بابەتی گەرم:

شەڕی ژینگە دژی کوردەکان

Thursday, August 18, 2022



فیلیپ پێرنۆت- Frankfurter Rundschau
لە ئاڵمانیەوە: عەممار گوڵی

لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تورکیا ئاو بەسەر مرۆڤەکاندا دەبڕێت و باخەکانی زەیتوون بۆردومان دەکات و کێڵگەکان ئاگر تێبەردەدات. زۆرینەی کوردی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەرەو هەڵهاتن پاڵ پێوە دەنێت.

کێڵگە وشکەکان، خاکی درزاوی وشک هەڵاتوو، دارە سووتاوەکان: بەدرێژایی ڕێگای M۴ کە بە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا تێدەپەڕێت، دیمەنەکە وێران و بێ بەرهەمە. بەهۆی هەوڵی جووتیاران کە بەربەرەکانێ لەگەڵ خۆری سووتێنەر دەکەن هێشتا چەند پەچەیەکی سەوز ماوە. بەڵام شتێک دڵنیاییە: دوای سێ ساڵ لە وشکەساڵی، بیابانەکە بەرەو فراوانبوون دەچێت. ڕۆژاڤا  کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە (AANES) بەڕێوەدەبردرێت، بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ناسراوە. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ خۆی سه‌ربه‌خۆی له‌ ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌دی سووریا ڕاگه‌یاند و له‌ ساڵی ۲۰۱۵ دا شكستی به‌ "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) هێنا، مۆدێلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ هاته‌ ئاراوه‌. مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای ئەنجومەنی ناوچەییەکان و بەهاگەلێکی لەچەشنی ئیکۆلۆژی و فێمینیزم و دیموکراسی دامەزراوە. بەڵام ئەم دەستکەوتانە بەهۆی قەیران و وشکەساڵییەوە مەترسیان لەسەرە.

ئەم دانیشتووەی قامیشلۆ ئاهێک دەکێشێت و سەیری دیمەنی مەزرا زەردەچێوەیی رەنگە (اخرایی) دەکات کە تا ئەو شوێنەی چاو بڕ دەکات درێژ دەبێتەوە و دەڵێت: "ئێمە کاریگەری گەرمبوونی جیهان، وشکبوونەوەی بیرەکانی ژێر زەوی، هاوکات شەڕیشمان لەسەرە". هەر لەو کاتەوەی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە تێوەگلاوە لە ململانێی سووریا، ژینگە بووەتە جێی سەرنجی ئەو ململانێیە. ئەم شەڕە، شەڕێکە بە چڕییەکی کەم کە تورکیا و نوێنەرەکانیەوە، واتە سوپای نیشتمانی سوریا، دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو هاوپەیمانیە کورد-عەرەب-مەسیحییەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. 

بەم شێوەیە دۆڵی سەوزی فورات بووەتە گۆڕەپانی جەنگی شەڕێکی نەبینراو. هەر ئەو ڕووبارە ئەفسووناویەی کە لە سنووری تورکیاوە و پێش ئەوەی عێراقی دراوسێی تێرئاو بکات بە ناوچەکەدا شۆڕ دەبێتەوە. لە نیوە ڕێگادا تەبقە هەڵکەوتووە، بەنداوێکی زەبەلاح و دەریاچەیەکی شین و درەوشاوەی کە بە سەوزایی دەورە دراوە. تەبقە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دروستکراوە و لە ساڵی ٢٠١٧دا گۆڕەپانی پێکدادانی توندوتیژی نێوان داعش و هەسەدە بوو.

تورکیا ئاستی ئاوی بەنداوە دادەبەزێنێت

ئێستا بەنداوی تەبەقە لەلایەن تورکیاوە دەکرێتە ئامانج. نەک بە بۆردومان، بەڵکو بە دابەزاندنی ئاستی ئاو. وەڵات دەروێش، کارگێڕی بەنداوەکە دەڵێت “لە دوای ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٧ەوە تورکیا لە ڕووی تیۆریەوە ئەبێت لانیکەم ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا رەوانەی سوریا و عێراق بکات. بەڵام هەر کە ئیدارەی خۆسەر هاتە سەر دەسەڵات، ڕێژەی ئاوەکە کەمکرایەوە”. بڕی ئاوەکە لە ٤٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ تێکڕای ٢٥٠ مەتر یان تەنانەت کەمتر لەوەش دابەزیوە.



دەروێش بە گریانیەوە دەڵێت: "ئەمە لێکەوتەی دراماتیکی بۆ تەواوی دۆڵەکە و پێنج ملیۆن دانیشتووانەکەی و ئیکۆسیستەمەکانی هەیە". وێنەی منداڵێک نیشان دەدات کە تووشی نەخۆشی لیشمانیا بووە. ئەم نەخۆشیەی پێست بەهۆی ئەو مێشوولەوە دروست دەبێت کە لە ئاوە چەقبەستووەکانی فوراتدا کۆدەبنەوە. جوان مستەفا سەرۆكی ئەنجومەنی تەندروستی رۆژئاوای كوردستان پشتڕاستی دەكاتەوە كە دەوترێت زیاتر لە ۷۰ هەزار كەس گیرۆدەی ئەو نەخۆشیەن. هەروەها دەروێش بە دڵگرانیەکی قووڵەوە ئەڵێت بەرهەمهێنانی کارەباش لە ۸۴۰ مێگاواتەوە بۆ تەنها ۱۰۵ کاتژمێر دابەزیوە: "ئێمە ناچارین کارەبا بۆ شارەکان دابەش بکەین و تەنها دەتوانین بۆ ماوەی دوو بۆ شەش کاتژمێر کارەبایان بۆ دابین بکەین". بۆ جوان ئەم تاکتیکە ڕوونە: "تورکیا دەیەوێت ناوچەکە لاواز بکات و وای لێ بکات کەسی لێ نەمێنێت تا داگیری بکات".

شارۆچکەی تەل تەمر ( گردی خورما)، ٢٠٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دوورە، دراماتیکترین نموونەی ئەم سیاسەتەیە. سەردەمانێک ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ دانیشتوانە ئاشووریەکەی - کەمینەیەکی مەسیحی کە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ میزۆپۆتامیای کۆن. چەند ساڵێکە ئەم شارە لە هێڵی پێشەوەیە شەڕە و خەڵکێکی زۆرتر بەجێی هێشتووە دەهێڵن. لە کۆی ٤٠ هەزار ئاشوری کە پێش شەڕی ناوخۆ لەوێ ژیاون، ئێستا کەمتر لە هەزار کەسیان ماون.

"ئێمە لە ترسدا دەژین و کار دەکەین"

کاتێک دەگەین بۆ قسەکردن لەگەڵ جوتیاران و دەسەڵاتداران، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی شیندا هەڕەشەمان لێدەکات. ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن تورکیاوە ئاڕاستە هەر ئامانجێکی سەربازی یان مەدەنی بە دڵخوازی خۆی بکات و لەناویان بەرێت. شەقامە خەمڵێنراو بە سنەوبەرەکان و کڵێسا ئاشوورییەکان چۆڵن، ترسەکە هەست پێدەکرێت. محسن عەلی خەلیل، جووتیارێکی ئەسمەری و چاو کاڵ دەڵێت “کەسانی سڤیل و منداڵان و کێڵگەکانمان و کەناڵەکانی ئاودێری و وێستگەکانی پەمپکردن بۆردومان دەکەن. ئێمە لە ترسدا دەژین و کار دەکەین”. تەنها لە مانگی تەمموزدا ۳۶۳ هێرشی هاوەن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپخانە لە ناوچەكەدا هەژمار كراون و شەش كوژراو و ۲۶ کەسیش بریندار بوونە.

محێسن دەڵێت: "بەو پێیەی تورکیا بڕی ئاوی کەمکردۆتەوە، ئاوی پێویست بۆ ئاودانی کێڵگەکانمان نییە و بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنین، هەندێک جار بۆ ماوەی دە ڕۆژ لەسەر یەک کارەبا دەپچڕێت". چەند هەفتەیەک پێشتر وێستگەیەکی پەمپکردن بۆردومان کرابوو: هەر جارێک کە خەڵکی گوندەکە دەهاتن بۆ نۆژەنکردنەوەی، لە لایەن هێزەکانی لایەنگری تورکیاوە دەکەوتنە بەر هێرش. بەو پێیەی کە ئەرکی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیدارەی خۆسەر و تورکیای کە لە ساڵی ٢٠١٩ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە سپێردراوە بە رووسیا، دەسەڵاتدارانی خۆجێی داوای یارمەتیان لە ڕوسیا کرد.



ئاو بۆتە چەک، محێسنیش لە لێکەوتەکانی دەناڵێنێت. چیتر ناتوانرێت کێڵگەکانی بچێنرێت. تەنیا بەهۆی تراکتۆرەکەیەوە کە بۆ کشتوکاڵی خاکی جووتیارانی دیکە بەکاری دەهێنێت لە ژیاندا دەمێنێتەوە. سەردانێک بۆ ڕووباری خابور کە لە تورکیاوە دێت و ئاوی شارەکە دابین دەکات، ئەوەی کە مۆحسێن دەیڵێت پشتڕاست دەکاتەوە: لەوێ جگە لە چاڵە بەتاڵەتان و پەمپە بێکارەکان بەدرێژایی کەنارە وشکبووەوکانەوە هیچی تر بەدی ناکرێت.

کەس گومانی نییە کە ئەمە ستراتیژێکی تورکیایە

جووتیارێکی دیکەی ئاشوری کە نایەوێت ناوی بەهێنرێت، ئەڵێت "ئاو تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەخوردرایەوە و ئێمە دەهاتین بۆ مەلەکردن و ماسیگرتن و هەروەها ئاهەنگگێڕانی بۆنە ئاینییەکانمان”. خەڵکی ئاشووری ئەم ناوچەیە کە بە کشتوکاڵ و دۆڵە سەوزەکانیانەوە ناسراون، بە هاوژیانی لەگەڵ ڕووبارەکە و تەندروست بوونی دەژیان. جووتیارەکە کە هەزار هێکتاری زەویەکانی لەلایەن میلیشیاکانی لایەنگری تورکیاوە داگیرکراوە، ئاهێک دەکێشێت و دەڵێت: "ئێستا کە ڕووبارەکە وشک بووە و بەرهەمەکانمان لە مردندان، هیچ ڕێگەیەکمان نییە جگە لە چوون بۆ دەربەدەری".

بۆ هەموو ئەوانەی چاومان پێ کەوتووە گومانی تێدا نییە کە ئەمە ستراتیژی تورکیایە. نەبیل وەردە، وتەبێژی پاسەوانی خابوور (میلیشیای ناوخۆیی ئاشوری) لە تل تامر دەڵێت: "تورکیا رێوشوێنە سەربازییەکانی وەک تۆپباران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ تاکتیکێکی ژینگەیی زۆر کاریگەر تێکەڵ دەکات". لە ڕۆژاوا هەر پێکهاتەیەکی ئایینی خۆبەڕێوەبەری، پۆلیس، سوپا و دەسەڵاتی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ساڵی ۲۰۱۵دا داعشمان شكست پێهێنا كە كەسی تر نەیدەتوانی، لەگەڵ میلیشیاكانی توركیاش هەمان شت دەكەین". 

ئەردۆغان داوای ڕەزامەندی ڕووسیا دەکات بۆ لەشکرکێشی

لە کاتێکدا رەجەب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای رەزامەندی رووسیا دەکات بۆ کردەوەیەکی سەربازیی نوێ و بەرفراوان دژی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ماوەی چەند هەفتەیەکە مەترسی لەشکرکێشییەکیتری تورکیا لە ئارادایە. ئامانجی ڕاگەیەندراو: بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا، کە پاڵەوانەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە زیندانی کراوە. شەڕی گەریلا دەیان ساڵە بەردەوامە و ئامانجی دامەزراندنی ناوچەیەکی کوردی خۆسەرە لە تورکیا بە درێژایی هێڵەکانی عێراق و سووریا. تورکیا ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە - کە بەشێکی راستە، بەو پێیەی بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی کورد لە هەردوو دیوی سنوورەکە پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنالیزمی ئازادیخوازانەی ئۆجەلانن هاوبەشن.



ئۆرهال کەمال، ڕێکخەری ڕوانگەیەکی سەربەخۆی هەڤدەستی (Hevdesti) کە رووداوەکانی جەنگ تۆمار دەکات، دەڵێت: "بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی لەشکرکێشییەکە بۆ دانانی پشتێنێکی ئەمنییە لە نێوان تورکیا و کورد و گواستنەوە و دەرکردنی خەڵکەکەیەتی [لەو ناوچانە]". خودی خەڵکی سەرێ کانی، شاهیدی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی "لقی زەیتون" (٢٠١٨) و "کانی ئاشتی" (٢٠١٩) بوون کە تێیدا عەفرین و سەرێ کانی کەوتنە دەست سوپای تورکیا و دەستووپەیوەندیەکانی لە سوپای نیشتمانی سوریا. ئەم دوو شارە فرە نەتەوەییە بە زۆرینەیکی کوردیەوە، وێنەیەکی دڵتەزێن پێشکەش دەکەن کە ئەگەر تورکیا هێرشێکی نوێ دەستپێبکات، دەکرێت لە تەل تامر و باقی ناوچەکە چی ڕووبدات.

ئاگر لە دارە زەیتونە هەزاران ساڵیەکانی عەفرین بەردرا

رزگاربووان باسی ئەو کۆمەڵکوژییە ئیکۆلۆژییانە دەکەن کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە ئەنجامدراون. ئاگر لە دارە زەیتونە هەزاران ساڵیەکانی عەفرین بەردرا و زەیتەکەیان لەلایەن تورکیاوە لە بازاڕەکانی ئەوروپادا فرۆشرا. لە سەرێ کانی، دوای هێرشی باڵۆنە سووتێنەرەکان و تۆپخانەکانی تورکیا، چەندین کێڵگەی گەنم سوتان. کەمال بە شۆکەوە دەڵێت “ئەوان بە ئەنقەست ناسنامەی ئێمە دەکەنە ئامانج، کە ڕەگێکی قووڵی لە سروشت و دارەکانماندا هەیە. عەفرینیەکان دار زەیتوونەکانیان وەک منداڵەکانیان خۆشدەوێت، زۆرێکیان لەکاتی گێڕانەوەی رووداوەکان بۆ ئێمە دەگریان”. ناوی کردەوە سەربازییەکانی تورکیا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵنەبژێردراون: ئاماژەن بۆ دار زەیتوونەکانی عەفرین و کانیەکانی سەرێ کانی.

هەنگاوی دووەمی دوای لەناوبردنی ژینگە، گۆڕینی دیموگرافیا و دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە کە ئێستا لەلایەن میلیشیاکانی لایەنگری تورکیاوە بەڕێوەدەبرێن. کەمال دەڵێت “نیوەی دانیشتوانی سەرێ کانی پێشتر کورد بوون. ئێستا هەری زۆر لەوانەیە بتوانین بڵێین تەنها ٤٨ کەسیان لێ ماوە. هەمان شت بۆ ئەرمەنییەکان دەگونجێت، لە ٢٠٠ کەسەکەدا تەنها یەکێکیان ماوە – ئەو قەشەیەی کە ئاگاداری کڵێساکەی دەبێت”. ئەو ۳۵۰ هەزار کەسەی کە لەبەر تاڵان و وێرانکاری لە سەرێ کانی هەڵاتوون، بە ۲۰ هەزار خێزانی پەنابەری عەرەبی سووری کە لە تورکیاوە هێنراونەتە ئێرە جێگەیان پڕ کراوەتەوە. كەمال دەڵێت: "ئەردۆغان دەیەوێت هەموو ئاوارە سوورییەكانی نیشتەجێ توركیاوە لەم ناوچەیە و بەدرێژایی سنوور نیشتەجێ بکات".

هەموو بەشداربووان بە دەنگی بەرز ڕق و کینەیان لە دەوڵەتی تورک ڕادەگەیەنن. وەڵات دەروێش، کارگێڕی بەنداوی تەبقا دەڵێت: "کۆمەڵگەی دیموکراسی ئێمە کە هەموو پێکهاتەکان تیایدا پێکەوە دەژین، مەترسییە بۆ سەریان، ترسیان هەیە گەلەکەیان داوای هەمان مۆدێل بکات". لە ناوچەیەکدا کە دانیشتوانی نەتەوەیی بە قووڵی پەیوەستن بە ژینگەکەیانەوە، ئیکۆساید لەگەڵ جینۆسایددا یەکسانە. تەنانەت ئەگەر تورکیا زۆر دوور بێت لە دووبارەکردنەوەی دڕندەییەکانی سەدەی ڕابردوو، وەک جینۆسایدی (١٩١٥-١٩٢٣) دژی ئەرمەنییەکان و ئاشوورییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، یادەوەرییەکەی لە ڕۆژاڤادا لە هەموو شوێنێکدا هەیە.

تێبینی: لە وەرگێڕانی ئەم بابەتەدا هەوڵ دراوە بە گۆڕینی هەندێک ڕستە، بەبێ گۆڕینی مانای رەستەکان، گێڕانەوەیەکی ڕوانتر بۆ خوێنەران دابین بکرێت.


 
 
 
 

پەیوەندی‌دار:

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەمیل ڕەحمانی، کۆمەڵناس سەبارەت بە ژینگە و بزووتنەوەی ژینگە پارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هێندێک لە بۆچوونەکانی دەیڤید گڕەیبر لەمەڕ ڕۆژئاوای کوردستان

دەیڤید گڕەی‌بر مرۆڤناس، چالاکوان و نووسەر کە دەورێکی سەرەکی هەبوو لە بزووتنەوەی داگیر کردنی واڵ ستریت دا

تاساندنی ژینگەی کوردستان بەدەستی داگیرکەران

HPG: لە لیجە ٢٨ سەرباز کوژراون

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷