بابەتی گەرم:

ئەدی کەی باسی داهاتوو بکەین؟

Friday, March 17, 2023



سەردار سەعدی، هاوسەرۆکی ئەنستیتوی زانستە کۆمەڵایەتیەکان لە زانکۆی رۆژئاوا و مامۆستای ئانترۆپۆلۆژی لە زانکۆی ئۆتاوا

لەوێدا [لای وان] دەستەواژەکە ناوەڕۆکی تێپەڕاند؛ لێرەدا [لای ئێمە] ناوەڕۆک دەستەواژە تێدەپەڕێنێت. 
کارل مارکس
١٨ەی برۆمێری لوئیز بۆناپارت. ١٨٥٢ [۱]

هەر پرۆژەیەک لە هەمان کات دا یۆتۆپیای داهاتوویە. 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
مانیفێستۆی شارستانی دێمۆکراتیک، جڵدی ٤: قەیرانی شارستانیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چارەسەری شارستانی دێمۆکراتیک. ٢٠١٣ [۲]


ئەوکورتە بابەتە دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ کۆمەلێک نوسراوەی تر کە لە "داهاتوو" دا بەردەوام دەبێت. هۆکارەکانی ئەو نووسینە زۆرن هەرچەند هەر ئەو هۆکارانەش سەدەمی ئەوە بوون خۆم لە نووسین بپارێزم. بەڵام هۆیەک کە پێداویستی نوسینی ئەو بابەتەی بە سەر دڵەڕاوکیەکانم دا سپاند، گوتەیەکی بەرێز مامۆستا عەبباسی وەلی بوو لە کۆبوونەوەیەک بە ناوی "شۆرشی ژینا و ژیانەوە" کە لە رۆژی ٢٥ی فێڤرییەی ٢٠٢٣ لە شاری بۆنی ئالمان بەرێوە چوو. چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە و پەرواێزخستنی هێندێک لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باس و خواسێکی زۆری لێ کەوتەوە کە ئەگەرچی پەیوەندیدارە بەڵام دەرەوەی تاقەتی ئەو بابەتەیە. بەرێز وەلی لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا، [۳]  لە وڵامی بەرێز گوڵاڵە کەمانگەر کە گوتبووی "داهاتوو هەزار ساڵ نێت"  دەڵێ "ئێمە لە داهاتوودا هەموومان مردووین، خەڵاس بووە... داهاتوو شتێکە کە ئەلان لە گەڵمانە. سیاسەت دەبێ لە سەر ئەورۆ بێت. هەر سیاسەتێکی کە ئەورۆ قوربانی داهاتوویەکی بکا – داهاتوویەکی نامەعلووم بکا – ئەساسەن سیاسەتێکی مێتافیزیکی یە." بەرێز وەلی لە بەردەوام دا باسی پێداویستی بونیاتنانی سیاسەتێک لە سەر بارودۆخی "ئەورۆ" دەکا و داهاتوو گرێ دەداتە رەوشی ئێستا و بە دوور لە هەر چەشنە داهاتوویەکی دوور وەک داهاتوویەکی سۆسیالیستی. 

هەڵبەت مەبەستی ئەو نوسراوەیە وەڵامدانەوەی بەرێز وەلی نیە و من لە زۆر جێگا هاوڕا و هاوبیری پرۆژە و پشنیارەکانی ئەوم سەبارەت بە بزوتنەوەی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان؛ بە تایبەت پرۆژەی گوتار و سیاسەتی هاوبەش بۆ پارتەکانی کورد لە رۆژهەڵات لە سەردەمی شۆرشی ژینا. هەروەها هۆکارەکانی ئەو باسەی بەرێزیان و پێداگرتن لە سەر "سیاسەت لە سەر ئەمری واقیع" وەک وشیارکردنەوەیەکی بۆ هەموو هێزەکانی رۆژهەڵات دەبینم کە زۆربەیان سیاسەتێکی پەرتەوازە، پەراوێزخراو، و پاسیف، و زۆر جار بە دوور لە پرنسیپەکانی شۆرشی ژینا بەرێوە دەبەن. کێشەی من لە گەڵ ئەو وتەیە ئەوەیە کە بۆ دەبێ بە هەموو فۆرم و شیمانەکان باسی داهاتوو نەکەیەن، تەنانەت ئەگەر شیمانەی مردنیشی لە گەڵ دا بێت؟ ئەگەر ئێستا نا، ئەی کەی دەبێ باسی داهاتوو لە کوردستان بکەین؟ مەگەر جگە لەوەیە کە ئێستا رابردووی داهاتوویە؟ ئەو کورتە وتارە بە هیوای ورووژاندنی باسی داهاتوو لە کوردستان نووسراوە.

باسی داهاتوو: ئەدەبیات، هونەر، سیاسەت

لە چوارچێوەی ناسینی زەمانی یەکخەتی (Linear Time) لەو گەردوونەی دەیناسین، داهاتوو دەتوانێ چرکەیەک دوای خوێندەوەی ئەو دێرە بێت و دەتوانێ تا تریلیۆن سال دواتر بڕوا. ئەو ڕوانینە لە زەمان وەک خەتێکی بەرەوپێش تەنیا فۆرمی کاتە کە مرۆڤ تەجروبەی کردووە و زانستی مرۆڤ هەتا ئێستا ناسیویەتی. هەر بۆیە ئەو باسەی من سەبارەت بە داهاتوو لە چوارچێوەی ئەو پێناسەیە دایە. لە حالەتی ئابستراکت دا، داهاتوو چ چرکەساتێک بێت، چ سالێک، چ هەزار ساڵ یان چەند میلیار سالی دیکە وەک یەک وایە. هزر و پراتیکی رۆژانەی مرۆڤ گرێدراوی داهاتوویە (چ خولەکێک بێت، چ کاتژمێر، رۆژ، ساڵ، یان سەد ساڵ وهتد). هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە چاوەڕوانی داهاتوویەکی دیار یان نادیار دا ئێستا تێپەر دەکەین. بەڵام ئەو داهاتوویە بە کاتی نیشانەکراو پێناسە دەکرێت. ئەگەر ڕوونتری کەمەوە، زەمان یان لە پەیوەندی ژیانی ڕۆژانە و چەرخی ژیان نیشانە دەکرێت (وەک دوای لە دایک بوون، دوای پێهەڵگرتن، دوای چوونی قوتابخانە، دوای هاوسەرگیری، دوای مردن، و هتد) یانیش وەک زۆرشتی تر حیساب دەکرێت (Quantify) و بە پێی ئەو فۆرمۆڵە داهاتووش دەخوێندرێتەوە (بۆ وێنە حەوتوویەکی دی، سالێکی دی، دوای بوون بە ١٨ ساڵ، دوای ٢٥ ساڵی دی و هتد). هەروەها گەلێک سیستەمی هزری لە سەر پەیرەوکردنی  پێشبینییەک لە داهاتوو دامەزراون کە کاتی نیشانەکراو دیاریکەری داهاتوویە وەک داهاتووی پاش مردن بۆ زۆربەی دینەکان. بەڵام داهاتوو گەلێک جاریش وەک رەوشێکی ئابستراکت ناساندراوە. وەک میناک لە فەلسەفە دا، بە تایبەت لە فەلسەفەی نیچە و هێگێل کە داهاتوو دەتوانێ گەییشتن بێت بە روحی موتەعالی  (Divine Spirit) یان بە مرۆڤی خودائاسا (Übermensch). چ لە رەوشی نیشانەکراو دا وچ لە فۆرمە ئابستراکتەکەی دا، پێش بە هاتنی داهاتوو ناگیرێت (Inevitable) و ئێستا گرێداروی ئەوەیە کە تا کوێ داهاتوو دەبینین و تا چەندە بایەخ بۆ ئەو دیتنە دادەنێین. 

داهاتوو هەروەها مەراق ساز دەکات، مەراقێک کە رێگا خۆش دەکا بۆ پێشبینی کردن، بۆ زانینخوازی، بۆخەون و خولیا، و بۆ یۆتۆپیا. زۆر جار ئێمە بە پێی ئەو یۆتۆپیایەی داهاتوو بڕیار بۆ چەمک و کردارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانمان  دەدەین و هەوڵ دەدەین بۆ وەدیهێنانیان چونکە داهاتوو لە زاتی خۆی دا بەڵێنە. یۆتۆپیای داهاتوو هەڵبەت هەڵقوڵاوی هەل و مەرجی ئێستایە و رابردووش ناسنامەکەی دیاری دەکات. ئەگەرچی زۆر جار پێشبینی داهاتوو لە لایەن هزر یان تاقمی دەسەڵاتدارەوە بۆ داگیرکردنی ئێستا و داهاتووی بندەستەکان بەکارهاتووە،  داهاتوو لە زاتی خۆی دا بەڵێنە بۆ دەربازبوون لە رەوشی ئێستا؛ دابڕانە (Rupture) لە رابردوو، دابرانێک کە بۆ پێشخستنی هۆشیاری (Consciousness) پێویستە. ئەگەر بەردەوامی (Continuity) و هاورێکی (Consistency) دوو تایبەمەندی بەرچاو بن لە ناخی زەمانی تاکە هێلی دا، دابرانێکی دیالکتیکی مەرجە بۆ بەربڵاوکردنی هۆشیاری لە ناخی بەردەوامی و هاورێکی دا. داهاتوو دەسەڵات دەترسێنێت بەڵام مەرج نیە بیروخێنێت! دەسەڵاتدار هەموو کات خۆی لە ئامادەکردن بۆ داهاتوو دا رێک دەخات و دەسەڵاتدارەکان لە سەر داهاتوو پێشبەرکێ دەکەن. چەندە دەسەڵاتداران ئامادەکاری بۆ داهاتوو دەکەن، ئەوەندە بندەەستەکان لە ئێستا دا دەمێننەوە. بۆ بندەست، شەڕی مانەوە (Survival) لەئێستا دا زاڵە بە سەر بینینی داهاتوو. بندەستەکان یان بە هیوای وەدی هاتنی گۆران و یەکسانی ئێستایان دەرباز دەکەن یان لە ترسی داهاتوو ڕەوشی ئێستایان بەسەر دەبەن، بەڵام لە هەر دوو حالەتدا ناچارن بە ئێستا. داهاتوو مەیدانی شەڕە بە تایبەت بۆ دەسەڵاتداران و هەرلەربەر ئەوەش داهاتوو دەتوانێ مەترسیدار بێ  بۆ مرۆڤەکان و مرۆڤ بوون، بۆهەبوون و هۆشیاری کە هەتا رۆژی ئەورۆ هاتوە و توانای بێ پایانی بۆ پێشوەچوون هەیە، بۆ هەموو بوونەوەرەکان و بۆ گۆی زەوی. بەڵام داهاتوو چەندە مەیدانی شەری دەسەڵاتدارانە ئەوەندەش بۆ بندەستان گرینگە بۆ وەدیهێەنانی خەونی ئازادی و ڕزگاری. جا بۆیە داهاتوو دیتنی دەوێەت و ئامادەکاری. ئێستا داهاتوویە کە رووی داوە. داهاتوو و داهاتوو بینین مانا دەبەخشێ بە ئێستا.  

داهاتووگەری (Futurism) بە دەیان ساڵە لە ئەدەبیات و هۆنەری ئەورووپی و بە تایبەت لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی دا جێگای تایبەتی خۆی هەیە. ئەگەرچی وەک باسم کرد، داهاتوو دیتن لە زۆر سیستەمی هزری دا رۆڵی هەیە، داهاتووگەری  وەک بزوتنەوەیەکی ئەدەبی، هونەری  و کۆمەڵایەتی یەکەمجار لە دەستپێکی سەدەی بیستەم دا لە ئیتالیا لە لایەن کۆمەلێک  نووسەر و هونەرمەند وەک شاعیر فیلیپۆ مارینێتی ( Filippo Marinetti نوسەری مانیفێستی داهاتوو کە ساڵی ١٩٠٩ بڵاو بۆوە)، نیگارکێش ئۆمبێرتۆ بۆچیۆنی (Umberto Boccioni خاوەەن کۆمەڵێک پەیکەر و تابلۆی داهاتووگەر)، نیگارکێش کارلۆ کارا (Carlo Carrà)، نووسەر و بیرمەندی ئانارشیست رێنزۆ پرۆوێنچیالی (Renzo Provinciali)، و کۆمەلێک رۆشەنبیر و هۆنەرمەندی تر دەستپێکرا کە هەرکامەیان خاوەن ڕابردوویەکی جیاوازی سیاسی بوون. مانیفێستی داهاتووگەری مارێێنتی زۆر بە ڕاشکاوی لە بەرانبەر ڕابردوو ڕادەوەستێ و پەسنی هێزی زەبر، خێێرایی، و پێشکەوتنەکانی زانست و تێکنۆلۆژی دەدات. ئەو مانیفێستە زۆر زوو گەیشتە ڕوسیای بەر لە شۆرشی ئۆکتۆبەری١٩١٧ و کۆمەلێک هونەرمەند و نووسەری ئاوانت-گارد بە گەرمی پێشوازیان لێ کرد . لە دوای شۆرشی ١٩١٧ش زۆربەی داهاتووگەرانی رووس هاورێیەتی شۆرشی سۆسیالیستیان کرد، و کەسانێکی زیاتر وەک شاعیر مایاکۆڤسکی لە گەڵیان کەوتن. تەمەنی داهاتووگەری لە رووسیا کورت بوو و لە سەردەمی شەری ناوخۆ و سەرهەڵدانی ستالین بەرەو کۆتایی رۆییشت. هەڵبەت رێبەرانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لە بەرانبەر داهاتووگەری دا روانینی جیاوازیان هەبوو. بۆ وێنە ترۆتێسکی داهاتووگەرەکانی بە ناشۆرشگێر و کۆمەڵێک خەڵکی سەر بە "بۆهێمیای بۆرژوازی" (Bourgeois Bohemia) کە لە "دونیایەکی بچوک" دا دەژین دەناساند. [۴]  لە ئیتالیاش بەشێک لە داهاتووگەرەکان لە ١٩٢٠ەکان دا هاتنە ناو بزوتنەوەی فاشیستی موسیلینی و هێندێکیان تەڤلی بزوتننەوە ئانارشیستیەکان بوون، بەڵام داهاتووگەری بە گشتی کاریگەریەکی مەزنی لە سەر بزوتنەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و هۆنەریەکانی ئەو کاتی ئەوروپا دانا، و بە تایبەت لە لایەن ئانارشیستەکانەوە بە گەرمی پێێشوازی لێکرا.

 سەرەتاکانی سەدەی بیستەم هەروەها هاوکات بوو لە گەڵ کۆمەڵێک شۆرشی دیرۆکی لە زانست دا وەک شۆرشی ئەنشتاین لە زانستی فیزیک دا و دواتر گەشەسەندی فیزیکی کوانتۆم کە بونیادەکانی زانستی سەر و بن کرد و سنوورەکانی زانستی گەیاندە هەرلایەکی گەردوون. لە گەڵ ئەوەش، داهاتووگەری بەرەو فۆرمگەلێکی زۆر جیاوازتر چوو. بە تایبەت لە ئەدەبیات دا ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنەکانی زانست هێدی هێدی وەدی دەکەوتن.  ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم کە بۆ یەکەمجار بۆمبی ئەتۆم بەکارهێنرا لە بن کاریگەری راستەوخۆی پێشکەوتنەکانی سیاسی و زانستی دا ماوە و ژانری زانست-چیرۆک (Science-Fiction) و هەروەها چیرۆکی مەزەندەکەر یان سپێکولاتیڤ (Speculative Fiction) بەشێکی بەرچاوی لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی بە تایبەت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ خۆی تەرخان کرد. ئەو ژانرە دواتر لە بەشەکانی دیتری هونەریش دا بڵاو بۆوە و هالیوود رۆلی سەرکەی لە گەشەپێدانی دا. هەرسال بە دەیان و سەدان بەرهەم وەک کتێب، فیلم، زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، و بەرهەمەکانی دیکەی هونەری لەو ژانرە دا دەردەکەون. هەڵبەت ژانری زانست-چیرۆک هەمووی سەبارەت بە داهاتووگەری نیە و زیاتر گرێدراوی چیرۆکی خەیالی یە کە سنوورەکانی زانست تێدەپەرێنێت. بەڵام داهاتووگەری رێگای بۆ بەرهەمەکانی خەیالی لە هەر چەشنێک کردەوە. لە بەرهەمەکانی داهاتووگەری دا داهاتوو دەتوانێ سەبارەت بە خوێندنەوەکی داهاتووگەرانە سەبارەت بە رابردووش بێت، وەک لە زنجیرە فیلمەکانی "ستار وارز" یان شەری ئەستێرەکان (Star Wars) دا دەبینین. داهاتوو لەو بەرهەمانەدا دەتوانێ ئاخرزەمانی (Apocalyptic) بێت، وەک زۆربەی ئەو چیرۆکانەی سەبارەت بە جیهان دوای شەری ئەتۆمی نووسراون و هۆشداری دەدەن بە ئیمکانی داهاتوویەکی تاریک، یان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بێ چارەسەرن کە مرۆڤەکان دەکات بەزۆمبی و هتد. هەروەها داهاتوو دەتوانێت لە سەر ئەساسی یۆتۆپیای یەکسانیخوازی (Egalitarian Utopia) بێت وەک لە زنجیرە نوسراوەکان و فیلم و بەرهەماکانی کە بەنێو گەشتی ئەستێرەکان یان "ستار ترەک" (Star Trek) ناسراون. لە گەستی ئەستێرەکان دا مرۆڤەکان و بوونەوەرەکانی دیکەی گەردوون لە رەوشێکی یۆتۆپیایی یەکسان دا دەژین بەڵام جار جار لە بەرامبەر تاقمگەلێەک لە بوونەوەرە نامۆیەکان بەشەڕ دێن کە بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئەو یۆتۆپیایە لە شوێنی تری گەردوونەوە هاتوون.  لە زنجیرە فیلم و درامای تەلەڤیزیۆنی گەشتی ئەستێرەکان (Star Trek)، کە هەتا ئێستا بە شیوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، دونیایەکی یۆتۆپیایی پێشکەوتوو لە بواری تێکنۆلۆژی و یەکسان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی نێشان دەدا کە  مرۆڤەکان چیتر لە سنوورەکانی سەر ئارز نەماون و لە نێوان ئەستێرەکان و گەلەئەستێەرەکان دا گەشتیاری دەکەن. لە هەر دوو حاڵەتدا زۆربەی چیرۆکەکان لە ژانری داهاتووگەری سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی مرۆڤەکانن  بۆ مانەوە و بۆ رزگاری.
 
ئەگەرچی ئەدەبیاتی داهاتووگەر بە گشتی لە بن باندۆری چاندی سەرەکەی سپی پێستان لە ئامریکا بووە، گەلانی رەش پێستیش  لە دیاسپۆرا  زۆر زوو داهاتووگەری تایبەت بە خۆیان پێش خست کە بەرهەمی هەرە دواییەکەی فیلمی پلنگی رەش (Black Panther) بوو. داهاتووگەری ئەفریقی (Afrofuturism)  لە ١٩٦٠ەکان دا بە نووسین و رۆمانەکانی کەسانێک وەک ئۆکتاویۆ باتلێر (Octavio Butler) و ساموئێەل دێلانی (Samuel Delany) دەستی پێکرد و دواتر لە زۆر بەشی ئەدەبی و هۆنەری وەک شێعر و رۆمانی زانست-چیرۆک، نیگارکێشی، پەیکەرسازی، موسیقا، و هەری دواتر سینەمای ئەفریقی-ئەمریکیەکان (سینەمای رەش Black Cinema) بڵاو بۆوە. داهاتووگەری ئەفریقی گیانێکی نوێی وەبەر هونەر و چاندی ئەفریقی-ئەمریکیەکان ناوە کە بە ساڵان بوو لە بن هێژێمۆنی سپی پێستەکانی ئەمریکا هەموو دەرەتانی خۆنیشاندانیان لێ گیرابوو. داهاتووگەری ئەفریقی لە ژانری چیرۆک-زانست و چیرۆکی مەزەندەکەر نە تەنیا سەبارەت بە دونیای خەیاڵی داهاتوو یان رابردوویەکی ئالتەرناتیوە کە رەشپێستەکان بە هێزن و چی تر لە بندەستی نیژادپەرەستی سپیەکان دا نین، بەڵکو هەروەها سەبارەتە بە هەوڵی وەرگرتەوە (Reclaim) و ناسینەوەی مێژووی ئەفریقی-ئەمریکیەکان کە سەدان ساڵ لە بن سیستەمی کۆلەداری و رەگەزپەرەستی سەرمایەداری دا چەوساونەتەوە. بۆ وێنە لە پرتووکە بە ناو بانگەکەی باتلر بە نێوی کیندرێد (Kindred)، کچێکی رەشپێست کە لە سانفرانسیسکۆی ئەورۆ دەژی دوچاری ئەپیزۆدی سایکۆسیس (Psychosis) یان هێرشی دەروونی دەبێت، و هەرجارە تووشی ئەو هێرشانە دەبێ، دەچێتەوە بۆ قۆناخێک لە سەردەمی کۆلەداری کە پێشینیانی کۆیلە بوون و ئەو کچە لە رێگایەک دەگەرێت بۆ رزگارکردنیان لە بەرانبەر توندوتیژی و چەوساندنەوەی ئەربابە سپی پێستەکەیان. داهاتووگەری ئەفریقی گۆرانکاریەکی دیرۆکی ساز کرد لە چۆنیەتی تێروانینی رەشپێستەکان لە خۆیان و رابردوو و داهاتوویان، و باوەر بە خۆییەکی سەرکەوتوو لە ناو گەلانی ئەفریقی-ئەمریکی دا ساز کرد. 

داهاتووگەری ئەفریقی زۆری نەخایاند کە مەیدانی داهاتووگەری ئاوەڵە کردەوە بۆ مەزەندەکردن سەبارەت بە داهاتوو و پرۆژەی یۆتۆپیایی بۆ بزوتنەوە یەکسانیخواز و ئازادیخوازەکان و هەروەها بۆ گەلانی بندەست. بۆ وێنە رۆمانی بێدەسەڵاتکراوەکان (The Dispossessed)، لە نووسینی ئورسولا لە گوین (Ursula K. Le Guin) کە ساڵی ١٩٧٤ بڵاو بۆوە، سەرهەڵدان و دواتر دامەزراندی دونیایەکی یۆتۆپیای ئانارکۆ-سەندیکالیستی (Anarcho-Syndicalist) نیشان دەدا لە دوو هەسارەی (Planet) دوور لە گۆی زەوی. لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ەوە داهاتووگەری وەک بزوتنەوەیەکی ئەدەبی و هونەری لە ناو گەلانی خۆجێیی ئامەریکای باکوریش دا دەستی پێکرد. داهاتووگەری گەلانی خۆجێیی (Indigenous Futurism) وەک داهاتووگەری ئەفریقی هەوڵی گەڕاندەوەی سەروەری و باوەربەخۆبوون بۆ گەلانی خۆجێی دەدات. لەو داهاتووگەریە دا، شێوازی جۆراوجۆری دژایەتی لە گەڵ مەتینگەری سەپێنراو لە سەرگەلانی خۆجێیی لە داهاتوویەکی جیاواز یان ڕابردوویەکی ئالتەرناتیو دا خەیالی بۆ دەکرێت کە پەیوەندیدارە بە تەوەرەکانی دژمەتینگەری (Decolonization)، دیرۆکی ئالتێرناتیو(Alternative History)، گەشتیاری لە زەمان دا (Time Travel)، کاتە جیاوازەکان و کاتی نا یەک هێڵی (Separate Times and Nonlinear Time)، سەروەری سیمبۆلی (Symbolic Sovereignty)، گەردوونی پارالێل (Parallel Universe)، و چەندگەردوونی (Multiverse). یەکەم بەرهەمی بەرچاو لەو ژانرەی ئەدەبیاتی گەلانی خۆجێیی دا کۆکراوەی کۆمەڵێک کورتەچیرۆکی نووسەرانی گەلانی خۆجێیی یە کە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن گرەیس دیڵن (Grace Dillon) لە کتێبێک دا بە نێوی "پیاسە بە هەورەکان: ئۆنتۆلۆژیەکی زانست-چیرۆکی گەلانی خۆجێیی" (Walking the Clouds: An Anthology of Indigenous Science Fiction) بڵاو بۆوە.

 داهاتووگەری لە کوردستان: بڵەی داهاتوو لە کوردستان داهاتوویەکی هەبێت؟

ئەوەندەی من ئاگادارم تا ئێستا هیج بەرهەمێکی داهاتووگەر لە ئەدەبیات و هونەری کوردی دا بە هیچ یەک لە شێوەزارەکان لە هەر چوار پارچە و لە دیاسپۆرا دەرنەکەوتووە. لە کوردی دا ژانڕێکی داهاتووگەری نیە و ژانڕی داهاتووگەری کوردی یان بە ئینگلیزیەکەی دەتوانین بڵەین کوردۆفیوچێریزم (KurdoFuturism) وەدرەنگی کەوتووە. هەڵبەت سیاسەتی شۆڕشگێری لە کوردستان بۆ داهاتوویەکی ئازاد بووە بەڵام شۆرش لە کوردستان نەیتوانیوە بزوتنەوەیەکی داهاتووگەر بەو مانایەی کە لە سیاسەت، ئەدەب و هۆنەری داهاتووگەر لە ناو گەلانی رۆژئاوا و گەلانی ئەفریقی و خۆجێیی دایە پێش بخات. لە کوردستان و لە چوارچێوەەی سیاسەتی شۆرشگێر دا، تەنیا لە نووسراوەکانی زیندانی بەرێز ئۆجەڵان دا باسی داهاتوو و یۆتۆپیا بە گەرمی دەبینین. بەرێز ئۆجەلان لە زۆر جێگای کتێب-پارێزنامەکانی دا باسی چیرۆکی گیل گامێێش دەکا و خوێندنەوەیەکی ئالتێرناتیو بۆ ئەو چیرۆکە ئەنجام دەدا. گیل گامێش یەکێک لە کۆنترین چیرۆکەکانی مرۆڤایەتی یە و تەنانەت وەک یەکەم بەرهەمی ژانری زانست-چیرۆک بە نێو دەکرێ کە تێیدا قارەمانی چیرۆکەکە واتە گیل گامێش بە دوای گیایەک دەکەوێت کە دەەرمانی مردن بکات و نەمری بۆ مرۆڤایەتی بێنێت. ئۆجەلان دەلێت کە هەتا یۆتۆپیای مەزن نەبن ژیانێکی مەزن و بە قیمەت پێش ناکەوێت. ئەو بروای وایە کە چاندی رۆژهەڵاتی ناوەراست یۆتۆپیای بەهەشت و دۆزەخی بە خەڵات داوە بە مرۆڤایەتی و لە هەمان کات دا لە چیرۆکی گیل گامێێشەوە بە دوای دەرمانی نەمری کەوتووە. بەڵام ئۆجەلان چیرۆکی گیل گامێش هەروەها لە تێروانینێکی ئالتەرناتیوی روو بە ئازادی ژن دەخوێنێتەوە. بە بڕوای وی نەخۆشی دەسەڵات لە گیل گامێشەوە دەستی پێکردووە و نەوەکانی دوای ویش لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پیاوسالارانە بەردەوام بۆ دەسەڵات گەراون. ئەو دەلێت 'وا تێدەگەم نەوەی گیلگامێش، کە بەهۆی نەخۆشی دەسەڵاتەوە ئەو ژیانەی لەدەستدا کە دەکرا لەگەڵ ژنێکی ئازاد دا بەدی بهێنرێت، ئەم ژیانە هەتاهەتاییەش نادۆزنەوە کە هەمیشە بەدوایدا بوون.' [۵]  بە باوەری وی لێگەران و دامەزراندنی ژیانێکی ئازاد و راستەقینە لە رێگای شۆرشی ژنانی ئازاد دا بەدی دێت. ئۆجەلان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وەک 'فۆرموڵێکی ئەفسوناوی' بۆ شۆرشی ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ناو دەکات؛ فۆرمولەیەک کە بەڵێنی داهاتوویەکی جیاواز و رزگاریدەر دەدات و وەک دەیبینین شۆرشی ژینای لێ کەوتۆتەوە.  

داهاتووگەری شۆرشگێری نیە بەڵام شۆڕشگێری داهاتووگەریە. شۆڕشگێر ناتوانێ داهاتووگەر نەبێت. بزووتنەوە شۆڕشگێریەکان بۆ داهاتوویەکی دوای شۆرش خەبات دەکەن ئەگەرچی زۆر جار شۆڕشگێران ئەو تایبەتمەندیە گرینگەی هەبوونیان لە پەراوێز دەخەن و لە قەید و بەندەکانی ئێستا و رابردوودا دەمێننەوە.  بەدیهێنانی کوردستانێکی ئازاد ڕووی لە داهاتوویە، بەڵام پرۆژەیەکی ناسیۆنالیستی کوردی کە چاوی لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیە ڕووی لە ڕابردوویەکی دزراو لە کورد دەکات کە بڕیار بوو لە دەستپێکی سەدەی بیستەم ڕوو بدات بەڵام قوربانی سیاسەتی زلهێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو. لە چوارچێوەی میژووی کوردستان و بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی ئێستای کوردستان، هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست، و جیهان، پرسیار ئەوەیە گەلۆ داهاتووی کوردستان دەتوانێ چۆن بێت؟ 

بە دەیان ساڵە لە زۆر زانکۆ و ناوەندی زانستی جیهان باسی زانست و تێکنۆلۆژی داهاتوو دەکرێت. ئێمە لە کوێی هەموو ئەو باسانەین؟ ئێمە لە کوێی داهاتووی جیهانین کە خەریکە سنوورەکانی وجوودی مرۆڤ و هۆشیاری (Consciousness) دەرباز دەکات و بەربڵاوتری دەکات و ڕووی لە کۆمەڵەی خۆر (Solar System) و گەلەئەستێرەکانە (Galaxies)؟ هۆنەر و ئەدەبیاتی کوردی چەندە خەیالی داهاتوو دەبینێت؟ ئەو خەیاڵانە چۆن دەتوانن کۆمەڵگا و سیاسەتی ئەورۆمان دیاری بکەن و بیگۆرن؟ جێگای کوردستان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان دا چیە؟ من دلنیام ئەگەر بە پێی پێشکەوتنەکانی جیهانی بەرەو داهاتوو چاو لە کوردستان بکەین، زۆر زەحمەت نابێت کە کارەساتی ناسیۆنالیزمی عەشیرەیی و حیزبی کوردی ببینین کە لە ڕاستی دا نەتەوەپەروەریش نیە و لە هەر دەرفەتێک دا خولیای کوردستانی ئازاد فیدای بەرژەوەندیەکانی خۆیان و دەسەڵاتیان، بنەماڵەکەیان، عەشیرەتەکەیان، یان حیزبەکەیان دەکەن، و جار جار لە سەرکوتکردنی گەلی کورد دا دەستیان وەپێش دەوڵەتە داگیرکەرەکان خستووە. 

داهاتووگەری هیچ سنوورێکی نە بۆ زەمان هەیە نە بۆ بنچینەی سیاسی داهاتووگەر و بەرهەمەکانی. وەک چۆن لە ئیتالیای دوای ١٩٢٠ەکان داهاتووگەرەکان بە سەر فاشیستەکانی لایەنگری موسیلینی و ئانارشیستەکان دابەش بوو، یان چۆن لە روسیای پێش و دوای شۆرشی ئۆکتۆبر داهاتووگەرەکان یان تەڤلی شۆرش بوون یان پەراوێز خران، وەک چۆن لە ئامریکای باکوور داهاتووگەری هەم لە گۆر چاندی دەسەڵاتداری سپیەکان و سیستەمی سەرمایەداری هەیە و هەم  داهاتووگەری رادیکال و چەپگر و داهاتووگەری ئەفریقی و گەلانی خۆجێییش هەیە،  داهاتووگەری لە کوردستانیش دەتوانێ لە سەربنەمای ناسیۆنالیزم خۆسپاردوو بە سەرمایەداری بێت (کە بۆ وێنە هەولێر لە ئایندە دا وەک دوبەی وێنا دەکات) و هەمیش دەتوانێ داهاتوو وەک کوردستانێکی ئازاد و شۆرشگێر ببینێت کە ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوینێکی کۆنفێدێرال، ئازاد، و دێموکراتیکە کە یەکسانی و ژیانی هاوبەشی تێدا پارێزراوە. لە هەر دوو حالەتدا، تەنیا رێگای مسۆگەرکردنی هەبوونی داهاتوویەک بۆ پێشەرۆژی کوردستان کرانەوەی بەربڵاوی باسی داهاتوویە. شۆرشی داهاتوو لە کوردستان شۆرشی ئەو گەنجانە و ژنانەیە کە شۆرشی ژینایان پێک هێنا.  با باسی ٥٠ ساڵی دیکە بکەین، با باسی کوردستان لە ساڵی ٢١٠٠ بکەین، با باسی هەزار ساڵی دیکە بکەین. هەزار ساڵ مەودایەکی زۆر دوور نیە لە تەمەنی گەردوون و مرۆڤایەتی دا. ئەفسانەی کاوەی ئاسینگەر ٢٧٠٠ ساڵ لە مەوبەر ڕووی داوە. ئەفسانەی ئێمە بۆ کوردستانی ٢٧٠٠ ساڵی تر چیە؟ با باسی مێژوومان بکەین لە سونگەی پەرسپەکتیفێکی داهاتووگەرانە. با بە پێی داهاتووی مرۆڤ و جیهان داهاتووی خۆمان هەڵبسەنگێنین و پێشبینی بکەین. چۆن دەتوانین بەر بە داهاتووگەریەکی شۆرشگێری کوردی کە لە داهاتووگەری گەلانی ئەفیقی و گەلانی خۆجێیی ئیلهام وەردەگرێت بکەینەوە؟  من بروام وایە داهاتووگەریەکی ئاوا کە خۆی دەسپێێرێتە بنەماکانی دێمۆکراسی ڕادیکال، ژیانی هاوبەش و هەڤالێتی گەلان، یەکسانی خوازی، ئازادی ژن، ژینگەپارێزی، و پێش خستنی زانست و تەکنۆلۆژیای نوژەن دەتوانێ شۆرشێکی مایەندە لە ئێستای کوردستان دا ساز کات و هیوای مانەوە و خەبات بۆ داهاتوو بە گەنجان ببەخشێت.


ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ئەو کۆنفەرانسەی بۆن و ووتەکانی دانیشتوان کە هێندێکیان وەک بەرێز عەبدوڵا موهتەدی راستەوخۆ تێکەڵاوی رەوتێکێ پاشڤەرۆیە کە دەیهەوێ داهاتووی ئێران دیاری بکات، دەبینین کە چەندە داهاتووی کوردستان لەو گفتوگۆیانە دا بە ناهومێدی باسی دەکرێت و رۆڵی کورد پاسیڤ هێشتراوەتەوە. سەرباقی شۆرشی ژینا - ئەو شۆرشە مێژوییە و بە هێزەی کە لە رۆژهەڵات دەستی پێکرد و لە ئێران بڵاو بۆوە – تاقمێک پارتی و کەسیاتی کورد کە بەنێو نوێنەرایەتی کورد دەکەن تەنیا خەریکن شۆرشگێری لە کوردستان دادەمەرکێنن، بێ هێز و پەرتەوازەی دەکەن. ئەو داهاتوویەی لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی بڕیارە بەدی بێت لە هەموو لایەکەوە خەریکە پلانسازی بۆ دەکرێت، 'مەنشووری' بۆ دەنووسرێت، و بەرنامەی بۆ دادەنرێت کە هەڵبەت هێندێکیان و بەتایبەت ئەوانەی لە ناوخۆوە نوسراوون ڕەنگدانەوەی تایبەمەندیەکانی شۆڕشگێڕی شۆرشی ژینان . بەڵام پارتیە کوردیەکانی رۆژهەڵات لە جیاتی پێێشخستن و باس کردنی داهاتوو و پلان داڕشتن بۆی، یان بە شێوازێکی پاسیف چاوەڕێی رووداوەکان دەکەن یان هەوڵیان ئەوەیە کە لەو داهاتوویەی ئۆپۆزۆسیۆنی پاشڤەرۆی ئێرانی خەریکە خەونی بۆ دەبینێت و بەرنامەی بۆ دادەرێژێت، بەشێکیان وەبەرکەوێت. 

داهاتووگەری چیمان پێ دەڵێت سەبارەت بە سیاسەتی کوردی ئەورۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟ هیچ جێی گومان نیە کە هەتا سەروەریەکی سیاسی، چ دێ فاکتۆ و چ ناسێندراو، لە کوردستان ساز نەبێت و پرۆژەی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە نەکرێت، ئێمە لە باشترین حاڵەتدا تەنیا دەبین بە بەشێک لە پڕۆژەی سەروەری ئەوانەی تر. تەنانەت ئەگەر پرۆژەی سیاسی ئێمە لە رۆژهەڵات بۆ هەموو ئێران بێت، کە دەبێ واش بێت، ورووژاندن و خستنە باسی ئەوپرۆژەیە هەم لە باری گوتارەوە و هەم لە باری سیاسەتەوە گرێدراوی باس کردن، پێشخستن و سەپاندنی پرۆژەی سەروەری سیاسیە لە کوردستان. وەک دەبینین، ئۆپۆزیسیۆنی پاشڤەرۆخواز و ناوەندگەرای ئێرانی تەنیا بە مافی خۆی دەزانێت پرۆژە بۆ ئێرانی داهاتوو دابرێژێت، و هیچ بایەخێک بۆ پرۆژەکانی ئەوانی تر دانانێت، جا ئەوانی تر چ گەلانی بندەست بن، چ چینی زەحمەتکێش یان کۆمەڵگای مەدەنی، و چ کەسانی پێشکەوتن خواز و چەپگر. یان دەبێ لە گەڵیان بیت یان جیاوازی خواز و تێرۆریستی. 

سەروەری لە کوردستان بە مانای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نیە. بە پێچەوانە من لە بەرانبەر پرۆژەەی دەولەت-نەتەوە سازیم و هیچ بایەخێکی داهاتووگەری بۆ سیاسەتی ناسیۆنالیستی کوردی دانانێم. سەروەری لە کوردستان بە مانای ئەوەیە کە چ دەبێ با ببێت، گەلی کورد دەبێ خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. لەو چوارچێوەیە دا ئێمە دەبێت بۆ گۆڕانکاریەکی شۆرشگێری بۆ هەمووی ئەو وڵاتانەی کە بەسەریان دا دابەش بووین خەبات بکەین. ئەوە پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە و هەردووک گرێدراوی یەکن، و بە باوەری من تەنیا لە شۆرشێکی ئاوەها دا هەم کوردستان و هەم داهاتووی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەەراست دەگۆردرێت. پرۆژەیەک تەنیا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بێت هەڵبەت پرۆژەیەکی سیاسی ناتەواوە، بەڵام سیاسەتی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە گەل ئۆپۆزیسیۆنی پاشڤەرۆ و راستگەری ئێرانی تەنیا بەردەوامی چەوسانەوەیە. کورد بە هاورێیەتی و هاوپشتیوانی لەگەڵ چەپی ڕادیکال، فەمینیستەکان، و چاڵاکوانانی پێشکەوتنخوازی گەلانی تر دەبێت و دەتوانێت رێبەرایەتی شۆرشێکی رادیکال لە رۆژهەڵات و ئێران بە دەست بگرێت. 

سەرچاوەکان:

[۱]  “There the phrase went beyond the content; here the content goes beyond the phrase.”
[۲]  “Her proje aynı zamanda gelecek ütopyasıdır.” عەبدوڵڵا ئۆجەلان
مانیفێستۆی شارستانی دێمۆکراتیک، جڵدی ٤: قەیرانی شارستانیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چارەسەری شارستانی دێمۆکراتیک. ٢٠١٣
[۳]  https://youtu.be/۲V۳۳QZUsPs۸?t=۸۶۴

[۴]  بروانە بۆ:
  https://www.marxist.com/leon-trotsky-on-futurism.htm
[۵]  “Şüphesiz bu projeler şimdilik birer ütopyadır. Ama tarihsel ve toplumsal temeli güçlü olan ütopyalardır. Unutmamak gerekir ki, büyük ütopyalar olmadan büyük yaşam pratikleri gerçekleştirilemez. Ortadoğu kültürü insanlığa cennet ve cehennem ütopyasını armağan etmiş, ilk yazılı destan olan Gılgameş Destanıyla binlerce yıl öncesinden beri ölümsüzlük otunu hep aramış bir kültürdür. Anlıyorum ki, özgür kadınla gerçekleşebilecek yaşamı iktidar hastalığıyla kaybetmiş olan Gılgameş nesli, hep peşinde olduğu bu yaşamı sadece ölümsüzlük biçiminde değil, gerçek yaşam süreci içinde de bulamayacaktır.” عەبدوڵڵا ئۆجەلان
مانیفێستۆی شارستانی دێمۆکراتیک، جڵدی ٤: قەیرانی شارستانیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چارەسەری شارستانی دێمۆکراتیک. ٢٠١٣

 


پەیوەندی‌دار:

دەسکەوت و خەسارەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی؛ هەڤپەیڤین لەگەڵ عەدنان حەسەنپوور

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەمیل ڕەحمانی، کۆمەڵناس سەبارەت بە ژینگە و بزووتنەوەی ژینگە پارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "

پرؤفێسۆر عەبباس وەلی؛ کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات

دوکتور فەرید سەفەری؛ کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷