به‌راوه‌ردێکی پیاسهچییانه له نێوان بۆدلێر و گۆران ئه‌مجه‌د غوڵامی 1- "له ماڵ بوون، به‌ڵام له هه‌موو شوێنێک خۆت له ماڵێ‌دا هه‌ست پیکردن؛ جیهان دیتن و له ناوه‌ندنی جیهاندا بوون، به‌ڵام به خۆههشاردان له جیهان؛ ئه‌مانه‌ن به‌شێک له وردترین چێژی ئه‌و که‌سگه‌له سه‌ربه‌خۆ و پڕهه‌ست و بێ لایه‌نه که زمان له هاندیاندا دوش داماوه" (بودلر،1381: 143)، ئاوا بۆدلێر له "نیگارکێشی جیهانی مودێرن"، رێگا بۆ "کنستانتین گی" ده‌کاته‌وه تا له قه‌واره‌ی رێبوارێکی قاره‌مان بێته ناو شه‌قام و ماڵی له ناو دڵی قه‌ره‌باڵغی و جه‌ماوه‌ردا ئاوه‌دان بکاته‌وه؛ له ناو ده‌قی هه‌ڵسوکه‌وته‌کان، له نێوان شته به په‌له‌کان و ئه‌و شته‌ی که ده‌بێ بێ کۆتایی بێت. رێبوارێک که ئه‌ده‌بی مۆدێرنی له کۆڵ ناوه و سه‌راسیمه په‌راوێزه‌کان به‌لاوه ده‌نێ و ئاڕاسته‌یه‌کی ده‌ق ئاسا به خۆوه ده‌گرێ، رێبوارێک که ئێمه وه‌ک پیاسهچی (flaneur) ده‌یناسین. قاره‌مانێک که ته‌نیا له ناو شاردا وێنا ده‌کرێت، له ناو جه‌ماوه‌رێکدا که ورده‌ورده له قه‌واره‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌رهاتووه؛ ئه‌و شه‌قامه‌کان ده‌پێوێ تا بینه‌رێکی پڕ له شه‌وق و تاسه بێت و له هه‌موو شوێنێکدا له ناو دڵی هاتووچۆ نهوستاوهکاندا ئاماده بێت، وه‌ستانی ئه‌و واته چێژ بردن له نه‌وه‌ستانی جه‌ماوه‌ر. پیاسهچی ئیتر که‌سێکی ئاسایی نییه، به‌ڵکوو وه‌ک بنیامین ده‌ڵێ: "رێبوارێکی قاره‌مانه که حه‌ز ناکا ببێته جه‌ماوه‌ر و ته‌نیا به مانه‌وه‌ی له شه‌قام چێژێکی بێ هاوتا ده‌بات، ئه‌و به بێ ئامانج شه‌قامه‌کان ده‌پیوێ و په‌یتا په‌یتا له ماڵ دوور ده‌که‌وێته‌وه و شه‌قام ده‌بێته ماڵی تازه‌ی ئه‌و" (جیلوش،1388: 55)، واته شار بۆ ئه‌م پیاسهچییه وه‌ک فه‌زای ناوخۆیی (interior) لێدێت و له‌م سۆنگه‌وه پیاسهچی داده‌برێت له دیکه‌ی جه‌ماوه‌ری کۆمه‌ڵگای بورژوایی که ڕوانینیان بۆ شار ڕوانینێکی ده‌ره‌وه‌ییه (exterior)، یان باشتره وایه بڵێین؛ داده‌برێت له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که دوای شه‌که‌تبوون له فه‌زای ناوخۆیی و ماڵ، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شار و به‌پێچه‌وانه و هێچ هه‌وڵ ناده‌ن له فه‌زاکان چێژ ببه‌ن (صدیقی،1390: 9). ماڵێک که له ماڵت دوور ده‌خاته‌وه، واته ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ گرینگ‌ترین ده‌سته‌واژه‌ی مۆدێرن؛ جووڵانه‌وه، شوێن گۆرکێ و دابڕان، هه‌ر هه‌موویان جه‌خت له حه‌ز و تاسه‌ی دینامیکیای بوون له جیهاندا ده‌که‌ن، که‌چی له به‌رامبه‌ردا گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ماڵ بێده‌نگییه، ئۆقرهگرتنه و گه‌نده‌ڵ بوونه. یان وه‌ک ریتا فلسکی ده‌ڵێ: باشترین شوێن بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه و یاخیبوون له ماڵ، شه‌قامه‌کانی شاره، شوێنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له ناکاو، ڕووداوگه‌لی سه‌یر و سه‌مه‌ره و جیاوازی (فلسکی،1384). خه‌مۆکییه‌کی به‌له‌ز له په‌نای رۆحانییهتێکی ئانارشی؛ شوێنێکی لیپاولیپ له سه‌راسیمه‌بوون، له رهمزوراز و شیمانه‌کان له به‌رامبه‌ر شوێنێکی ناسیاو، ئۆقره‌گرتوو و وه‌ستاو که پێی ده‌ڵێن: ماڵ. بۆدلێر به‌ر له هه‌موو شتێک خه‌رمانه‌ی سه‌ر هونه‌رمه‌ندی دانیشتوو له ناو ماڵ و له ناو ده‌ربار توور ده‌دا و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و شه‌پۆله‌ی ده‌کاته‌وه و ده‌یکاته ته‌ماشاچییه‌ک، ده‌یکاته که‌سێک که خاوه‌ن ویست و توانستی چێژ بردن له قه‌ره‌باڵغی شاری و گه‌ڕان له شار و سه‌رپشک بوون له به‌رجه‌وه‌ند و چێژهکانییهتی. که‌چی رێبوارییهتیی گرێی خواردووه به رهسالهتێکی جیاواز و جۆرێک ئاگاداری که به رای پیتر ههمێلتۆن؛ دۆزین و شرۆڤه‌ی جوانییه‌کانی مۆدێرنه، واته گه‌ڕانی سیستماتیک به به‌ژنی مۆدێرنیته‌دا؛ ئه‌و ده‌بێت ده‌ست دابگرێ به سه‌ر جه‌وهه‌ره‌ی کۆچه‌ر و کاتی ئاڵۆگۆڕه خێراکان. و بۆدلێر باش ده‌زانێت که ته‌نیا هونه‌رمه‌ندی ژیانی مۆدێرنه که ده‌توانێت ئه‌م جوانییانه، له چنگ جێگره‌وه هیچۆکهکان ده‌رباز بکا (هملتون، 1384). هه‌ر بۆیه هونه‌رمه‌ندی ژیانی مۆدێرن ده‌بێ به چه‌شنێک هه‌نگاو بنێته ناو شه‌پۆلی جه‌ماوه‌ره‌وه، وه‌ک بڵێی جه‌ماوه‌ر سه‌رچاوه و کانگایه‌کی مه‌زنه له وزه‌ی ئه‌له‌کترۆنی، شتێک له شێوه‌ی کالی دۆسکۆپ (Kaleidoscope)*... ئه‌و ده‌بێ هاوکاتی باسکردنی ڕوانگه و ئاماژه‌ی گشت گیانله‌به‌ران، چ ورد و چ به‌رز، چ سه‌یر و چ گاڵته‌جارانه، ته‌قینه‌وه‌یه‌کی پرشنگدار له فه‌زا به ده‌سته‌وه بدا. ئاوا بۆدلێر بابه‌تێکی متۆدیک ده‌نێته به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندی مۆدێرن: له ڕه‌وتی ورده‌کارانه‌ی ژیاندا، له ئاڵۆگۆڕییهکانی شمه‌کی ده‌ره‌وه‌یی، شوێن گۆرکێی خیرا ده‌بیندرێ که ده‌بێ به خیراییه‌کی هاوسان له لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه به‌رپه‌رچ بدریته‌وه و ئه‌مه‌ش پیویستی به لێهاتووییه‌کی تایبه‌ته، پێویستی به جۆرێکی تازه له رۆڵی هونه‌رمه‌ندانه‌یه؛ بینه‌ربوون، فه‌یله‌سووف بوون و پیاسهچییهتی. ئیتر له ڕه‌وتێکی ئاوادا چ جای باسکردن له شێوه‌کاریی هه‌رمان و نه‌خشاندنی شته هه‌میشه‌ییه‌کان؛ ئه‌و ده‌بێ بڕوانێته کاته قهشمهرییهکان (هه‌مان). له مێتۆدێکی له‌م چه‌شنه‌دایه که بنیامین شوێن پێی جه‌ماوه‌ر وه‌ک ڕاتهکێنهرێک له ناو ده‌قه‌کانی بوودڵێردا هه‌ڵده‌گرێ، له کاتێکدا که ئه‌زموونه‌کان کاتی و ژیاندراون (Erlebenis)، ته‌نیا پیاسهچییهکی مێتۆدداری بۆدلێریه که ده‌توانی وه‌ک تاقانه سووژه‌ی ههقیقهتمهندی مۆدێرن، ئه‌زموونێکی به کۆمه‌ڵ و ڕه‌سه‌ن (Erfahrung) بورووژێنێت، ئه‌زموونێک که به‌رچاوترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بریتین له؛ دابڕان و ڕێکهاتنی شوێن و کات، دژوازی، جم و جووڵ، خه‌مۆکی، ڕاته‌کان، جیابوونه‌وه‌ی ده‌روون و ده‌ره‌وه، په‌ره‌سه‌ندنی ڕۆڵه‌کان و رواڵه‌ته‌کان و ده‌مامکه‌کان (له‌مباره‌وه بڕواننه؛ (په‌راوێزه‌کانی وه‌رگێڕ له؛ بنیامین، 1377: 39 و 40) و (اشتاین،1382: 93)) . به‌مجۆره حافزه له رێگای ڕاتهکانهوه گرێ ده‌خوات به یاده‌وه‌ری، ئه‌زموونێک که بۆدلێر له جه‌رگه‌ی پاریس و له پشت ده‌لاقه‌ی هژهژۆکی جه‌ماوه‌ره‌وه مسۆگه‌ری ده‌کات، ده‌لاقه‌یه‌ک که له ناخی خۆیانه‌وه جوانییه‌ک به دیاری دێنن که له شێعری "رێبوارێک"دا به‌مجۆره ده‌یخوێنینه‌وه: شه‌قامه کهڕکهرهکه لووره‌ی ده‌هات له ده‌ورم. درێژ و باریک، پرسه‌دار و ئازارێکی شکۆمه‌ند، ئافره‌تێک ڕابورد، به ده‌ستێکی خانمانه کهزهیی و چمکی کراسه‌که‌ی ڕاده‌ژه‌نی: سووک و ئازیز، ڕانی له هی په‌یکه‌ره ده‌چوو... (بۆدلێر،2001: 111 ) 2- ڕه‌نگه تا ئێستا کاره‌که هاتبێته ده‌ستان، دڵنیام باش ده‌زانن ئه‌وه‌ی وترا ته‌نیا پێشه‌کییه‌ک نه‌بوو بۆ بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره، به‌ڵکوو زۆرتر بابه‌تێکی ته‌واوکه‌ره بۆ فامستی شوێن و جۆری روانینی هونه‌رمه‌ندی مۆدێرن له خێراییه‌کانی جیهانی هاوێر. به چه‌شنێک که ته‌واو مکانیزمه‌کانی وێژه‌ی تایبه‌ت به ڕه‌وتی ڕه‌وایه‌تی مۆدێرنیته لای ئه‌و [بۆدلێر]، ده‌بێ خاوه‌ن په‌خشانێکی شاعێرانه، به بێ کێش و سه‌روا و خاوه‌ن مۆسیقا بێ: به زه‌نده‌ی پێویست نه‌رم و به هه‌مان زه‌نده ڕه‌ق که بتوانێت خۆی له گه‌ڵ ڕاکهشهکانی لیریکای رۆح، له گه‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ئه‌ندێشه و له گه‌ڵ بازدان و ته‌کانه‌کانی ئاگایی هاوته‌ریب بکات (برمن،1384: 178). فۆرمێک که وه‌ک بنیامین ده‌ڵێت: له شێعری رێبوارێکدا، به ئاراسته‌یه‌کدا ده‌روات که هه‌وێنی چێژبردنی شاعێری شار تێیدا، هه‌مان عه‌شقه که له دوانیگادا وه‌سفده‌کرێت، ماڵئاوایی هه‌میشه‌یی که له ده‌قی شێعری بودلێر له گه‌ڵ کاتی ئهفسوونبووندا یه‌کده‌که‌ون. ئاوا غه‌زه‌له‌که‌ی بۆدلێر ته‌مهیدی به‌لاغی ڕاته‌کان، یان له راستیدا کاره‌سات نیشان ده‌ده‌ن... ئه‌وه‌ی وه‌ک ته‌ز و جووڵانه‌وه به ناو شانی شاعێردا ده‌گه‌رێ، تاسه و چێژی پیاوێک نییه که تان وپۆی له‌شی سه‌ررێژ له ئیرۆسه، به‌ڵکوو زیاتر ڕاتهکینێکی جینسییه که له پیاوێکی ته‌نیادا ده‌رده‌که‌وێت (بنیامین: 42). فۆرمێک که به بڕوای ئه‌م ده‌قه لای سه‌ره‌تای گۆڕانی شێعری کوردی، واته له شێعری "له ده‌رزی پچهوه"ی گۆران (گۆران،1386: 58) ئاشکرایه، شێعرێک که راست به مۆتیفێکی هاوشێوی "رێبوارێک" ده‌روانێته جوانی سه‌ر شه‌قام، ده‌روانێته به‌ژنێک که بێ نه‌وه‌ستان ملی جاده‌ی ناوه و دواجار به هه‌مان خێرایی ده‌رکه‌وتنی، ون ده‌بێت. لێره‌دا شاعێر بۆ ئه‌وه‌ی له جوانی دوا نه‌که‌وێت، هه‌نگاو به هه‌نگاو دوای به‌ژنی په‌ری ئاسا ده‌که‌وێت و وه‌ک بۆدلێر له ئه‌نجامدا، ده‌ست به تاڵ و شۆخ بزراو، حه‌سره‌تی گێژداوێک ده‌خوات که له‌و رۆژه‌وه چاوی شاعێری به‌ره‌و بن نوقم کردووه. هه‌ر چه‌ند شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌کان و پێکهاته‌ی هه‌ر دوو شێعر به ڕاده‌یه‌کی زۆر له یه‌ک نزیکن و هه‌ر دوولا نوقمی دوانیگای عه‌شقی ونبوون، و شێعر ته‌نیا له کاتی جووڵانه‌وه‌دا ده‌هۆننه‌وه و خۆیان به دوور ده‌گرن له ته‌واو ته‌مهیده دژواره‌کانی کێشه و سه‌روا، که‌چی پێویسته بیر له جیاوازییه‌کی سه‌ره‌کی له‌سه‌ره‌تای ده‌سپێکی شێعره‌کان بکه‌ینه‌وه، ئه‌ویش کاتێک که گۆران به پێچه‌وانه‌ی بۆدلێر، عه‌شقه‌که‌ی نه له ناو قه‌ره‌بالغی که‌ڕکه‌ری شه‌قامه‌کان، به‌ڵكوو له به‌ره‌به‌یانی چۆڵ و هۆڵدا ده‌دۆزێته‌وه. گۆران هه‌ر چه‌ند ماڵی پشت سه‌ر ناوه و هاتووه‌ته سه‌رشه‌قام، و به‌ره‌به‌یانی کردووه‌ته ده‌سپێکی ئه‌م ژوور گۆڕینه، به‌ڵام هێشتا ده‌بینێ که جاده له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه نهتنراوهتهوه، جه‌ماوه‌رێک که وه‌ک لۆفۆر ده‌ڵێ: له ماڵدا و ناو هێمای خۆنوێنی و زایهقهی وێرانی وردهبۆرژواییدا نوقمن و له‌و ناوه خه‌وتوون و له ماڵ مانه‌وه‌یان لا په‌سه‌ندتره (بڕوانه‌وه؛ فلسکی: 1384). ئاوا له ماڵ مانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له به‌ره‌به‌یانی شێعری گۆران به ڕاشکاوی ئیهانه‌یه‌که به به‌له‌نگازی جه‌وهه‌ریی سه‌رده‌م، یان باشتر وایه بڵێین؛ ئیهانه‌یه‌که به دڵه‌ڕاوکێی ئانارشیستی رۆحێکی ڕه‌خنه‌گرانه. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا جاده لای گۆران ئه‌وه‌نده‌ش له رێبواری قاره‌مان ته‌ریک نه‌بووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ندی مه‌ودا پێیه که پرێسپێکتیوێکی جیاوازتر له سروشت و دونیای جوان وێنا بکا و بیهێنێته به‌ر نیگا، با شاخی به‌رز و خانووی تازه و هه‌مان دونیای جوان وه‌ک عابایه‌ک قاره‌مانی جاده‌ی بریندار کردبێ و سێبه‌ری خستبێته سه‌ر جاده و چۆڵی بنوێنێ، که‌چی له گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنیی جم و جۆڵ و بزوات به شێعر ده‌به‌خشێ و جوان جوان دێت و تیشک ده‌خاته سه‌ر دڵی که‌یلی تاسه و ئاوات؛ دیمه‌نێکی تازه که رێگا به شاعێر نادا دوای گه‌یشتنه ئاستی ئه‌و، سه‌ر بکاته ناو درزی په‌چه و جم و جۆڵه‌کان بوه‌ستێنێت. ناهێلی ده‌رگای له‌شی له رووی شاعێر ئه‌وه‌نده ئاوه‌ڵا بێ که بۆی ببێته خانووی تازه و ماڵیکی نوێی ئۆقره‌گرتن و حه‌وانه‌وه، یان وه‌ک فیمینیسته‌کان ده‌ڵێن، ده‌رگا له ڕووی هاوسانی خۆی و خانوو داده‌خات و ئیزنی بووه‌نه‌وه به ڕه‌حه‌م و بوونه‌وه‌ی به "شابلێنێ ماڵ" بۆ شاعێر نادا و ئه‌مه‌ش واده‌کا که خوێنه‌ر دوای هاوئاوێته کردنی نیگای له گه‌ڵ نیگای شاعێر و به‌رگری لێکرانی بۆ رۆچنه ناو درزی له‌شی، له جیات ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له گه‌ڵ مه‌راقێکی وه‌ستاو و وه‌سفێکی کلاسیکانه، به‌ره‌و پیری گێڕانه‌وه‌یه‌کی خێرایانه بچێت؛ ده‌ست و په‌نجه و مه‌چه‌کێک و نیگایه‌ک چی بنووسم، خوایه هێزی ئینشایه‌ک که‌واته به جۆرێک له جۆره‌کان، جوانی لای گۆران، نه ته‌نیا ورووژێنه‌ری شه‌قامی چۆڵ و سێبه‌ره، به‌ڵكوو دژی ماتریاڵ بوونه‌وه‌ی له‌ش و خۆیه‌تی. تا شاعێر نه‌توانێ ئه‌و وه‌ک شت و فه‌زایه‌کی مانادار ببه‌ستێته‌وه به بایه‌خه‌کان و یاده‌وه‌رییه توێژبهندییهکان و چی بۆ وتن پێ نه‌مێنێ و به‌رده‌وام بیر له رۆژێک بکاته‌وه که سه‌ره‌تای هه‌ر نوقمبوونی به‌ره‌و بنی بووه. له لایه‌کی دیکه‌وه، ماتریاڵ کردنه‌وه‌ی له‌ش وه‌ک ماڵ، ئاوه‌ها که ئیریس ماریۆن یانگ ده‌ڵێ: له جیات پێکهێنانی شوناس، پاوه‌جێی ده‌به‌خشێت به‌و فه‌زا فیزیکیایهی که وه‌ک پهیوهستارێک له ڕابردوو و هه‌نووکه وێنا کراوه. به‌م پێیه له ماڵ دابڕان و دژایه‌تی کردن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی ماتریاڵ که‌ره‌وه‌ی له‌ش وه‌ک ماڵ، ئاڕاسته‌یه‌که بۆ دابه‌زاندنی کێیه‌تی ئێمه له نێوان شمه‌ک، ده‌ستکرد، ڕێوڕه‌سم و ئه‌و کرده‌وانه‌ی که تێیدا یه‌خسیرن. یان به وته‌یه‌کی دیکه کاتی بوونی درزی نیگا و ستاندرانهوهی له شاعێر، له خۆیدا هێمایه‌که بۆ درووست بوونی ئه‌و دڕدونگییهی که ناچارت ده‌کا، به شهکهوه بڕوانیته ئایدۆلۆژیای شوناس، و گۆران که به پێچه‌وانه‌ی بۆدلێر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ڕه‌خساوه که جوانی جاده له ڕووبه‌ڕووه‌وه ببینێ، تۆمی وێنه‌گه‌لێک ده‌چێنی که به‌رییه له جوانکاری. به‌ڵام به‌مه‌شه‌وه شاعێر نایهه‌وێ ده‌ستبه‌رداری نیگای نازه‌وینی بۆ عه‌شقی دوای دوا نیگا بێت و له شه‌پۆلی هه‌ستی خۆی بیسڕێته‌وه و وه‌ک بۆدلێر بیداته به‌ر ته‌وژمی پرسێکی فهرامۆشکارانه و ئیزنی پیاسهچی بوونی پێببه‌خشێت؛ ئه‌رێ ده‌بێ ته‌نها جارێکی دی له‌وسه‌ر دونیاش بێ بیبینمه‌وه؟ له شوێنێکی دی، گه‌لێ دوور لێره‌وه! دره‌نگتر، ڕه‌نگبێ هه‌رگیز! چونکه نازانم به‌ره‌و کوێ هه‌ڵدێی، نازانی منیش به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆم، ئه‌ی ئه‌وه‌ی که خۆشم ویست، ئه‌ی ئه‌وه‌ی که پێیزانی! (بۆدلێر: هه‌مان) ئاوا بۆدلێر له‌م چه‌ند دێره‌دا پرسێکی فرامۆشکارانه ده‌نێته‌وه که به گوێره‌ی بنیامین: ده‌مانخاته ته‌نگه‌تاوی بیرۆکه و هه‌ستێک که تێیدا پێکهاته‌ی بوونی حه‌شیمه‌ت خاوه‌ن ڕواڵه‌تێکی ته‌واو نامرۆڤانه‌یه و ته‌واو بۆدلێری له خۆیدا هه‌ڵمشتووه و کردوویه‌ته هاوده‌ستی ئه‌وان، ئه‌ویش راست له‌و کاته‌دا که تێده‌کۆشێ ڕواڵه‌تێکی مرۆڤانه‌یان پێببه‌خشێ و له‌م سونگه‌وه لێیان دوور که‌وێته‌وه (بنیامین: 45). ئاویزان بوونی گۆران به عه‌شقی به‌ره‌به‌یانی سه‌ر جاده یان وه‌ک خۆی ده‌ڵێت؛ نوقم بوونی به‌ره‌و بن، به بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات لێی دوور که‌وێته‌وه، به دڵنیاییه‌وه، سه‌رچاوه له غه‌یانی جه‌ماوه‌رێک ده‌گرێت، که پێشتر، له سه‌ره‌تای شێعر وه‌ک ئاره‌زوویه‌کی خه‌یاڵاوی بۆ دابڕان له ک‌ش و ماتی و سڕانه‌وه‌ی سێبه‌ری چۆڵیهتی، بانگهێشت کرابوو. واته گۆران کارێکی دوو هێنده‌ی له‌به‌ره؛ ئه‌و ده‌بێ بۆ رازاندنه‌وه‌ی دونیای جوان ئاره‌زووی [تاسه و ئاواتی] هاتنه سه‌ر شه‌قامی جه‌ماوه‌رێک بکات، تا به بوونی خۆیان شاعێر بخه‌نه ته‌نگه‌تاوی و بێزراوی. ئه‌و پێویستی به قرهباڵغێکه که له خانووی جوان ده‌رکه‌ون و که‌لێن بخه‌نه نێوان هزری خه‌یاڵاوی و هزری ڕوانین، تا دواجار شاعێر وه‌ک ڕواڵه‌تێکی ته‌واو نامرۆڤانه تێبکۆشی بۆ پاراستنی عه‌شق و نازداری سه‌ر جاده، خۆی لێیان ده‌رباز بکات. ------------------------------------ په‌راوێز: * کالی دۆسکۆپ ئامێرێکه که له چه‌ندین ئاوێنه پێک هاتووه و کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ نمایش ده‌دات که له گه‌ڵ سوڕانی لووله‌ی ئامێره‌که، وێنه‌کان به شیوه‌یه‌کی نوێ ده‌گۆڕدرێن و دووپاتیان ده‌بنه‌وه. ئه‌م ئامێره زۆر به‌ر له که‌شفی سینه‌ما، دروست کرا و یه‌کێکه له داهێنانه به‌ر چاوه‌کانی پیشه‌سازی له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و هاوکات هێما و نموونایهکی به‌رزی داهێنان و جوانیناسیی شارستانیه‌تی ئه‌ورووپایه له‌و سه‌ده‌یه. سه‌رچاوه‌کان؛ 1- اشتاین،روبرت (1382)، "والتر بنیامین (به همراه کوتاه نوشتههایی از والتر بنیامین)"، ترجمهی: مجید مددی، تهران: نشر اختران. 2- برمن،مارشال (1384)، "تجربه مدرنیته؛ هر آنچه سخت و استوار است دود می شود و به هوا می رود"، ترجمهی: مراد فرهاد پور، تهران: طرح ن‌و. 3- بنیامین،والتر (1377)،"درباره برخی از مضامین و دستمایههای شعر بودلر"، ترجمهی: مراد فرهاد پور، به نقل از فصلنامه ارغنون، شماره 14. 4- بودلر،شارل (1381)، "نقاش زندگی مدرن"، ترجمهی: مهتاب بلوکی، به نقل از کتاب: از مدرنیسم تا پست مدرنیسم، گردآوری: لارنس که‌ون، تهران: نشر نی. 5- بۆدلێر،شارل (2001)، "گوڵی خراپه"، وه‌رگێرانی: ئه‌حمه‌دی مه‌لا، هه‌ولێر: بڵاوکه‌ره‌وه‌ی ئاراس- ژماره‌ی 98 6- جیلوش،جرمی (1388)، "شهرنگاری های والتر بنیامین؛ اشراق های شه‌ری"، ترجمهی: جواد طلوعی، به نقل از خردنامه همشهری: شماره 35 7- صديقی،مسعود (1390)، "كارآگاه در مقام فلانور"، به نقل از روزنامه شرق: شماره 1477 8- فلسکی،ریتا (1384)، خانه، ترجمهی: مروارید آیاز، به نقل ازسایت: saat15.com 9- گۆران، عه‌بدوڵڵا (1386)، دیوانی شێعر، تاران: بڵاوکراوه‌ی پانیز. 10- هملتون،پیتر (1384)، "بودلر، بنیامین و پرسهزن"، ترجمهی: امیر کیان پور، به نقل ازسایت: saat15.com و بڵاوکردنه‌وه‌ی دووباره‌ی له: www.iran20.ir
هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی
یوونس ره‌زایی
4/16/2016 10:19:00 AM
مەحموود بۆزئەرسڵان / ئەلمۆنیتۆر وەرگێڕانی: NNSROJ
3/17/2016 4:07:00 AM
سیمای باوی رۆشنبیر-ژورنالیست لە کوردوستاندا ئیتر لە سیمای فرۆشیارەکانی ئەو مۆڵانە ئەچێت کە دوای هەر هەورەتریشخەیەک وەک قارچک سەرهەڵدەدەن و بەردەوام لە زیادبووندان.
4/14/2016 8:08:00 AM
ئه‌گه‌ر له ساڵانی پێش هێرشی داعیشدا له باشووری كوردستان ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ك "واسیته" و "خاڵ" و "تهعینات"، شویێنی "ئازادای" و "یه‌كسانی" و "داد"یان گرتبۆوه، ئه‌وا ئه‌مڕۆكه ئه‌وانه چیتر بۆ به‌ده‌ستهێنانی شوێن...
4/12/2016 4:10:00 PM