پاش دوو ڕۆژ شەڕی قورس، هێرشی داعش بۆسەر کەرکووک تێکشکێنرا
Saturday, January 31, 2015
NNSROJ: پاش نزیک بە دوو شەو و ڕۆژ شەڕی گران لە میحوەرەکانی باشووری کەرکووک، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانی سەرجەم ئەو گوند و ناوچانەی کە داعش داگیری کردبوون، کۆنترۆڵ بکاتەوە.
لە دوا شەڕی خوێناوی شەممە[٣١ی ژانویە]دا، کە فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگە بە ناوی “حوسێن مەنسوور”، گیانی لەدەست دا، مەلا عەبدوڵا لە باشووری کەرکووک کۆنترۆڵ کرایەوە و پاشەکشە بە چەکدارانی داعش کرا.
چەکدارانی داعش شەوی هەینی[٣٠ی ژانویە]، لە چەند بەرەوە، به چهكداری خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان کردبۆ سەر میحوهرهكانی شەڕ لە لە باشووری كهركووک و پاش داگیرکردنی مەکتەب خالید و چەند گوندی تر بەرەو کەرکووک پێشڕەویان کردبوو.
هاوکات لەگەڵ درێژەی پێکدادانەکان لە بەرەکانی باشوور، داعشی شەڕ و پێکدادانیانی لە ڕێگەی چەند ئەندامی شانە نهێنییەکانییەوە گوازتەوە بۆ ناو شاری کەرکووک.
لە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژی هەینیدا، چەندین پێشمەرگە کە چەند فەرماندە وەک عەمید “شێركۆ فاتیح شوانی”، فەرماندەی لیوای یەكی پیادەی هێزی پێشمەرگە له سنووری كەركووک، عەقید “نەریمان دۆشكە”، فەرماندەی فەوج لە لیوای ٣ی تایبەتی جێگری سەرۆكی هەرێم، عەقید “شێرزاد زەنگەنە”، جێگری لیوای ١٣٤ی هێزەكانی ٧٠شیان لەناودا بوو، گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەش بریندار بوون.
چەند کاتژمێر دوای دەستپێکی هێرشەکە، چەند گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە کە کۆمەڵێک چەکداری بە ڕەچەڵەک کوردی ئەندامی داعش و لەناویاندا پێشنوێژێکی پێشووی مزوگەوتێکی هەولێر بە ناوی “مەلا شوان”، دەبینرێن کە هەڕەشەی گرتنەوەی کەرکووک و کوشتن و سەربڕینی پێشمەرگەیان دەکرد.
ئەگەرچی ئامارێکی فەرمی لەدەستدا نییە بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ لە هەرێمی کوردستان باس لە کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ چەکداری داعش لە شەڕ و پێکدادانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەکەن.
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە