ناڕەزایەتیی توندی بارزانی لە "کۆنگرەی لەندەن"
Friday, January 23, 2015
NNSROJ: لە لێدوانێکدا کە نموونەیەکی لە سایتی ڕەسمیی پارتی دێموکراتدا بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتیی خۆی لە بانگهێشتنەکرانی لایەنی کوردی بۆ "کۆنگرەی لەندەن" هێناوەتە زمان کە دوێنێ لە پێتەختی ئینگلیز بەڕێوەچوو و دەڵێ "خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەیە كە لەمجۆرە دانیشتنە نێودەوڵەتیانەدا نوێنەری خۆی هەبێت".
سەرۆکی هەرێم مەسعوود بارزانی دەڵێ "كۆنگرەی لەندەن كە تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەشەڕدان، لەكاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان لەشەڕێكی ڕاستەوخۆ و توند دایە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ڕۆژانە بە خوێنی گەشی پێشمەرگە قارەمانەكان، شكستی گەورە تووشی تیرۆریستانی داعش دەبێت."
ناوبراو وێرای ئاماژە بەوە کە " پێشمەرگە بەخوێنی خۆی سەدانهەزار ئاوارە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پاراستووە" و "ئێستا كاریگەرترین هێز كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆریزمی جیهانی بووەتەوە".
بێجگە لە ئەمریکا، عێراق و ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوایی هاوپەیمانیان، وڵاتانێکی وەک بەحرەین، میسر، عەرەبستانی سعوودی، تورکیا، قەتەر، ئوردون و نوێنەرانی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبیش لە کۆنفڕانسەکەی لەندەندا بەشدار بوون.
لایەنی کوردی، کە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەستنیشانی کردووە، کاریگەرترین هێزی بەربەرەکانییە لەگەڵ چەکدارانی داعش، بۆ کۆنفڕانسەکە بانگهێشت نەکرابوو و ئەمەش کاردانەوەی توندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
بارزانی لە لێدوانەکەیدا، وێڕای دەبڕینی "ناڕەزایەتی خۆمان و خەڵكی كوردستان" لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ڕێکخەرانی کۆنفڕانسەکەدا، دەنووسێ "خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەیە كە لەمجۆرە دانیشتنە نێودەوڵەتیانەدا نوێنەری خۆی هەبێت كە گوزارشت لە واقع و بیروبۆچوونەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان بكات. قورسایی ئەم بارودۆخە لەسەر شانی گەلی كوردستانە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكات و دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بگەیێنێت."
شیاوی ئاماژەیە کە کوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش بۆ ئەم کۆنفڕانسە بانگهێشت نەکرابوون.
ک.م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە