بابەتی گەرم:

خودا

Sunday, January 10, 2016


ئاسۆ خەبات
گوڵەشلێرە دەیگوت خودا نییە، یان ئەگەر هەشبێ زۆر بێ خەمە، لە خەمی نان و خوان و ژان و ژیانی کەسدا نییە، پاڵی داوەتەوە و ئەو هەموو کوشت و کوشتارە دەبینێ و متەقی لێوە نایە، ئاخر ناکرێ هەبێ و ئەنفالی پەپوولەکان و خنکاندنی کۆتر و قومری و قەنارییەکان سەیر بکات و ڕانەچڵەکێ، یانی ئەو نابینێ باڵی کەو دەقرتێنن و چاوی کارمامز کوێر ئەکەن؟ یانی ئاگای لە مەرگی چیا و کوێربوونی کانی نییە؟

نا نا نابێ، نابێ خوا بیت و بۆ مەرگی پەپۆسێمانە و کەوتنی پەڕەسێلکەکان نەگریت، ئەی ناڵێن ئەو بۆ ڕووشانی پەلکە گوڵێک شینی گێڕاوە؟ نا نا نییە، ڕەنگە هەشبێ و من نەیزانم، یا نەیناسم، هەرچی هەیە من ژیانم بۆتە گومان، ئای خودا، ئەی مەڵحەمی دەردی هەژاران، شایەد مەڵحەم، شایەدیش دەرد، دە چووزانم، لای من بوونی خودا لە قژەکانی پور مرۆتێ ئاڵۆزترە، ئەرێ، پور مرۆتی باخەوان، ئەو هەموو گوڵەکانی خۆشدەوێن بەڵام تەنێ ڕەشە ڕیحانەکان بۆن دەکا، ئاویان دەدا و پەینیان دەبن دەکا، ئێوارانیش کە سێبەر دەکشێن و دەیهەوێ سەرەخەوێک بشکێنێ هەر لە بن بۆنی دەواندا ڕادەکشێ، ئەوان پێکەوە دەڵێی گراوین، یان ڕەنگیشە یادگاریەکانی مامەندی کۆنە دۆستی بن، هەرچی بێ گوڵەکانی تر ئیرەییان پێ دەبەن، ئاخر ناحەقیان نییە، پوور مرۆت، پوور مرۆت بایە نەدەبوو وا بکا، نەدەبوو لە چاو ئەو هەموو گوڵانە هەر بە سەر و کاکۆڵی ڕەشە ڕیحانێ هەڵبڵێ، ئەوە غەدرە گوڵێک تاق کەیەوە و گوڵانی تری دەبەر بمرێنی ... دەی خواش وایە، گوڵەشلێرە وایگوت و دڕکوداڵ و چەقڵە زەرکەی دەو دەشتەی تێیوەرووکان، ئایەڕۆ، کارێکیان پێکرد با بە دەواری شڕی نەکردبێ، سەد نێوناتکەیان لێ هەڵدان و بە پلار و لاتاوان جاڕز جاڕزیان کرد، گوڵە شلێرە تەنیا بوو، متەقی لێوە نەدەهات، ئەو تەنیا گوڵێک بوو کە پێی وابوو خواش نییە و پوور مرۆتیش خوا نییە.

ناوبانگی گوڵە شلێرە زڕا، کەس نەبوو لە بەرخۆیەوە دوو جنێوانی تێنەگرێ، وردە وردە کیفار و قەڵداسووش چوونە پاڵ لەشکەری بێ ئامانی دڕو و داڵی خوا پەرەست، پێشتر، ئەودەمی کە هێشتا پوور مرۆت سواری کەرێ دەبوو و بە توربێنێکی گوڵینگەدارەوە گەرمێن و کوێستانی دەکرد، ئەوێ دەمێ کە ڕۆژانە حەجمینی نەبوو بۆ ژوانی مامەندی و شەو نەبوو لە بن بەردێکیدا خۆ تێکهەڵنەسوون، ڕۆژگارێک کە لە سەر پشتی ڕیندووی دە بەهارێ یەکتریان دەگەوزاند، ئەوان سەردەمان هەر یەکەو خوایەکی هەبوو،  هێندێکیان خوداکەیان جوان بوو، زۆر جوان، تەنانەت لە سەردەمی کچێنیی پوور مرۆتێش جوانتر. خودای هێندێکانیش ئەوەندە دڕ و مۆن و مرچ  بوو دەتگوت چنگی دە پوور مرۆتێن لە سەر و قژی  سوورە گوڵان دەنووسێن، یان نا، دەتگوت مامەندن گۆچانی ڕە شاخی دەبزنان دەهاڵێنێ، بەڵام دوای ئەوەی دڕکوداڵ و چەقڵە زەرکە یەکیان گرت، خودایەکیان هەڵبژارد و نێویان نا ...

دەیانگوت خودا یەکە، کەچی هەرچی چەقڵ و کیفار و دڕووی نێو باخی هەبوو نوێنەری ئەو تاقە خودایە بوون، هێندێک مورید و هێندێک کوڕی و هێندێک چەقوکێش و پیاوکوژ و سەربڕ و دەسبڕی دەخودای بوون، خودا یەک بوو و بێچووەکانی هەزار ڕێیان لێ کردبۆوە، ئای خودا، چۆن لە نەبوونیت قوڕمان وەسەر بووگە...

دڕوو هاتن و قەراریان دا: هەر گوڵێک گوڵێکی تر ماچ کا ئەوە لە سەر خەرمانی گوڵان ڕووت و قووتی دەکەینەوە و چل قاسکە حەسپینگی شیلەداری لە پاشەڵان ڕادەکێشین، ژوان و خۆشەویستی تاوانن، ئەوین دەبێ تەنیا بۆ خودا و میری دڕوان بێ، پێکەنین، گۆرانی و لاوک و حەیران و هەڵپەڕکێ تاوانن، بزە، مێهرەبانی، یارمەتی، دڵسۆزی، پاکی و بێگەردیش تاوانن و سزایان مەرگە، هیچ گوڵێک بۆی نییە لە ڕووناکیدا خونچە بکات و بپشکوێ، هەر خونچەیەک بەیانیان دەمی بکاتەوە و دڕوێک چاوی پێی بکەوێ و نێوقەدی دڕوەکە شیرەی سپی دەردا، ئەوە سەری خونچەکە دەپەڕێنین و حوکمی میر بەجێ دێنین، گوڵەکان دەبێ قەد و پەلکیان داپۆشن و گەڵا و گیا لە خۆیان هاڵێنن، هەر گوڵێکی سوور شەڕەفی چەقڵە زرکێکە و کوشتن لە سەر شەڕەف سپاردێکی خوداییە و بکوژ بێتاوانە و کوژراو تاوانبارە، هەر گوڵێک سەرپێچی بکا، دەیوەرێنین، ڕەگانی هەڵدەکێشین و بە پنجەوە سەنگاوبەردی دەنێین، سێدارە و قامچی و کوچکبارانکردنی گوڵە تاوانبارەکان لە سەر خەرمانی نێو باخیدا بەڕێوە دەچێ، سزاتان لێرە ئەدەین و جزاتان لەو دونیا... ئەمە دروشم و ئایینی خێڵی دڕکەجاڕە...

لە نێو گوڵەکاندا سرتەو کورتە پەیدا بوو، هێندێکیان ترسان و زوو ئیمانیان هێناو هێندێکیشیان بە بێ ئیمانی خۆیان دادەپۆشی و گوێڕایەلی حوکمی دڕوی دە خوا پەرەست بوون، لەو نێوەدا هەر گوڵەشلێرە بوو تاق و تەنیا کەوتبوو، هەموو جارێ کە ئامبازی دەبوونێ و ڕوومەتیان دەڕوشاندن سەد تووک و دوعای لە مامەندی کۆنە گراوی دە مرۆتێ دەکردن، دەیگوت "ئەهوێ سەگ و سەگبابێ ئەمنی لەوێ چیایێ ڕا هێناو دەو دەشتەی چەقاندم، دەنا ئەمن و ئەو دەشتە کڵێس بووە کوجا مەرحەبا، ئۆهـ ڕەبی مامەندە گڕوێ قەت کەسی دەبابانت نەمێنێ بۆ بەڵای تووشت کردم، ڕەبی مامەند تۆپی زەمانەی کوت کوتت کاو بە تورەکانت کۆ کەنەوە، ڕەبی تووشت بە تووشی دێو و درنجانەوە بێ بۆ خاتری گۆڕەکەی ئەسحابەکوژان".

شلێرە دەیزانی ڕەگ و ڕیشە ناهێڵن بڕۆی، ئەو دەیگوت جێ پنجت نیشتیمانتە، نیشتیمانی خۆت مەدە بە چەقڵ و دڕوو، بە میر و بە خوداش، با بنکوژن، جا چا نییە بە باوەڕەوە دەمرین، بشڕۆین هەر دەمرین، با لێرە بین قورسترین، زێد زینەت بە زیندوویت دەبەخشێ، بە مەرگیشت، گوڵەشلێرە لە سەر تەپۆلکێکی بڕێ بەرز ڕوابوو، بۆیە دڕک و داڵەکان چاکیان زەفەر پێ نەدەبرد، هەبوون لە شلێرەش پتر بوون و فەنا بوون، پۆلێک مێلاقە و شەشپەڕ لە قوژبنێکی چەپەکی باخیدا ڕوابوون و ماڵوحاڵی دەخۆیان هەبوون، دەنگۆ بوو کە ئەوانیش وەکوو شلێرە بێ خودان، شەشپەڕێکی پیر دەیگوت ئێمە تۆو بووین و باران باری و ڕواین، مێلاقێک لێی پرسی ئەی باران، ئەو کێ باراندی؟ شەشپەڕی پیر بۆڵەبۆڵێکی لێهات و کەس نەیزانی چ ئێژێ، ڕەنگە نەیزانیبێ، شایەدیش دەیزانی و نەیدەوێرا.  قەڵداسوێکی جیرانیان پێی زانی و ڕاپۆرتی لێدان، نیوەشەوێکی درەنگ قەڵەمە زەرکە و دڕووە دڕە دابارین، شەشپەڕ و مێلاقەکان خەوتبوون، هێشتا زۆری مابوو بۆ سیوادی بەیانی، مامەند تازە لە شەوێنێ هاتبۆوە و خەریک بوو دەسبێنی لە چوێشتیرە بەلەمسێ دەخستەوە، چای وەسەر ئاوری نابوو و دەیویست نان و پەنیرێکی بخوا و بنوێتەوە، سەگەل دەوەڕین و بایەکی ساردی دەهات، بزنان دانگەڕێزەیان دەکرد و لە  ئاورەکەی مامەندی دەهاڵان، مامەند چاوی لێکنان و چەقڵە زەرکە و دڕووە دڕە لە مێلاقە و شەشپەڕان بەربوون، چەقڵەکان هەموو نێری دە سمێڵدار بوون، ڕیشیشیان هەبوو، ئیمان و خوداش، شەشپەڕ و مێلاقەکان هیچیان بۆ نەکرا، هەموویان قەڵتوبڕ کردن، شتەقیان لێ نەمایەوە.

دوور دوور لە بن بەردێک خونچە شەشپەڕێ لە گەڵ تنۆکە شەونمێ ژوانی بوو، تا ئەو دەمی کەس نەیدیبوون، دیان و سەریان بڕی و مەمکیان هەڵقەندن، تاقیان لەو دەشتە بڕی، باغ سووراوی خوێنی لێدەچۆڕا، مەمک و کەزی بڕاو، سەری پەڕیو، قاسک و لاسک و پەلک و بسکی ئەنجندراو لایەکی باخیان تەنیبوو، هێندێ شەشپەڕ غاریان دابوو و دەربازیان ببوو، دڕووەکان ژن و کچەکانیان بردن، منداڵە نێرەکانیش، بە پێی حوکمی میر دەبوو هەر ژنە و چەقڵێێکی سوار بێ، کوڕۆکەکانیش، ئەو کوڕانەی موویان لێ نەهاتبوو هەر حیسێبی مێیان بۆ دەکرا و دەتتوانی چەقڵ بی و لێیانبپەڕی، هەر چەقڵێک بۆی هەبوو چل ژن مارە کا و کیژۆڵەی کڕیاریش حیلێب نەبوون،  باخ بۆنی تەرمی گوڵانی لێدەهات، جۆگەلە و سەر خەرمان پڕ ببوون لە تەرمی گوڵە شەشپەڕ و مێلاقان، بەیانییەکی هەموویان سووتاندن، شین شینی مێشەنگوینان بوو،  ئیدی هەر گوڵە شلێرە مایەوە و لەشکەرێک بێچووە خودا.

ئێوارێکی پێش بوولێڵانێ چوار دەوری شلێرەیان  گرت و دیلیان کرد، بنک و پنجیان هەڵکێشان و سواری پشتی بزنمژێکیان کرد و بۆ بەیانی لە سەر خەرمانی گوڵان دارکارییان کرد، هەرچی چەقڵی ئەو ناوە بوو لەوێ بوون، میری چەقڵان لە سەر پشتی سێ کچە مێلاقە ڕۆنیشت و هەمووان بە یەکدەنگ هاواریان دەکرد بژی میر بژی خودا، بژی میر بژی خودا...

شلێرە تاسابوو، لە ئاسکۆڵەیەکی ڕەنگ بزرکاوی پێش ڕەوە بەوران دەچوو، دەتگوت کچێکە و بە جلی ڕەشەوە لە بەر خوێنی دەدەن،  ئەو دەیزانی تازە دەربازی نابێ، هێندێک لە دڕووەکان ئامبازی بوونێ، دەیانویست داوی نێفۆک و بەندی سوخمەی بترازێنن، ئای کە چەندە نەوسن و چاوبرسین ئەوان چەقڵ ودڕوانە، باش بوو میر لە بەر تەماحی خۆی نەیهێشت چنگیان بیگاتێ، میر دەترسا خوار نێوکی ببزوێت و خودایەتی لەکەدار بێ، ئای کە میر زۆڵ و ناڕەسەن بوو، گوڕاندی گوتی بوەستن، بوەستن، خودا ئەمری پێم کردووە دەبێ پێش کوشتن پرسیاری لێ بکەین، ئەگەر وەڵام نەداتەوە لە سەر خەرمانی گوڵان، بە فەرمانی خوا، ڕوو لە تەویلەکەی حەسەنی کاکە مەری سەری دەبڕین و خۆمان پاک دەکەینەوە، ئەگەریش وەڵامی دایەوەو پەژیوان بۆوە ئەوە لە پاکترین چەقڵی باخی مارە دەکەین، هەموان گوتیان تۆ پاکترینی، لە تۆ لە تۆ، یا میر لە تۆ،  پاشان میر ڕووی لە  گوڵەشلێرە کرد کە هێشتا روومەتی هەر شەبەقیان ئەدا و دەتگوت گەورە کچی هەوارانە دەچێتە بەر بێرێ، گەردنی ئاونگی تێوەستابوو و قەدی بە پشتێنی گەڵا دەلەرایەوە، لێیان پرسی تۆ چۆن دەڵێی خوا نییە، ئەی کێ ئێمەی دروستکردووە؟ باخ و دڕووەکان، ئاو و باران هی کێن؟ جۆگەلە و ڕووبار، پوور مرۆت و مامەندی شوان لە کێندەرێوە هاتینە، ئەی و زۆر ئەیی تریشیان لە شلێرە پرسین.

شلێرە گوتی ئەی کێ خوای دروستکردووە؟ هەموویان لێی ڕاسان و خەریک بوو کوچکبارانی کەن و میر نەیهێشت، گوتیان "خوا خۆی هەر بووە و هەیە و هەر دەشمێنێ، ئەوە لە ئایەتی سیفری سووڕەی گۆپاڵا نازڵ بووگە، لە ئایینی بەرد و شمشێریشا خوا بوونی خۆی سەلماندگە". شلێرە کەمێ ڕاما، لە شتێکیتر دەگەڕا تا پێش مردنی بیڵێ، ڕووی دە میر کرد و گوتی یا میر، باشە پوور مرۆت پێشتر هەبوو یان خاڵ مامەند؟ باشە ڕووناکی پێشتر هەبوو یان تاریکی؟ ئاسمان پێشتر هەبوو یان ئەرز؟ ساردی پێشتر دروستکرا یان گەرمی؟ نەرم و ڕەق، ڕەش و سپی کامیان پێش کامیان بوو؟ یا میر، من بڕوا دێنم کە خوایەک هەیە و خالقی هەموو شتێکە، هی هەموو شتێک، بەڵام پرسیارێکم بێ وەڵامە، پێش ئەوەیکە خوا یەکەم شت و یەکەم شوێن دروست بکا لە کوێ بووە؟ گوتیان لە ئاسمان، گوتی پێش ئەو، گوتیان لە بەهەشت، گوتی پێش ئەو، گوتیان ماڵی خۆی، گوتی پێش ئەو، بۆشاییەک، پێش ئەو، گوتیان شوێنێکی دوور، گوتی ئەی پێش ئەو...گوتیان لەوێ... پێش ئەوێ، لەوێ، پێش ئەوێ، لەوێ و پێش ئەوێ... . ئیتر گوتیان بیکوژن، ئەمە گومڕایە، لە  ناوەڕاستی خەرمانێ شلێرەیان لە قوڵکێک تەپاند و کوچکبارانیان کرد، شلێرە کاتی بەردەکان بیری لای خودا بوو و دەیگوت هەشبی مادام بێچووەکانت دڕەندەن تۆش باش و مێهرەبان نیت، مادام بە نێوی تۆوە دەمکوژن و تۆ بێدەنگیت خۆشم ناوێیت یا نیت یا ...

خوایە گەر هەی ئەوە باغت کاولستانە بۆچی هێشتا بێدەنگی،  گوڵە شلێرە ئەنجن ئەنجن کراو مرد، لەشکەری دڕوان جیهادی خۆیان کرد و کڕنۆشیان بۆ خودای خۆیان بردەوە، دوایی هەموو وەرسووڕان و سڵاویان لە دیداری میر کرد، میر پڕ کەیف خۆش بوو، دەتگوت ڕۆنی شنگێی لە قالبەندان دەدەن، میر قسەی بۆ کردن، ئەو گوتی ئەی چەقڵینە، ئەی دڕوە باوەڕدارەکان، دەمهەوێ باش بزانن کە ئێمە بۆچی شلێر و شەشپەڕ و مێلاقەکان دەکوژین، بڕواتان بێ ئەوە لە بەر خۆمان نییە، لە بەر خۆیانە، ئێمە پەرۆشی ئەوانمانە، ئێمە دڵسۆزی ئەوانین، چونکە ئەگەر ئێمە نەیانکوژین ئەوان لەو دنیا دەچنە ئاگرەوە و دەسووتێن، سووتانی ئێرە باشترە لە هی ئەو لا. هەموو دڕووەکان ملیان دەلەقاند و باوەڕیان بە میر و خودا پتەوتر دەبوو، هەمووان هاوارێکی بەرزیان کرد و  کڕنۆشیان برد و گوێڕایەڵتر بوون، تەنێ ڕەشە ڕیحانێکی زمان نەپشکووتوو بوو کە متەقی لێوە نەدەهات، ئەو دەیزانی میر درۆ دەکا، ئەو دەیگوت ڕەنگە گوڵەکان ڕۆژێ پەژیوان ببنەوە، دەی بۆ دەیانکوژن؟ ڕەنگە خوڵایەک هەر نەبێ، یان هەشبێ کەس نابێ دارۆغەی خوڵا بێ، خوڵا خوڵا بێ دەبێ حەقی خۆی بستێنێ، دەبێ خۆی حیساب و کیتابی عەبدەکانی بکات، خودا کوێخا و وەزیر و گزیری نەگەرەکن، خودا چەکدار و شەقوەشێنی نەگەرەکن، جەلاد و سێدارەچی و دەسبڕ و سەربڕی نەگەرەکن، خوڵا دەبێ خوڵا بێ.

ڕەشە ڕیحانە قەلەقەپی کردبوو، ئاخر کەس نەیدەوێرا دەگژ ئەوان زاڵمانە ڕاچێ، گوڵ نەمان، بۆ دەرمانیش گوڵێکی ئازادت نەدەبینی، ئەوە بوو چەقڵ و دڕوو دەمیان تێکنا و بوو بە ئاژاوە لە نێویانا، پێگەی میر وردە وردە بەهێز دەبوو، تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەو بێچووی خوایە، هێندێکانیش دەیانگوت نا، ڕەنگە ئەو هەر خوا بێ و هاتبێتە لای ئێمە و بیهەوێ تاقیمان بکاتەوە، دەنگۆکان چڵ بە چڵ دەگەڕان، کەس لە ترسی چەقڵەزەرکان نەیدەوێرا بڵێ لەل، دڕووەکانی تریش هەر وابوون، هەر یەکە و میرێکی بۆ خۆی دانابوو و دەیانپەرەست، بەڵام چەقڵە زەردەکان کەسیان پێ نەدەوێرا، دڕ و دڕندە بوون، ئاخر ئەوان خۆیان پێ هێزی یەکەمی خودا بوو، باخ وردە وردە زەرد هەڵگەڕا و میر هەموو ڕۆژێ سێ نەیاری ئەکردن بەدارەوە.

چێشتەنگاوێکی زوو سەرخۆشێ لە خەو ڕاچڵەکی و ڕایکردە نێوەڕاستی خەرمانێ و جاڕی دڕکەجاڕێی دا، هەموو کۆ بوونەوە، میریش، سەرخۆشەکە هێشتا بەری نەدابوو، هەموو گوتیان  هوراااااااا، مەستی و ڕاستی. ئەویش دەستی پێکرد، گوتی ئەی دڕک و چەقڵینە، ئەمشەو خەونم دیوە، خەوێکی زۆر پیرۆز، لە خەونمدا میرم دی کە خودا بوو، نا نا ببوورن خوام دیت کە میری ئێمە بوو، ئێستا یان خودا میرە یان میر خودایە، چەقڵان کردیانە هەمهەمە، گوتیان ئێمە پێشتریش دەمانگوت ڕەنگە میری ئێمە هەمان خوای مەزن بێت و هاتبێتەوە ناومان، ئێستا دڵنیا بووین کە خوای تاک و تەنیا میرە زەردەی خۆمانە، لێمان ببوورە ئەی میر، ئەی خوای مەزن، بە چرکەیەک سەدان چیڕۆک و ئەفسانەیان بۆ هۆندنەوە، هەموو کڕنۆشیان بۆ میرە زەردە دەبرد و دەگریان و بە خوا قاویان ئەکرد، زۆریان لە خۆشیان گەشکە لێی دان و بوورانەوە، هێندێکیش خۆڵی ژێر پێی میریان دەخوارد و داوای بەهەشتی بەرینیان دەکرد، هێندێک تا ئێستاش لە کڕنۆشا هەڵنەستاونەوە، لەو ڕۆژەوە ئیتر میریان بە فەرمی کرد بە خودا...

میر گیڤەی سمێڵانی دەهات وچەقەڕدێنی لێ بادەدا. دڕووە سوور و سەوزەکانیش هەر یەکەو خەونێکیان بە خوداوە دیت و میری خۆیان کردنە خودا، ئیتر کەس نەبوو بێ خودا بێ و باخ پڕ بوو لە خودای سمێڵزل و ڕیشپان، ڕۆژ نەبوو لە سەر یەکتاپەرەستی خوا کۆنەکە گوڵێک و ڕەنگە دڕک و چەقڵێکیش فەلاقە نەکەن و بە داریانەوە نەکەن، ئەوان دەیانگوت باوەڕ بە خواکەی پیشوو کۆنەپەرەستییە و کۆنەپەرەستان دەبێ بمرن، هەموان بە خوای خۆیان گەیشتبوون، تەنیا ڕەشە ڕیحانە بوو بێ خودا مابۆوە، ڕەشە ڕیحانە لە بەرخۆیەوە دەیپرسی باشە ئەگەر ئەوانە خودان، ئەی بۆ شەشپەڕ و مێلاقەکان و تاقانە گوڵە شلێرەی باخیان بۆ خوداکەی پێشوو ئەنجن ئەنجن کردن، بۆ هەموو ڕۆژێ بە نێوی خوداوە پەلک و بسکیان دەبڕین و سەریان بە نێوگەڵی دە گوڵاندا دەکرد، ئەو هەموو شەڕ و خوێن و سووتان و کوشتنە لە پای کامە خودا؟

ڕەشە ڕیحانە پرسیاری تریشی هەبوون بەڵام نەیدەوێرا شتەقیان لە کەس بکا. ئەوەی دەیدیت ڕیزی بەندەی خودا زیندووەکان بوو کە هەرچی ناحەز بوو بۆ خوا و لە پێناویدا دەیانکرد، خوداکان پاشای لەشکەرێک گەمژە بوون و کەنگێ و کێیان پێ خۆش بایە فەلاقەیان دەکرد و کام گوڵ ناسک بایە شەوانە لێی دەهاتن و وەسەری دەپەڕین و ئەتکیان دەکرد، ئەوەیان ناو نابوو جیهادی خودایی...

خوداکان بەرهەمی چەپڵە و فیکەی گەمژەکانن، لە کوێ چەپڵە و هورا هەبوون خوا زلەکان لەوێن، شەوێک خواکان لە سەر لینگی لوسکەیەک لێیان بوو بە شەڕ و ئیدی ئەوە چەرخێکە لەو کاولستانەدا شەڕە خودایە...


پەیوەندی‌دار:

مەزرای قاتڵەکان

سۆسیۆلۆژیا، "به‌ سپۆنسه‌ری یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷