبەڕووی یەک بن ، ئەمن و ئەویتری من، ئەوە نییە کە ئێمە تەقابولمان هەیە، ئێمە لە حاڵەتی ناوکۆییش دا بەیەک بەستراوینەوە. جیاوازییەکانی من هو وییە/ ناسێنەی وی دەناسێنێ، جیاوازییەکانی وی ناسێنەی من دەناسێنێ. ئێمە حاڵەتی ناوکۆییمان هەیە، ئەو حاڵەتی ناوکۆیی یە کە ئێمە هەمان چ لە مەڕ کۆمەڵگەکەماندا، چ لەمەڕ پێناسە، ناسێنەکەماندا، چ لەمەڕ ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا. ئەوە زۆر زۆر زۆر زەقە سەبارەت بەو سیاسەتانە جگە لە سەربەخۆیی نەبێ. ئەو قسانەی کە ئەمن دەیکەم پێوەندی بە بۆچوون و ستڕاتێژی ئەو کەسانەوە نییە کە لایەنگری سەربەخۆیین. ئەوان دەتوانن بە من بڵێن ئەتۆ قسەکانت دە چوارچێوەی وەزعێکی دا دەکەی کە ئێمە ئەوەمان قبووڵ نییە ئێمە دەمانەوێ لەوەی بچینە دەرێ ئەوە قسەیەکی دیکەیە. ئەوە گشت ڕووی مەسەلەکە دەگۆڕێ. مەبەستم ئەوان نییە. مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە ئەلئان هاتووین بەو نەتیجەیە گەیشتووین کە دەبێ دەو چوارچێوەیە دا سیاسەتێ بکەین دەبێ ئەوانە لە بەرچاو بگرین. و موهیمە لە بەر چاویان بگرین زۆر سپاس.

خاکی: بینەران و بیسەرانی بەڕێز بەم جۆرە هاتینە کۆیایی ئەم چاو پێکەوتنە، پێویستە وەکوو هەموو جارێک سپاسی هاوکارانمان بکەین . هەتا بەرنامەیەکی تر هەر بمێنن بە شادی و سڵامەتی. زۆر سپاس کاک دوکتور عەبباس ئیستیفادەمان کرد. زۆر زۆر مەمنوون.

وەلی: لەوەی کە ئەو دەرفەتەتان دا بە من هێندێک لەو خاڵانە، ئەو تەوەرانە ڕوون بکەمەوە سپاستان دەکەم. هیوادارم هێندێک لە ئیبهامات ڕەویبێتەوە و ئەگەر بووبێ دیارە ئەوە زۆر باشە، ئەگەر نەش بووبێ دیسان ئەمن حازرم بێم لە سەر ئەو بابەتانە بەحس بکەین. تا ئەو جێگایەی، تا ئەو دەقیقەیەی، تا ئەو ڕۆژەی کە ئیمکانی بەحس هەیە، ئیمکانی وتوێژ هەیە ئیمکانی سەرکەوتنیش هەیە. زۆر سپاس.

خاکی: زۆر سپاس

وەلی: زۆر مەمنوون

دابەزاندن و ئیدیت حەسەن قازی
وێبنووسی ڕوانگە


پەیوەندی‌دار:

کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتی دێمۆکڕاتیک

وتاری پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە کۆنفڕانسی راوێژی ڕۆژهەڵات ، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

حاکمییەتی نەتەوەیی، دێمۆکراتی کردنی دێمۆکڕاسی و حیساباتی ستڕاتێژی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتووێژ لەگەڵ پڕۆفیسۆر عەبباس وەلی

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە