بابەتی گەرم:

شێرکۆ جیهانی

" زەردەشت هیوای ڕزگاری" و هەندێ تێبینی

Sunday, March 8, 2015

شێرکۆ جیهانی
لەم ڕۆژانەدا بە هەڵکەوت چاوم بە
کتێبێک کەوت بە ناوی "زەردەشت هیوای ڕزگاری" کە لە لایەن کەسێک بە ناوی "بابان سەقزی"یەوە نووسراوە. بە چاو خشاندنێک بە سەر کتێبەکەدا سەرم لە هێندێک تەفسیر و مێژوو داتاشینەکانی ناوبراو سووڕ ما. وەک لە نێوی کتێبەکەوە دیارە، لە سەر کەسایەتی و ژیانی زەردەشت و بۆچوونەکانی قسە کراوە، بەڵام کام زەردەشت؟!

لێرەدا نامهەوێ بچمە نێو وردەکارییەکانی کتێبەکەوە، تەنیا دەمهەوێ ئەو پرسە بخەمە بەر باس کە ئایا بەڕاستی مێژوونووسین بەمشێوەیە درووستە؟ ئایا هەر کەس کە دەماری ناسیۆنالیستی گرتی و کتێبی ئاڤێستای خوێندنەوە و چوار کتێبی دیکەی لە بارەی زەردەشت لە پەنای یەک دانا، دەتوانێ بە ئاسانی و زۆر بە دڵنیاییەوە دیاری بکات کە بۆ وێنە زەردەشت لە سەر چیای "ئاویەر"ی شاری سنە بووە نەک شوێنێکی دیکە (ئەویش بە هۆی بۆچوونێکی نەسەلمێندراو) و تەنانەت وەک بڵێی بە خۆی لەلای بووبێت و فیلمی لێگرتبێت باس لەوە بکات کە لە سەر ئەم شاخەوە هەموو بەیانیان لە خەو هەستاوە و لە گەڵ ڕۆژپەرەستان کەوتووەتە شەر! (بەشی یەکەم، لاپەڕی ٢٩)
.

بەو کتێبە وەبیر هێندێک کتێبی ژمارەیەک نووسەری فارس و تورک کەوتمەوە کە بە کەیفی خۆیان کراسیان بە باڵای مێژووی ئێران یان توراندا بڕیوە و کاکی کوردیش خەریکە بە هەمان ڕێچکەدا دەرباز دەبێت و تەنیا ئەوەیە کە جلی کوردی دەکاتە بەر ئەو ڕووداوانەی کە باسیان دەکات. خۆزگە کەسانی لەمجۆرە کە خۆ لە قەرەی مێژوو دەدەن، کەمێکیش لە بارەی شێواز و میتۆدی مێژوونووسیندا کاریان کردبا. خۆزگە بەر لەوەی کە شتێکیان نووسیبا، بیریان لە باوەڕمەند بوونی سەرچاوەکانیان کردبا. ئاخر تەنانەت باس کردن لە ڕووداوەکان و کەسایەتییەکانی سەردەمی ئێستاش ئاسان نییە و بۆ وێنە هەر کەس بە کەیفی خۆی و بە جۆرێک باس کەسایەتی سەردەم دەکات، چ بگات بەوەی کە باس لە کەسانێک بکەین کە هەزاران ساڵ لەمەو پێش ژیاون و کەمترین بەڵگەش لەبارەیانەوە هەبێت، وە ئەگەر بەڵگەیەکیش هەبێت چۆن دەتوانین متمانە بە بێ لایەن بوونی نووسەری بەڵگەکە بکەین؟


"ئاڤێستا" ئەو کتێبەیە کە گۆیا زەردەشتیانی پارس لە هیندوستان پاراستوویانە و تەنانەت یەک نووسخەشی لە ناو کوردان و لە خاکی کوردستاندا نەدەیتراوەتەوە. لەوێدا زەردەشت بە پێغەمبەر و ئاهوورا بە خودا ناوی هاتووە. بەڵگەی دیکە لە سەر زەردەشت بۆ وێنە ئەوەیە کە هێندێک نووسەری یونانی لە پێش ئیسلام و هێندێک نووسەری دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دوای ئیسلام و بە زمانی عەرەبی ئاماژەیان بە ناوی زەردەشت کردووە یان هێندێک ئەفسانەیان لە سەر نووسیوە. دواتریش هێندێک نووسەری ئوروپایی لە وێنەی "دوشمەن" و "ژان وان"، زاینێر" و ...کێ و کێ هاتوون لە ڕووی ئەم شتانە کتێبیان نووسیوە و یەکێک پێی وابووە کە زەردەشت لە نزیک گۆلی ئورمیە لە دایک بووە و یەکێکی دیکە بردوویەتییەوە بۆ ئەفغانستان! بەڵام ئەو شتەی کە سەرنجی دەبێ بدرێتێ ئەوەیە کە لە مێژوودا باس لە چەندین زەردەشت دەکرێ و ئەویش لە کات و زەمانی جیاوازدا. یان باس لەوە دەکرێ کە "ئاڤێستا" لە بنەمادا کتێبی زەردەشت نەبووە و کەسێک بە ناوی "کرتیر" لە سەردەمی ساسانییەکاندا و لە زمان زەردەشتەوە نووسیویەتی (هەر وەک چۆن ئینجیل لە دوای عیسا نووسراوە و نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت کە بیست و چەند ئینجیل نووسراون کە زۆریان جیاوازیان لە گەڵ یەکتردا هەیە، هەر چەند عیسا وەک کەسایەتی زۆر باشتر ناسراوە تا زەردەشت). بەڵام بە گشتی ئەوەی کە لەو بارەوە نووسراوە زۆرتر تەخمین و بۆچوونە نەک ڕاستی مێژووویی. ئەمە وەکوو بەسەرهاتی کوێرەکان و فیلە: چەند کەسی کوێر کە هەرگیز نازانن فیل چییە، دەست لە فیل دەدەن. یەکیان گوێچکەی دەگرێت و دەڵێت کە فیل شتێکی نەرمە وەک باڵەنج. یەکی دیکە عاجەکەی دەگرێت و دەڵێ فیل شتێکی تیژە. ئەمەی دیکە لاقی دەگرێت و دەڵێ فیل وەک ستوون وایە و ...هتد. بەڵام کام یەک لەمانە بەڕاستی پێناسەی فیلە؟ وڵامەکەی دیارە: هیچیان. ئایا ئێمە کە لە باری زەمانییەوە باس لە سەردەمێکی زۆر کۆن دەکەین و لە تاریکیداین، بە ڕێگای چەند کتێب و چەند لێکدانەوە جۆراوجۆر دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە زەردەشت ڕاست لە سەر چیای "ئاویەر" بووە و چی کردووە و چی گوتووە؟


بابان سەقزی بۆچوون و تەفسیری تاکەکەسی خۆی لەبارەی زەردەشت نووسیوە و زۆرتر کەڵکی لە ئاڤێستا و بە تایبەت "گاتا"کان وەرگرتووە کە گۆیا زەردەشت ئاوای کردووە و ئاوا بیرکردووەتەوە. بەڵام ئەوەی کە دەقیقەن هاتووە جێگای بۆ زەردەشت دیاری کردووە کە گۆیا لە چیای "ئاویەر" ماوەتەوە و دواتر چووەتە "بەلخە"ی هەورامان و "پیرشاڵیار"ی تێکەڵ کردووەتەوە و چی و چی، نیشان دەدات کە لە تەوەهوومێکی مێژوویی خۆیدا دەژی. تەنیا ئاماژەیەک کە تا ڕادەیەک ڕێی تێدەچێت، شاری "شیز"ە کە گۆیا "تەختی سلێمان"ی ئێستایە و وەک بۆچوون لە هێندێک بەڵگەدا دەگووترێ کە "سپیتمان زەردەشت" لەوێ ژیاوە (ئەوەش نەسەلمێندراوە). بەڵام دیار نییە کە کەسێک بە نێوی پیرشاڵیار لە سەردەمی زەردەشتدا ژیابێت و ئەو کەسەش کە وەکوو پیرشاڵیار ئەمڕۆ دەناسرێت لە سەردەمی دوای ئیسلام ژیاوە نەک لە سەردەمی زەردەشتدا. جیا لەمانە ئەو ئایینەی کە وەک میترائیزم بە دژایەتی ناوی هێناوە زۆرتر لە ئایینە کوردییەکانی وەک ئایینی پیرشاڵیار و یاری نزیکە تا ئەو شتەی کە وەک ئایینی زەردەشت و ئاڤێستا دەناسرێت و نووسەر بەرگری لێدەکات. ئاخر بە پێی چ مەنتق و بەڵگەیەک کەسێک دێت و ئیدیعا دەکات کە زەردەشت هاتووەتە "بەلخە"ی هەورامان؟ چۆن دەتوانی بیسەلمێنی کە دوو سێ هەزار ساڵ لەمەو پێش شوینێک بەو نێوە لە کوردستان هەبووە ئەسڵەن؟ چۆن دەتوانی بزانی کە ئاویەر ناوێکی هەزاران ساڵەیە و هەمان ئەو شاخەیە کە لە ئاوێستادا ناوی هاتووە، ئەویش بە جۆرێکی جیاواز؟ کام ئاکادێمیا و ناوەندی زانستی ئەم جۆرە بۆچوونە پەسەند دەکات؟


بابان سەقزی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی خەیاڵی لە زەردەشت و هێنانەوەی بەشەکانی ئاڤێستا، هەوڵێداوە کە زەردەشتی خەیاڵی و دەسکردی خۆی لە گەڵ ئەو بەشانەی ئاڤێستا تەتبیق بدات و ئاڤێستاش وەکوو بەڵگە بۆ درووست بوونی تێئۆرییەکەی خۆی بەکار بێنێت. (ڕەنگە هەر واباشتر با کە ئاڤێستای وەرگێڕاباوە و تەواو). گومان لەوەدا نییە کە کەسێکیش لە ئەفغانستان دەتوانێ بە هەمان شێوە ئیدیعا بکات کە زەردەشت لە شاری "بەلخ" بووە و لانیکەم بەلخیش وەک شارێکی مێژوویی زۆر ناسراوترە لە بەلخەی هەورامان (هەر چەند ئیدیعاکانی ئەم کەسەش بە ئاسانی ناسەلمێندرێت)! ئەوجار ئەم کەسەش دەتوانێ لە گەڵ گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی خەیاڵی بۆ زەردەشت، بڕگەکانی ئاڤێستای بهێنێتەوە و بە چیرۆکەکەی خۆیەوە بچەسپێنێت تا بۆ خوێنەر زۆرتر قابیلی پەسەند بێت! یان بۆ وێنە منیش دەتوانم ئیدیعا بکەم کە ئەو شوێنەی وەکوو چیای "ئەوشێدرێنە" ناوی هاتووە "ئاویەر" نییە و کوێستانی "هەوشینان"ە. (دیارە من ئیدیعایەکی وام نییە، بەڵام) تەنانەت نزیک بوونی دوو ناو لە یەکتر ناتوانێ سەلمێنەری ئەوە بێت کە ناوی دوویەم لە ناوەکەی پێشووتر وەرگیراوە. هەر وەک چۆن ناوی شاری "ئورمیە" هیچ پێوەندییەکی بە "ئورومچی" تورکستانی چینەوە نییە و خێڵی سوورپێستانی "شایان" ناوەکەیان لە "شایان"ی کوردییەوە نەهاتووە
!


ئەو جۆرە تەفسیرانە شتێکی دیکەشیان وەبیر هێنامەوە: کتێبێکی درۆیین و ساختەچیانە بە ناوی "فتوح السواد العراق" کە گۆیا کەسێک بە ناوی "محمد بن عمر واقدی" نووسیویەتی و ئیدعیای کردووە کە چۆن لەشکری ئیسلام لە سەرەتای ئیسلامدا هاتوونە کوردستان و شار بە شار و گوند بە گوند وڵاتی کوردان دەگرنەوە. (ئەو کتێبە لە ئێران چاپ بووە و لە لایەن عبدلاعزیز واعضی سردشتی چاپ کراوە). ئەو کەسەی کە ئەو کتێبەی نووسیوە ئەوەندە بێئاگا بووە کە تەنانەت ناوی شارێکی وەکوو مەهاباد و چەند شاری هێناوە کە گۆیا لە سەردەمی خەلافەتی عومەردا گیراون! ئەوە لەکاتێکدایە کە مەهاباد و ئەو چەند شارەی دیکە، هەموویان شارگەلێکی نوێن و تەمەنیان سەت- دوو سەت ساڵ تێپەڕ ناکات
!


بەڵام خاڵێکی دیکەی جێگای پرس ئەوەیە کە بابان سەقزی جیا لەوەی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئایینی میترای لە پێناو زەردەشتی ئاڤێستایی بردووەتە ژێر پرسیار و لایەنگرانی میترای بە "خراپەکاران" ناساندووە، هاوکات وێنەی "داریوش"ی فارسیشی لە کتێبەکەیدا بەکارهێناوە! داریوش دوای کوشتنی "گێئۆماتا"ی میدیاییەوە دەستی کردووە بە کوشتن و ئەسیرکردنی خەڵکانی دیکەی ناوچەکە و هەموویانی بە دیل گرتوون. (سەریری لاپەڕی ٤٣لە بەشی یەکەم بکەن). لە وێنەکەدا کە لە تاق وەستانی کرماشان هەڵکەندراوە، بە ڕوونی دەبینین کە داریوش خەڵکانی بەزنجیر کێشراوی "ئاشووری، ئیلامی، میدیایی و ...هتد"ی بە کۆیلەتی گرتووە و هەروەها لە کەتیبەیەکدا کە هەر لەوێ نووسیویەتی، بێ شەرمانە باس لەوە دەکات کە چۆن چاوی فڵانە کەسی دەهێناوە و پێستی لە لەشی کێ کردووەتەوە و شتی لەمجۆرە. هاوکات نووسەری یونانی "هێرۆدۆت"یش لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی "مێژوو" بەسەرهاتی کوژرانی گێئۆماتا"ی ماد کە لە لایەن داریوشەوە تێڕۆڕ کرا دەگێڕێتەوە و دڕندەیی داریوشی خستووەتە ڕوو! گەلۆ پێوەندی ئەم وێنەیە کە سیمبۆلی کۆیلایەتییە لە لایەن کەسێکی کورد کە خۆی بە پارێزەری میدیا دەزانێ مانای چییە جیا لە نائاگایی!؟


خاڵی کۆتایی کە دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە بابان سەقزی یەکەمین و ئاخرین کەس نییە کە بەو جۆرە و بە کەیفی خۆی لە سەر زەردەشت و مێژوو دەنووسێت، بەڵام ئاماژە کردنم بەو شێوازە تەفسیر لێدانەوەانە بۆ مێژوو لە لایەن ئەمەوە، وەک ئاماژە کردنە بە "مشت نمونە خروار"! کەم نین ئەو کوردانەی کە وەکوو ناوبراو قەڵەم بە سەر کاغەزدا دێنن و هەستی کوردایەتیان چۆن بورووژێت، بە هەمان شێوەش کە دڵیان دەیهەوێ مێژوو تەفسیر دەکەنەوە. بەڵام ئەو کارانە هیچیان ناچنە ناو خانەی مێژووناسییەکی زانستییەوە و تەمەنی ئەو جۆرە کتێبانە کاتییە (مەگەر کوردی زۆر ناسیۆنالیست پێیان خۆش بێت و چەپڵەی بۆ لێبدەن). مێژوو ئەو شتە نییە کە خۆمان دەمانهەوێ بووبێت و بێ بەڵگە و سەرچاوەی جێگای متمانەش مرۆڤ ناتوانێ هیچ شتێک بسەلمێنێت. هاوکات نووسیونەوەی مێژووش، مێتۆد و شێوازی خۆی هەیە و پێویستە ئەو کەسەی خۆی لە قەرەی ئەو کارە دەدات، لانیکەم ئاگاداری هێندێک مێتۆدی نووسینەوەی مێژوو بێت، ئەگینا وەک لێرەدا کراوە، کارەکەی زۆرتر لە سەرلەنوێ گێڕانەوەی حەکایەت و ئەفسانەکانی "شانامە" دەچێت!


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷