بابەتی گەرم:

ئۆکرنیا، سنوورە دەستکردەکان و پرسی چارەسەرنەکراوی دەوڵەت نەتەوەکان

Tuesday, February 22, 2022



عارف سەلیمی

ئێستا کە بابەتی کێشمەکێشی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەگەری لەشکرکێشیی ئانوساتی ڕووسیا ڕۆژەڤی سەرەکیی ئەمڕۆژانەی میدیاکان، بەتایبەت میدیاکانی ڕەوتی سەرەکی(مەینستریم)ە، بەبیرهێنانەوەی هەندێ راستیی گرێدراوی ئەو کێشمەکێشە خراپ نییە. ڕەنگە بتوانێت ڕوویەکی دیکەی قەیرانەکە، کە میدیای ڕەوتی سەرەکی تەنانەت "بۆ دەرمانیش" باسی ناکات، بخاتە ڕوو. 

هەڵبت دەبێ تەئکید بکرێتەوە کە خستنەڕووی ئەم ڕاستیانە بەهیچ شێوەیەک پاساو بۆ شاردنەوەی مەترسییەکانی ئیمپراتۆریای پووتین ناهێنێتەوە. بەڵکوو زیاتر هەوڵێکە بۆ ئەوەی سەرنج بخاتە سەر "گێرەشێوێنی"ی ئەم نەزمە جیهانییەی دوای شەڕی جیهانیی دووەم سەپێندراوە و بە سیستەمی "دەوڵەت-نەتەوە" ناسراوە. "ئەم" گێرەشێوێنییە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە.

یەکەم) دانیشتووانی ئۆکرانیا بەپێچەوانەی ئەو وێنەیەی میدیای ڕەوتی سەرەکی نیشانی دەدات، هەڵوێستێکی یەکانگیریان بەرامبەر ئەگەری لەشکرکێشیی ڕووسەکان بۆسەر "وڵاتەکەیان" نییە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان دانیشتووانی جوگرافیای هەنووکەیی ئۆکرانیا لە دوو نەتەوەی سەرەکیی ئۆکرانی و ڕووسی لەگەڵ چەندین "کەمینە"ی نەتەوەیی دیکە پێکدێن. (کەمینەکانی تر بەهۆی ئەوەی هیچیان ڕێژەیان بە تەنیایی لە یەک لەسەدی کۆی دانیشتووانی ئۆکرانیا تێناپەڕێت، لانیکەم بە ئاشکرا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەم قەیرانەی ئێستا نەبووە). ڕێژەی ئۆکرانییەکان زیاتر لە ٧٧ لەسەد و ڕێژەی رووسەکان زیاتر لە ١٧ لەسەدە. زۆرینەی ڕەهای ڕووسەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا نیشتەجێن. لە هەمانکاتدا ڕووسەکان زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەش پێکدێنن. واتە لە شار و هەرێمەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە ڕووی حەشیمەتەوە باڵادەستن.

 (نزیکەی سی لەسەدەی دانیشتووانی ئۆکرانیا ڕووسی‌ئاخێون. بە واتایەکی تر لەنێوان دە بۆ پازدە لەسەدی ئەوانەی خۆیان بە ئۆکرانی دەزانن، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرفیان کە دەکەوێتە باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و هەروەها سەردەستیی زۆرەملیانەی زمانی ڕووسی لەسەردەمی سۆڤییەت، ڕووسی‌ئاخێون.)

لەم ڕوانگەوە، ئۆکرانیا تا ڕادەیەک هاوشێوەی عێراقە کە ئەویش لە دوو نەتەوەی سەرەکیی عەرەب و کورد پێکدێت. بە واتایەکی تر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هاوشێوەی "باکووری عێراق"ە. بەو ئەندازەیەی کە دەستەواژەی "باکووری عێراق" کوردەکان دەڕەنجێنێت، لەوانەیە دەستەواژەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو ئۆکرانیاش ڕووسەکان عاجز بکات. 

هەروەک چۆن زۆرینەی ڕەهای کوردەکانی ناو جوگرافیای هەنووکەیی عێراق، تەنانەت دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەش بووەتە کورد، هیچ ئینتمایەکیان بۆ "دەوڵەت-نەتەوە"کەیان نییە. جێگەی سەرسووڕمان نابێت ئەگەر ڕووسەکانی ناو جوگرافیای ئۆکرانیاش، بەتایبەت دوای کێشمەکێشی نێوان وڵاتەکەیان و ڕووسیا، هیچ ئینتمایەکیان بۆ وڵاتەکەیان نەبێت. پرسیاری سەرەکی لێردە ئەمەیە کە کێ دەڵێت ئەوان ئۆکرانیا بە وڵاتی خۆیان دەزانن؟

دووەم) ئۆکرانیا زیاتر لەوەی هاوشێوەی عێراق بێت، هاوشێوەی وڵاتی قوبرسە. ئەم کێشمەکێشەی ناتۆ-ئۆکرانیاش لەگەڵ ڕووسیا، ڕێک لە کێشمەکێشی نێوان یۆنان-قوبرس لەگەڵ تورکیا دەچێت.
تورکیا، ئەندامێکی ناتۆ، ساڵی ١٩٧٤ بە پاساوی داکۆکی لە تورکەکانی قوبرس پەلاماری ئەو وڵاتەی دا و دواتریش تاکلایەنە کۆماری تورکیی قوبرسی باکووری دامەزراند. ئەورووپا-ئەمریکاش تائێستا بێجگە لە هەندێ بۆڵەبۆڵی دیپلۆماتیک، لە گوڵ کاڵتریان پێنەوتووە. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە بۆچی ڕووسیا نەتوانێت، بە هەمان شێوەی تورکیا، پاساوی "داکۆکی لە ڕووسەکانی ناو جوگرافیای ئۆکرانیا" بۆ لەشکرکێشییەکەی بهێنێتەوە؟

کێشەکە لە هەمان کاتدا هاوشێوەی کێشەی ناگۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان یان تەنانەت تا ڕادەیەک هاوشێوەی کێشەی کۆسۆڤۆ لەگەڵ سێربستانیشە. هەڵوێستی یەک بان و دوو هەوایی زلهێزەکان بەرامبەر بە هەریەک لەو کێشانە، جێگەی لێوردبوونەوەیە.

سێیەم) پرسیارێکی گرینگ لێرەدا ئەمەیە، لە ئەگەری لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، کام هەڵوێستی ڕووسی‌ئاخێوەرانی ئۆکرانیا دەچێتە خانەی نیشتمانپەروەری یان خیانەتەوە؟ پاڵپشتی لە دەوڵەتەکی کیەڤ و وەستانەوە بەرامبەر سەربازانی ڕووسی نیشتمانپەروەرییە یان پێشوازی لە سەربازانی ڕووسیا؟ وڵامەکەی بەپێی ئەوەی لە چ ڕوانگەیەکەوە لێێ بڕوانی وڵامێکی سفر و سەدییە. واتە داکۆکیی ئەوان لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ڕووسیا دەچێتە قاڵبی خیانەت لە نەتەوەکەیانەوە. بەپیچەوانەشەوە پاڵپشتی یاخود هاوسۆزییان لەگەڵ سەربازانی هاوزمانی ڕووسی، دەچێتە قاڵبی خیانەت لە دەوڵەت-نەتەوەکەیانەوە.

ئەمە بۆ زۆر کێشەی هاوشێوەی دیکەی ناو ئەم سیستەمە جیهانییەی لەسەر بنەمای دەوڵەتە-نەتەوەکان دانراوە، ڕاستە.

چوارەم) ناوچەکان یان هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا کە زۆرینەیان ڕووسی‌ئاخێون، لە ناوچە هەرە پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتەن. دەگوترێت ئەمەش بۆ باڵادەستیی ڕووسەکان لە سەردەمی سۆڤییەتدا دەگەڕێتەوە. یەکێتیی سۆڤییەت کە لە ڕاستیدا قاڵبی دەوڵەت-نەتەوەی ڕووسیی بەخۆی گرتبوو، وەک زۆربەی دەوڵەتە نەتەوەکانی دیکە، زیاتر لە ناوچەکانی هاوزمانە ڕووسەکانی پیشەسازیی پێش خستبوو. سۆڤیەتیش لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاشنای دەوڵەت-نەتەوەکان بەرامبەر بە "کەمینە"کانیان، ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیای پشتگوێ خستبوو. ئەگەر ئەمەش بهێننە بەرچاوتان کە ئەویتری ناسیۆناڵیزمی ئۆکرانی ڕووسەکانن، بابەتەکە، لانیکەم بۆ کوردەکان، ئاشناتر دەبێت و زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

هەر لەبەر ئەم "ئەویتر"سازییە و هاوکات زۆرداریی ڕووسەکان بەرامبەر بە ئۆکرانییەکانە، کە لە کاتی هێرشی ئەڵمانیای نازی بۆسەر ئۆکرانیا، بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، وەک دەگوترێت زۆرینەی ئۆکرانییەکان پێشوازییان لە ئەڵمانییەکان کردووە و وەکوو هێزێکی "ڕزگاریدەر" لەدەست ڕووسەکان سەیریان کردوون.

پێنجەم) تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ناوەندیی ئۆکرانیا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیا هەبوو یان وەک زۆربەی کۆمارە سەربەخۆکانی سەردەمی سۆڤییەیت، هێشتا لەژێر هەیمەنەی ڕووسیادا بوو، ڕووسەکانی ئۆکرانیا کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ وڵاتەکەیان نەبوو. بەڵام دوای ئەوەی ئۆکرانییەکان هەوڵیان دا خۆیان لە ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا نزیک بکەنەوە و بچنە ناو مەنزوومەی "ڕۆژئاوا"وە، ئەم کێشەیەی ئێستا دەبیندرێت سەریهەڵدا و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەورە بووەوە.

وەک ئاماژەی پێدرا، ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا لە چاو ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە زیاتر پیشەسازین. بازاڕی سەرەکیی بەرهەمەکانی ئەو ناوچانە، لە بەفرگر (یەخچاڵ) و جلشۆرەوە بگرە هەتا زۆر کەلوپەلی دیکە، ڕووسیایە. بەرهمهێنەرانی ئەو ناوچانە بە کرێکاران و خاوە کارگەکانەوە، دەزانن کە بەرهەمەکانیان توانای ڕکابەریی لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکانی کۆریا، چین، ئەڵمانیا و هتدیان نییە و لە بازاڕی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپادا جێگەیان نابێتەوە. بە دوورکەوتنەوەی ئۆکرانیا لە ڕووسیا، بازاڕی ڕووسیاشیان لەکیس دەچێت. گەلۆ قازانجی ئەوان لەچیدایە؟ قازانجیان لەوەدایە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا و کارگەکانیان لەکار بکەوێت؟ یان قازانجیان لەوەدایە وڵاتەکەیان لەژێر هەیمەنەی ڕووسیادا بمێنێتەوە و لانیکەم بازاڕی ڕووسیایان مسۆگەر بێت؟

لێرەشدا دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی دوای "برێگزیت"ی سکۆتلەندییەکان و دانیشتووانی ئیرلەندای باکوور لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی بەریتانیا، هەروەها سەبارەت بە دۆخی کاتالۆنیا لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی ئیسپانیا هاتووەتە ئاراوە. قازانجی سکۆتلەندییەکان لەوەدایە بەشێک لە یەکێتیی ئەورووپا بن. ئیرلەندییەکانی ئیرلەندای باکووریش بەهۆی ئەوەی نایانەوێت هیچ سنوورێکی ئابووری لەنێوان ئەوان و هاونەتەوەکانیان لە ئیرلەندای باشوور هەبێت، دژی جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپان. دوای ئەوەی زۆرینەی ئینگلیز و وێڵزییەکان بڕیاری "برێگزیت"یان دا و لەو یەکێتییە هاتنە دەرەوە، بۆچی ئەمان بە ئاگری ئەوانەوە بسووتێن؟
شەشەم) کێشەکە تەنیا ئابووری نییە. مانگی فێبرییەی ساڵی ٢٠١٤ دەوڵەتی مەیلەو ناتۆی ئۆکرانیا بڕیاری دا زمانی ئۆکرانی لە هەموو هەرێمەکان، بەتایبەت هەرێمە ڕووسی‌ئاخێوەکان، ببێتە زمانی ئیداری و لە هەموو شوێنێک کاروباری ئیداری تەنیا بەو زمانە ڕایی بکرێت. تا پێش ئەو بەروارە بەپێی لەو هەرێمانەی زۆرینەی دانیشتووانی بە زمانێکی بێجگە لە ئۆکرانی قسەیان بکردایە، زمانەکەیان دەبووە زمانی ئیداریی ئەو هەرێمە. بۆیە زمانی ڕووسی زمانی فەرمی و ئیداریی زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا بوو. ساڵی ٢٠١٤ دەوڵەتی ناوەدنی ئەمەی هەڵوەشاندەوە. داکۆکی لە زمانی ئۆکرانی بەرامبەر بە زمانی ڕووسی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەدەیان ساڵ لەژێر هەیمەنەی ڕووسیدا بووە، ئەگەرچی ڕەوایە، بەڵام چەندە بۆ ئۆکرانییەکان ڕزگاریدەرە، بە هەمان ئەندازە بۆ ڕووسەکانی ئۆکرانیا داسەپێنەرە. مەیلی سەربەخۆییخوازیی ڕووسەکانی ئۆکرانیا و هەوڵیان بۆ دامەزراندنی کۆمارەکانی "دۆنێتسک" و "لۆهانسک" لەم ڕوانگەشەوە جێگەی لێوردبوونەوەیە.

حەوتەم) ئەم کێشمەکێشەی ئێستا، جیا لە حەق و ناحەقبوونی لایەنەکانی و جیا لەوەی کۆمەڵێ فاکتەری وەک ململانێی ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر فرۆشتنی گاز بە ئەورووپا و زۆر بابەتی دیکەشی لە پشتە، یەک هۆکاری بنچینەیی هەیە کە دەتوانرێت وەک توخمێکی زاتی و بەردەوام کێشەخوڵقێنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکان پێناسە بکرێت. ئەویش هەمان ئەو کێشەیە کە دەکرێت ناوی "کێشەی سنوورە دەستکردەکان"ی لێ بنرێت و لانیکەم بۆ کوردەکان چەمکێکی ئاشنایە.

خاڵی هەرە لاوازی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناچانەی کێشمەکێشی لەمچەشنە، تەنانەت ئەگەر بە دنەدانی دەرەکیش بێت، سەرهەڵدەدات، هەر ئەم چەمکەیە. سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی هەنووکەیی جیهان لەسەر بنەمای پاراستنی سنوورەکان دامەزراوە (سەروەریی دەوڵەتەکان). ئەو سنوورانەی کە لە زۆربەی شوێنەکان "دەستکردن" و تەعبیر لە داخوازیی لانیکەم دانیشتووانی سەر سنوورەکان ناکەن. ئەگەر ئەسڵی پاراستنی سنوورەکان وەلا بنرێت، کۆی ئەم سیستەمە جیهانییەی دوای شەڕی جیهانیی دووەم دانراوە، هەڵدەوەشێتەوە و شتێک بەناوی مافی سەروەریی وڵاتان، ئیتر لەسەر کاغەزیش، نامێنێت. ئەگەریش قەرار بێت ئەم ئەسڵە وەک خۆی بمێنێتەوە، بەردەوام کێشە و کێشمەکێشی لەمچەشنە دەخوڵقێنێت.

ئەم کێشەیە، واتە کێشەی "سنوورە دەستکردەکان" هەمیشە پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە کە زلهێزەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان، بەکاریبهێنن. لە باڵکان ناتۆ بەبیانووی داکۆکی لە سەربەخۆیخوازانی کۆسۆڤۆ لە بەرامبەر دەڵەت-نەتەوەی سێربیا دەوەستێتەوە و ڕووسیا دەبێتە داکۆکیکاری دەوڵەتی ناوەندی. لە ئۆکرانیا و جۆرجیا (گورجستان) شتەکە پێچەوانە دەبێتەوە. ڕووسیا بە بیانووی داکۆکی لە سەربەخۆییخوازانی  ئابخازیا یان کۆمارەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک دەستێوەردان دەکات و ناتۆ و ئەمریکا دەبنە داکۆکیکاری دەوڵەتە ناوەندییەکانی جۆرجیا و ئۆکرانیا. وەک ئاماژەی پێدرا، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی لەمچەشنەش بۆ سیستەمی زاڵی دەوڵەت نەتەوە و "سنوورە دەستکردەکان"ی دەگەڕێتەوە.

 

پەیوەندی‌دار:

"بەڵگەنامەکانی پاناما” جیهانی شڵەقاندووە!

چەکە مۆدێڕنەکانی ڕووسیا بەمزووانە دەگەنە ئێران

تورکیا و گرژییەکەی ئێران – عەرەبستانی سعوودی

تورکیا: "لێدوانه‌که‌ی رووسیا گاڵته‌جاڕانه‌یه‌"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷