شێرکۆ جیهانی
وشەی کارگەر بەکار بێنین یان کرێکار؟ مەی یان ئایار؟
Monday, April 27, 2015
شێرکۆ جیهانی
ڕۆژی یەک مەی، وەک ڕۆژی جیهانی کارگەران ناسراوە. لەو ڕۆژەدا کارگەرانی هەموو جیهان دەنگی ناڕەزایەتیان لە بەرابەر سیستەمی سەرمایەداری و لە پێناو باشتر بوونی ڕەوشی ژیانیان هەڵدەبڕن. هاوکات لە گەڵ نیزیکبوونەوەی ئەم ڕۆژە جارێکی تر ژمارەیەک لە نووسەران، حیزبەکان و میدیای کوردی سەرلەنوێ و بە بەردەوامی وشەی "کرێکار" و ئایار" بەکار دەهێنن! ئەوەی کە لێرەدا دەمهەوێ بە کورتی باسی بکەم، ئەم وشانەن!
تا ئێستا لە بەرابەر کارگەر دا چەندین وشە بەکارهاتووە کە هێندێکیان داتاشراون: کڕیکار، کەدکار، ڕەنجدەر، ڕەنبەر، زەحمەتکێش. لەڕاستیدا وشەی زەحمەتکێش، ڕەنجدەر و ڕەنجبەر، جیا لە چینی کارگەر چینی جووتیاریش دەگرێتەوە (واتا حیزب و میدیای کوردی بۆ هەر دوو چین ئەم وشانەیان بەکار هێناوە). بەڵام دوو وشەکانی دیکە، واتا "کرێکار" و "کەدکار" تەنیا چینی کارگەر دەگرنەوە و لەڕاستیشدا دوو وشەی داتاشراو و سەقەتن!
سەرەتا با لەمەوە دەست پێبکەین کە ئایا وشەی کارگەر کوردییە یان نا؟ وڵامەکەی ڕوونە "بەڵێ". کارگەر وشەیەکی هاوبەشی کوردی- فارسییە. لە کرمانجیدا وەکوو "کارکەر"یش بەکار هاتووە کە لە پێکهاتەی "کار+ کەر" واتا کەسێک کە کار دەکات، ساغ بووەتەوە. ئەم "کەر" کە بە مانای ئەنجامدانە لە فارسیدا زۆرتر بە حاڵەتی "گەر" خۆی نیشانداوە، وەکوو "برزگر" و ...هتد. بەڵام بە گشتی کارگەر وەکوو زۆر وشەی دیکەی لە چەشنی "نەورۆز" و "باوەڕ" و "دەریا" و ...هتد، وشەیەکی هاوبەشە لە نێوان کوردی و فارسیدا و هەم لە زمانی کوردی و هەمیش لە زمانی فارسیدا ڕۆژانە بەکار دێت. بەڵام وشەی "کرێکار" زۆرتر لە وشەیەکی داتاشراو دەچێت کە پێم وانییە تەمەنی بۆ بەر لە کۆماری کوردستان بگەڕێتەوە! وەک دەزانین لە دوای کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، هێندێک وشە داتاشران و تا ڕادەیەکیش جێگەیان گرت، بۆ وێنە وشەی "پێشمەرگە" یان وشەی "بەروار" کە بە هەڵە وەکوو "تاریخی ڕۆژ و مانگ و ساڵ" کەوتە ناو ئەدەبیاتی کوردییەوە. کرێکاریش دەبێ یەکێک لەم ناوانە بێت.
"کرێکار" لە "کرێ+ کار" پێکهاتووە. کەسێک کە بە کرێ کار دەکات! بە ڕواڵەت دەبێ ناوێکی درووست بێت، چوونکە کرێکار وەکوو کەسێک کە لە بەرابەر کارەکەیدا مووچە وەردەگرێت، کار دەکات. بەڵام بە بۆچوونی من ئەم ناوە هەڵەیە و جۆرێک حاڵەتی سووکایەتی پێکردنیشی تێدایە. بۆ وێنە لە کوردستاندا خەڵک بە جاش دەڵێن بەکرێگیراو! هەر چەند وشەی بەکرێگیراویش لە وشەیەکی تازە سازکراو دەچێت، بەڵام دەبێ لە خۆمان بپرسین کە بۆ چی "بەکرێگیراو" بۆ جاش هەڵبژێردراوە؟ لێرەدا جاش وەکوو کەرەسە بیندراوە، کەرەسەیەک بۆ بەکرێگرتن. لەڕاستیدا کرێ بۆ ئینسان بەکار ناچێت، تۆ دەتوانی خانوو یان ماشێن یان زەوییەک بەکرێ بگری، بەڵام ناتوانی بڵێی کە ژنێک، منداڵێک یان کارگەرێکم بە کرێ گرتووە! ئەگەر شتێکی وا بڵێی، ئیتر تێڕوانینی ئەبزاریت بۆ ئەم کەسە هەیە و زۆرتر بە چاوی کەرەسە و ئامزار لێی دەڕوانی تا مرۆڤ! هەر ئەوەشە کە بۆ سووکایەتی بە جاش دەگووترێ "بەکرێگیراو"، واتا کەسێک کە وەکوو ئەبزار و ئامراز خۆی بە دەستی دوژمنەوە داوە، بەڵام ئەگەر کارگەر کرێکارە و بەکرێ دەگیرێت، هاوکات ئەگەر جاشیش بەکرێگیراوە، ئەوسا جیاوازی ئەم دوو بەکرێگیراوە چییە؟ کەوابوو بەکارهێنانی وشەی داتاشراوی کرێکار بۆ کارگەر هەڵەیە. جالبەکەی ئەوەیە کە لە سۆرانیدا ناوی "پارتی کارگەرانی کوردستان"یش وەکوو "پارتی کرێکارانی کوردستان" وەردەگێڕن کە بەو پێیە هەر چی لەو پارتییە دا کار دەکات دەبێ لە بەرابەر مووچە و کرێدا کاری کردبێت، بەڵام هەموومان دەزانین کە زۆرینەی ئەندامانی ئەو حیزبە نە بەکرێ گیراون و نە بۆ پارە و پووڵ کار دەکەن! لێرەدا هەڵە لەو کەسە نییە کە لە ڕووی نەزانییەوە یان نەخوازراو ئەم وشەیە لە سۆرانیدا بەکار دەهێنێت بەڵکوو خەتا لەو کەس یان کەسانەیە کە هەر لە سەرەتاوە وشەی "کرێکار"یان لە زاراوی سۆرانی داتاشیوە و ڕەنگە بە خەیاڵی خۆشیان "کارگەر" فارسییە و هی خۆیان کوردترە! بەڵام هەر وەک ئاماژەم پێکرد، "کارگەر" یان "کارکەر" وشەیەکی کوردیشە و بۆ وێنە دایکی من لە مەهاباد قەت نەیگووتووە "دا ڕۆڵە بڕۆ لە بازاڕ کرێکارێکی بهێنە کارمان بۆ بکات"، بەڵکوو ڕاستەوخۆ وشەی "کارگەر" یان وشەی "فەعلە"ی بەکارهێناوە کە ئەمەی دوویەمیان ڕیشەی لە زمانی عەرەبی دایە! بەو حاڵەش کاتێک وشەیەک لە زمانێکدا جێگەی گرت، ئیتر مڵکی ئەو زمانشە، تەنانەت ئەگەر ئەم وشەیە لە زمانێکی دیکەشەوە هاتبێت. بۆ وێنە زمانی فارسی پڕە لە وشەی عەرەبی، بەو حاڵەش ئێستا ئیتر بەشێک لە پێکهاتەی فارسین، چوونکە بە تەواوی جێیان گرتووە.
جیا لەمانە وشەی "کرێکار" حاڵەتێکی پاسیڤی هەیە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە وشەی "کارگەر" وشەیەکی ئاکتیڤە. لە زمانی ئینگلیسیدا Worker و لە زمانی سوێدیدا Arbetare نموونەی دیکەن بۆ نیشاندانی ئەو حاڵەتە ئاکتیڤە کە هەر دووکیان بە مانای کارگەرن و حاڵەتی چالاکی و کاریان تێدایە. مرۆڤ بە بیستنی وشەی کارگەر زۆرتر هەست بە حاڵەتی "چالاکی" و"بکەری" دەکات، بەڵام لە وشەی "کرێکار"دا هزری مرۆڤ زۆرتر بۆ لای "کرێ" و "مووچە" دەڕوات! هاوکات ئەوانەی کە سوورن لە سەر وشەی "کرێکار" و دەڵێن چوونکە "کارگەر" کرێ وەردەگرێت و بۆ مووچە کار دەکات کەوابوو ئەم وشەیە درووستە، دەبێ پێیان بڵێم کە ئایا خەڵکانی دیکەش بۆ مووچە کار ناکەن؟ بۆ وێنە کارمەندێکی پۆلیس، ئوستادێکی وەرزیش، مامۆستایەکی زانکۆ یان جوتیارێک؟ ئایا دەبێ وشەی مووچە و کرێ وەدوای ناوی پیشەکەی ئەوانیش بدرێت؟ ئەمە پاساوێکی باش نییە بۆ قاییم کردنی وشەی کرێ لە کارگەر!
وشەیەکی دیکە کە لەم ڕۆژانەدا بە بۆنەی یەکی مای بەردەوام بەکار دەچێت وشەی "ئایار"ە. میدیا و حیزبی کوردی و ژمارەیەک نووسەر بەردەوام ناوی مانگە ڕۆمییەکان دووپات دەکەنەوە و خەریکن لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا جێیان دەخەن. بەڵام ئایا ناکرێ ئەوان ناوی ئینتەرناشناڵی ئەو مانگانە بڵێنەوە؟ ئاخر "تەمووز" و "تشرینی دوویەم" کەنگێ بۆ کەسێکی دانیشتووی شاری سەقز یان مەهاباد لێک دەکرێتەوە؟ بۆ چی نابێ بڵێین "یەکی مەی" و حەتمەن دەبێ بڵێن "یەکی ئایار"؟ ئێستاش زۆرینەی خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگەکانی ئینگلیسی (کە ئەمڕۆکە ئیتر وەک ستانداردێکی ئینتەرناشناڵ ناسراون) بە تەواوی نازانن، ئیتر چۆن تەشرینی یەکەم و دوویەم و فڵانە و فیسارە مانگەی ڕۆمییەکان لە یەک بکەنەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: کام ئالتەرناتیڤ باشترە بۆ بەکار هێنان؟ مەی یان ئایار؟ تەنانەت لە زۆر وشەی دیکەشدا ئەم کەمتەرخەمییە دەبینین و ئەم وشانەی کە لانیکەم لە زمان خۆشتر دێن وەکوو ئاڵتەرناتیڤ هەڵنابژێردرێن: بۆ وێنە ئایا باشتر نییە لە جیاتی "بەلۆعە" بڵێین "شێرەی ئاو"؟ یان لە جیاتی "غاز" بڵێین "گاز"؟ ئایا نابێ فەرقی نێوان "بەبر" و "پڵینگ" بزانین، ئەوەی کە "بەبر" خەت خەتییە و پڵینگ بێ خەتە یان خاڵخاڵییە، وە ئەگەر میدیای کوردی بەبر وەکوو پڵینگ دەناسێنێت، تووشی هەڵە هاتووە؟ … و دەیان نموونەی دیکە.
پێویستە حیزبەکان، میدیای کوردی، و ڕووناکبیرانی ئەم وڵاتە لە هەڵبژاردنی وشەکان و ناوەکاندا زۆرتر دیقەت بکەن و خەڵک بە وشەی درووستتر و ناوی گونجاوتر پەروەردە بکەن. خەڵکێک کە تا ئێستاش ناوەندێکی زمانەوانی زانستی و بەهێزی نییە و هەر میدیایەکی زمانێکی تایبەت بە خۆی بەکار دەهێنێت و هەر بە ناو ڕۆژنامەوانێکی بە کەیفی خۆی وشە هەڵدەبژێرێ و دەرخواردی خەڵکی دەدات، نەک تەنیا تووشی کارەساتی زمانی بەڵکوو تووشی کارەساتی چەمک و ماناکانیش هاتووە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە