کۆمەڵێک لە چالاکانی مهابادی دەستەوداوێنی ڕووحانی بوون
Sunday, May 17, 2015
NNSROJ: کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی مهابادی، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ئێران، خۆپێشاندانەکەی ڕۆژی ١٧ی گوڵانی مهابادیان وەک “ڕووداوێکی تاڵ و قابیلی پێشگرتن و ناخۆش” لەقەڵەم داوە و هاوکات بە وەبیرهێنانەوەی ڕێژەی ٨٠٪ دەنگی مهابادییەکان بۆ هەڵبژێرانی ناوبراو، داوایان لێکردووە کە بە “لوتف و مەرحەمەتەوە” سەرنجیان بداتێ و ئەو داخوازایانەیان لەبەرچاو بگرێ:
کورتەیەک لە داخوازییەکان:
١- ئازادکردنی هەرچی زووتری قۆڵبەستکراوانی خۆپێشاندانەکە، کە بە گوتەی نووسەرانی ئەو نامە سەرئاوەڵان، زۆربەیان “گەنجان و مێرمنداڵانی کەم تەمەن بوونە و لەژێر کاریگەریی کەشوهەوای هەست بزوێن و ورووژێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دە ڕووداوێکەوە گلاون کە زەبری لە خۆیان، شار، دیار و وڵاتەکەیان دا.
٢- زانیاری دروست و ڕوون سەبارەت بە ڕەوتی بەدواداچوونی دۆسیەکە بکرێ و ئەگەر بەرپرسانی شار و پارێزگا لەم ڕووداوە کەموکورتییەکان هەبووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ و قۆڵبەست بکرێن.
٣- دڵنەوایی بنەماڵەی خوسرەوانی بدرێتەوە و ئەو برینە ناڕەوایەیان بە جۆرێک بۆ قەرەبوو بکرێتەوە.
٤- هوتێل تارا لە لایەن دەوڵەتەوە نۆژەن بکرێتەوە و قەرەبووی پێویستیی پێ بدرێ تا ئەم یەکە ببێتە سەرەتای وەرزێکی نوێ و سەوز لە وەگەڕخرانی سەرمایە و گەشە[ی ئابووری] لە کوردستان
٥- بەرپرسانی دەوڵەت لە پێویستیی پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ بژاردە و پیاوماقووڵانی کۆمەڵگا ئاگادار بکرێنەوە
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە