حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئاکام تەللاج دەکەن
Wednesday, July 1, 2015
NNSROJ: سکرتارییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکی نووسراودا ئاکام تەللاج بە “شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کورد و خەبات دژی زۆرداری و دیکاتۆرییەت” پێناسە کردووە و “وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارە بۆ لەدەستچوونی ئەو لاوە خوێندکارەی کورد”، سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی بنەماڵەی ئاکام تەلاج و کردووە و خۆی لە خەمیاندا بە شەریک و بەشدار زانیوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی تەللاج کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە “شەهیدبوونی ئاکام تەلاج و مەنسووری ئاوروەند، نیشانەی زیندویەتی و بەردەوامیی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە و لە کۆتایی دا ئەوە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بە سەر سیاسەتی “کوشتار”و “سەرکوت” و “ئینکار”ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەردەکەوێ."
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لە پەیامێکی هاوشێوەدا ڕایگەیاندووە کە لەمەودوا “ئاکام تەلاج ناوێکی خۆشەویستی خەڵکی کوردستانه، بەڵام تەنیا ئیتر ناوێک نیە، ڕەمزی بەرخۆدان و راوەستاوی گەلی تێکۆشەری کوردستانه که هیچ کات له ٣٦ ساڵی رابردوو له خەبات و مقاومەت و تێکۆشان بۆ گەیشتن به ئاواتەکانی نەسرەوتوە.”
لاپەڕەی تایبەت: مەرگی گوماناویی فەریناز و ئاڵۆزییەکانی مهاباد
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە