خومەینی و پەهلەوی؛ تاکتیکی بێ لایەنی
Sunday, November 13, 2022
زاهید حەنبەلی
1. پێشەکی
رەزا پەهلەوی لە پرێس کۆنفرانسێک لە رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، کە زۆرینەی راگەیاندنی فارسی زمانی ئۆپۆزیسۆنی ئێران راستەوخۆ دەیانگواستەوە، رایگەیاند کە ئەو لە نێوان لایەنە سیاسییەکانا بێ لایەن دەمێنێ، خۆی لە قەرەی کێبەرکێ و شەڕە حیزبی نادا و ئەیەوێ بارتەقای ئەو متمانەیە! بێت کە خەڵک پێیان داوە. ئەو کە هاتبوو باس لە دۆخی شۆڕش و ئەگەری کەوتنی رێژیمی ئێستا بکا، پێگەی خۆی لە ئەکتەرێکی سیاسی هەڵوەدای دەسەڵات لە دۆخی ئێستا و بۆ رێوەبەری داهاتوو جیاکردەوە و ئەرکی خۆی بە یارمەتیدان بۆ رووخانی رێژیمی ئیسلامی و دابینکردنی سیستەمێکی دێمۆکراتیک و مەردمی لە داهاتوودا دیاری کرد؛ کەسێ کە چاودێری ئەکا، راوێژ ئەدا و خۆی لە هیچ ململانێیەک نادا. ئەو کە ئاڵای شێر و خورشیدی لە پشت بوو، بەڵام لە زۆر شوێنی قسەکردن و بەرسڤ دانیا بۆ راگەیەنە دەستچینەکانی ئەو هۆڵە، باسی لە پلان و دابەشکاری کار لە ئێستا و داهاتوودا دەکرد. کێشەکانی ناودەبرد و ئەیوت دەستەی دامەزرێنەری داهاتوو هەم دەبێ بە قەیران و کارەکانی ئێستای وڵات رابگا و هەمیش مکانیزمی هەڵبژاردنی دێمۆکراتیک بۆ دیاریکردنی چیەتی سیستەمی حکوومەتی داهاتوو دیاری بکا.
ئەوەیکە کوڕی شای پێشووی ئێران بەهۆی ئەم پێگە سیاسیەوە و بەناوی "شازادە" کۆڕی گرت و لێدوانی دا بەڵام بەرپرسیارێتی وەئەستۆ نەگرت و لە سەرەوەی کێبەرکێ سیاسی دەدوا، بۆ زۆر کەس وەبیرهێنەرەوەی رۆڵ و لێدوانی رۆح اللە خومەینی بوو لە وەختی شۆڕشی ١٩٧٩ لە نۆفێل لۆشاتۆی فەرەنسا. ئەویش لەو سەرووبەندەدا موژدەی داهاتوویەی جیاواز و ئازادی دەدا، کە لەودا دیکتاتۆری پەهلەوی رووخاوە و خەڵک تامی ئازادی و بەرابەری دەچێژن. هەروەها خومەینی وتی هیچ پۆستێکی حکومی وەرناگرێت، دەسەڵاتی هاوشێوەی شای نابێ و تەنیا رۆڵی رێنوێن و راوێژکاری دەوڵەت دەگێڕێ. پێداگری لەسەر ئازادی بیروڕا، دێمۆکراسی، دادپەروەری و بەشداری ئازادانەی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتدا کرد. ئەو هەنگاوێ واوەتریش چوو و گوتی فۆڕمی دەوڵەتی داهاتووی ئێران کۆماری دەبێ و بەپێی دەنگی خەڵک پێکدێت.
لەگەڵ ئەوەی هەم دۆخی سیاسی ئێران و تەنانەت ئاستی راپەڕین و شۆرشی خەڵک ئێران لە ٧٩ و لە ئێستا دا زۆر جیاوازن و پێگە و رۆڵ و ستاتۆی خومەینی و رەزا پەهلەوی لێک ناچن، بەڵام وێکچوون و جۆرێک تاکتیکی هاوشێوەی زۆر گرنگ لە هەر دوویان دا بەدی دەکرێ. ئەویش بریتییە لە رێکاری پاوانکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز و فرەچەشن دا. جڤاتێکی لێوانلێو لە کێشە، ناکۆکی و کێبەرکێ، کە تا ئێستا رەنگی دێمۆکراسی بە خۆیەوە نەدیوە. دۆخێک کە لەودا دەرفەتی دەرکەوتن و گەشەی دەسەڵاتی رەها absolutism بەتەواوی کراوەیە. خومەینی ئەم بەستێنەی قۆستەوە و تا رۆژی مردنی دەسەڵاتی پاوان کرد و بڕیاردەری رەهای گۆڕەپانی سیاسی ئاڵۆزی ئێران بوو. لەپاش خۆی خامنەیی ئەم رۆڵەی شارەزایەنە گێرا. پێش ئەوانیش لە سیستەمی پێشوودا باوک و کۆڕ هەڵوەدای ئەو ستاتۆیە بێ خەوشە بوون و بۆ ساتێ ملیان بە هیچ یاریەکی دێمۆکراتیک نەدا.
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ئەو پرسە ڕاڤە بکەم کە بۆچی کایە سیاسیەکانی ئێران تا ئێستا بە مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن تاکێکەوە کۆتایی دێت؟ تاکێ کە نەیدەویست یان نایەوێت بەشداری دەوڵەت بێت، یان پۆستی حکومی وەرگرێت، نەیدەویست یان نایەوێ بەشداری هیچ ململانێیەکی سیاسی ببێ.
بۆ ئەم مەبەستە لە تیۆری "مکانیزمی شاهانە" (Der Königsmechanismus)ی کۆمەڵناسی جوولەکە-ئاڵمانی نۆربێرت ئەلیاس(١٩٨٣)Norbert Elias کەڵک وەردەگرم، کە شیکاری پاوانکردنی دەسەڵات و کاراکردنی absolutism لە کۆمەڵگەی فرە ئاڵۆزدا بەشێوەی کۆمەڵناسانە ڕاڤە دەکا. ئەم باسە یارمەتیمان دەدا تاکوو پێکهاتنی ئەم مۆدێلە حکومەتە لە ئێران لێک بدینەوە و هەروەها رووناکیش بخەینە سەر هەڵبژاردنی بێ لایەنی خومەینی لە کێبەرکێی سیاسی دوای شۆڕشی ٧٩، کە دواتر گشت یارییەکە بە قازانجی ئەو کۆتایی هات. لە درێژەدا بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و ململانێ و ئاڵۆزییەکانی وەک بەستێنێکی لەبار بۆ قۆرەخ کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند دا باس دەکەم. دواتر و لە بەشی سەرەکی ئەم بابەتەدا خواستی بێ لایەنی رەزای پەهلەوی و هەوڵی لایەنگرانی بۆ دانانی کەسێکی بەهێز لە ناوەندی دەسەڵات شی دەکەمەوە. بۆ ئەم مەبەستە بەشێک لە قسەکانی رەزا پەهلەوی لە دواین پرێس کۆنفرانسی دا دەخەمە بەر باس و شیکاری. لە کۆتایی دا هەوڵ دەدەم کە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە، بەکورتی و بەپوختی ئاراستە بکەم.
2. بەشی تیۆریک
نۆربێرت ئەلیاس لە درێژەی ڕاڤە و لێکۆڵینەکانی دا لەمەڕ چۆنیەتی پێکهاتنی رەوتی شارستانیەت، باسی رەهەندێکی گرینگی گەشەی کۆمەڵایەتی مێژوویی ژیاری مرۆڤی دەکا، کە لەودا کۆمەڵگا بەهۆی ئاڵۆزی و فرەجیاواز بوونی گرووپ و چینەکان و کێبەرکێی نێوانیان، بەرەو پاوانخوازی و قۆرەخکردنی دەسەڵات دەڕوا. ئەم ڕەوتە لە رۆژئاوادا دەست پێدەکا، لەوێ کە رۆڵی "ئۆرگانی ناوەندی" بەهۆی جیاواز بوون و تایبەت بوونیەوە، زیاتر لە هەر شوێنێکیتر کارکردی کۆمەڵایەتی خۆی دەنوێنێ. وەها ئۆرگانێکی ناوەندی، کە توانی وەک رێکخەر و رێوەبەری باڵای کۆمەڵایەتی جۆرێک سەقامگیری بێ وێنە لەو مەڵبەندە دابین بکا. بەڕای ئەلیاس، یەکێ لە تایبەتمەندییە سەرکەییەکانی ئەم ئۆرگانە ناوەندییە، هێزی کۆمەڵایەتییە، کە لێیەوە دەسەڵاتداری (Herrschaft) چێ دەبێ. بەواتای ماف و هێزێک، کە دەتوانی بە سەر ئەوانیتردا حوکم بکا. دەسەڵاتداری هێزێکی کۆمەڵایەتیە، کە بەهۆی ڕۆڵێکی تایبەت و سەنتراڵ لە پێوەندی لەگەل ڕۆڵ و کارکردی لایەنەکانی تر، هێز و پێگەی تایبەت بە خاوەنەکەی دەبەخشێ. بۆ کۆمەڵگەیەک، کە لەودا چین، گرووپ و بەرژەوەندی یەکجار زۆر و ئالۆز گەشەیان کردووە، دەسەڵاتی ئەم ئۆرگانە ناوەندییە خۆی تایبەتتر و سەنتراڵتر دەکاتەوە هەتا بتوانێ رۆڵی یەکلاکەرەوە بگێرێ. ئەلیاس ئەم مکانیزمە بە رەوتی قۆرەخکردنی دەسەڵات دەبینێ، کە وەک لە درێژەدا باسی دەکەین، دەبێتە بنەمایەک بۆ پێکهاتنی دەسەڵاتخوازی ڕەها/ absolutism.
وەها ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی، کاتێ بۆ ئەلیاس روو ئەدا، کە گرووپ و چینی جۆراوجۆری جڤاکی بەهۆی social differences /جیاوازی کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندی و جیاوازی هێزەوە، رووبەڕووی یەک دەبنەوە وگرژی لە نێویانا ساز دەبێ. لێرەدا گرنگە کە تێرمی social differences شی بکەینەوە، تا لە مەبەستی ئەلیاس لە گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەم گرووپانە باشتر تێبگەین. ئەم تێرمە لە زانستی جڤاکی دا بۆ "ئاماژەکردن بە جیاوازی، فرەچەشنی و بەگشتی ئاڵۆزییەکان (heterogeneity, variety and complexity)ی کۆمەڵگە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بەکاردێ کە تێکڕای دام و دەزگا و رێکخراوەکان لەبەر دەگرێ کە بەهۆی رۆڵ و پێگە، ئۆتۆریتە و پرەستیژ و هێز و دەسەڵاتەوە، بەپێی رادە، کلاس و چینی کۆمەڵایەتی لێک جیادەکرێنەوە" (بڕوانە ماڵپەرێ wirtschaftslexikon). لە وەها دۆخێکی کۆمەڵایەتی دا کە ئەلیاس باسی دەکا، پێوەندییەکی دوالیستی لەنێوان گرووپ و لایەنی ناکۆک دا ساز دەبێ؛ ئەوان نە ئەوندە هێزیان هەیە کە بەسەر یەکدا زاڵ بن، نە بەهۆی گرژی و جیاوازی نێوانیان دەتوانن پێکەوە بسازن. لەوەش زیاتر، ئەمان لە دۆخێکی دووژمنکارانەدا بەنیسبەت یەکتر دەژین و هەبوونی کۆمەڵایەتیشیان بە بوونی ئەویترەوە بەستراوە. یانی ئەمیان لە دژایەتی ئەوی تردا پێکهاتووە و هەبوونی ئەم بە بەردەوامی ژیانی کۆمەڵایەتی لایەنی رەکابەرییەوە بەستراوە. واوەتر لەمەش، ئەم گرووپانە بۆ خۆیان لە هەندێ وردە گرووپی تر پێک دێن کە لەگەل ئەوان بەرژەوەندی ئاڵۆز، لێکبەستراو، تەبا و ناتەبایان پێکەوە هەیە. کەواتە ئەم دوو بەرەیە لە لایەک دووژمنن، بەڵام هێزیان بەوە ناشکێ کە یەکتر بسڕنەوە، لە لایەکی ترەوە هەبوونی کۆمەڵایەتیان لێکبەستراوە، بەڵام ناتوانن پێکەوە بسازن. لێرەدا کەلێنێ ساز دەبێ کە لەودا هێزی سەنتراڵ و تایبەتی "ئۆرگانی ناوەندی" دەتوانێ بەقازانجی خۆی بەکاری بێنێ. بەڕای ئەلیاس، کەسێکی ئاریستۆکرات لە چەشنی شا! دەتوانێ وەها ڕۆڵێ بگێڕێ و ئەم دۆخە چەقبەستوویە بکاتە هەوێنی پاوانکردنی دەسەڵات بۆ خۆی.
بە واتەیکی تر، مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات لە وەها دۆخێکی ئاڵۆزی کۆمەڵاییەتی دا وەک پێویستییەک دەردەکەوێ. شا یان کەسی ئاریستۆکرات لە چەقی ناوەندی بڕیاردا دادەنیشێ و حوکم و بڕیاری یەکلاکەرەوە تەنیا بۆ ئەون. ئەلیاس ئەم پرۆسەیە ناو دەنێ مکانیزمی شاهانە. لێرە کەسی ئاریستۆکرات ئەبێ شارەزایی باشی لەمەڕ هەڵسووکەوت لەگەڵ گرووپە نەیارەکان و کۆنترۆڵی ئاستی گرژی نێوانیان هەبێ. نابێ هیچ گرووپێ هێندە بەهیز بێ، کە بەسەر ئەویتردا سەرکەوێ و سەری پاشاش بخوا، ناشبێ هیچیان هێندە کز و لاواز بن، کە بن کەون و لایەنی سەرکەوتوو گێچەڵ بۆ دەسەڵاتی شا سازبکا.
لەم سێناریۆیەدا گرووپەیل رکابەریش، لایەنی سێهەمیان، واتا پاشایان، بۆ زیاد ئەبێ. ئەم گرووپانە لەلایەک حەز بە بێ هێزی پاشا ئەکەن، چۆن لەوان لەسەر ترە و بان دەستیانە؛ لەلایەکیتر نەبوونی شا یان کەسی ئاریستۆکرات بە مەترسی دەزانن، کە نەکا بچێتە خزمەت گرووپی رەقیبیان، یان لەوە دەترسن کە لەو یارییەدا بە بێ پشتیوانی شا بیدۆڕێنن. واتە جۆرێک پێوەندی لێکبەستراوی نوێمان دەبێ:
١- رکابەرەکان، بۆ دژایەتی یەکتر، یان هاوسەنگی هێز پێویستیان بە بوونی پادشایە.
٢- پادشا بوون و هێزی خۆی لە هەبوونی دژبەرانەی ئەم دوو لایەنە ناکۆکەدا دەبینێ.
٣- ئەو دوو گرووپەش هەبوونیان بە دژایەتی ئەویترەوە بەندە و بۆ مانەوەشیان پێویستیان بە مانەوەی ئەویترە.
ئەم سێ لایەنە هاوکات دژی یەکتریشن. رۆڵی پادشا بەڵام ناوازەیە. لەبەر ئەوەی ئەو نێوانگێڕی ئەو دوو لایەنی تر دەکا و بچووکترین جووڵە و بڕیاری ئەو، دەتوانێ باڵانسی هیزەکان بگۆڕێ. ئەلیاس ئەم هاوکێشەیە بە یاری تەناف Tauziehen دەشوبهێنێ. تەناف/گوریسێ کە دوو گرووپی رەقیب ئەم بەر و ئەوبەریان گرتووە و دەیکێشن. ئەم گوریسە تاوێک بەملا و تاوێک بەولادا دەکێشرێ، بەڵام هێزی هەر دوو لا هەر ئەوەندیە کە شکەستی ئەویتریان زەحمەتە و بۆ ئەم مەبەستە پێویستیان بە یارمەتی دەرەکی هەیە: بە پادشا! تەنیا ئەوە کە لە دەرەوەی ئەو یاریە وەستاوە و چاوەدێری ئەو ڕەوشە دەکا کە نەکا لایەنێ هێند بەهێز ببێ کە ئەویتر راکێشێ و لە عەرزی بدا. لەکاتی وادا خۆ تێ وەردەدا و بە هانای لایەنی لاوازەوە دەچێ کە نەکەوێ و کێبەرکێ نەدۆڕێنێ. بێتوو ئەم کێبەرکێ یە، بە سەرکەوتنی لایەنێک تەواو ببێ، پاتشاش دەسەڵاتی رەهای خۆی دەدۆڕێنێ ... (Molsberger (۲۰۱۱), Elias (۲۰۱۰))
ئەلیاس ئەم هاوکێشە بۆ لێکدانەوەی قۆناغێکی مێژوویی ناسراو بە دەسەڵاتخوازی ڕەها absolutism لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ی زاینی و بەتایبەت لە سەردەمی پاتشایی لووی شازدەهەم لە فەرانسەدا باس دەکا، کە وەک مۆدێلێکی زاڵی دەسەڵاتی رەهای تاکی لە گشت ئورووپا دەردەکەوێ و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێ. بەڵام مکانیزمی شاهانە لە دنیای ئەمرۆدا فۆرم و شێوەی جیاوازی وەرگرتووە. بەتایبەت لە وڵاتانی دێمۆکراتیک دا دەسەڵاتی رەها چیتر لە پاوانی تاک دا نەماوە، بەڵکوو فۆرمێکی گشتگیری وەک دەوڵەت، سیستەمی پارلەمانی و هتد وەرگرتووە. بەڵام خەسڵەتی "ئۆرگانی ناوەندی" کە خاوەن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی یە، لە رێگەی رێکخراو و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە هەروا بەردەوامە. ئەم دۆخە بۆ وڵاتانی نادیمۆکراتی وەک ئێران چۆن دەبێ و مکانیزمی شاهانە چەندە دەتوانێ سیستەم و فۆرمی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا شیبکاتەوە؟
3. خومەینی و بێ لایەنی
وەک لە سەرەتادا باسکرا، ئێران وڵاتێکە لێوانلێو لە قەیران، ناکۆکی، هەڵاواردن و ستەم و بەو پێیەش، پڕە لە گرژی و رکەبەرایەتی. وڵاتێ پڕ لە جیاوازی، فرەچەشنی و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی. تا ئەم سەردەمەش، ئەم وڵاتە دیمۆکراسی بەخۆوە نەدیوە و کێشە و ململانێکانی پەنگیان خواردووەتەوە، هەر زیاد بووگن، بەڵام هیچ چارەسەر نەکراون. دەسەڵاتی دواین شای ئێران بەهۆی شۆڕشی "گەلان" لە ساڵی ١٩٧٩ ڕوخا و کۆماری ئیسلامی بە رێبەرایەتی خومەینی جێگەی ئەوی گرتەوە. خومەینی لە کاتی دوورخرانەوەدا لە پاریس بەکردەوە بوو بە دەمڕاستی نەیارانی شا و رابەرایەتی ئەکسیۆنی دژە حکومەتی بە ئەستۆ گرت. ئەو کە خۆی مەرجەعێکی ئاینی شیعە بوو، بە سیمای زاڵی ئۆپۆزیسیۆنێک دەناسرا کە بەشی هەرە بەرچاوی لە گرووپ و لایەنی چەپ، نەتەوەیی-چەپ، ئیسلامی ـ چەپ یان لیبراڵ- نەتەوەیی پێکدەهاتن. لە کاتی گەڕانەوەی دا بۆ ئێران - چەند رۆژ پێش شۆڕش- وەک ئیمام و رێبەری بێ ئەملاو ئەولای شۆڕش پێشوازی لێکرا. لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەدوای شۆڕش بوون بە رکابەر و دژبەر کە کامیان بتوانێ خۆی لە واقعی سیاسی ئێراندا بسەپێنێ، یان لەو دۆخە جێ نەمێنێ. خومەینی لەو وەختەدا بوو بە ئیمام بۆ زۆرینەیان و بوو بە جێگای هیوا، بوو بە ڕووگەی هانا و سکاڵای ئەو لایەنانە کە خەریک بوون یاری گورێسیان دەکرد و لەوانە بوو بە لایەنی بەرانبەر بیدۆرێنن. لەم وەختەدا خومەینی بوو بە دواین و گرینگترین بڕیاردەری پرسەکان. هیچ پرسێکی گرنگ بێ ئیزن و بڕیاری ئەو دەرنەدەچوو. هەر لە فتوای دژ بە خەڵکی کورد، تا فتوای جەنگ و فتوای دژی سەلمان رۆشدی، فەرمانی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئێراق، لابردنی مۆنتەزێری و هتد. بوویەرەکانی ئەو ساڵانە دەریدەخەن کە چ رکابەریەکی سیاسی گەورە لە دەورووبەری خومەینی لە ئارادا بوون و چۆن لایەنەکانی بەشدار گرێدراوی رۆڵی تاکڕەوانەی خومەینی بوون بۆ پاراستنی خۆیان، مانەوەیان یان بردنەوەیان لەم یارییە.
ئەم لە کاتێک دایە کە خومەینی لە قسەکانی بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئێران نەیدەویست بەشداری سیاسەت ببێ، پۆستی حکوومەتی وەربگرێ، یان وەک شا بەرپرسیارێتی هەبێ. دیمۆکراسی، ئازادی، ئازادی رادەربڕین، بەشداری ژنان لە کۆمەڵ دا و، تەنانەت ئازادی تێکۆشانی کۆمۆنیستەکانی بە ڕەوا دەزانی. چی بوو کە ئەم شتانە نەهاتنە دی و ئەو بوو بە کەسی یەکەمی یەکێ لە داپڵۆسێنەرترین حکومەتەکانی دنیا و دەسەڵاتی سیاسی ئێران تا دواین رۆژی ژیانی لە پاوانی ئەودا مایەوە؟
ئەم پرسە ئەگەر نا بەتەواوی، بەڵام تا رادەیەک دەکرێ بە مکانیزمی شاهانەی ئەلیاس وڵام بدرێتەوە. ئەو جڤاتانەی کە پڕاوپڕن لە کێشە و ناکۆکی چینایەتی، یان جۆرەکانی تری ستەم و بەرژەوەندی گرووپی، وە مکانیزمێکی دێمۆکراتیک بۆ باسکردن و چارەسەری کێشەکان لەئاردا نییە، دەبنە شوێنی پێکدادانی گرووپە دژبەرەکان. تادێ ئەکتەری زیاتر بەم کێبەرکێ پەیوەست دەبن و ئاستی رکابەری، دژایەتی و هاوکات لێکبەستراوەی هێندە زۆر دەبن کە بوارێکی لەبار بۆ پێکهاتنی مۆنۆپۆلی دەسەڵات پێکدێت. ئەزموونی شۆرشی ٧٩ وابەستەیی گرووپە دژبەرەکان بە تاکڕەوی خومەینی ئاشکرا دەکا. خومەینیش لەم هاوکێشەدا، بوونی بەو دژبەرانە بەسترابوو کە ئەودەم و دواتریش لە فۆرمی جیاوازدا تا سەرە مەرگی لە ئارادا بوون. خومەینی بوو بە کەسی یەکەمی هەمان ئۆرگانی ناوەندی کە هێزی کۆمەڵایەتی قۆرەخ کردبوو. هەبوونی هێزە رکابەرەکانیش بە بوونی ئەوەوە بەسترابوو، بۆیە وەک تاکێکی مۆنۆپۆلیست لە لووتکەی فەرمان ڕەوایی مایەوە.
خامنەیی جێنیشی خومەینی نموونەیەکیتری کارکردی مکانیزمی شاهانەی ئەلیاسە. زەقترین رکابەرەی زەمانی دەسەڵاتداری رەهای رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی هەڤرەکی رێفۆرمیست و کۆنەپارێز بوو. زیاتر لە دوو دەیە خامنەیی وەک کەسی بان گرووپی ئەم یارییە، ئەم دۆخەی بۆ درێژکردنەوە رێبەری تاکلایەنەی خۆی بەکارهێنا و هەوڵی دا کە هەر دوو لایەن لە خزمەت مانەوەی خۆی و پێگەی بڕیاردانی خۆیدا بپارێزێ. ئەم دوو گرووپە نموونەیەکی باشن لەوەی چۆن دژایەتی و کێبەرکێی ئەوان سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خامنەیی پاراستووە. ئەم دووانە بوونیان لە سەر ئەساسی دژایەتی یەکتر دامەزراوە. دەوڵەت لەنێویاندا دەستاودەست کراوە و خامنەیش یاری گوریس کێشانی بەتەواوی لە کۆنترۆڵدا بووە و لە زۆر شوێندا و لە دەیان نموونەدا دەردەکەوێ کە چۆن بە تاقە ئاماژەیەک یان جووڵەیکی ئەو، باڵانسی هێز گوڕاوە. ئەم سێ کوچکەیە هەبوونی کۆمەڵایەتیان گرێدراوی بوونی یەکتریشە. واتا نەمانی یەکیان ئەتوانێ مانی ئەوانیتر بخاتە مەترسیەوە، یان یاریزانیتر بێنێتە مەیدانەوە، کە کۆی یاری و پێگە و هاوسەنگی هێزەکان بگۆڕێ.
دەوڵەتی ئیستای ئێران و جمگەکانیتری دەسەڵات هەنووکە یەکدەست کۆنسێرڤاتن. ئایا یاری گوریسەکە بەرەوەی کۆتایی هەبووە و لایەنی رێفۆرمیست دۆڕاندوویە؟ ئایا خامنەی بەتەواوەی و بە قازانجی کۆنەپارێزان هێزی خۆی داوەتە لایەنی بەرندە؟ وەک دیارە گوریس کێشان لایەنی بەرندەشی ئەگەر هەبێ، ئەوە هەردوولا لە ئەنجامی ڕاکێشان بەرەو لای بەرەندش دەکەون. ئایا کاتی کەوتنی ئەم سیستەمە بە رێبەری تاکڕەوی خامنەی هاتووە؟
4. پەهلەوی و بێ لایەنی
بەپێی شیکردنەوەی سەرەوە و ناساندنی مکانیزمی شاهانەی نۆربێرت ئەلیاس، ئەگەڕێنەوە بۆ باسی رەزا پەهلەوی و هەڵوێستی بێ لایەنی ئەو لەنێوان شەڕی حیزب و لایەنەکان. سەرەتا دەپرسین چما و تا چ ئاستێ رەزا پەهلەوی بێ لایەنە؟
پرێس کۆنفرانسی ٢٠ ئۆکتۆبەر، دووهەمین کۆنفرانسی رەزا پەهلەوی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بوو. ئەو لەوێدا، بەجۆرێک دڵنیایی لەوە کە رووداوی سیاسی گرنگ و مەزن لە ئێراندا خەریکە روودەدەن، هاتووە و باسی ئەگەر و پێشهاتەکان بۆ داهاتووی ئێرانی دوای رێژیم دەکا. جۆری ئاخافتنی وەک کەسێکی خاوەن پرسە، ژێستی رێبەرێکی بان گرووپە و هەوڵ دەدا لێدوانەکەشی هەموو لایەک بگرێتەوە. راگەیەنەکان و رۆژنامەنووسانی بەشدار بەزۆری فارس زمانن و پەهلەویش وەک "شازادە" بانگ دەکەن. جگە لە رۆژنامەنووسێکی فەرانسی، کۆی پرسەکان لە لایەن میدیای فارسی، ناوەندگەرا و پرۆ پەهلەوی یان خۆد مەینستریم ئاراستەی ناوبراو ئەکرێن. هیچ پرسێکی چالشی لە گۆڕیدا نییە و تەنیا بی بی سی فارسی جارێک، لەمەڕ خواستی ئەو بۆ وەرنەگرتنی پۆستی سیاسی لێی دەپرسێ. بەگشتی رەزا پەهلەوی لە ناو ئاپۆرەی میدیای پرۆ پەهەویدا باسی رێبەری کاتی دوای رێژیم دەکا، بەڵام روونی دەکاتەوە کە ئەو بە دوای دەسەڵاتەوە نییە:
"ویژدانم ریگای وتنی ئەو "باید"ـەم [حەقی بەشداری سیاسیە هەموو لایەنە دێمۆکراتیەکەکان لە دەستەی دامەزرێنەر] پێ ئەدا کە چۆن قەت بە دوای دەسەڵاتەوە نەبووم، نیم و نابم و لەبەر ئەوەش لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پشتیوان یان بانگەشەکەری هیچ حیزب و لایەنێک یان فۆرمێک لە حکومەت لە بەرانبەر ئەویتردا نابم، ئەگەر بوایەم حەقتان بوو کە هەر شتێ کە دەیڵێم لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆمی لێکدەنەوە ... "
لە وڵامی بی بی سی فارسی سەبارەت بە ئیدیعای وەرنەگرتنی پۆستی سیاسی دەڵێ:
"ئەو شتەی کە من بەراستی لێی تێدەگەم ئەوەیە کە یەکێ لە و هۆکارانەی کە متمانەیەک لە لایەن هاونیشتمانییانەوە بە من هەیە، زۆرتر بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە من خۆم تێکەڵی هیچ حیزب یان ئاراستەیەکی سیاسی تایبەت نەکردووە، لەگەل ئەوەی بمەوێ بچمە ناو ئە کێشەوە، خۆم ئەبمە بابەتی قسە و باس و کێشە، تا ئەوە کە وەک کەسێکی بێ لایەن بتوانم لەگەل هەمووان ئاخافتنم هەبێ. لەنێو خەڵکدا بم، قسەی ئەوان بکەم، بەڵام خۆم سەرقاڵی یاری و کێبەرکێ سیاسییەکان نەبم. من لەوێ رۆڵی خۆم بە کاریگەرتر دەبینم بۆ یارمەتیدانی دێمۆکراسی، درووست کردنی پێکهاتە لە ئێران تا ئەوەی خۆم تووشی جۆر و نەوعی بابەتی حکومی و بڕیاردان بکەم، هیوادارم هاونیشتمانانم لەمە تێبگەن [...]"
وەک دەبینرێ، رەزا پەهلەوی چەند جار بێ لایەنی خۆی رادەگەیەنێ و رۆڵی خۆی لە دەرەوەی کایەی سیاسی و حیزبی دەبینێ. ئاخۆ رەزا پەهلەوی تا چەندە بێ لایەنە؟
بۆ وڵامی بەو پرسە دەبێ قسەکان، ئاماژە و سەمبولەکان وردتر لێک دەینەوە:
1. نازناوی "شازادە" لەم پرێس کۆنفرانسەدا چەندین جار دووپات دەبێتەوە و ئەو کێشەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا نییە. لە ئاکاری رۆژانەشێدا هاودەنگی ئەو لایەنە سیاسی پرۆ پەهلەوییانەیە کە باسی هەڵەی رووخانی دەسەلاتی بابی دەکەن و هەر لەم کۆنفرانسەشدا دەڵێ کە خەڵک نایانەوێ هەڵەی دایک و بابیان دووپات بکەنەوە. خۆ بە میراتگری ئەوان دەزانێ و بوونی گرێدراوی ئەو نازناوەیە. جێگای ئاماژەیە، کە بۆ هیچ کەسێکی جیا لەو نازناوی ئاوا بەکار نایەت. وەک نموونە قاجارەکان، کە پێش ئەوان پاشایەتی ئێرانیان بۆ سەدان ساڵ بە دەستەو بووە و هتد.
2. ئاڵای شێر و خورشیدی لە پشتە، کە ئاڵای پەسەندکراوی هەموو لایەنە سیاسی و رەوتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران نییە. تەنانەت لە ناو ناوەندگەراکانیش دا ئاڵای جیاواز ئەبینرێ. نەتەوە بندەستەکان هیچ ئۆگرییەکیان بەو ئاڵایە نییە و لە هیچ ناوەندێکی دیمۆکراتیکیش بڕیاری لەسەر نەدراوە کە ئاڵای نەتەوەیی بێت. ئەم ئاڵای پشت سەری ئەو، ئاڵای تاقمێکی تایبەتە، کە خوازیاری گەڕانەوەی سیستەمی پاشایەتی بە رێبەری پەهلەوین.
3. ئەدەبیاتی بەکار هێنراو لەلایەن ئەوەوە، لە ئەدەبیاتی سیاسی دا بە ئۆڵترا ناسیۆنالیست دەناسرێ، وەک: "ملت یکپارچە، جانم فدای ایران، مرز پر گوهر، سایە پرچم ملی مان". ناو نەهێنانی نەتەوەکانی ئێران و ناساندنیان وەک فرەجۆری زمانیی، نەک ئەو جۆرەی کە خۆیان دەناسێنن، یان تەنانەت بەکارهێنانی تێرمی نۆیتراڵتری وەک ئەتنیک. سەر و بنی زمانی یەکیەتی نەتەوەی بەپێی خوێندەوەی ناسیۆنالیستی "ایران-شهری"یە. یەک بە یەکی ئەم تێرمانە حەشا کردنە لەوانیتر و نەبینینی ئەجێندا و بەشدارییان لە گۆڕەپانی سیاسی داهاتووی ئێراندا. تەنانەت نەتەوە بندەستەکان وەک بوونێکی سیاسی کۆمەڵایەتی بە رەسمی دانانێ و بە جۆراوجۆری زمانی ناویان دەبا.
هەر لەم کۆنفرانسەدا پەهلەوی کە باسی خۆ تێوەرنەدان لە کایەی سیاسی و حیزبی دەکا، ئاماژە بە کۆمەڵە کارێک دەکا کە کراون و چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوەوە. بۆ وێنە لە وڵامی ئێران وایەر دا، کە ئەو وەک ئۆپۆزیسیۆن دەناسێ و لێیدەپرسێ، ئێوە چیتان کردووە بۆ خەڵک و بۆ گواستنەوەی ئەم دۆخە؟ ئێژێ:
"[...] ئەو وتووێژە چەندساڵەیەی کە لەنێوان هێزە دیمۆکراسیخوازەکان لە ناوخۆ و لە دەرەوە هەبووە [...] بەخۆشیەوە بەڕادەیەکی باش لەم بارەوە قسەکراوە، راگۆڕینەوە بووە و دابەشکردنی کاریش هەبووە [...]"
لێرەدا روون نییە کە پەهلەوی لەژێر چ ناوێک و لەگەل کێ دانیشتووە و چۆنە کە گەیشتوونەتە ئاستی کار دابەشکردن. هێزی دێمۆکراسی خواز لای ئەو کێن؟ لە کاتێکدا ئەو خۆ لە بەرەسمی ناسینی بەشێکی زۆری پێکهاتەی غەیرە فارسی وڵات دەبوێرێ و هاوکاتیش بێ لایەنە، چۆنە کە هیزی دیمۆکراسیخواز بۆ کاری هاوبەش هەڵدەبژێرێ و کاریان لەگەل دابەش دەکا؟ ئەو لەمەش واوەتر دەچێ و باسی هەنگاوی بەکردەوەتر دەکا لەگەل رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسی دانانی سنووقی هاوکاری و زۆر بابەتری تر. هەروەها ئەرکی دەستەی دامەزرێنەری دوای کەوتنی کۆماری ئیسلامیش دیاری دەکا. ئەو خۆی لە وتنی فۆرمی حکومەت؛ سیستەمی پاتشایی یان کۆماری دەبوێرێ و دەڵێ ئەمە لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازاددا روون دەبێتەوە.
ئەم بابەتانە روونی دەکەنەوە کە رەزا پەهلەوی بێ لایەن نییە. سەر بە دیسکۆرسێکی سیاسی ناسیۆنالیستی ناوەند گەرایە و گەرەکیە لەسەر ریشەی ریژیمی رووخاوی بابیەوە هەڵەسوون بێنێتەوە. ئاخافتن، ئاماژەکان و دەرکەوتنی لەم کۆنفرانسە و لە شوێنی تریش دا دەریدەخەن کە ئەو رێبەری گرووپێ لە شاپەرەستانە کە بنەڕەتی سیاسی خۆیان لە سەر ئینکاری هەبوونی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی غەیری فارس داناوە. خۆیان بە ئیدۆلۆژیەکی ناسیۆنالیستی کەوناراوە دەبەستنەوە و بوونێکی زاتگەرایانە بۆ وڵاتی ئێران قایل دەبن. بە ئەرکی مێژوویی خۆشیان دەزانن کە پێش بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی خاکی ئێران بگرن؛ کە ئەمە بۆ نەتەوە بندەستەکان و خەڵکی پەراوێزخراوی ئێران، بە واتای بەردەوامی سەرکووت و چەوسانەوەیە.
5. پەهلەوی و مکانیزمی شاهانە
رەزا پەهلەوی لە دەرکەوتنەکانی پێشووتری دا بەشداری مونازرە و دیالۆگی چەند قۆڵی لەگەل نەیارانی دەبوو. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا دۆخەکە گۆڕا. هەوڵێکی چڕ و بە بەرنامە دەبینرێ کە ئەو بە ژێستی رێبەرێکی بێ هاوتا و بان گرووپی پیشان بدرێت. چیتر بەشداری هیچ دیبەیتێکی چەند لایەنی نەبێ. لەگەل هیچ رێبەر و بەپرسێکی سیاسی و حیزبی کۆنەبێتەوە و دەرنەکەوێ. ئیمپراتوریەکی میدیای گەورە بە بودجەی زەبەلاح لەئاستی چەندین تەلەفزیۆن، رۆژنامە، سایت و رادیۆ بۆ پشتیوانی و بۆڵدکردنەوەی ئەو دانراون. هەر جووڵە، تویت، ئاخافتنێکی بە خێراترین کات دەگوێزنەوە و خەڵکیتر لەوانە رەقیبە سیاسیەکانی بانگهێشت دەکرێن بۆ شیکردنەوە و ئانالیزی وتەکانی. کۆمەڵێ سەرچاوەی نزیک لەوەوە بەردەوام لە شاشە و ماڵپەری ئەم رایەگەندانەدا هەوڵ دەدەن کە چرکەیەک بە بێ ناوی ئەو تێنەپەڕێ و هەر جووڵەیەکی دژی ئەویش ئینکار بکەن، بیسڕنەوە و بەلاڕێیدا ببەن.
پەهلەوی ئێستا بەپێچەوانەی خومەینی پێش شۆڕشی ٧٩، خاوەن کاریزما و پێگەیەکی سیاسی ئەوتۆ لەناو خەڵک دا نییە. بەتایبەتی لە گوتاری خەڵکی پەراوێز؛ نەتەوە بندەستەکان، چالاکانی فێمێنیستی، کرێکاران، خەڵکی ئاینی پەراوێزخراو و هیتردا، خاوەن هیچ پێگەیەک نییە و بە بەشێ لە ناوەند و بگرە لە چەقی ناوەند دەبینرێ و خۆی بەشێکە لە کێشەکان. لەم شیکارییەی ئێرەدا ناوەند و پەراوێز وەک دوو رکابەری جدی دەبینرێن، کە ئێستا تایبەتمەندی ململانێ و هەڤڕکییان لە ئاستی ئێراندا پێکەوە تێدایە؛ واتە بوونی کۆمەڵایەتیان گرێدراوی بوونی یەکترە و هاوکات هێندەش دژبەری یەکن و بەرژەوەندییان دژ بەیەکە کە لەگەل یەکتریش هەڵنەکەن.
بەم هاوکێشەوە دەکرێ بپرسین ئەی مکانیزمی شاهانەی ئەلیاس چۆن ئەتوانێ ئەو هاوکێشەمان بۆ ڕوون بکاتەوە؟ یان روونتر، چۆن ئیدیعای بێ لایەنی رەزا پەهلەوی دەتوانێ بەواتای مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەدوای ڕژیمی مەلاکان بێ؟
وڵامی ئەو پرسانە دەتوانێ گەڕانەوە بۆ یاری گوریس کێشانی ئەلیاس بێ. ئەم یارییە وەک باسکرا بە قازانجی راگرتنی "وضع موجود" یان دۆخی ئێستایە. دۆخێ کە کەسی ئاریستۆکرات لەودا دەسەڵاتی رەهای هەبێ و باڵانسی یاری لەنێوان دوو رکابەری ئەمبەر و ئەوبەری گوریسەکە بۆ هێزی بێ هاوتای خۆی بەکار بێنێ. دوو لایەنەکەش لە ترسی دۆڕان بە لایەنی بەرانبەریان ملکەچی ئەون و گوێڕایەڵی، کە نەکا دژی ئەمیان، هاوکاری ئەویان بکا. لێرەدا سەرێکی ئەم گوریسە، بە دەست لایەنگرانی ناوەندەوەیە. خەڵکانێ کە فۆبیای هەڵوەشانەوەی ئێرانیان هەیە. ئەوان کە پڕۆژەی ئاسمیلاسیۆنی خەڵکی غەیرە فارس بە ناسەرکەوتوو دەبینن و مل بە ئازادی و بەرابەری نەتەوەکان و هەروەها بابەتی چینایەتی و جیندەریش نادەن. ئەمان زۆرینەی رێسۆرس و بژێوی وڵاتیان قۆرەخ کردووە. بۆ زۆرینەیان ئێستاش کۆماری ئیسلامی بە هەموو کەم و کۆڕییەکەوە، فانکشێنی راگرتنی ئێرانی یەکپارچەی هەیە و زۆر جار دڵخۆش بوونی خۆیان لەو بابەتەوە رادەگەینن و دووپاتی دەکەنەوە کە حازرن مل بە ولایەتی خامنەیی بدەن بەڵام ئێرانیان هەڵنەوەشێ. هەڵوەشانەوەی فۆرمی ئێستای ئێران بۆ لایەنگرانی ناوەند بەواتای تێکچوونی دۆخی ئێستایە، کە بە قازانجی "ملت یکپارچە ایران" نییە. ئەمە دەبێتە هۆی بەرابەری یان داوای بەشکردنی ئەوانیتر لە فارس و بەشکردنی هیزی سیاسی و، دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکان بۆ نەتەوەکانی بندەست و هتد. ئەم لایەنە بەتایبەت لە دنیای دەرەوە خاوەن میدیای زەبەلاحە، هێزی لابیگەری هەیە، دیپلۆماسی، ئاکادیمیا، پارە و هیتری لە بەردەست دایە. بەڵام لە یاری گوریس کێشان لەناوخۆدا وێدەچێ لاوازتر بێت. چۆن خەڵکی دێسانتراڵ-خواز، دژە ناوەند و پەراوێزخراو ئەمجار (بەپێچەوانەی شۆڕشی پێشوو) ئاگاتر و چالاکترن. بۆیە ئەم رەوتە لەپێناو مانەوەی خۆی پێویستی بە داتاشینی پاشای سەرەڕۆیە. کەسێ کە لەم یارییە بچێتە دەرەوە و وەک لایەنی سێهەم، ڕەوا و بەدەسەڵات، کاریگەری لەسەر باڵانسکردنی یاری مان و نەمان هەبێ. واتا بە قازانجی بەرەی لاوازی ناوەند ئەم گوریسە بکێشێ. لێرەدا یاریکەران خۆیان خەریکن شا دروست دەکەن.
بەکورتی، رەزا پەهلەوی وەک خۆی بەشێکە لە یارییەکە و لایەنی بەرانبەریشی گوتاری خەڵکی پەراوێزە. بەڵام ڕەزا دوایین شانسی ناوەندە، بۆ بەدەستەوە گرتنی بەرێوەبەرایەتی، سەرچاوەکانی وڵات و، سەرەوەری و چەوسانەوەی ئەوانیتر. بەڵام ئەم رێکارە، هاوکات مکانیزمی مۆنۆپۆلکردنی هێزی سیاسی یە. دروست کردنی ئۆرگانێکی تەواو سەنتراڵ کە توانای بڕیاری کۆتایی و تاک ڕەوانەی هەیە. واتە درێژکردنەوەی دیکتاتۆریەت، ستەمکاری و لە ناوچوونی هەلی دێمۆکراتیک.
تا چەندە ناوەند ئەتوانێ ئەم سێناریۆیە بە قازانجی خۆی و دژ بە هیوای خەڵکی پەراوێز بباتە پێشەوە؟ ئەمە لە داهاتوودا روون دەبێتەوە. ئاگاداری خەڵکی پەراوێز لەم سێناریۆیە، مل نەدان بە یاری نادیمۆکراتیک و مکانیزمی شاهانە، خواستی دێسەنتراڵ بوونی سیستەمی داهاتووی حوکمڕانی و بەشداری سیاسی کۆمەڵایەتی نەتەوەکان، چین و گرووپە پەراوێزخراوەکان دەتوانن پێش بە پیلانی پاوانکردنی هێزی ناوەندگەرا بگرن.
6. دەرەنجام
ئێران جارێکیتر لە بەردەم گۆڕانکارییەکی مێژووی گەورە و قووڵ دایە. خەڵکی ناڕازی نزیک دوومانگە راپەڕیون و سەرەڕای سەرکووتی بێرادەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، شەقامیان بەرنەداوە و بە گووڕتر لە سەر خواستی رووخانی ئەو سیستەمە پێدادەگرن. لە دەرەوەش هێز و رەوتە سیاسییەکانی دژە رێژیم کەوتوونەتە خۆ، هەم یارمەتی رووخانی رێژیم بدەن، هەمیش بۆ سێناریۆی دوای رووخان ئامادە بن. لە کات و ساتی ئەم گۆڕانکارییانەدا، سیبەری ئەزموونی پێشووی شۆڕش لە ئێراندا بە سەر خەڵک و لایەنە جۆراوجۆرە سیاسی کۆمەلایەتییەکاندا هەر قوورسایی دەکات؛ ئەزموونی تاڵی بە تاڵان چوونی دەرفەتێکی مێژووی بۆ دیمۆکراتیزەکردنی وڵاتی ئێران، کە تەیدا خەڵکانی پەراوێز واتە نەتەوە غەیرە فارسەکان، ژنان و کەمایەتییە جنسی و ئایینیەکان، کرێکاران و هتد، مافی بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرانبەریان لێ ئەستێندرا.
بە تێرامان لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی ناو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتدا هەوڵێکیتری جدی ئەبینرێ بۆ سازدانی بەربەست لە بەرانبەر شکانی تابۆی دیمۆکراسیەت لە ئێراندا. ئەم هەوڵە لە بەسیجی ئیمکاناتی بەرەیەک لە چالاکان و رێکخراوە سیاسییەکان، سیماکانی بواری کلتور و وەرزش و هونەرو هەروەها رۆژنامەنووسان و میدیای باڵی راست دا دەبینرێت، کە لە سەر ناوی پاراستنی خاک و ستاتۆی ئێرانی و فۆبیای هەڵوەشانەوەی ئەو وڵاتە، رووبەرووی خواستی خەڵکی پەراوێزخراو بوونەتەوە. لەم تێکستەدا ئەم بەرەیە وەک بەرەی ناوەند ناوەزەد کراون، کە بەرژەوەندیان لە راگرتنی دۆخی ئێستا، واتە بێ بەشی خەڵکانی غەیرە فارس و کەماییەتییەکانی تر لە رێسۆرس و پشکی هاوبەش لە سەروەت و سامان بگرە تا بەشداری یەکسانی سیاسی کۆمەلایەتییە لە ئێراندایە.
لەم بەینەدا جووڵەی کوڕی شای پێشووی ئێران و هاش وهووشی لایەنگرانی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی پرسی رووخان جێگای تێڕامان و سەرنجە. ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە بە یارمەتی ئەمپراتووریەکی میدیایی، لەشکرێکی سایبری و رەوتێکی تووندئاژۆی شاپەرەستەوە، خەریکن شوێن پێی خۆیان وەک ئەکتەرێکی دیار لە ناو نەیارانی کۆماری ئیسلامیدا دەکەنەوە. دوای سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانەش، ئەم هەوڵانەی پەهلەوی و لایەنگرانیشی چڕتر بوونەوە و تەنانەت خەریکە بازنەی کاریگەریشی رەوتە فکری و سیاسیەکانیتری ناوەندیش ئەگرێتەوە، کە بە شێوەی مێژووی دژی پاتشایەتی بوون. هاوکات ئەویش بە ئاشکرا خەریکە بە ژێستی رێبەرێک بۆ ئەم قۆناغە دەردەکەوێت؛ بە کەڵک وەرگرتن لە تاکتیکی بێ لایەنی سیاسی و چوونە دەرەوەی فۆرمالیتەی لە ململانێی حیزبی و گرووپی دا. هەر ئەو تاکتیکەی کاتی خۆی خومەینی لە کاتی شۆڕشی ٥٧ کەڵکی لێ وەرگرت.
لە توێی خوێندنەوەیەکی مێژووی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دا و بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری مکانیزمی شاهانەی نۆربێرت ئەلیاس دا، هەوڵم دا لەم تێکستەدا ئەم تاکتیکە وەک هەوڵێک بۆ مۆنۆپۆل کردنی هێزی سیاسی لە ئێران دا شیبکەمەوە، کە بە خومەینی هێزێکی رەها و تاکڕەوانەی بەخشی. هەروەها بە مێتۆدی کوالیتاتیڤەوە، ئەم پرسەم لەگەڵ دواین لێدوانی رەزا پەهلەوی و سەنگ و پێگەی ئەو لە ئێستا دا لێک دایەوە و گەیشتمە ئەم ئەنجامە: رەزا پەهلەوی نێردە و دەسکاری بەرەوەی ناوەندە بۆ ئەوەی دەسەڵات و پۆزیشنی زاڵی خۆیان لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا بپارێزن. بە سیاسەتی بێ لایەنی و تاکتیکی نێرسالارانە و باوکانەی "فرا حزبی" و بان گرووپی، گەرەکیانە شا! درووست بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی پەراوێز بەشخورا و پەراوێز بمێنێتەوە، ئێران رەنگی دێمۆکراسیەت نەبینێ و پشک و پێگەی ناوەندیش خەوش هەڵنەگرێ. شا لەم سێناریۆیەدا، کەسێکی ئاریستۆکراتە؛ دەسەڵاتی سیاسی وڵات قۆرەخ دەکا و ئاگای لێە، بەرەی لاوازی ناوەند یاری گوریس كێشان بە خەڵکی دێمۆکراسی- و بەرابەریخوازی پەراوێز نەدۆڕێنت.
سەرچاوە:
Elias, Norbert; Der Königsmechanismus, in, Neckel et al. (Hg.) Sternstunden der Soziologie, Campus Verlag, Frankfurt am Main ۲۰۱۰, S. ۲۹۳-۳۰۵.
https://wirtschaftslexikon.gabler.de/definition/soziale-differenzierung-۴۴۳۶۲#:~:text=Ausdruck%۲۰f%C۳%BCr%۲۰den%۲۰Tatbestand%۲۰der,und%۲۰Schichten%۲۰(soziale%۲۰Schicht).
Molsberger, Tobias (۲۰۱۱): Der Königsmechanismus. Eine soziologische Analyse zum Funktionieren des Abosultismus nach Norbert Elias. ۱. Auflage, digitale Originalausgabe. München: GRIN Verlag.
YouTube (۲۰۲۲): نشست خبری شاهزاده رضا پهلوی. Online verfügbar unter https://www.youtube.com/watch?v=UehsmK۲HHzI, zuletzt aktualisiert am ۰۷.۱۱.۲۰۲۲, zuletzt geprüft am ۰۷.۱۱.۲۰۲۲.
بخشی از سخنان آقای خمینی در نوفل لوشاتو فرانسه (۲۰۲۲). Online verfügbar unter https://www.nedayeazadi.net/۱۳۹۵/۰۸/۲۰۳۹۴, zuletzt aktualisiert am ۰۷.۱۱.۲۰۲۲, zuletzt geprüft am ۰۷.۱۱.۲۰۲۲.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە