NNSROJ: ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، هیومان ڕایتس وۆچ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕێگە بە عەرەبەکان نادات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵێ خۆیان و بە گرتن و وەدەرنان و گەمارۆدانیان، سیاسەتی هەڵاواردن لە دژیان بەڕێوە دەبات.
ڕێکخروای نێودەوڵتیی چاودێریی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی تێر و تەسەلدا بە هۆی ئەو سیاسەتانەی لە دژی دانیشتوانی عەرەبی ژمارەیەک لە گوندەکانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و هەولێر گرتوویەتە بەر، سەرکۆنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو عەرەبانەش وەک کوردەکانی باشووری کوردستان لەبەر هەڕەشەی داعش ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵێن.
لە ڕاپۆرتەکەی رێکخروای ناوبراودا هاتووە: "هێزە ئەمنییەکانی کوردستانی عێراق، هەزاران هاوڵاتیی عەرەبیان لە "زۆنە ئەمنییەکان" ئەو ناوچانەدا گەمارۆ داوە کە پاش مانگی ئابی ۲۰۱۴ لە دەستی گرووپی توندڕۆی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش"یان دەرهێناوە."
ڕاپۆرتەکە هەروەها باسی لە رێگریی هێزە کوردییەکان لە گەڕانەوەی هاوڵاتیانی عەرەبی ئەو ناوچانەی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کردووە. "ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێگە بە گەڕانەوەی کوردەکان دەدەن بۆ ئەو ناوچانە و تەنانەت ڕێگە بە چوونە ناو ماڵی ئەو عەرەبانەش دەدەن کە لە ترسی شەڕ هەڵاتوون."
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی چاودێریی مافی مرۆڤ "لە مانگی کانوونی دووەم/ ژانیڤەریی ۲۰۱۵دا حکومەت هەرێمی کوردستان هەندێ لەو ڕێوشوێن و بەربەستانەی سووک کرد، ئەمەش دوای ئەوە بوو کە هیومان ڕایتس وۆچ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی لەسەر ئەم بابەتە کرد. بەڵام هێشتا بەشێکی ئەو بەربەستانە وەک خۆیان ماونەتەوە."
راپۆرتەکە هەروەها لە زاری چەند هاوڵاتییەکی کوردی ناوچەکە گواستوویەتەوە کە گوایە هاوڵاتییە کوردەکان و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەیان ماڵی عەرەبیان لەو ناوچانەی کە پێدەچێت هەوڵی لکاندنیان بە هەرێمی کوردستانەوە لە ئارادا بێت، وێران کردووە."
"لێتا تایلەر" توێژەری باڵا لە بواری تیرۆر و دژەتیرۆر لە ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی ئەو ڕێکخراوەی گوتووە کە "دەبێت ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی هێزە کوردییەکان پڕچەک دەکەن، بە ڕاشکاوی ڕایبگەیەنن کە پاڵپشتیی هیچ چەوسانەوە یان جیاکارییەک، لە ژێر پەردەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ناکەن."
ڕاپۆرتەکە هەروها باس لەوە دەکات کە ڕێکخراوی ناوبراو لە نامەیەکدا لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۴ و سەرەتای ساڵی ۲۰۱۵ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لەسەر ئەو جیاکاری و هەڵاواردنە نەتەوەییانە بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە. "حکومەتی هەرێمیش لە وڵامدا وێڕای نکۆڵی کردن لە هەر چەشنە هەڵاواردنێک لەسەر جیاوازیی نەتەوەیی، بەڵێنی دا لێکۆڵینەوە لەسەر دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ بکات."
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، دواتر "هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەندێک لەو بەربەست و ڕێوشوێنە تووندانەیان سووک کردووە."
بەشێکی ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ بە تایبەتی تیشکی خستۆتە سەر دانیشتوانی عەرەبی چوار قەزای "شێخان"، "زوممار"، "مەخموور" و "تلکێف" و گوندە عەرەب نشینەکانی دەورووبەری ئەو چوار قەزایە کە دوای داگیرکردنیان لە لایەن داعشەوە، دواتر بە یارمەتیی هێرشی ئاسمانیی وڵاتانی هاوپەیمان لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە لەمبارەیەەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە یەک دوو مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوی ناوبرا سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە و ڕاپۆرتی لەسەر جیاکاریی ئاشکرا لەو ناوچانە ئامادە کردووە. "زۆرێک لەو گوند و شارۆچکانەی کە هیومان ڕایتس وۆچ هەڵسوکەوتی نایاسایی ئاشکرای لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە تێدا بەدی کرد، یان نزیک بوون لە هێڵی شەڕ یان ڕاستەوخۆ لە پشت هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ بوون."
"لە مانگی کانوونی یەکەمی ۲۰۱۴ هیومان ڕایتس وۆچ تێبینیی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی رێگە بە هاوڵاتیانی کورد دەدەن بگەڕێنەوە بۆ هەندێ لەو گوند و شارۆچکانەی کە بە سەلامەت لە قەڵەمیان داون، کەچی رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان دەکەن لە گەڕانەوە بۆ هەمان ئەو ناوچانە."
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئاسایشی ئەو ناوچانە ئەو ڕێگریکردنانەیان پشتڕاست کردۆتەوە و بە هیومان ڕایتس وۆچیان گوتووە کە لە خاڵەکانی پشکنینی سەر بەو چوار قەزایە "ڕێگە بە عەرەبەکان نادرێت بگەڕێنەوە."
ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "ڕیگری لە گەڕانەوەی کوردەکان لەو ناوچانە ناکرێت."
بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ تەرخان کراوە بە گەمارۆدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی عەرەبی ئەو چوار قەزایە لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە. لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزە کوردییەکان ڕێگەیان بە مانەوەی ئەو عەرەبانە داوە کە لە گوندەکانیان
شەڵنەهاتوون، بەڵام کۆمەڵێ "پشتێنەیەکی ئەمنی"یان بە دەوری گوندەکانیاندا درووست کردووە و گەمارۆیان داون و ڕێگە بە عەرەبەکان نادەن لەو ناوچانە بێنە دەرەوە.
"بە پێی ئامارێکی بەرپرسان و دانیشتوانی ناوچەکە لانیکەم ۲۰ هەزار کەس کە زۆرینەیان عەرەبی سوننەن لە سەرجەمی ئەو چل گوندە دەژین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو چوار قەزایە کردوونی بە "زۆنی ئەمنی".
لە ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچدا هەروەها لە چەند سەرباسی دیکەدا ئاماژە کۆمەڵێ پێشێلکاریی تر لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە کراوە کە ئەمانەن: "رووخاندنی ماڵی هاوڵاتیانی عەرەب و نیشتەجێکردنی کوردان لە ماڵە عەرەبەکان"، "گرتنی پیاوانی عەرەب بەبێ ئاراستەکردنی تۆمەت"، "بڵاو بوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لەسەر ئەشکەنجەدان بە تەزووی کارەبا، هەڕەشەی کوشتن یان هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لە گیراوان" و هەروەها "تاڵان کردنی ماڵی مەسیحییەکان لە شارۆچکەی تەل ئۆسقوف".
لە هەر بەشێکی ئەو ڕاپۆرتە تێر و تەسەلەدا ئاماژە بە سەردانی مەیدانیی نێردەکانی هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ئەو ناوچانە کراوە و لێدوان لە چەندی شایەتحاڵ وەرگیراوە.
هیومان ڕایتس وۆچ ووتی داوای لە حکومهتی ههرێمی کوردستان کردووە "لێکۆڵینهوهیهکی بە پەلە و بێلایهن بکات لهسهر ههموو ئهو پێشێلکاریه یاساییانهی له ناوچهکانی ژێر دهستیان ئهنجامدراون و لێپرسینهوه و سزای تهواوی ههر بهرپرس و کهس و هێزێک بدات کە دەستیان لەو کارانەدا بووە."
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە داواشی لە ئهنجوومهنی مافهکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نهتهوه یهکگرتووهکان کردووە "ئهرکی لێکۆڵینهوهی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای مافهکانی مرۆڤی ئهو ڕێکخراوه فراوان بکات له ئهنجامدانی لێکۆڵینهوه له پێشێلکاریهکانی "داعش"هوه بۆ ههموو ئهو پێشێلکارییه ئاشکرایانهی لایهنهکانی تر ئەنجامی دەدەن، به سووپای عێراق و میلیشیا شێعه هاوپهیمانهکانی و هەروەها ههر پێشێلکارییهک کە له لایهن هێزە سەربازی و ئهمنیی کوردییەکانەوە ئهنجامدراوە."
ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ هەروەها ڕوو لە وڵاتانی رۆژئاویی هاوپەیمانەتیی دژی داعش ڕایگەیاندووە کە "دهبێت ئهمریکا و ئهڵمانیا و بهریتانیا و ههموو ئهو وڵاتانهی هاوکاریی ئهمنی پێشکهشی هێزه کوردییهکانی عێراق دهکهن دهبێت به ئاشکرا پێیان ڕابگهیهنن که ڕهنگه حکومهتی ههرێم ئهو هاوکاریانه لهدهست بدات ئهگهر لێکۆڵینهوه له پێشێلکارییهکان نهکات و کۆتاییان پێنههێنێت و سزای تاوانباران نهدات."