پێشڕەو بوون و پێشڕەو مانەوە
سەرنجێک لە سەر رۆڵی کوردستان لە دۆخی شۆڕشی ئێستای ئێراندا
Saturday, October 29, 2022
زاهید حەنبەڵی
لەم بابەتەدا هەوڵ ئەدرێ پرسی پێشەنگ بوونی کوردستان لەم قۆناغە سیاسی-کۆمەڵایەتییەی ئێراندا بخرێتە بەرباس. لێرە روون ئەکرێتەوە بۆ ئەم پێشەنگ بوونە، ئەتوانێ پێشڕەو بوونیش بێت. لە درێژەدا هەوڵ ئەدرێ هۆکارە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم ستاتۆیە شیبکرێنەوە و هەروەها لە سەر ئەم بابەتە پیداگری بکرێ: بۆ پێشڕەو بوون بۆ کوردستان خاڵێکی گرینگە و چۆن ئەتوانێ ئەم پێگە و رۆڵە بپارێزێت. لە درێژەدا باس لەوە دەکرێ چۆن دێمۆکراتیزە کردن و گوتاری بەرابەریخوازی لە کانتێکستی پێشهاتەکانی کوردستان و ئێراندا لێک گرێدراون و بوونی کوردستان و داهاتووی سیاسی-کۆمەڵایەتی بەوانەوە بەستراوە. لە کۆتایدا بە کەڵک وەرگرتن لە دوو تێرمی گرینگ لە ئانتۆلۆژی سیاسیدا هەوڵ ئەدرێ ستراتیژی و جۆری بەرەنگاری کورد لەم قۆناغەدا زیاتر روون بکرێنەوە. دوو تێرمی بەرەنگاری نێگەتیڤ و بەرەنگاری پۆزیتیڤ، دەکرێ ئامانج و رێکاری بەردەمی کورد بن بۆ ئەوەی دێمۆکراسی و بەربەریخوازی دەستەبەر بکات. بە گشتی ئەم بابەتە لایەنی کوالێتی بەشداری کورد لە قۆناغی ئێستا و داهاتوودا دەخاتە بەر باس و شیکاری، و چۆنیەتی هەڵسووکەوتی کورد لەگەڵ گێچەڵ و پرسەکانی بەردەمی، بەو جۆرەی کە لە خوارەوە دێت، شرۆڤە دەکات:
بەشداری و شوێن و پێگەی کوردستان لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران بە پێشڕەو و پێشەنگ دادەنرێت. چ لە دەسپێکی نارەزایەتی و چێ بوونی پرۆتێستەکان، چ لە درێژە کێشان و بیچم گرتنی، چ لە ئاستی داخوازی و فۆرمی دەربڕین و درووشمدا، چ لە بەشداری فیزیکی لە شەقامدا، چ لە ئاراستەی رادیکاڵ بوونی ویستەکاندا، چ لە مانگرتنی گشتی بەردەوام و سەرکەوتوو دا، چ لە رێژەی قوربانی و چۆنیەتی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دژکردەوەی رێژیم دا، چ لە جۆری هاوخەمی و هاوپەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی تر، چ لە بەشداری ژن و پیاو و ئەویتردا، چ لە وەگڕخستنەوەی شەپۆلێکی بەهێزتر دوای چلەی ژینا و هتد.
بە تێڕامانێکی کورت لە سەر ئەم رۆڵەی کوردستان دەیگێڕێ، دەرئەکەوێ، کە گرنگی بەشداری کوردستان لەم پرۆتێستە مێژوویەدا تەنیا لە رووی چەندیquantity))یەو نەبووە، بەڵکوو لە رووی چۆنی quality))یشەوە دەوری گرینگی گێڕاوە. پێشەڕەو بوونیشی زیاتر پێوەندی بە لایەنی چۆنیەتی ئەم بەشدارییەوە بووە، کە لە ژێرەوە هەوڵ ئەدەم باسیان بکەم:
یەکەم: لەم پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە دەستپێکی ئەم راپەڕینە بکەین، کە لە گۆڕستانی ئایچی سەقز و لە کاتی ناشتنی ژینا دابوو. ژنان بەشداری بەرچاویان لەم ناشتنەدا هەبوو و لەگەل پیاوان درووشمیان دەووتەوە و بە هاورای “ژن ژیان ئازادی” رووسەری و پەچەی زۆرەکیان لابرد و کردیان بە دەسماڵی چۆپی کێشان. ئەم ئاکارە، ئەم درووشمە و فڕیدانی حیجابی زۆرەملی تەشەنەی کرد و هەموو ئێرانی گرتەوە و بوو بە بە فۆرمی زاڵی ئەم سەرهەڵدانە (پێش ناشتنی ژینا و لە کاتی مانەوەی لە نەخۆشخانە، لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان دا ئەم پرسە بەڕادەیەکی زۆر بڵاوببویەوە و رۆژنامەنووس و چالاکانیش لە پێش نەخۆشخانە و بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی ژینا و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم کارەساتە ئامادە ببون).
دووەهەم: شارەکانی کوردستان بەتایبەتی سنە و دیواندەرە زووهاتنە سەر شەقام و هێندیکیان تائێستاش بێ بڕانەوە شەقامیان بەرنەداوە. بەشداری کارای کرماشان و ئیلام لە هەموو ئەم ماوەیەدا و هاوتەریب و هاوشێوە لەگەل شارەکانیتری کوردستان بێ وێنە بوو. ئاستی داخوازییەکان رادیکاڵتر بوونەوە. شارەکان ستراتێژی هاتنە شەقامیان پەڕەپێدا و لە شوێنێکی وەک سنە زیاتر شانەیی و بە بەرنامەوە درێژەیان بە کاری خۆیان دا.
سێهەم: چالاکانی بواری مافی ژنان، تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزان و رۆژنامەنووسان لە نێوخۆ هەر زوو هاتنە دەنگ و هەوڵیاندا بە لێدوان کاریگەریان لە سەر ناراتیڤی راستەقینەی ئەم سەرهەڵدانە هەبێ و رێ لە زاڵ بوونی ناراتیڤی ڕژیم بگرن. ئەم چالاکانە زوو کەوتنە بەر شەپۆلی گیران و چارەنووسی زۆریان نادیارە. چالاکانی ئەم بوارانەش لە دەرەوە بێ بڕانەوە ناراتیڤی کوردییان لەم سەرهەڵدانەدا پێش خستووە و جێ پەنجەیان دیار بووە.
چوارەم: مانگرتن دەوری کاریگەری لە سەر قووڵبوونە، جدی بوون، پڕ واتاکردن، رادیکاڵ بوون، هاودەنگی و پێشڕەو بوونی کوردستان لەم رووداوانەدا هەبوو. لێرەدا رۆڵی ناوەندی و ئەنجوومەنی ناوچەیی، کەسایەتیەکان و چالاکانی ناوخۆ و حیزبە کوردییەکان و چالاکانی تری ئۆپۆزیسیۆن بەرچاو بوو. کوردستان هاوتەریب، وێکڕا و پشت بە ئەزموونی مێژوویی و سەرکەوتووانە ئەم ئەکتە گرینگەیان چەند جار دووپات کردەوە و بوو بە ئیلهام بەخش بۆ هەموو ئێران؛ هەمیش سەنگی کوردستانی لە رووداوەکانی ناو ئێرانا قورستر کرد، هەم خۆیشی لەپاش دۆخێکی سواو و فەرسایشی درێژماوە ئامادەتر بۆ دۆخی شۆڕش وەدەرکەوت.
پەنجەم: بەشداری خەڵکی دەرەوە بە فۆرم و ناوەرۆکی کوردییەوە لە سەر شەقامەکانی ئورووپا. لێرەدا ئەگەرچی چەندایەتی بەشداری باڵکێشتر بووە، چۆنیەتی بەشداریش هەندێ پێشمەرجی دەویستن کە سەرەڕای هەوڵی تاکی یان کۆیی زۆر لایەن بەڵام وەک پێویست دەرنەکەوتووە. لەو ناوەدا دەوری کۆلێکتیڤی ژن ژیان ئازادی لە خۆپیشاندانی بێرلین کە لەودا هەوڵدرابوو وتارەکان بە ئاراستەی هەمەڕەنگی و لایەنەیل ستەمبار بێت جێی سەرنج بوو. کەم و کورتی زۆر لە بوار و ئاستی ئاکادێمیک و میدیای" دنیای ئازاد" و دیپلۆماسی دا دەبینرێت.
شەشەم: کاری کلتووری، هونەری باش درووست بوون کە لە ئێراندا و بە هۆی زاڵبوونی دنیای فارسی زمان وەک پێویست گرینگیان پێ نەدرا، بەڵام لەناو کوردستان دا و هاوتەریب لەگەل داخوازییەکان و فۆرمی پێشڕەوی سەرهەڵدانەکە بوون و کاریەگەر بوون. لێرەدا دەکرێ مانەوە و گرینگی دان بە دروشمـی سەرەکی وەک ژن ژیان ئازادی و هەروەها دروشـمی تری پێشڕەو، وەک "کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان"، "شەهید نامرێ" بە لایەنێکی زۆر ئەرێنی و پڕواتای بەشداری کوردستان ببینین. سەرەرای کۆمەڵێ باسی سواوی ناو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە، لە ناوخۆ ئەم سیما پێشکەوتووە بە باشی پارێزراوە. بەشداری مامۆستایان، کرێکاران، ژینگە پارێزاران و ئەنجوومەنە فەرهەنیگیەکان، ویست و داخوازی فرەڕەنگی زیاتر پێش خستووە.
حەوتەم: خەڵک لە هاوپشتی دان و بۆ یەکی ئەسێننەوە. سنە دێتە پشت سەقز، مەهاباد و کرماشان بۆ سنە، بۆکان بۆ مەهاباد و هتد. کوردستان باسی بەلووچستان دەکا. کورد، عەرەب، تورک و گیلەک و ئەوانیتر بە دەنگ یەکەوە دێن و گشتیان یەکتر دەخوێننەوە و هاواری ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە. ئەمە رێی لە لوکالیزەکردنی راپەڕینەکە گرتووە و توانیویەتی تا ئێستا پێش بە گووتاری راستی ئەتنیکیەکان بگرێت.
لێرەدا دەکری گەلێ خاڵی ورد و سەرنجراکێشتریش وەکوو شێوازی ناشتنی شەهیدان و چلەیان بە دروشمی "شەهید نامرێ" زیاد بکەین، کە پێرفۆرمانسیکە لە خەبات، شۆڕش و هەستانەوە، کە خۆی زوو دەبێتە نموونە و لە هەموو ئێران دووپات دەبێتەوە و هتد.
بۆ پێشرەو بوون؟
کورد لە ئێران دا سەر بە گوتاری زاڵ و حوکومەتی نەبووە. بە پێچەوانە، بەشێک بووە لە گوتاری پەراوێز. زیاتر لە فۆرمێکی سەرەکی ستەمی ناسیوە و ئاسمیلە کراوە و چەوساوەتەوە. هەر بۆیە هەڵوەدای سەنتێزی خۆی بووە بۆ رزگاری. گرووپەیل بندەست و ستەمدیدە پلاتفۆرمی رزگاری خۆیان پێشکەش کردووە و کوردستان بووەتە ناوەندی ئەو لایەنانەی، بیر لە ئالتێرناتیڤ بۆ گوتاری زاڵ و داپلۆسینەر دەکەنەوە. بیر و ئەندیشەی چەپ هەر لە زوویەوە مکانیزمی هەراوی بۆ بەرجەستە بوونی پرسە سەرکیەکانی نابەرابەری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا داهێناوە و لە زۆر قۆناغ دا هەوڵدراوە سەنتێز_سازی بکرێت.
شۆڕشی چەکداری ٤٦_٤٧، تاقیکردنەوەی بەرێوەبەری شۆرایی لە شارەکانی کوردستان دوای شۆڕشی ٥٧، بەشداری ژنانی چەکدار لە ریزی لایەنە سیاسیەکان، هەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی پلاتفۆرمی جۆراوجۆر لە گرینگیدان بە پرسە کۆمەڵایەتیەکان هاوتەریب لە گەڵ پرسی ستەمی نەتەوایەتی لە لایەن حیزبەکانەوە، گەشەکردنی ئەدەبیات و هونەری بەرەنگاری، دامەزراندنی ئەنجومەن، سەندیکا و ناوەندی جۆراوجۆر بۆ خەڵکی بندەست و ستەمبار بەشێک بووە لەم هەوڵانە.
دوای داگیرکردنەوەی بەشە "ئازادکراوەکانی" کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە، کورد فۆرمەکانیتری خەباتی لە ناوخۆدا درێژە داوە. وەک بزاڤ و پرسی فەرهەنگی لە چەشنی دامەزراندنی گۆڤاری سروە، مەهاباد وگۆڤار و بڵاڤۆکی خوێندکاری، رۆژنامە و هەفتەنامەی سەردەمی رێفۆرمیستەکان، کۆڕ و ئەنجومەنی ئەدەبی، یەکێتی مامۆستایان و کرێکاران و لە م دوایانەدا ژینگەپارێزان هەوڵیان داوە دۆخی کۆمەلایەتی گەشە پێبدەن. ئەم پرسە لێرەدا زۆر گرینگ دەبێ کاتێ بزانین کە هاوکات لەگەل داگیرکردنی کوردستان و داپڵۆساندنی لایەنە چەپەکان، بەوانەی خۆیان بە رادیکاڵ و میانە دەزانی، رەوتێکی ناسیۆنالسیتی لە ئێران و کوردستان گەشە دەکا. زیاتر داوینی لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی ئێران ئەگرێتەوە و هەوڵ ئەدرێت بە هاوکاری میدیایی خۆیان ئەم دیسکۆرسە پەڕە بێبدەن و ببنە دەنگی زاڵ. بەڵام کۆمەڵگەی ناوخۆ بە پێشەنگی ژینگە پارێزان، خەباتکارانی فیمینیستی، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران، پارێزەرانی زمانی و گەشەی کلتوری کوردی وەک پارێزەری نەریتی پێشرەو بوون، دەرئەکەون. لە ئاستێکیتری بزاڤی کوردیدا ئەزموونی پارچەکانیتر و کاریگەری دیسکۆرس و تەنانەت پراکتیکی ئەوانیش جێگای گرینگی هەبووە. بەتایبەت لە دۆخی ژنان دا ئێمە گەشەیەکی گەورە و مەزن دەبینین و ئەکرێت باس لە نەریتێ بکەین، کە خەباتی بەرابەریخوازی کوردی بە بایەخی رزگاریخوازی و یونیوێرساڵەوە پێش خستووە، کە ئەمڕۆ لە ژن ژیان ئازادی دا خۆی دەبینێتەوە.
بۆ پێشڕەو بمێنێتەوە؟
دەوڵەت نەتەوەی ئێران بەدرێژایی ژیانی خۆی بوونی ئەویتری غەیر فارسی لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و فرە ئێتنیک دا بە رەسمی نەناسیوە یان مافی سەرەتایی مرۆڤی لێ زەوت کردوون. لە کۆماری ئیسلامیدا ئیدۆلۆژی ئسیلامی شیعەیش بەم لایەنە ناسۆنالسیتیەی دەوڵەتی ناوەندی زیاد(تر) بوو و کەلێنەکانی ئەم کۆمەڵگایەی لە لایەکیترەوە وەک ئایین، جیندەر و چینایەتی و سێکشوالیتەوە هێندەیتر گەورەتر و بەرینتر کردەوە و خەڵکێکی زۆرتری پەراوێز خستن. ئێستا ئێران وڵاتی قەیرانەکانە. قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئابووری، کلتوری و زۆریتر. کەچی گوتاری ناسیۆنالسیتی تەنیا لە سەر نەمانی رێژیمی ئێستا گرەوی کردووە. هیچ لایەک هیچ پلانێکی تۆکمە و دیاریکراوی بۆ تێپەڕبوون بە سەر ئەم قەیرانانەدا لە دوو ئاستی گشتی و تایبەتدا نەبووە یان پێشکەش نەکردووە. هەر چی هەیە کۆمەڵێ درووشمی گشتی و ئابستراکتە، کە تەمەنی زۆربەیان تا نەمانی سیستمی ئێستا بڕدەکا. لێرەدا ئاماژە بە بەشێ لەم پرسە گرنگانە دەکەم، کە ئەشێ لە ئەگەری هەر گۆڕانێکدا، ببنە ئەجێندای سیاسی ئێستا لە ئێران و کوردستان دا:
1. پرسی ژنان؛ پرسێک بەدرێژایی شارستانیەتی مرۆڤی، کە خۆی گرێداری سیستەمی هێڕاشیکی پیاوسالارە. سەرنجێ لە سەر زۆرینەی ستراکچێر، بنەما و ناوەرۆکی زۆرینەی قەوارە و رەوتە سیاسی کۆمەڵایەتیەکانی نێوخۆ و دەرەوە دەریدەخن، کە بەشی هەرە زۆریان بەشیکن لەم هێڕارشییە نێرسالارە و پرسی بەرابەری جێندەری، جێی ئەوتۆی لە ئەجێندای سیاسی کۆمەڵایەتی ئەواندا نییە.
2. پرسی نەتەوەکانی ناو ئێران؛ ئەم پرسە تەنانەت لای زۆرینەی رەهای ئۆپۆزیسیۆنی ناوەند وەک پرسێکی سەرەکی وەرنەگیراوە و قەبوڵ نەکراوە و بڤەیە. جووڵە و هەوڵی بەرکەوتووانی ئەو ستەمەش بە مەیلی جیاخوازی لێکدەدەنەوە و لە سەرکووتیدا زۆرجار هاوڕای پۆزیسیۆنن. هەروەها ئەبێ ئاماژە بەو خاڵەش بکرێت، کە بەشیک لە نەتەوە بندەستەکانیش لەگەڵ یەکدا تووشی ململانێ و کێشەی خاک و دابەشکارین، کە هێندەیتر کێشە ئەتنیکیەکان و پێکەوە هەڵکردن ئاڵۆزتر دەکەن.
3. پرسی دادپەروەری لەو کۆمەڵگەی فرەچیندا، کە بەشی زۆری خەڵک لە ژێر خەتی هەژاریدان؛ کەم رێکخراوی سیاسی یان رەوتی کۆمەڵایەتی سیاسی "زاڵ!" هەن کە گرنگی و سەرنجی تایبەت بدەنە بەم بەشە و هەر بەشێوەی گشتی باسی دەکەن. باسی پلان و بەرنامەیان بۆ سیستەمی کار و گۆڕانیان لە یاسای ئێستادا، باسی پێداچوونەوە بەسەر دابەشکردن و بەرێوەبەری سەرچاوەکانی داهاتی وڵات بە قازانجی خەڵکی ناوچەیی و کۆنەکردنەوەی لە ناوەنددا. باسی بەشداری و ئینتیگرە بوونی خەڵکی پەراوێزخراو بە هۆی جێندەر، سێکشوالیتە، کەم ئەندامی، چینایەتی لە بازاڕی کار و پشتیوانی تایبەتی دەوڵەتی لەویان و زۆر پرسی تر غایب و نادیارن.
4. پرسی ژینگە؛ لە ئێران قەیرانی ژینگە لە حاڵەتی ئێکسترێمی خۆیدایە. قەیران بە دوای قەیران ژینگەی ئەم وڵاتەی بەرەو زیانی قەرەبوو نەکراو بردووە. کەم لایەن دەبیندرێ کە ئەم مژارە بە گرینگ بزانێ و باسی بکا و پلانی خۆی لەم پێوەندەیەدا شی بکاتەوە.
5. پرسی بەرابەری کۆمەڵایەتی کە دەبێ لە بواری سیاسەت دانان دا بە وردی و بەپێی پلانی کۆمەڵایەتی بکرێت؛ بیمەکان، پشتگیری لە یاسای دێمۆکراتیک و پێشڕەو و ئینسانی بۆ پاراستنی کرێکاران لە شوێنی کار، دەوڵەتی کردنی زۆرینەی بەشەکانی پیشەسازی، ئابووری، پزیشکی، خەدەماتی و غەیرە. یاسای روون و ئێکۆلۆژیک بۆ بەشی کشت و کاڵ و ئەو بەشانەی کە بە دەست بەشی تایبەتیەوەن.
6. پرسی فۆرم و قەوارەی سیاسی؛ چۆن خەڵکی زیاتر و راستەوخۆتر بەشداری سیاسی کۆمەڵایەتی ببن؟ بە دێسێنتراڵەکردنی هەرچی زۆرتری هەموو ناوەندە سیاسی و بەڕێوەبەرییەکان. ئەبێ دەسەڵاتی سیاسی و بەرێوەبەری وڵات سەرەڕای هەر فۆرم و سیستەمێک، دێسانتراڵ بێت و خەڵکی گوند و گەڕەک تا شار دەستیان بە ناوەندی بڕیار ڕابگا و بەشدار بن لە پلاندانان و داڕشتنی سیاسەت دا.
7. دێمۆکراسی؛ ئەمە گرنگترین و بنەماییترین پرسە کە هەموو خاڵەکانی تر بەمەوە بەندن. بەند و خاڵەکانی دێمۆکراسی ئەبێ بەوردی و بە بێ هیچ بەربەستێ بێنە بەر باس و پەسەند کردن و بەشێکی دانەبڕاو بن لە ویست و دانووستان لەنێوان لایەنە سیاسیەکان و چالاکانی سیاسی، مەدەنی و هتد دا.
دەکرێ ئەم لیستە بێ رادە درێژ بێتەوە و هەموو ئەو خاڵانەی پێویستی کۆمەڵگایەکی ئاڵۆز و فرەچەشنی وەک ئێرانە تێیدا رەنگ بداتەوە و وەک ویستی ئێستا و مافی بنەڕەتی مرۆڤی ئەو جوغرافیا بێنە بەرباس.
وەک دەبینین لە دیسکۆرسی سیاسی و گشتی ئێراندا ئەم خالانە و خاڵی هاوشێوە یان کەم دینە بەر گوێ، یان بەشێوەی گشتی و بەدوور لە وردەکاری باس دەکرێن. بەجێی ئەمانە زیاتر زووم لە سەر پاراستنی تەواویەتی خاک و قەوارەی ئێران دەکرێ، کە خۆی رەمز و ئاماژەی سەرکوت و داپڵۆسانی جیاوازییەکانی خەڵکی جیاوازی ئێرانە. داکۆکی لە فۆرمی سەنتراڵی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران دا، بەتاڵان بردنی خەونی ژیانێکی ئەمرۆیی و پێکەوەیی کۆمەڵگەی رەنگینە و ئەتوانێ پرۆسەی دێمۆکراتیزاسیۆن وبەرابەریخوازی وڵات بۆ چەندین دەیەی تر وەدوا بخات.
کوردستان و داهاتووی گرێدراوی ئەم دوو بابەتەن. بەهەر ڕادە کە دیسکۆرسی دێمۆکراتیک و بەرابەریخوازی بەهێز بێت، بە هەمان ڕادە کورد لە خواستەکانی نزیکترە. خواستی کورد هەم لەگەل دەرەوەی خۆی و لەم کەیسەدا بەشەکانی تری ئێران و هەمیش ناوخۆی کوردستان، کە لە خۆیدا کۆمەڵێکی فرەچەشن و رەنگینە و هەموو جۆرەکانی ستەم و پەراویزخران لەودا بەدی دەکرێت. تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستانی دەبێ پرسی پێشڕەو بوونی ئەم خەباتەی و بەتایبەت رۆڵی کورد لە ڕەوشی ئێستادا لەم دەلاقەوە سەیر بکا و هەر لەم ڕووەشەوە لەگەل دەورووبەری خۆی، واتە ئەوانیتری کۆمەڵگەی ئێران هەڵسووکەوت بکا و پێوەندییەکانی رێک بخا.
بەرگری ئەرێنی و بەرگری نەرێنی
دوو تێرمی positiv-defensiv و negativ-defensiv لە وتارێکی فرانک نۆلمایەر، مامۆستای زانستی سیاسی لە زانکۆی برێمەنی ئاڵمان وەرگیراوە کە لە کۆنتێکستێکی تەواو جیا لە ناوەرۆکی ئەم بابەتە کە لە سەرەوە باسکرا، بەکار هاتوون. ئەو لە شیکاریەکی ئانتۆلۆژی_سیاسی دا باسی پێوەندی مرۆڤ بە کاتەگۆری نا_مرۆڤی، وەک سرووشت و "شتە"کانی دروستکراوی مرۆڤ دەکا. سروشت وەک ئاژەڵان، گیا و گژ، کەش و هەوا و ئێکۆسیستم و شتە دەستکردەکانیش لێرە وەک رۆبۆت، سیستەمی هۆشی دەستکرد، ئەلگۆریتمەکان و بەکورتی هەموو شتێکی تێکنیکی دەسکردی مرۆڤ. مرۆڤ لە پێوەندی دوور و درێژی لەگەل سروشت هەوڵی داوە کە خۆی لێ داببرێ و بە سەریدا زاڵ ببێ و تەنانەت نەزمی سرووشتیش بشێوێنێ. ئەم پێوەندیە کاریگەری نێگاتیڤی لە سەر سروشت هەبووە و خەریکە بوونی مرۆڤیش دەخاتە مەترسیەوە. لێ بۆیە لە دوو هەوڵی ئارگۆمێنتایڤ بۆ بڕوا هێنان و دیسکۆرسیڤ بۆ ئەرکدارکردن، مرۆڤ هەوڵ ئەدا کە رادەی هێز و زاڵ بوونی خۆی بە سەر سرووشت دا سنووربەندی بکا و بەجۆرێک ستراتیژی خۆ-بێهێزکردن یان خۆ سنووردارکردن بەڕێوە ببا.
لە لایەکیترەوە رۆژ لە دوای رۆژ خەریکە ئاستی زیرەکی و هێز و توانای ئەو شتە دەستکردانەی مرۆڤ، کە خۆی دروستی کردوون ئەچێتە سەرەوە. ئەوان خەریکن (بە بێ ویستی مرۆڤ) لە هێندێ بواردا باشتر و زیرەکتر و بەهێزتر لە مرۆڤ بیر دەکەنەوە، یان کار بەرێوە دەبەن. بۆیە ترس لە ئارا دایە کە ئەوان سنووری بیۆلۆژیکی مرۆڤ تێپەرێنن و زاڵ بن بەسەر مرۆڤ دا. لە باسی چۆن مامەڵەکردن لەگەل ئەم دوو لایەنەدا و رێکخستنی پێوەندی مرۆڤ بەوانەوە، نۆلمایەر دۆخی ئیستا و داهاتووی ئاڵۆز و پڕکێشەی مرۆڤ بەوانەوە، بەم جۆرە دەبینێ: " هیوا و ترسەکان دەبنە هۆی پەرەسەندنی نادڵنیایی سەبارەت بە پێگە و بەهای داهاتووی مرۆڤ لەنێوان سروشت […] و دەسکردی تەکنیکی دا" (نۆلمایەر ٢٠٢٢). ئەو پێی وایە پرسی چیەتی مرۆڤ وەک پرسێکی کلاسیکی ئەنترۆپۆلۆژیا دیسان دێتە ئاراوە کە پێشتر خۆی بە پرسی خۆسەلماندی مرۆڤ لەبەرانبەر کاتەگۆری نا-مرۆڤەکاندا ئەژمار دەکرا. ئەو پێی وایە ئێستا ئەم بابەتە گۆڕاوە و پرسی مرۆڤ لە بەرانبەر سرووشت و دەسکاری تێکنیکی، چیتر نەک خۆسەلماندن بەڵکوو بە تەواوی لە هەڵوێستێکی بەرگریکارانە دایە. لە لایەک بەرگری ئەرێنی یان پۆزیتیڤ کە لەودا مرۆڤ هەوڵ ئەدا بوونی سرووشتی بخەمڵێنێ و زیاتر بایەخیان پێ بدات، ئەگەر چی لەو پێناوەدا دەبێ واز لە سەرەڕۆیی و بەشێ لە هێز و دەسەڵاتی خۆی بێنێ. لە لایەکیتریشەوە بەرگری نەرێنی یان نێگەتیڤ کە هەوڵ ئەدا بەر بە زاڵبوونی دەسکردی مرۆڤ بەسەر خۆیدا بگرێ و ئەو پێشکەوتنە تەکنیکییە کە ئەگەری هەیە هێز و توانی هاوسان یان بەرزتر لە مرۆڤ بێت، سنووردار بکا یان بیوەستێنێ (نۆلمایەر ٢٠٢٢). ئەم باسە لای نۆلمایەر درێژ دەبێتە و سێناریۆی جیاواز لەو پێوەندیەدا لێک ئەداتەوە و دواتر باسی مۆدێلی تیپۆلۆژی ئەکا کە بۆ ئەم باسەی ئێمە ناشێن.
لێرەدا من لە ئاڵۆزی و جیاوازی کۆنتێکستواڵی ئەم تێرمانە و پێوەندیان بە بابەتەوە تێدەگەم. بەڵام پێم وایە لۆژیکی پشت ئەم دوو تێرمە ئەتوانن یارمەتی پێشخستنی باس و مەبەستی سەرەکی ئەم بابەتە، واتە هەڵسوکەوتی کورد لەم قۆناغە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئێراندا بدەن. پێشتر باسم لە پێشەنگ بوونی کوردستان لەم رووداوانە کرد و ئەوم لەگەل نەریتی بەرخۆدان، بوونی ئیدیۆلۆژی و ئالتێرناتیڤی جۆراوجۆر لە مێژوو و هەروەها لە ئێستادا و، ئەکتیڤ بوونی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و پێوەندی و کاریگەری نێوان-پارچەکانەوە پێوەند دا. ئیستیدلالی سەرەکی ئەم تێکستە ئەوە بوو کە ئەم خسڵەتی پێشڕەو بوونە ئەتوانێ پرسی کورد، پرسە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کوردستان و دۆخ و پێوەندی کوردستان بە بەشەکانیتری ئێستای ئێرانەوە بەرەو پێش ببا. بۆ ئەم مەبەستە باس لە دوو پێویستی و تایبەتمەندی جەوهەری و رزگاریبەخش واتە پرسی دێمۆکراتیزەکردن و پرسی بەرابەریخوازی کرا. ئەم پازێلە بەڵام لایەنیکیتری کەمە، ئەویش هەڵسوکەوتی "ئەویتر"ی زاڵە بە نسبەت غەیرە فارسەکان لە ئێراندا. دەوڵەت نەتەوەی ئێران چ لە کاتی پەهلەوی و چ لە کاتی کۆماری ئسیلامی دا رێکارێکی فاشیستی دژ بە ئەوانی غەیری فارس گرتووەتە بەر و لە هەموو مافێکی ئیتنیکی خۆیان بێ بەشی کردوون. بەرخۆدانی ئەوانیشی بە کوشتن، داپڵۆسین، ئێعدام و میلیتاریزە کردنی نیشتمانیان وڵام دراوەتەو. لەپاڵ بێ بەشیان لە نواندی ئێلێمێنتەکانی کلتوری خۆیان و رێگری لە بەشداری سیاسیان، بێ بەشیش بوون لە پێشکەوتنی ئابووری و پیشەسازی دا. لە ئێستادا ئەم گوتارە وەک گوتاری مەرکەزگەرا بە هێز و گڕ و تینەوە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری کۆماری ئیسلامیەوە برەوی هەیە و زۆربەی فاکتەرە گرنگەکانی وەک ئابووری، میدیا و دیپلۆماسیشی لە دەست دایە. ئەوان جموجۆڵی لایەنە غەیرە فارسەکان بەوردی لێک دەدەنەوە و هەر جۆرە بەشدارییەکی ئەوان لە کایە گشتییەکانی سیاسەتی ئێستا و دوارۆژدا بە پرسی سەروەری خاک و دەسەڵاتی سێنتراڵەوە گرێ دەدەن. دێمۆکراسی لای ئەوان مەرجدارە و پرسی بەرابەریش لای ئەوان وەک ناسیۆنالیست یان زۆرینە نیۆلیبراڵ سوراغێکی وای نیە. بەو هۆیەوە گێچەڵێکی زۆر لە بەردەم کار و ژیانی پێکەوەیی لە ئیستا و دوارۆژدا لەنێوان لایەنە دێمۆکرات و بەرابەریخوازەکان و لایەنی ناوەندگەراکاندا دەبینرێ. لە سەر ئەساسی ئەم لێکدانەوەیە، دەبێ بڵێن کورد ئەبێ لە دوو ئاستدا بەرگری بنوێنێ: لە ئاستێکدا دەبێ رووی پێشڕەوی بزاڤی خۆی گەشتر بکا و هەوڵ بدا بە گرنگی زیاترەوە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی جێندەری، کوییر، پرسی ژینگە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرابەری بڕوانێ. لێرەدا ئەبێ ئەو کەمایەسییەکی لە روو کردن و جەخت کردنەوەی یەک لایەنەی لە سەر پرسی ستەمی نەتەوەی بگۆڕێ بۆ پرسەکەکان و فۆرمەکانی ستەم و پێکەوەیان گرێ بدا و لە ئەجێندای سیاسی دا بە زەقی و دیاریکراوی رەنگ بداتەوە. دەکرێ ئەم بەشە بە بەرەنگاری یان بەرخۆدانی ئەرێنی ناوزەد بکەین.
بەشێکیتری بەڵام زۆر گرنگ و هەستیار، هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی کوردستان و لە سەروویانەوە هێزە ناوەندگەراکانە. لیرەدا پرسی بەرخۆدان یان بەرگری نەرێنی دێتە ئاراوە. ئەبێ پاشاگەردانی و سەنتراڵ بوونی ئەوان لە هاوکێشەکان بەنسبەت پرسی کورد و نەتەوە بندەستەکانەوە سنووردار بکرێ. کورد دەبێ ئەم خاڵە بە راشکاوی و یەک هەڵوێست رابگەیەنێ، کە دێسەنتراڵەکردنی هێز مەبەستی ستراتیژیکە و هەر جۆرە کایەیەکی سیاسی لە گۆڕێ دا بێت، دەبێ هاوشانی نێوان نەتەوەکان بە فەرمی بناسرێت.
هەم لە ئاستی بەرگری پۆزەتیڤ و هەم نێگەتیڤدا دێمۆکراتیزە بوونی وڵات و بەرابەریخوازی مەرجی سەرکەین کە دەبێ ببنە خاڵی ستراتیژیکی کورد. لەم پرسەدا مێزی گفتوگۆ چیتر بە تەنیا باسی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆست ناکا، بەڵکوو پرسی ژینگە، پرسی بەرابەری جێندەری، پرسی هەژاری و جیاوازی چینایەتی، دیسەنتراڵکردنی پیشەسازی و ئابووری، گەشەی سیستەمی بیمە و خزمەتگوزاری، ستەمی نەتەوەیی، کلتوری و هتد دەبنە پرسی گفتوگۆ.
لەم سیناریۆیەدا کورد تەنیا پرسی سیاسی کوردستانی باس ناکا، بەڵکوو زۆر پرسی کۆمەڵایەتی و بنەڕەتی وەک پرسی خۆی و هاوتەریب لە کاتی شۆڕش یان قۆناغی دواتر دەکاتە ئەجێندای سەرەکی. ئەم پرسانە جیا لە پرسی نەتەوەیی نین و بەشێکیان داکەوتەی سیستەمی سەرکووت و تواندنەوەی کورد بەهۆی "ئەویتر"بووە و بەشێکیش لە رەوتی ئاڵۆزی مێژووی کۆمەڵایەتی دا بەدیهاتووە و پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەر هەیە.
کۆتایی
لەم وتارەدا هەوڵم دا کە گرنگی رۆڵی کوردستان لە ئیستادا بە دیوی کوالیتی بەشداربوونیەوە لە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا روون بکەمەوە. ئەوەی رۆڵی کوردستانی بەرجەستە کردووە ئەو لایەنە غایبە لە دیسکۆرسی سەراسەری دایە کە زیاتر سەرقاڵی پرۆژەی گۆڕینی رێژیم بە مەرجی پاراستنی تەواویەتی ئێران و جێ خۆشکردن بۆ پرۆژەی نیۆلیبڕاڵی کۆمەڵێ گرووپی هەڵپەرەستە. ژن ژیان ئازادی لە کوردستان بەپێچەوانەی گوتاری مردووپەرەستی، پیاوسالاری و سەنتراڵیستی ئەوان، دەبیتە هاوار و سیمای بەرابەری و خەڵکی سەر شەقامی ئێران رێک دەخا. کوردستان لە چلەی ژینادا نیشانی دا کە ئەم دۆخە بەهەڵکەوت نییە و بەو ژێرخانە دەوڵەمەندە کە لە شۆڕش و بەرخۆدانا هەیەتی دەتوانێ رۆڵی پێشڕەو لە بە تین کردنی خەباتێکی فرەرەهەندی دا بگێڕێ کە چەندین فۆرمی جیاوازی ستەم، لەوانە پرسی جێندەر، نەتەوەیی، چینایەتی و گوتاری ژینگەپارێزەری و… بەخۆوە بگرێ. ئەم رۆڵە بۆ کوردستان لەم روویەوە گرنگە، کە داهاتووی سیاسی ئەو بە دێمۆکراتیزە بوونی وڵاتەوە و دێسەنتراڵبوونی سیستەمی بەرێوەبەری و حوکومەتی ئێرانەوە بەندە. یان ئەگەر فۆرمی ئیدەئالیستی وەک سەربەخۆیی قەوارەی سیاسی بە فەرز وەرگرین، دیسانەوە کورد لەنێو دۆخێکی دیمۆکراتیکدا ئەتوانێ ژیانی سیاسی خۆی درێژە بدا. بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی گرووپە ستەملێکراوەکان، بەهێز بوونی گوتاری دادپەروەری، ژینگە و بەرابەری، ئەو فۆرمۆلەیە کە ژیانێکی دێمۆکراتیک و هەراو بۆ پێکەوە ژیان لە وڵاتێکی فرەچەشن دا دەڕەخسێنێ.
لێ بۆیە کورد ئەبێ لەلایەک ستراتیژی بەرگری ئەرێنی واتە کرانەوە بەڕووی دیسکۆرسی بەرابەریخوازی لە نێوخۆی خۆی و لەئاست ئێرانا گەشە پێبدات؛ لە لایەکیتریشەوە بە گرتنەبەری بەرگری نێگەتیڤ، هاوسەنگی سیاسی خۆی لەگەڵ هێزەکانی ناوەندگەرا بپارێزێ و نەکەوێتە ژێر باندۆر یا ئۆتۆریتەی ئەوان، یانکوو شان بۆ هیچ گرێبەستێکی هێرارشیک شل نەکا...
سەرچاوە:
Nullmeier، Frank (2022): Ontologiepolitik. Online verfügbar unter https://www.soziopolis.de/ontologiepolitik.html, zuletzt aktualisiert am 29.10.2022, zuletzt geprüft am 29.10.2022.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە