بابەتی گەرم:

دەمیرتاش: وەک پارتێکی چەپ بەرگریكاری سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانین

Saturday, June 13, 2015


NNSROJ: سەڵاحەدین دەمیرتاش, هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیکی گەلان رۆژی رابردوو، ١٣ ژووئەن، لە وتووێژێكدا لەگەڵ بەرنامەی "پانۆرامای رۆژ"ی كەناڵی "المنار"ی لوبنان، هۆکاری سەرکەوتنی حیزبەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە "بەرنامەی هەیە بۆ سەرجەم پرسە گرینگەکانی تورکیا، لەوانە ژن، کەمایەتییەکان و گەندەڵی لەو وڵاتە."

دەمیرتاش لە سەرەتادا و لە وەڵامی ئەوەی كە بۆ دەوترێت هەدەپە براوەی سەرەكیی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیایە، دەڵێت "توركیا گیرۆدەی كۆمەڵێ كێشەی جددی وەک بێكاری و هەڵاواردنی ئێتنیكییە، رێژەی هەژاری و جیاوازیی پێكهاتەكانی توركیا بەرەو فراوانبوونە. وەك هەدەپە بەرنامەمان بۆ ئەو پرسە گرینگانە هەیە كە كۆمەڵگای توركیا پیانەوە دەناڵێنێت، وەك پارتێكی چەپ بەرگریكاری سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانین، لە دژی گەندەلی و رۆتیناتی دام و دەزگاكانی دەوڵەتین. خاڵێكی تری گەشی هەدەپە مەسەلەی گرینگیدان بە پرسی ژنە، ئەوانە هۆكاری سەركەوتنمانن".


شرۆڤەکارانی سیاسیی تورکیا، “سەلاحەدین دەمیرتاش”، هاوسەرۆکی گەنجی “پارتی دێمۆکراتیکی گەلان”، وەک یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەندا لەقەڵەم دەدەن.
بیشتر
ناوبراو لە بەشێکیتری ئەم دیمانەیەدا و سەبارەت بە هاوپەیمانیەتیی نێوان هەدەپە و ئاكپارتی، جەختی لەوە کردەوە کە پارتەکەی بە هیچ جۆرێک لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان ناچێتە ناو هاوپەیمانییەوە و گوتی "ئێمە لە توركیا ۱۳ ساڵ ئەزموونی حكومڕانی تاک حزبی ئاكپارتیمان بینی، ئەم هەڵبژاردنە ئەوەی تێپەراند و هیچ پارتێك بەبێ هاوپەیمان بەستن ناتوانێ حكوومەت پێكبیهێنێت. توركیا كۆمەلگەیەك بە پێكهاتەی جۆراوجۆری ئیتنیکی و مەزهەبییە، ئەوە خاڵێكە بۆ گەشەی [ئەو وڵاتە] نەك وەك هەندێ لایەن لەوە دەترسن، نابێت كەس لەوە بترسێت. ئێمە لە حكوومەتی هاوپەیمانی ناترسین و لەگەڵ دیالۆگ و كاری هاوبەشین. لەئێستادا هیچ جۆرە گفتوگۆیەكمان وەك هەدەپە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەكانی تر نییە، بەڵام روونە کە وەک هەدەپە ناچینە هیچ هاوپەیمانەتییەكەوە لەگەڵ ئاكپارتی".

دەمیرتاش سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئاكپارتی لە ۱۳ ساڵی رابردوودا جەخت دەکاتەوە کە ئاکەپە هەموو هەوڵی بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم دام و دەزگاکانی دەوڵەت بووە و بەرەو "دیكتاتۆریەت و تاكرەوی" هەنگاوی ناوە و بە هۆی "قووڵكردنەوەی كێشەكانی توركیا" سیاسەتەكانی لەناوخۆ و دەرەوەی توركیا شكستیان هێناوە.

لە درێژەی ئەم دیمانەیەدا دەمیرتاش سەبارەت بە ڕۆڵی ئۆجالان‌یش دەڵێت "بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان پاڵپشتێكی بەهێزی ئێمە و پرۆسەی ئاشتییە لە توركیا، هۆكاری وەستانی شەر و پاڵپشتێكی بەهێزی ئاشتییە و شانسیكی بەهێزی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی توركیایە".

بە وتەی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لەپێش دەستپێكردنی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی ٧ حۆزەیرانەوە چاویان بە ئۆجالان نەكەوتووە و داواكاریی دیداریان پێشكەشی بەرپرسانی دەزگای دادی تورکیا کردووە و چاوەڕێ وڵامن.

دەمیرتاش سەبارەت بە هەڵسوکەوتی سیاسیی ئەحمەد داوودئۆغلووی سەرۆکوەزیران دەڵێت کە "داوودئۆغلوو، دوای بوونی بە سەرۆكوەزیران، هەمان بەرنامەی هەڵەی پەیرەوكرد كە ئەردۆغان پەیرەوی دەكرد. كێشەی سەرەكیی داوودئۆغلوو ئەوەیە کە لە خەونی سەت ساڵی ڕابردوودا دەژی، خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.'

بە گوتەی دەمیرتاش "خاڵێكی تری هەڵەی سیاسەتەكانی داوودئۆغلوو ئەوەیە کە توركیای كردۆتە لایەنی كێشەكانی ناوچە و وڵاتە عەرەبیەكان و بەشێوەیکی مەزهەبی لەگەڵ ڕووداوەکان جووڵاوەتەوە کە ئەمە هەڵەیەكی گەورەبوو. بەهۆی داوودئۆغلووەوە ئێستا توركیا لە جیاتی ئەوەی ببێتە هەوێنی چارەسەری، بووەتە بەشێكی كیشەكانی ناوچەکە، بەتایبەت سووریا".

بە وتەی دەمیرتاش، ئاكپارتی لەمەوبەدوا چیتر ناتوانێ سیاسەتی توركیا بەو جۆرەی کە ئامانجیەتی دیاری بكات، "بەتایبەت لە مەسەلەی سووریا کە ئێمە دەمانەوێ توركیا ببێتە هۆكاری دیالۆگی سەرجەم پێكهاتە و لایەنە ناكۆكەكانی ناو سووریا بە رژێمی سوریاشەوە. هەروەها هاندانیان بۆ چارەسەری كێشەكان بە رێبازێکی ئاشتیانە، نەك وەك سیاسەتی ئاكپارتی كە بۆتە هۆی قوولبوونەوەی ناكۆكی و كێشەكانی سووریا، بەتایبەت لە ئاست پرسی كورد لە سووریادا هەموو هەوڵێكی داوە بۆ پێشگرتنی گەلی کورد لە گەیشتنی بە مافە دیموكراتیکەكانی لە لەسووریا".

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان، داعش وەکوو رێكخراوێكی ئیسلامی نابینن و بە رێكخراوێكی "تیرۆرستی ئینسانكوژ و بەربەری" دەزانن و دەڵێت "داعش نەك هەر بۆ عێراق و سووریا، بەڵکوو مەترسییەکی گەورەشە بۆسەر توركیا، لە دوایین كاری وەحشیگەرانەیان لە رووداوەكانی "ئامەد"، لە رۆژی یەكشەممەی رابردوو كاری رێكخراوی تیرۆرستیی داعش بوو، ئێمە وەك پارتێكی سیاسی دژی وەها رێكخراوێكی بەربەری مرۆڤكوژین و مافی خۆشمانە بەرگری لەگەلەكەمان بكەین، هەروەك چۆن پشتیوانیی گەلەكەمانمان بووین لە كۆبانێ و بەردەوامیش دەبین [لەم رێگایەشدا] بەتەنیا نین و هێزە دیموكراتخوازەكانی تریش پاڵپشتمانن".

دەمیرتاش لە کۆتاییدا سەبارەت بە گەلی لوبنان دەڵێت "سڵاو بۆ گەلی خۆڕاگری لوبنان دەنێرم، لەگەڵ كێشەكانی گەلی لوبنان و ئازار و مەینەتییەكانتان نامۆ نیم و دەشزانم ئێستاش ڕووبەری مەترسی دەبنەوە. بە دڵ لەگەڵتانین، پشتیوانی بەرگری رەوای گەلی لوبنان دەكەین، بەناوی خۆم و هەدەپە و سڵاو دەگەێنم. ئەو سنوورانەی كە لەنێوانیشمان هەیە ئێمە دروستمان نەكردوون، ئێمە دەبێت دەستی هاوكاری و برایەتی بۆیەكتر دریژبكەین؛ من وەك كوردێک بۆ برایەكی عەرەب. پێویستە رێگە نەدەین لەدەرەوە هەوڵ بۆ دروستكردنی ناكۆكی لە نێوانماندا بدرێ، ئێمە خاڵە هاوبەشەكانمان زیاترن لە جیاوازیەكان".
ئا: هەڵۆ مەرگەیی

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷