کوژرانی پۆلە چەکدارێکی داعش لە باشووری کوردستان
Thursday, June 18, 2015
NNSROJ: لە پێکدادانێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا لە ڕۆژئاوای مووسڵ، لانیکەم یازدە چەکداری ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بووە.
بەرپرسێکی هێزی پێسمەرگە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئی ئێف ئی"ی ئیسپانی، وێرای ڕاگەیاندنی ئەو زانیارییە ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە لەو پێکدادانەدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان سەنگەرەکانی چەکدارانی داعشیان بۆردومان کردووە.
پێکدادانەکە لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵ هاتۆتە ئاراوە کە ماوەی نزیک بە ساڵێکە لە دەست چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیدایە.
ـ پێکدادانەکە، کە زیاتر لە دوو سەعاتی پێوەخرا، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گوندی "ئەلوالیە" هاتە ئاراوە کە لە هەرێمی تەلەعفەر هەڵکەوتووە؛ غەیس ئەلسورچی، بەرپرسێکی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە وای بە ئاژانسەکە گوتووە.
بە گوێرەی لێدوانەکەی ناوبراو "چوار چەکداری داعش لەو شەڕەدا بە دەست هێزەکانی پێشمەرگە کوژراون" و ئەوانی دیکەشیان لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیماناندا کە بە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە سەنگەرەکانی ئەو چەکدارانەیان بۆردومان کردووە.
لەو شەڕەدا، کە هەروەها دوازدە چەکداری دەوڵەتی ئیسلامیش بریندار بوون، پێشمەرگەیەکیش بە سووکی بریندار بووە.
ک.م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە