بابەتی گەرم:

پڕچەككردنی پێشمەرگە، هەلێک بۆ سەربەخۆیی یان چاڵێک بۆ ململانێی ناوخۆیی

Friday, May 15, 2015


ئا: محەمەد ئەمینی

NNSROJ: "كورد لەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆر دەكات"، ئەمە وتەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانە، لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئەو وەفدە بیانیانەی لە ماوەی ۹ مانگی ڕابردوو واتە دوای دەستپێكردنی پەلامارەكانی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان، سەردانی هەولێریان كردووە. هێنانە زمانی ئەو ڕستەیە، دەستبەجێ ڕستەیەكی تری وەک "داعش نەک رێكخراوێكی تیرۆریستیە، بەڵكوو دەوڵەتێكی تیرۆریستیە كە دەستی بەسەر چەکو كەرستەی سەربازیی دوو وڵاتی سووریا و عێراقدا گرتووە"ی بەدوا بووە. پاش ئەوەش یەكسەر داوادەكرا وڵاتانی جیهان، هێزی پێشمەرگە پڕچەک بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەرووی وەها دەوڵەتێكی تیرۆریستی ببێتەوە. تا ئێستا، چەند وڵاتێكیش بەدەنگ ئەو داواكارییەوە هاتن.

ڕۆژنامەی "ویرتشافت وۆخە"ی ئاڵمانیا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی دارایی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە، ئاڵمانیا تائێستا بە بڕی ۶۰ میلیۆن یۆرۆ چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كردووە.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئاڵمانیا بە بڕی ۵۴ میلیۆن یۆرۆ هاوكاری مرۆییشی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كردووە.

هەر بە گوێرەی ڕاگەیاندنەكانی ئاڵمانیا رۆژانی، سێشەممە و چوارشەممە، ۱۲ و ۱۳ی مەی، ئەو وڵاتە دوو كاروانی تری هاوكاری سەربازی گەیاندۆتە هەرێم كە خۆیان لە ۱۳۸ تەن چەک و تەقەمەنی دەبیننەوە.

جێی باسە، کە لە مانگی ئاپریلی ڕابردوو، دووەمین خولی راهێنانی ژمارەیەک لە هێزەكانی پێشمەرگە لە لایەن پسپۆڕانی سەربازی ئاڵمانیاوە كۆتایی هات و لەئێستادا ۷۰ ڕاهێنەری سەربازیی ئاڵمانی بەمەبەستی ڕاهێنانی پێشمەرگە لە هەرێمن.

پێشتر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە داراییەكەی وەزارەتی بەرگری ئاڵمانیا، چەند بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامانی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بێ ئاگایی خۆیان لە بڕی ئەو هاوكاریە سەربازییە دەربڕیبوو، كە ئاڵمانیا ڕەوانەی هەولێری كردبوو.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاڵمانیا رۆژی یەكی سێپتامبری ۲۰۱۴، ڕەزامەندی نیشاندابوو لەسەر ڕەوانەكردنی چەک و كەرەستەی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان و "ئانگێلا مێركڵ"، گەورەڕاوێژكاری ئەو وڵاتە، لەبەردەم ئەنجومەنەكەدا باسی لەوەكردبوو کە ڕەوانەكردنی ئەو چەک و كەرستانە بە ڕەزامەندی حكومەتی بەغدا ئەنجام دەدرێت و بەهیچ جۆرێك بەو واتایە نایات كە ئاڵمانیا پشتگیری لە خواستی كوردەكان بۆ جیابوونە لە عێراق دەکات، بۆیە کە ئاڵمانیا لەگەڵ عێراقێكی یەكپارچە و یەكگرتوودایە.



وێستگەی سەرەكی پڕچەككردنی پێشمەرگە، كە كورد هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان چاوی لێی بوو ئەمریكا بوو، رۆژی هەینی ۱۵ ی ئایار دواجار كۆنگرێس ئەو بڕگەیەی لە بودجەی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) چەسپاند كە لە چوارچێوەی هاوكاریە ۷۱۵ ملیۆن دۆلاریەكەی بۆ عێراق، رێگە دەدات ۲۵% ی ئەو بڕە بدرێتە كورد و سوننە، دیارە ئەمەش جارێكی تر ناڕەزایەتی حكومەت و لایەنە شیعەكانی عێراقی لێدەكەوێتەوە، وەك پێشتر بە هەوڵێک بۆ پارچەكردنی وڵاتەكەیان ناویان لێبردووە.

بۆ پووچەڵكردنەوەی ناڕەزایەتیەكانی بەغدا لە بەرامبەر ئەو بڕگەیەی بودجەی وەزارەتی بەرگری، كۆنگرێس مەرجی ئەوەی بۆ حكوومەتی عێراق داناوە، كە گەیاندنی ۷۵%ەكەی تری هاوكاریە سەربازیەكان بە حكومەتی فیدراڵی بەندە بەوە مەرجەكانی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی فرەلایەن بە بەشداری هەموو پێكهاتەكانی عێراق جێبەجێدەكات یان نا.

وەك شیعەكانی عێراق لێیدەترسن، پڕچەككردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە، دوور نییە پارچەكردنی عێراق و سەربەخۆیی كوردستانی لێبكەوێتەوە و ئەمەش بە روونی لە دوا ڕاپۆرتی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدراوە.

لە ڕاپۆرتەكەی ئەو گروپەدا هاتووە، لەكاتێكدا ئەمریكا پشتیوانیكردنی خۆی بۆ یەكپارچەیی عێراق ڕاگەیاندووە، بەڵام پڕچەككردنی كورد لەئەنجامدا سەربەخۆیی و جیابوونەوەی ئەو نەتەوەیەی لە عێراق لێدەكەوێتەوە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕەوانەكردنی چەک بۆ كوردستان لە لایەن وڵاتانی خۆرئاواییەوە، لەلایەك دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی كێشە ناوخۆییەكانی نێوان لایەنە كوردییەكان، لەلایەكی تریشەوە ئاڵۆزی نێوان كورد و نەتەوەكانی تری ناوچەكە زیاتر دەكات.

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لەو بڕوایەشدایە، كە بەهۆی ئەوەی پارتی زیاتر سودمەند بووە لەو چەكانەی ڕەوانەی كوردستان كراون، یەكێتی ناچار بووە داوای هاوكاری سەربازی لە ئێران بكات، ئەمە جیا لەوەی ئەو حزبە هاندراوە لە پەكەكە نزیک ببێتەوە.

پاش ئەوەی لە مانگی ژووئەنی ساڵی ۲۰۱۴دا داعش دەستی بەسەر مووسڵ و چەند ناوچەیەكی تری عێراقدا گرت، بەكەمتر لە دوو مانگ پەلامارەكانی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد و لە ۳ ی ئابدا شنگال و چەند شارۆچكەیەكی تری مووسڵی داگیركرد و لەگەڵ نزیكبوونەوەشی لە هەولێر، هاوپەیمانان بە پێشەنگایەتی ئەمریكا هاتنە سەرهێڵ و بە رێگەی وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە داعش و ڕەوانەكردنی چەک و كەرستەی سەربازی، هاوكاری كوردیان كرد و لەو كاتەوە تائێستا دەرگای پڕچەككردنی پێشمەرگە بەكراوەیی ماوەتەوە.

بەر لە دەستپێكردنی پەلامارەكانی داعش بۆ سەر كوردستان، باس و خواستەكانی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق زۆر گەرم بوون و دوای لەشكركێشی داعش، ڕایەک هاتە ئاراوە، كە بۆ لەباربردنی ئەو خەون و خواستە، داعش ئاڕاستەی كوردستان كراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕایە هەڵگەڕاوەتەوە بڕوایەكی وا هەیە كە پڕچەككردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە، هەنگاوەكانی كورد لە باشور بەرەو سەربەخۆیی خێراتر دەكات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە هێشتا هێزەكانی پێشمەرگە بە نیشتمانی نەكراون و سیمای حزبیان زیاتر بەسەروە زاڵە، دەبێت ئەو ڕایەی تریش بەهەند وەربگیرێت، كە ئەو پڕچەككردنە رەنگە ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كوردستان قووڵتر بكاتەوە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷