شار
Thursday, November 17, 2016
ئارام فەتحی
من شێوەی مردنی خۆمم
شێوەی شەقامەکانی ئێرە و
دز و حیزەی ئێوارانی و
من شێوەی گۆڕستانەکانی ئێرە
کە پەناگەی سورەنگن و تریاک
ترسی باوکم
کە چارەنووسی لە قورسێکا نووسراوە
سامانی نەتەوایەتیم
مەرگی ئێوەم
دەفەرموون بمفرۆشن
دڵەخورپەی کچێکم دوای ناونیتکە
کە لە پیاسەی ئەم شارەدا مەتەڵەک هەڵڕێژراوە
لە پیاسەی ئەم شارەدا: وەزنی دەقیییق
لە پیاسەی ئەم شارەدا: سی دی سی دی
ئەوەی پێویستە تاڵان کا، لە پیاسەی ئەم شارەدا
لەم شارەدا ئەوەی پێویست نییە بۆ ژیان ڕاستگۆییە
من دراوسێکەمان تیڤییەکەی سورەنگێکە
ئێواران لە دەماری بدات
من دراوسێکەمان قاڵییەکەی
منداڵەکەی
سورەنگێکە
کە هەرزان کەوتووە خیانەت
سپاس دز و بەلاڕێبەرەکانی ژیان:
ئەوەتا ئێمە لار بوویین
ئەوەتا ئێمە هار بوویین
ئەوەتا ئێمە ئێوەین
سپاس بۆ قورس و حەشیش و جگەرەتان
بۆ جەردەیی و هەڵخڵەتان
کە هیوای بەدینەهاتووی باوکمانین
ژیانین
بەخێر بێی شار
من مەرگی تۆم
دەست خۆشی لە کۆڵان و کافی شاپی ئەم شارە
کە دامانشارن لە خۆیانا
کە ئێرە هەر بۆ داشارین باشە و
ئەوەی ڕووتە مەرگی منە و مرۆڤایەتی
کە سەرما بخوات ژیان
کە پارە
کە ژیان بخوات ژیان
من دروشمی شاخ بووم
کە لە شارا دەمرم
کە ڕاپەڕین لە مەرگی منەوە دەست پێ دەکات
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە