پرسەی ئاکام تەللاج لە مهاباد و پیرانشار بەڕێوەدەچێ
Tuesday, June 30, 2015
NNSROJ: زانرا کە پرسەی “ئاکام تەللاج” ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ٩ و ١٠ی پووشپەڕ لە مزگەوتی “خولەفای ڕاشدین”ی مهاباد و ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ، لە مزگەوتی حاجی شەفیعی پیرانشار بەڕێوەدەچێ.
ئاکام تەللاج یەکێک لە بریندارەکانی خۆپێشاندانی ڕۆژی ١٧ی گوڵانی مهاباد بوو کە پاش ٥٣ ڕۆژ ململانێکردن لەگەڵ مەرگ، گیانی ئێوارەی دووشەممە گیانی لەدەست دابوو. تەرمی ئاکام درەنگانی ئێوارەی دووشەممە گەیەنرایەوە مهاباد و پاش چەند کاتژمێر، لە کەش و هەوایەکی ئەمنییەتیدا، درەنگانی شەو بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک و چەند بەرپرسی شارەکە، لە گۆڕاستانی بداغ سوڵتان بە خاک سپێردرا.
ئاکام تەللاج خوێندکاری زانکۆی ئازادی مهاباد بوو و لە ڕۆژی خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکەی حەڤدەی گوڵانی مهاباددا بەسەختی بریندار ببوو و دواجار لە ئەنجامی دژواربوونی برینەکانیدا گیانی لەدەست دا.
شایانی باسە کە ڕۆژی ١٧ی گوڵان، سەدان هاووڵاتیی مهابادی، بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتییان لە هەمبەر مەرگی گوماناویی “فەریناز خوسرەوانی”، لەبەردەم هوتێل تارا، شوێنی کارکردن و گیانلەدەستدانی ناوبراو کۆببوونەوە. کۆبوونەوەکە پاش دەستێوەردان و تەقەی هێزە ئاسایشییەکان، ئاڵۆز ببوو و ئەمەش ئاگر تێبەردرانی هوتێلەکە و بریندار و قۆڵبەستکرانی هەژمارێکی زۆر لە خۆپێشاندەرانی لێکەوتەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە