بابەتی گەرم:

لە فەرخوندەوە تا فەریناز، زێهنییەتی دژی ژن و ژنکوژی

Friday, May 22, 2015

هاوپرسەیەک لەگەڵ نەجیبە قەرەداغی
حەسەن قازی
بینەرانی خۆشەویست! ئەم کاتەتان باش بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی "ڕاوێژ". لە یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی لە شاری سابڵاغ خانمێک بە نێوی فەریناز خوسرەوانی لە هەلومەرجێکدا کە هەتا ئێستاش بە تەواوی دیار نییە ژیانی لە دەست دا و پێش ئەوەش لە ٢٨ی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری کابول ژنێکی بێ گوناح، ژنێکی بێ تاوان بە نێوی فەرخوندە بە دەستی کەسانی جاهیل و کۆنەپەرست کووژرا. دیارە ئەو دوو ڕووداوە لەگەڵ ئەوەشدا کە دیارە ڕەهەندی سیاسییان هەیە، بەڵام جارێکی دیکەش نیشاندەری ئەو زوڵم و زۆر و زەختەن کە لە سەر ژنان هەیە و دیارە ئەو زۆردارییەش هیچ سنوورێکی نەتەوەیی ناناسێ. لە بەرنامەی ئەمجارەدا لەگەڵ هاوکارم نەجیبە قەرەداغی ئەو بابەتە تا و توێ دەکەین. دیارە بەڕێز قەرەداغی بێجگەلەوەی کە مێدیاکارێکی لەمێژینەیە، تێکۆشەرێکی مافی ژنانیشە و زۆر تەبیعی یە سەبارەت بەو بابەتە بکرێ بە یەکەوە بدویێن.

قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی بەڕێز قەرەداغی
قەرەداغی: سپاس
قازی: پێم خۆشە لەوەڕا دەست پێ بکەین. زۆر لە وانەیە بەشێکی زۆر لە تەماشاوانانی ئەم بەرنامەیە هەلومەرجی وڵاتێکی وەک ئەفغانستان تەعقیب نەکەن، ئەگەر دەکرێ لە سەرەتاوە بە کورتی باسی ئەو ڕووداوە بکەی کە فەرخوندەی تێدا کووژرا.
قەرەداغی: ئەڵبەتە بابەتێکی زۆر گرینگە، بۆچی؟ لە بەر ئەوەی هێندێک لەو ڕووداوانە بۆ نموونە کوشتنی فەرخوندە و هەر وەها ئەو ڕووداوەی مەهاباد لە بەرانبەر بە فەریناز و ڕووداوی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاتێک دەبێتە ڕۆژەڤ، کاتێک دەکەوێتە نێو ڕای گشتییەوە خەڵک قسەی لە سەر دەکا و خۆپیشاندان و چالاکی بەرفراوان هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەکیدا ئەنجام دەدا، کاتێک کە دەبێتە بابەتێک بۆ ڕای گشتی؛ واتە، قەڵەباڵغییەک دروست دەبێ، تەقینەوەیەک دروست دەبێ لەڕووی میدیاییەوە و جیهانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە و لە چوارچێوەی ئەوەدا کۆمەڵێک کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەوەدا. دیارە ئەمە چەند ڕووداوێکە کە ئەڵبەتە ئەوانە تاکە ڕووداو نین؛ بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا، بە هەزاران، بە دەیان هەزار ئەو توندو تیژیانەی کە بەرانبەر بە ژنان کراوە، بەڵام ئەوە بۆ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا جیاوازە، لە بەر ئەوەی کە دەنگی داوەتەوە، بووەتە ڕای گشتی، شەقامی وورووژاندووە. من دەمەوێ، ئەڵبەتە لە پێش ڕووداوەکەی فەرینازەوە، لە پێش ڕوداوەکەی مەهابادەوە ئەوەی فەرخوندە ڕووی دا و بوو بە بابەتێکی نێودەوڵەتی، نێونەتەوەیی و بابەتی ڕۆژەڤی ژنان، لەوەوە دەست پێ بکەین. بێگومان من دەمەوێ سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە تایبەتمەندی ئەفغانستان لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تایبەتمەندێکی جیاوازتری نییە، هەر ئەو وڵاتانە بۆ خۆیان لە ماوەی سەدەی بیستدا لە لایەن چەند دەستی جیاوازەوە داگیرکراون. ئەفغانستان بۆ خۆی یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە لە ساڵی ١٩١٩ گۆیا ڕزگاری بووە، واتە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند وەکوو دەوڵەتێک لە بەرانبەر بە هێزی بەریتانیا واتە لە بەرانبەر بە ئینتیدابی بەریتانی و لە قۆناغی ١٩٧٩وە لە لایەن یەکێتیی سۆڤییەتەوە داگیر کرا، لە ساڵی ٢٠٠١ بەدواوە بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکەی ١١ سێپتامبرەوە لە لایەن ئەمریکاوە داگیر کرا. واتە هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەفغانستان بووە جێگەیەک کە هەمیشە ململانێی هێزی نێودەوڵەتی تیدا هەبووە و هەم لە ئاستی ناوخۆییدا بوو بە جێگەیەک کە هێزی کۆنەپەرستی هەرێمەکە و جیهان بۆ ئەوێ بە کێش کران وەکوو چۆن ئێستا لە سووریا بابەتێکی زیندووە ئێمە دەی بینین کە هێزی گۆیا جیهادیستەکانی دنیا، ئەوەی کە لە لیتراتووری کوردیدا پێی دەگوترێ چەتە، لێی کۆ کرایەوە، کەس نکووڵی لەوە ناکا وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی دەستێکی باڵایان هەبووە لە وورووژاندی بار و دۆخەکە.

قازی: ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ پێش ئەوەی کە بێینە سەر لێکدانەوەی مەسەلەکە وەکوو فاکت ڕووداوەکە چۆن بوو؟ چونکوو لەوانەیە بەشێک لە بینەرانمان ئاگاداری مەسەلەکە نەبن.
قەرەداغی: لە نێو قسەکانی خۆمدا هەوڵ دەدەم ئەو لێکدانەوەیە تەواو بکەم بەڵام، وەکوو فاکت، ڕوداوەکە لەوەوە تەقییەوە کە مەلایەک لە مزگەوتی "دوو شمشیرە"ی کابول هاوار دەکا و دەڵێ ئەم ژنە قورئانی سووتاندووە و دەبێتە قەڵەباڵغی و ئیدی ڕووداوەکە لەوێوە دەست پێ دەکا و دەتەقێتەوە و فەرخوندە دوای لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بە زیندووی پاشان دوای ئەوەی کە دەیکووژن دەیسووتێنن، تەبعەن ئەوە لە دیمەنەکان لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا لە حاڵەتی جیاوازدا بڵاو بووەوە چونکە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، پێشکەوتنی ئامرازەکانی پێوەوندی ئەو تایبەتمەندییە باشەشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە لە هەمان سانییەدا ئەو دیمەنانەی کە دەگیرێ یەکسەر بڵاو دەبێتەوە و جیهان پێی دەزانێ. ڕووداوە لە ڕاستیدا لەوەوە دەست پێدەکات لە چوارچێوەی "سووتاندن"ی قورئاندا کە ئەمە لە ڕاستیدا لە دوای ئەوەیدا کە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێ، دوای ئەوەی کە لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکرێ کە لەوێ دەستیان هەبووە لە کوشتنی فەرخوندە و سووتاندنی فەرخوندە دەردەکەوێ کە ئەسڵ و ئەساسی نییە. کارەساتەکەش ئەوەیە کە ئەم ڕوداوە لە یەک کیلۆمیتری کۆشکی کۆماری، لە چەند سەد میتری ناوەندی پۆلیسەوە بە بەرچاوی هێزەکانی پۆلیسەوە ئەمە ڕوودەدا. 

قازی: لە ئەفغانستان دیارە وەزاڕەتی "حەج و ئەوقاف" هەیە کە بە سەر مەسەلەی ئایینی و شوێنی ئایینی ڕادەگا و بە پێی قسەیەکی کە من گوێم لێ بوو جێگری وەزیری ئەو وەزاڕەتخانەیە باسی ئەوەی دەکرد ژمارەیەکی زۆر لەو شوێنانەی کە شوێنی ئایینی و پاڕانەوەن لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئەوانە، ئەو کەسەی کە لە کوشتنی فەرخوندەدا دەستی باڵای هەبووە کەسێکی دۆعانووس، بەڵاگەردان بووە کە لە سەر ئەساسی خورافە کار دەکەن و تەنانەت زۆر لە پیاوانی ئایینی لە ئەفغانستان پێیان لەو مەسەلەیە ناوە و باسی دەکەن و تەنانەت لە قانوونی 'قەدەغەکردنی توندوتیژی بەدژی ژنان'یشدا ئەوە باس کراوە. ئەو جۆرە تەعویزنووسانە کاریان ئەوەیە سەری خەڵکی دەغافڵێنن، ئەو مەسەلەیەی کە فەرخوندە ویستبێتی خودای نەخواستە قورئان بسووتێنێ ئەسڵ و ئەساسی نییە. 
قەرەداغی: ڕاستە، ئەساسی نییە، مەسەلەکە لەوەوە دەست پێدەکا کە ئەم ژنە کە ژنێکی چالاکوان بووە و داوای لەو دۆعانووسە کردووە واز لەو کارە بێنێ، کۆتایی پێ بدا کە لە بن ناوی نوشتەنووسین و فرۆشتنی نوشتەدا ژنان هەڵبخەڵەتێنێ، بەڵام وەختێک مەلاکە وا تێ دەگا کە زۆریی بۆ دەهێنێ لەو مەسەلەیەدا کە کۆتایی بهێنێ بە نوشتە نووسی بۆ ژنان هاوار دەکا. ئێمە باش دەزانین لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا هەر بۆ خۆی قسەی فڵانکەس قورئانی سووتاند بەسە بۆ ئەوەی کە ببێتە مایەی هەرایەکی گەورە لە نێو ئەو کۆمەڵگایەدا. ئەمە لە ڕاستیدا، لە نێو کۆمەڵگای ئەفغانستاندا شتێکی نوێ نییە، ڕاستە ئەو ڕووداوە تەقینەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە، شتێکی نوێ نییە بە دەیان هەزار ڕووداوی هاوشێوەی ئەوەی فەرخوندە ڕووی داوە. ئێمە باش دەزانین وڵاتی ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەردەبارانی ژنی تێدا کراوە و توندوتیژی لە ئاستێکی یەکجار بڵیند دایە لە بەرانبەر بە ژنان بەڵام، بۆچی بە تایبەتی ئەمە بەرانبەر بە فەرخوندە کرا من بۆخۆم وەکوو کەسێک کە لێکۆڵینەوەم لە سەر بابەتەکە کردووە و تەنانەت ئەمن لە پڕۆگرامەکەی خۆمدا لە ستێرک تیڤی خانمێکی ئەفغانیم بانگ کرد و لە سەر ڕەوشی ژنان لە ئەفغانستان پرسیارم لێ کرد و لێکۆڵینەوەم کرد؛ لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەی ڕابردوودا و بەتایبەت لەو دو سێ ساڵەی دواییدا ئەفغانستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیەوە لە ڕووی پێش کەوتنی بزووتنەوەی ژنانەوە. جۆرێک لەو بزووتنەوە ژنانەیەی کە پێش ساڵەکانی ٧٠، بە تایبەتی لە ساڵەکانی ٧٩دا هەبووە لە چوارچێوەی ڕێکخستنی "ڕاوا" و لەم دواییەشدا لە گەشە کردنی پارتیی سیاسی و ڕێکخراوەی ژنان یان پارتیی سیاسی وەکوو پارتیی هەمبەستەگی، ئەمە کەشێکی نوێی لە ناو کۆمەڵگای ئەفغانستاندا دروست کردووە کە جۆرێک لە پێشکەوتنە، هەوڵدانێکە بۆ گۆڕینی هەم نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو کۆمەڵگادا و هەم دروستبوونی پارتیی سیاسی، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ لە ناو کۆمەڵگاکەدا. ئەمە توێژی کۆنەپەرستی نێو کۆمەڵگای ئەفغانستان وەک خەتەرێک دەبینێ بۆ خۆی و مەسەلەکان ئەساسەن لە مەسەلەی ڕووداوی کووژرانی فەرخوندەدا تەقییەوە. 
قازی: دیارە مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەم لە ئەفغانستان و هەم لە چوارچێوەی نێونەتەوەییدا هێندێک پەیماننامە هەن. دەزانین کە لە ساڵی ١٩٧٩ ڕێکخراوی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیماننامەیەکی پەسند کرد بە ناوی "پەیماننامەی لە ناوبردنی هەموو چەشنە هەڵاواردنێک بە دژی ژنان" و دوایە لە ساڵی ٢٠١١ شووڕای ئەوڕووپا لە کۆنفڕانسێکدا کە لە ئیستانبووڵ بەسترا پەیماننامەیەکی گەڵاڵە کرد و لە قانوونی بنچینەیی ئەفغانستانیشدا قانوونی قەدەغە کردنی توندوتیژی بە دژی ژن هەیە کە لە ٤٤ مادە پێک دێ. مەبەستم لێرەدا ئەوەیە ئەگەر لە چوارچێوەی قانووندا تەماشای بکەین ئەو پێشبینیانە کراون کە دەبێ توندوتیژی بە دژی ژنان بە کار نەهێندرێ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین ئاوا بە شێوەی وەحشیانە و دڕندانە ئەو مەسەلەیە هەر وا بەردەوامە، ئەگەر لە چوارچێوەی مەودای پەسندکرانی ئەو قانوونانەدا تەماشای بکەی هەتا مەسەلەی پەیدابوونی داعش و ڕفاندنی ئەو هەموو ژنە کوردە لە شنگال هەتا دێ مەسەلە و ڕەوشی ژنان زیاتر و زیاتر بەرەو خراپ و خراپتر دەڕوا.
قەرەداغی: دەزانی چۆنە لەو وڵاتانەدا، بە تایبەتی وڵاتێکی وەک ئەفغانستان دێمەوە سەر ووڵامی پرسیارەکەی یەکەم بۆ ئەوەی تەواوی بکەم، وڵاتێکی وەکوو ئەفغانستان وڵاتێکە کە دروستبوونی هێزی جیاوازی ئیسلامی لەوێ، لە بن ناوی ئیسلامدا هێزی ڕادیکاڵ ڕەتاندوویەتی، وای لێکردووە کە هەموو شیرازەی کۆمەڵگاکەی بە شێوەیەک لێک ترازاندووە لە بن ناوی ئیسلامدا. هەر هەوڵدانێکی ڕێکخراوەکانی ژنان، هەر هەوڵدانێکی چالاکوانێکی ژن لەو کۆمەڵگایە بە خەتەری بۆ سەرخۆیان دەبینن لەبەر ئەوە نە یاسا، نە دەستوورێک ئەگەر لە چوارچێوەی سەر کاغەزیش بێ نەیتوانیوە جڵەوی ئەم کۆنەپەرستییەی نێو کۆمەڵگا بکا واتە، گۆڕانکارییەکی جیدی و ڕیشەیی بەخۆیەوە نەبینیوە. لە نێو کۆمەڵگاکەدا ئەوەی کە پێی دەگوترێ دەستەڵاتی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەری بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا هەبێ. ئێمە بۆیە باسی ئەفغانستان دەکەین لە بەر ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە وڵاتانێکی وەک هەم عێڕاق، هەم ئێران، هەم تورکیا، هەم سووریا، بە باشووری کوردستانیشەوە یاسا چەند دەر بکرێ، چەند یاسا و ڕێسای نێو دەوڵەتی هەبێ یا جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ هەبێ بەڵام ئەگەر لە ناو کۆمەڵگادا زەمینەی پێکهێنانی ئەو یاسایانە نەبێ، ئەو یاسایانە هیچ دەرفەتێکی جێ بە جێ کردنیان نابێ. ئەگەر وا نەبێ بۆچی [هەبوونی یاسا] نەیتوانی پێش بە ڕوودانێکی وەک کووژرانی فەرخوندە یا پێش بە ڕوداوێکی وەک ئەوەی مەهاباد بگرێ. بە بۆچوونی من یاسا نەیتوانیوە هیچ بکا، یاسا چەند داش برێژرێ بەڵام نەیتوانیوە لەو کۆمەڵگایانە پێش بەو توندوتیژییە بگرێت کە هەناوی کۆمەڵگاکەی هەڵتەکاندووە. ئەوەی کە حوکم دەکا لەوێ ئەو نۆرمانەیە کە مەلاکان، یان ئەو نۆڕمانەیە کە کۆنەپەرستانی تالیبان دەست نیشانی دەکەن. واتە تەواوی ئەو سنوورانەیان بەزاندووە کە بۆ مافە تاکە کەسییەکان، ئازادە گشتییەکان لە ناو کۆمەڵگاکەدا لە هەموو چوارچێوەی نێونەتەوەییدا فەراهەم کراوە. ئەمانەیان هەموو تێپەڕاندووە. لە بەر ئەوە بۆ نموونە مەلایەک ئەو مافە بە خۆی دەدا بە تەنیا بە هاوارێک، هاوارێک بکا تەواوی ئەو خەڵکانە لە چوار چێوە پەیڤی قورئان سووتێنرا کۆ بکاتەوە و وەحشەتێکی بەو شێوەیە دروست بکا.

قازی: دیارە ئەو وەحشەتە بوو بە هۆی ئەوە کە ڕووداوەکە لەگەڵ ئەوەش ڕەهەندی دەرەوەیی هەبوو یانی چاپەمەنی دنیا باسی کرد تەنانەت لە تێلێڤیزیۆنی کوردیشدا چەند بەرنامە کرا لە سەر ئەو ڕووداوە، بەڵام لە ئەفغانستان خۆشی بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتییە سیاسییەکانی کە لە ئۆپۆزیسیۆن دان وەک ئەوەی ئێوە باستان کرد بۆ نموونە " حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان " بە ڕاستی زۆر ڕێئاکسیۆنیان نیشان دا و تەنانەت ئەوە بوو بە سەبەب کە هێندێک لە کار بەدستان لە سەر کارەکانیان لا بچن. جا ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ پێش ئەوەی باسی ڕووداوی مەهاباد و کووژرانی فەریناز خوسرەوانی بکەین کورتەیەکمان لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزۆنێکی ئەفغانستانی وەرگرتووە کە ئەویش دمەتەقەی جێگری وەزاڕەتی ئیتیلاعات و فەرهەنگی ئەفغانستانە لەگەڵ تێکۆشەرێکی مافی مرۆڤ و قسە وێژی پارتیی هەمبەستگی لە سەر ئەو ڕووداوە. تکایە ئەگەر دەکرێ هەواڵانمان ڤیدێئۆیەکە نیشان بدەن، پاشان هێندێک قسەی لە سەر دەکەین:

تێلێڤیزیۆنی تولووع، بەرنامەی "فەرا خەبەر"
جێگری وەزاڕەتی ئیتیلاعات و فەرهەنگ، سیمین غەزەل حەسەنزادە: ... ئەتۆ بە چی ڕا دەڵێی ئەمن لە ژووری گەرمدا بووم؟
نوێنەری پارتیی هەمبەستەگی ئەفغانستان، سیلەی غەففار: یا لە وەزاڕەتەکەت بووی، یا لە دەفتەرەکەت بووی، یا لە ماڵەکەت بووی بە مۆبایلەکەت یان هەرچییەکی کە لە بەر دەستتدا بووە لاپەڕەی فەیسبووکت کردووەتەوە، بەڵام ناچینە سەر ئەو قسەیە. مەبەستی من ئەوەیە کە ئینسانێک، کچێکی مەزلووم بە وەحشەتێکی ئاواوە لە نێو دەبردرێ و ئەتۆ باسی ئەوە دەکەی کە هەستت جووڵا بوو. ئەگەر بۆ خۆت لە دەوڵەت دای و باسی قانوون دەکەی...
سیمین حەسەنزادە: خانمی سیلە ئەگەر لێرەدا نووسرابایە کە بە ناوی دین بە شێوەیەکی ئاوا قێزەوەن ڕژاونەتە سەر کچێک، سەد لە سەد ئەمن ناکرێ ڕستەیەکی ئاوا بنووسم...
سیلەی غەففار: دەی با وای دانێین کارێکی ئاوای کرد بێ یانی سووکایەتی کرد بێ بە پیرۆزییەکانی ئیسلام ئایا ئێوە مافتان هەبوو بەو شێوەیە ببزوونەوە؟
سیمین حەسەنزادە: نا بەهیچ جۆر.
سیلەی غەففار: ئەمن کارم بە وەزاڕەت یان دەوڵەت نییە و هیچ نرخیان بۆ من نییە و نە باسی پلەو پایەی ئێوە دەکەم، ئەمن وەکوو ژنێک دەتکەمە بەردەنگی خۆم. کاتێک ئەتۆ باسی دەوڵەت و قانوون دەکەی، ڕێگە بدە با قانوون بڕیار بدا. شتێکی دیکەش کە گرێنگە، ئەتۆ گوتت داوای لێبوردنت کردوە لەوەی نووسیوتە. ئەتۆ بۆیە داوای لێبوردنت کرد چونکە کەوتییە ژێر گوشاری بیر و ڕای گشتی، بیرو ڕای گشتی خەڵک بووە هۆی ئەوە، کاتێک دیتت لە فەیس بووک و لە کووچە و کۆڵاناندا خەڵک ڕژاونەتە دەرێ، خۆڕاگری و خەبات و ملەی خەڵکت بینی و پڕۆتێستی خەڵکت دی تەریق بوویەوە، هەر بۆیەش داوای لێ بوردنت کرد، ئەگەر بەڕاستی هەست بە شەرم دەکەی و لەو کارەی کردووتە پاشگەز بوویتەوە و بە ڕاستی داوای لێ بووردنت کردووە، تکایە لە سەر کار لابچۆ و ئیستقالە بدە، هەر ئێستا و هەر لەم تێلێڤیزۆنی تلووعەوە ئەوە ڕابگەیێنە. خۆت لە پلەو پایەکەت بکشێنەوە..
پێشکێشکاری بەرنامە: ئیزن بدە خانمی غەففار
سیلەی غەففار: داوای لێ بووردنەکەت لەبەر ئەوە بوو پلەو پایەکەت بپارێزی، داوای لێ بووردنەکەت لە بەر ئەوە بوو بتوانی لە سەر کورسییەکەت پاڵی لێ بدەیەوە.
سیمین حەسەنزادە : بە چ بەڵگەیەک ئەوە دەسەلمێنی خانمی سیلەی کە هاواری مافی مرۆڤ و هاواری پشتیوانی لە مافی ژن و ئینسانییەت دەکەی؟ بە پێی چ بەڵگەیەک دەیسەلمێنی کە داوای لێبوردن کردنی من لەبەر ئەوە بووە کە جێی خۆم لە دەستەڵاتدا بپارێزم. 
سیلەی غەففار: ئەگەر ئەوە نییە ئیستیقالە بکە!

قازی: ئەوە موناقەشەیەک بوو لە نێوان خانمی سیمین حەسەنزادە کە موعین (جێگر)ی وەزاڕەتی ئیتیلاعات و فەرهەنگی ئەفغانستان بووە لەگەڵ ئەو خانمە تێکۆشەرەی قسە وێژی پارتیی هەمبەستەگی ئەفغانستان...
قەرەداغی: ئەڵبەتە ئەو سیمین خانمە لە سەر کارەکەی لا بردراوە

قازی: ئەوەی کە ناوی "سیلەی غەففار"ە. پێی دەڵێ ئەتۆ کە کاربەدەستێکی و دەبوو لە بەرانبەر ڕوداوێکی ئاوادا تووشی هەیجان نەبی و هەستت نەکوڵێ. ئەو خانمی حەسەنزادەیە وەختێک ئەو خەبەرە دەبیسێ لە فەیسبووکدا پەیامێک دەنوسێ و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێ پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر فەرخوندە دەکا، جا لەو بەشەی ڤیدێئۆیەکەدا کە دیتمان خانمی غەففار پێی دەڵێ ئەگەر تۆ ڕاست دەکەی و لە نووسینەکەت پەشیمانی دەبێ هەر ئێستا ئیستیقالە بکەی و هەرچۆنێک بێ لێی لەقاو دەدا. و وەکوو ئێوەش باستان کرد دوایە لە کۆبوونەوەی شووڕای ئەمنییەتی میللی ئەفغانستاندا سەرۆک کۆمار فەرمان دەدا ئەو خانمە لە سەر کارەکەی لابچێ کە بە زمانی دەری لە ئەفغاستان دەڵێن " سەبوک دووش " بکرێ یانی شانی سووک بکرێ. هەرچۆنێک بێ لە سەر کارەکەی نەماوە. مەسەلەیەکی دیکەش سەبارەت بەم وێنەیەی کە دەیبینین، دیارە دوای ماوەیەک زۆربەی ئەوانەی لەو کارەدا دەستیان هەبووە دادگایی کران، ٤ کەس لەوانە حوکمی ئێعدامیان دراوە، ٨ کەس بە ١٦ ساڵ زیندان حوکم دراون و ١٦ کەسیش بە تەواوی تەبرەئە کراون و بەردراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قسەوێژانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە گوێرەی ئەوەی کە لە چاپەمەنی و مێدیای ئەفغانستاندا هاتووە لەو بڕیارانە ڕازی نین، دەڵێن ئەوە زۆر بە پەلە کراوە و پێیان وایە کە ئەو تاوانبارانە بە تەنێ نین بەڵکوو پشتیوانی زۆر گەورەتریان هەیە...
قەرەداغی: لە ناو دەوڵەتدا


قازی: لە ناو دەوڵەتدا کە دەبێ ئەوانەش بکێشرێنە بەردەم دادگە. فەرموو ئەگەر بۆچوونێکت هەیە لەو بارەیەوە با دوای ئەوە بچینە سەر مەسەلەی فەریناز!
قەرەداغی: لە ڕاستیدا دادگاییکردنی ئەوانەی کە ئەو دڕندایەتیان بەرانبەر بە فەرخوندە ئەنجامدا بە تەنیا ناتوانێ ببێتە چارەسەری. ئێمە دەزانین سیستمی ئەو دەوڵەتانە، سیستمی نادێمۆکراتیکە، هەم گیرۆدەی کولتووری داگیرکاری دەرەوە بوون و هەم لە نێو خۆیاندا، لە نێو ئەو دەوڵەتانەدا سیستمێکی دێمۆکراتی نییە. ئەوەی کە ئەو دیالۆگە لە نێو ئەو دوو خانمە لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی تلووع ی ئەفغانستانییەوە بەڕێوە چووە ئەوە لە ئەساسدا شەڕی دوو زیهنییەتە. زیهنییەتێک کە تاکەکانی کردووەتە داردەستی خۆی و دەوڵەت بە دەست ئەو تاکانەدا سیستمەکەی خۆی بەڕێوە دەبا بەتایبەتی ئەوەی کە سیمین غەزەل حەسەنزادە بەڕێوەی دەبا، ژنە بەڵام نوێنەرایەتی سیستمی دەوڵەت دەکا. نوێنەرایەتی پیاوسالاری دەوڵەت دەکا، لە لایەکی دیکە لە بەرانبەر زیهنییەتێک شەڕێتی کە لە راستیدا دەیەوێ ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە ناو کۆمەڵدا هەیە، لە سەر بنەمای سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان، مافی منداڵان، مافی گەنجان و لە سەر بنەمای زۆرینەیەکی ڕەهای دیکتاتۆری دامەزراوە، دەیەوێ ئەو هاو سەنگییە ڕاست ببێتەوە. کە واتە ئەوەی هەیە بە ئێعدام کردنی چوار کەس یا بە سزای گران بۆ ٨ کەس ڕاست نابێتەوە. ڕاستە ئەوە هەنگاوی یەکەمە. من بۆ خۆم وەکوو کەس هیچ کاتێک لە گەڵ ئێعدامکردنی کەسەکاندا نیم ئەوەی کە پێویستە ئێعدام بکرێ، ئەوەی کە پێویستە لە ناو کۆمەڵگەدا وەکوو چەمک بکووژرێ ئەو زیهنییەتە پیاو سالارییە کە لە نێو کۆمەڵگا لە هەموو شوێنێکدا هەیە؛ لە نێو خێزاندا هەیە، لە جێگەی کاردا هەیە، لە نێو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە، لە هەموو جێگایەکدا هەیە ئەو زیهنییەتە. لەبەر ئەوە ئەوەی کە دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ و کاری لە سەر بکرێ ئەو زیهنییەتەیە، هەر ئەو زیهنییەتەیە کە ئێمە لە ڕووداوەکەی مەهاباددا دەیبینین.

قازی: جا ئێستا با بێینەوە سەر ئەو ڕووداوەی کە لە مەهاباد هاتە پێشێ. لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە ڕووی شێوەی جووڵانەوەی کاربەدەستان لە ئاست ئەو مەسەلەیە، ئەگەر بەراوەردی بکەین لە گەڵ ئەوەی کە لە مەڕ کووژرانی فەرخوندە لە ئەفغانستان هەبووە. لە ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە بەر کەمتەرخەمی گیراون، ئەو پۆلیسانەی کە شاهیدی ئەو حادیسەیە بوون لە حاڵێکدا لە مەهاباد دوای کووژران یا خۆکوشتنی – دیارە ئەوەش ناڕوونە لە مەڕ فەریناز-، بەڵام بە هەر شێوەیەک بووبێ فەریناز قوربانی ڕوداوەکەیە. یانی ئەگەر ئێمە هیچ شتێکیشمان لە دەستدا نەبێ، ئەگەر کابرای کە بەوە تاوانبار کراوە کە پێوەندییان هەبووە یان ئەو چووە بیبینێ، ئەمنییەتی بێ، نەبێ، سەر بە ڕێژیم بێ، نەبێ هەرچییەکی بێ لەو چوارچێوەیەدا قوربانییە ئەساسییەکە ئی زێهنییەتێکە کە زێهنییەتێکی کۆنەپەرستانەی دژی ژنە. بەڵام لێرەدا جیاوازییەک هەیە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە ئەفغانستان دەستبەجێ لە بەرنامەی تێلێڤیزۆنیدا – وەک ئەوەی دیتمان – بە کراوەیی، تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر گەورەترین کاربەدەستانی ئەمنییەتی یان پایەبەرزانی دەوڵەتی قسە دەکرێ. خەباتکارێکی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی یان ئەندامێکی پارتییەکی سیاسی دێ قسە دەکا. لە کاتێکدا ئەوەی کە لە مەهاباد بووە لە ڕۆژی یەکشەمە ١٣ی بانەمەڕ کە ئەو حادیسەیە ڕووی داوە و ئەو خانمە لەناو چووە و ژیانی لە دەست داوە هەتا پێنجشەمە ١٧ی بانەمەڕ کە کاردانەوە نیشان دراوە بە سووتاندنی هۆتێلی تارا کاربەدەستان کەمتا زۆر بێدەنگ بوون. دوایەش کە بێدەنگی شکاوە لە لایەن یەکێک لە کاربەدەستانی ئوستانداریی ورمێ ڕا ویستوویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان بابەتەکە پاساو بدەن و شانەی مەسەلەکەش لە سەری قوربانی دا بشکێنن. گوتوویانە ئەگەر ئێمە هێندێک شت ڕوون کەینەوە ئەوە دەبێتە چوونە ناو شتی خسووسی. یانی چی ئەو قسانە؟ چۆنی لێک دەدەیەوە؟
قەرەداغی: لە ڕاستیدا ڕوانگەی جیاواز هەیە بۆ مەسەلەی مەهاباد. ئەمن بۆ خۆم لە کەسی "فەریناز"دا بە قوربانی کردنی کۆمەڵگایەک دەبینم. ئەڵبەتە ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە، لە شاری مەهاباد ڕووی داوە ئەمە حادیسەی یەکەم نییە، ئەمە ڕووداوی یەکەم نییە. دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا تێدەکۆشێ، ڕووداوی هاوشێوە، پلان داڕێژراو کراوە. بۆ نموونە هیچ مافێک بە تاکەکان نادا، لە چوارچێوەی خۆ پاراستنیشدا ئەو مافە بە کەسەکان نادا. دەوڵەتی ئێران سیستماتیک ئەم کارەی کردووە. باشە بابڵێین ئەوە لە کوردستان رووی داوە. لە ساڵی ڕابردوودا "ڕیحانە جەبباری" لە لایەن ئەندامێکی دەستگای ئیتیلاعاتەوە حەولی دەستدرێژی کردنە سەری درابوو بەڵام ڕیحانە جەبباری بۆ خۆ پاراستن دەستدرێژکار دەکووژێ. دەوڵەت تەنانەت ئەو مافی خۆ پاراستنە بە ژنان نادا. لە هەمان ساڵدا ڕووداوی مەرگی گومناوی "شەیدا حاتەمی" و زۆر ڕوداوی دیکە قەومان. من چەند ناوی دیکەم لە لایە کە لە قۆناغی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە تایبەتی و جێی دی بووە. لە زانکۆی هەمەدان ڕووداوی "سەحەر چوویینی" هەیە، لە هەمان کاتدا ڕووداوی کوشتنی "شیلان" هەیە، وەک گوتم ڕووداوی کوشتنی گومناوی "شەیدا حاتەمی" هەیە، ئەمانە بەر لە مەسەلەی فەریناز ڕوویان داوە. لە قۆناغی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێران ئەوەی کە لانی کەمی لە ئەفغانستان، لە مێدیاکانی ئەفغانستاندا کراوە وەکوو کاردانەوە بەڕانبەر بە کوشتنەکەی فەرخوندە کراوە، لە ئێران لە ڕاستییدا دەوڵەت بۆخۆی پچووکترین شتی نەکردووە. نایکا، لەبەر ئەوەی کارەکەی ئەوەیە، کاری دەوڵەت دەستدرێژکارییە، کوشتنە، بڕینە، ئاسیمیلە کردنە. ئەمن بەڕاستی وەکوو ڕۆژنامەوانێک شتەکە بابەتییانە ئاوا دەبینم. کاری دەوڵەت لە کوردستان لە کەسی "فەریناز"دا کوشتنی کۆمەلگایەکە، داگیرکردنی جەستەیی کۆمەڵگایەکە.لە خودی "فەریناز"دا دەرس دانە بە کۆمەڵگای کورد کە دەبێ بێ دەنگ بێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا ئێمە شاهیدی چەندین خۆ پیشاندانی گەورە بووین بۆ داکۆکی کردن لە "کۆبانێ" ئەمە لە ئەفغانستانیش ڕووی دا، جگە لە کابول لە ٧ ئەیالەتی ئەفغانستان لە یەک کاتدا گەل هەستایە سەر پێ بۆ پشتگیریی کردن لە کۆبانی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە بوو. دەوڵەت ئەمە هەزم ناکا، دەوڵەت ئەمەی پێ قەبووڵ ناکرێ، دەوڵەت ئەوە وەکوو خەتەرییەک دەبینێ. ئەو دەڵێ وەختێک ئێمە ڕێگایان دەدەین دەبێ تەنیا پەیامەکانی پشتگیریی لە کۆبانی ڕوویەکی دەرەوەییان هەبێ، بەڵام کۆمەڵگا لە هەمان کاتدا کە دەڕژێتە سەر جادە پشتگیریی لە کۆبانی دەکا ڕوویەکی تری ئەم مەسەلەیە هەیە؛ خەڵک لە کۆبانێدا داکۆکی لە مافەکانی خۆی دەکا. بەڵام دەوڵەت لە ڕووداوی فەرینازدا دەیەوێ کۆمەڵگا بەوە تەنبێ بکا، دەڵێ من جەستەشت داگیر دەکەم، دەتکوژم، مافی ژیانیشت پێ نادەم و لە قاتی چوارەمەوە فڕێی دەداتە خوارەوە. ئەمە پەیامێکە بە کۆمەڵگا بەڵام کۆمەڵگا...

قازی: باشە لەو مەسەلەیەدا ئێمە ئەگەر باسی زێهنییەت بکەین یانی ئەو مێنتالیتییەی کە سەبارەت بە ژن هەیە بە تایبەتی. یانی پێت وایە ئەگەر ئەو مەسەلەیە بۆ پیاوێک ڕووی دابا، یانی پیاوێک بەو شێوەیە ڕەفتاری لەگەڵ کرا با ڕێئاکسیۆنی کۆمەڵانی خەڵک هەر ئەوە دەبوو؟ مەبەست لەم پرسە ئەوەیە؛ دووشت هەیە لایەنێکی ئەوەیە کە زوڵم و زۆرێکی نەتەوەیی هەیە، ئازادیی بەیان نییە، ئەگەر بەراوەردی بکەین لەگەڵ ئەفغانستان. لە ئەفغانستان ڕەنگە لێ بوونی هێزی دەرەوەیی، و لە لایەکی دیکە ڕا گوشاری تالیبان زەمینەی ئەوەی خۆش کرد بێ کە فەزایەک هەبێ خەڵک قسە بکەن وەکوو دیتمان لە مەڕ مەسەلەی ڕووداوی کووژرانی فەرخوندە. بەڵام ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. ئەوەی کە باست کرد سەبارەت بە سیاسەتی ڕێژیم بەرانبەر بە کورد بە گشتی و بەرانبەر بە ئازادیی مەدەنی و ئەو شتانەی کە ڕووی داوە لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان، ئەوانە هەموو بە جێگای خۆی، بەڵام گەلۆ ئەو مێنتالیتەیە مێنتالیتەیەکی گشتی نییە؟ لە نێو ئۆپۆزیسیۆنەکەشدا هەر وا نییە؟ چونکە ئۆپۆزیسیۆنەکە ئەوەی بۆ گرینگە دەڵێ کابرای کە ئەو ئیتیهامەی لەسەرە عونسورێکی ئەمنییەتی یە، یانی ئەگەر عونسورێکی ئەمنییەتی نەبێ غەیری ئەمنییەتی بێ، کابرایەک بێ کە وەکوو باس دەکرێ ڕاوێژکار بێ بۆ کاری هۆتێلداری چ فەرق دەکا لە ئەسڵی مەسەلەکەدا؟ ژنێک فیدا بووە، ژنێک قوربانی بووە، ژنێک ئەگەر لە ڕوانگەی سونەتی، نەریتی ڕا تەماشا بکرێ لەوانەیە جۆڕێکی دیکە باسی بکرێ. مەبەستم ئەوەیە.
قەرەداغی: لە ڕاستیدا لە ئێران ڕووداوێکی ئاوا ئەوەندە فرەڕەهەندە ئەگەر مرۆڤ باسی بکا، بە تەنیا مەسەلەکە مەسەلەیەکی جێندری نییە کە ژنێکە لە ڕوانگەی نامووس پەرستییەوە، ئەم ژنە دەستدرێژی کراوەتە سەری بۆیە ئەو پیاوانە هێرشیان کردووەتە سەر ئەم هۆتێلە. ئەوە لە وانەیە لە روانگەی هێندێک کەسەوە وەکوو دەستدرێژی کردن بۆ سەر ئەوەی کە پێی دەڵێن " نامووس" ببیندرێ و لەو چوارچێوەیەدا دیفاعی لە مەسەلەکە کرد بێ. بەڵام لە گشت مەسەلەکەدا مەسەلە بە تەنیا ئەوە نییە. دەوڵەتی ئێران لە زیندانەکاندا دەستدرێژی دەکاتە سەر پیاوەکانیش. یانی دەوڵەتێکی ئاوایە. لە بەر ئەوە ئەمن لە مەسەلەی فەرینازدا یەکەم لە چوار چێوەی ژنێکدا دەیبینم، لە چوارچێوەی کورددا دەیبینم، ئەوەی کە پێیان وا بووە فەریناز کرێکار بووە لە هۆتێلەکە لە چوار چێوەی پێشێلکردنی مافی کرێکارێکدا دەیبینم. تۆ لە کام گۆشەیەوە لێی دەڕوانی لەوێ پێشێلکاری هەیە و لە خودی فەرینازدا دەستدرێژی کردن بۆ سەر کۆمەڵگایەک هەیە. دەستدرێژی کردن نە بە مانای نامووسی، دەستدرێژی کردن بۆ سەر مافە سیاسییەکان، بۆ سەر مافە کۆمەڵایەتییەکان، مافە ئابوورییەکان. هەموو ئەو مافانەی کە کۆمەڵگا دەبێ هەیبێ، مافی فەردی، تەنانەت مافە گشتییەکان ئەوەی کە دەبێ لە کۆمەڵگایەکدا هەبێ، سەرەتاییترین مافەکانی کە دەبێ کۆمەڵگا هەیبێ. لەبەر ئەوە ئەم ڕووداوەی فەریناز بە بۆچوونی من ڕووداوێکی فرە ڕەهەندە چونکە کۆمەڵێک پرسیار گرینگە ئێمە لە خۆمانی بکەین بە تایبەتی لە مەهاباددا؛ مەهاباد ڕەمزە بۆ گەلی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شارێکە کە ڕەمزی پایتەختی سیاسی کوردە، ئەوێ واری پێشەوا قازیی محەمەدە. ئەمن وەک کەسێکی ڕۆژنامەوان و ژنێکی کورد وای دەبینم. مەهاباد لە گەڵ ئەوەی کە سەمبولێکی سیاسییە، ناوەندێکی گرینگی سیاسی گەلی کوردە، لە بەر ئەوە بە دەیان جار گوزارەیە بۆ ناوەندێکی گرینگ بۆ گەلی کورد. لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار گرینگن مرۆڤ بیان ورووژێنێ: بۆ مەهاباد؟ بۆ بەرانبەر بە ژنێک؟ ئیشی ئوتێلێکی ٥ ئەستێرە لە شارێکی وەکوو مەهاباددا کە نیوە و سەرووی خەڵکەکەی هەژارن ئۆتێلێکی ٥ ئەستێرە چی دەکا لە شارێکی وەک ئەوەدا؟ ئەگەر هەش بێ ئایا بێجگەلە کەسانی دەوڵەمەندی کورد، بێجگەلە کەسانی دەوڵەمەندی سەر بە ڕژێم، سەر بە دەوڵەت و ئیتیلاعات کەسێکی تر بۆی هەیە، دەوڵەمەندێکی کورد بۆی هەیە ئوتێلێکی هەبێ و چۆن بییەوێ سەرمایەگوزاری لەو جێگایانە بکا؟ نەخێر، من پێم وا نییە. تەواوی ئەو شتانە لە چوارچێوەی سیستمێکی دەوڵەتیدا خۆی دەردەخا.

قازی: باشە ئەتۆ زیاتر دەچییەوە سەر مەسەلەی دەوڵەت. دیارە ئەوە وا بزانم بۆ زۆربەی بینەرانیشمان ڕوونە بەڵام مەسەلەیەکی کە باست کرد و پێم خۆش بوو ئەو مەسەلەیە زیاتر شی بکەیەوە ئەویش مەسەلەی زێهنییەتە. یانی مەبەستی من ئەوەیە پرسم ئەو زێهنییەتە بە بۆچوونی جەنابت بە چ شێوەیەک دەگۆڕدرێ؟ باسی ئەوەمان کرد کە قانوون و کۆنوانسیۆن و چوارچێوەی نێونەتەویی هەن و ئەو جێگایانەش دەگرنەوە کە بەشێک لە کوردستانی تێ کەوتووە. سەبارەت بە ئێران، بزووتنەوەی ژنان لە ئێران پێشینەیەکی هەیە، بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان پێشینەیەکی هەیە بەڵام هەتاکوو ئێستا ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لە بنچینەوە دەبێ بکرێ یانی ئاڵوگۆڕی ڕوانگەی لەمەر ئەو دوو جێندرە لە بەرانبەر یەکتریدا، نیسبەت بە ژنان و کچان بە تایبەتی نەکراوە، پێت وایە ئەوە لە کوێ ڕا دەبێ دەست پێبکا بۆ ئەوەی کە گۆڕانێکی جیدی دروست ببێ؟ یانی ئەوە هەر دەبێ ببەسترێتەوە بە ئاڵوگۆڕ لە ڕێژیمی سیاسیدا؟ بەڕێزت چۆنی دەبینی؟
قەرەداغی: خۆی لە ڕاستیدا ئێمە کە باسی دەوڵەت دەکەین بە تەنیا باسی ئەوە ناکەین کە لە دەمووچاوی خامەنەیی یان ئەحمەدی نەژاد یان ڕووحانی و ئەمانەدا ببینین یان دامودەزگاکانیان کە کوردستانیان میلیتاریزە کردووە. تەنیا مەبەست ئەوە نییە. ئەوە زێهنییەتێکە لە ئاستێکی زۆر قەبەدا مرۆڤ دەتوانی بیبینێ بەڵام، لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم زێهنییەتە لە جێگەی جیاواز، لە کایەی جیاوازدا مرۆڤ دەتوانێ بیبینێ. بۆ نموونە دوانەی خێزان و دەوڵەت دوو دوانەن کە زۆر پەیوەست بە یەکترییەوە کار دەکەن. واتە ئەو عەقڵییەتەی کە لە ناو خێزاندا هەیە، لە نێو بنەماڵەدا هەیە جیاواز نییە لەو عەقڵییەتەی کە دەوڵەت بە ڕێوەی دەبا. ئەمانە یەکتری ئاو دەدەن، لە سەر یەکتری بە خێو دەبن، لە سەر یەکتری خۆیان دەژێنن. ئەم عەقڵییەتەی کە بە گشتی لە ناو کۆمەڵگادا هەیە بەتایبەتی لە خێزاندا پێویستە ئەو عەقڵییەتە گۆڕانکاری بە سەردا بێ بە بۆچوونی من. ئەم عەقڵییەتە لەوانەیە لە قەبەترین کاردانەوەدا، ئەو کاردانەوەیە بوو کە خەڵک بەرانبەر بە هۆتێل تارا نیشانیان دا. من بۆ خۆم سووتانی ئۆتێلەکە بە سووتانی ئەو عەقڵییەتەی دەوڵەت دەبینم کە لەوێ دەیویست لە نێو گۆمەڵگادا بیچەسپێنێ، بییەوێ لەوێ حاکمییەتی خۆی دروست بکا. بەڵام ئەو عەقڵییەتەی کە دەبێ لە نێو کۆمەڵگادا، لە نێو عەقڵییەتی ئینسانەکاندا بسووتێندرێ هەیە. 

قازی: ئەو عەقڵییەتە چۆن دەگۆڕدرێ؟
قەرەداغی: ئەو عەقڵییەتە بە بۆچوونی من بەخۆ ڕێکخستن کردن دەگۆڕێ. ئەو عەقڵییەتە تازەیە پێویستی بە خۆ بە ڕێکخستن کردنە. پێویستیی بە چالاکییە. پێویستیی بەوەیە کە ژن بگاتە ئەو باوەڕییەی کە لەو سیستمە خۆی دابڕێنێ. من کە دەڵێم دابڕان مەبەستم دابڕانی جوگرافی نییە کە تۆ لە شارەکە بێیە دەرەوە، یان لە گوندەکە بێیە دەرەوە، یا لە خێزانەکە بێیە دەرەوە دەتوانی ئەو گۆڕانکارییە بکەی. ئەوە دەتوانێ گۆڕانکاری نیسبی دروست بکا بەڵام مەبەستم دابڕانە لەو زیهنییەتە کە دەوڵەت پایەکانی خۆی لە سەر دروست کردووە. واتە ئیعتیماد کردن لە سەر شتی دەوڵەت. پێت وا بێ دەوڵەت مەسەلەکە چارەسەر دەکا. پێت وابێ کە دەوڵەت بە یاساکانی بە دوای ئەم مەسەلەیەدا دەچێ. بە بۆچوونی من بە تایبەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا هەیە، کە من ئەو شتە دەڵێم هیوادارم بینەر وا تێ نەگا کە من دەمەوێ ئامۆژگاری ژنان بکەم کە چی بکەن...

قازی: بۆچوونی خۆت دەڵێی
قەرەداغی: ئەوە کۆمەڵگایە کە بڕیار دەدا چۆن خۆی بە ڕێکخستن بکا. بەڵام من کە ئەو قسەیە دەکەم مانای ئەوە نییە کە ژنان لە سیفرەوە دەست پێ دەکەن بە پێچەوانەوە تێکۆشانێکی بەرفراوانی ژنان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت هێزی سەربازی ڕێکخراوە کردنی ژنان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی هێزەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە چوارچێوەی سیستمێکدا کە هەم کایەی پەروەردە کردنی ژنانی هەیە، هەم کایەی خۆ ڕێکخستن کردنی هەیە لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەوە و کایەیەکی چالاکی هەیە واتە ژنان لە دەرەوەی کوردستان و لە ناوخۆی کوردستان بێدەنگ نەبوون لە ئاست ئەم ناحەقییانەی کە بەرانبەریان دەکرێ...

قازی: یانی پێت وا هەیە کە ژنان وەک لە ئەفغانستان دیتمان بۆ نموونە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی فەرخوندەدا دیارە ئەو تەجروبەیە لە وڵاتی دیکەشدا هەبووە، بە تایبەتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردلە ڕۆژئاوای کوردستان دیتوومانە وەختایەک کە گریلایەکی ژن ژیانی لە دەست داوە زۆر جار دیتوومانە ژنان دەچن تابووتەکەی هەڵدەگرن. لە تورکیاش نموونەی ئاوا هەبووە. بەڵام ئەوە لە ئەفغانستان نەریت شکاندنێکی زۆر تایبەتی بوو لە کاتی ناشتنی فەرخوندەدا ژنان تابووتەکەیان هەڵگرت. پێت وا هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئێستا بە تایبەتی لە سەر ئەوێ قسە دەکەین ژنان لە مەسەلەی فەرینازدا غاییب نەبوون؟ چونکە ئەگەر تەماشای ئەو وێنە و دیمەنانە بکەین کە لە تۆڕە کۆمەڵییەکاندا بڵاو بوونەوە، دیارە مەبەستم لە خودی مەهابادە، دواتر دیارە لە شارەکانی دیدا کە خۆپیشاندان و چالاکی کرا ژنان بەشدار بوون. پێت وا هەیە بۆ سازکردنی گۆڕانکاری ژنان بۆخۆیان دەبێ دەستپێشخەری سەرەکی بکەن یان چۆنی دەبینی؟
قەرەداغی: ئەو گۆڕانکارییە بە بۆچوونی من لە خودی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گۆڕانکارییەکە کە ڕووبەڕووی هەموو کەسێکە هەموو چین و توێژەکان. لە مناڵێکی ٧ ساڵەوە بیگرە هەتا بە ساڵاچوویەکی ٧٠ ساڵی، لە ژنەوە بگرە هەتا گەنج ئەرکی هەموو کەسێکە. بەڵام، بە بۆچوونی من ژنان چەند پێشەنگی ئەو گۆڕانکارییە بکەن ئەوەندە دەتوانن بەڕاستی گۆڕانکارییەکان بکەنە ڕیشەیی. گۆڕانکارییەکان بکەنە ڕیشەیی وەک ئەوەی کە لە مەهاباددا هەیە. بە بۆچوونی من لە مەهاباددا بزووتنەوەیەکی ژنانەی زۆر جیدی هەیە کە دەتوانێ دڵخۆشکەر بێ بۆ ئەو قۆناغەی تێیداین.

قازی: ببوورە بەڕێز قەرەداغی، وەختمان زۆر کەم ماوە. چەند خاڵێکی دیکەش هەبوو پێم خۆش بوو باسی بکەین. یەک لەوانە چەواشەکاری چاپەمەنی، مێدیا لە وەختی ئاوا دایە. نموونەیەکی ئاوا لە تێلێڤیزیۆنێک ڕووی دا بوو لە باشووری کوردستان. پێم خۆش بوو باسی ئەو مەسەلەیش بکەی و دووەمیش مەسەلەی ئێفێکتی کۆبانێ لەو بارەیەوە چۆن دەبینی؟ چونکە ئێمە دیتمان بە دوای ڕووداوی مەهاباددا لە کۆبانێ دەستبەجێ کاربەدەستانی هەرە گەورەی بەڕێوەبەری هەموو دروشمیان هەڵگرتبوو، دیارە بە زمانی عەڕەبی بوو و لە سەریان نووسرا بوو. "هەموومان مەهابادین" و "مەهاباد دڵی کوردستان"ە ! ئەوانە چۆن لێک دەدەیەوە. وەختمان زۆر نییە بە داخەوە.
قەرەداغی: بە بۆچوونی من چەواشەکردنی هەواڵەکە زۆر کاریگەری نەبوو. ڕاستە هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی کە تەواوی خودی ڕووداوەکە چەواشە بکرێ وا نەبوو. ئەو دیمەنانەی کە بڵاویان کردەوە گۆیا فەریناز لەگەڵ خودی ئەو کەسەی کە دەستدرێژی کردووەتە سەری و بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ڕادەستی نەبێ و خۆ کوشتن هەڵبژێرێ. ئەسڵ و ئەساسی نەبوو ئەو دیمەنانەی کە بڵاو کرانەوە. هەر کەسێک دەتوانێ ئەو دیمەنانە بۆ جێگایەکی تریش دروست بکا.ئەوە زۆر کاریگەری نەبوو بە بۆچوونی من.
 

قازی: ئەمن باسی کاناڵێکی تێلێڤیزۆنی دەکەم کە بە زمان برایەکەی فەرینازەوە قسەیەکی کرد بوو.
قەرەداغی: برایەکەی ئەوەی ڕەد کردەوە. پێم وایە لە تێلێڤیزۆنی کورد کاناڵەوە. ئەوەی ڕەد کردەوە کە شتێکی ئاوای نەگوتووە و بە زمان ئەوەوە ئەوان هەواڵێکی وایان بڵاو کردووەتەوە.
 
قازی: بە زمان وییەوە هەڵیان بەستووە.
قەرەداغی: هەڵیان بەستووە، لە بەر ئەوە دەڵێم کاریگەری نەبووە. تا ئێستا کاردانەوەکان تەواوی سێبەری خۆیاندا بە سەر ئەو چەواشەکارییەیدا کە هەوڵ درا بکرێ. خاوەن دەرکەوتنی گەلی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان جۆرێکە لە پەیامێکی دوو لایەنە بە یەکتری. یانی ئەوەی کە بەڕاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانەکاندا داکۆکی لە کۆبانی کرد وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی و مەسەلەیەکی خۆیی، بە مەسەلەی خۆی زانی لە هەمان کاتدا ڕۆژئاوای کوردستان یەکێک بوو لەو مەیدانانەی کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا هەر سێ کانتۆنی کۆبانی و جزیرە و عەفرین داکۆکییان لە فەریناز کرد و هەتا ئێستاش چالاکی دەکرێ. لەبەر ئەوەی ئەوان یانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان مەسەلەی فەریناز بە مەسەلەی خۆیان دەزانن چونکە ئەوان ڕووبەڕووی زیهنییەتێکی شەڕ بوونەتەوە و شەڕ لە گەڵ زێهنییەتێکدا دەکەن کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. ئەوان چەندین جار لە لێدوانەکانی خۆیاندا دەڵێن ئەو زێهنییەتەی کە فەرینازی کوشت هەمان زێهنییەتە کە بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ دەکا. لەبەر ئەوە هەم لە باکووری کوردستان، هەم لە باشووری کوردستان داکۆکییەکی بەرفراوان کرا لە فەریناز و بە مەسەلەی خۆیان زانی. بەڵام من دەمەوێ لێرەدا ئەم بەرنامەیە وەک دەرفەتێک ببینم کە بە داخەوە ئەوەی کە وەکوو تابوو لە ئەفغانستان شکا بە داخەوە ئەوە کەلکی لێ وەرنەگیراوە لە باشووری کوردستاندا. لە باشووری کوردستاندا لە ساڵی ١٩٩١ وە هەتا ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی بیست هەزار ژن ژیانیان لە دەست داوە، هەم یان ناچاری خۆ کوشتن کراون، هەم یان کووژراون بە دەستی کەسێکی ناو بنەماڵە یان لە دەرەوەی بنەماڵە. بەڵام، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئێمە نەمان بینی ژنان بێن شانی خۆیان بدەنە بن تابووتی ژنێکی کووژراو وەک ئەوەی کە ئێمە لە ئەفغانستان بینیمان. 


قازی: وەک ئەوەی کە لە ڕۆژئاواش دەبیندرێ.
قەرەداغی: وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەیبینین، لە باکوور دەیبینین. من لەگەڵ ئەوەدا نیم ژنێک بکووژرێ ئینجا ئێمە بێین شان بدەینە بەر تابووتەکەی. دەبێ ئێمە ڕێگر بین لەوەی کە ژنان بکووژرێن. ڕاستە بزووتنەوەی ژنان هەیە، رێکخراوەی جیاوازی ژنان هەیە بەڵام لە بەر ئەوەی کە یەکێتییەکی چالاکی نییە، لە بەر ئەوەی کە ئیرادەیەکی گۆڕانکاریی جیدی لە ئارادا نییە و نەیانتوانیوە ببن بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بۆ گۆڕانکاری، ناشتوانن بگەنە ئەو ئاستەی کە لە ئەفغانستان کرا. بەڕاستی ئەوەی کە لە ئەفغانستان کرا، ڕاستە دوو وڵاتن کە لە وانەیە تایبەتمەندییەکانیان وەک یەک بێ بەڵام من لە هێندێک چالاکیدا لە ڕووی نەوعی یەوە دەڵێم هێندێک چالاکی لە ئەفغانستان کران کە زۆر دڵ خۆش کەرن و دەتوانن نموونەی زۆر زیندوو و باش بن بۆ ئەو کۆمەڵگایە بۆ خۆی. یەکێک لەوانە، خۆ ژنان نەیانکرد پیاوان کردیان. گرووپێک لە پیاوان لە سەروبەندی ٨-ی ئازاردا ئەو نیقابەی، ئەو باڵاپۆشەی کە ژنان لە ئەفغانستان دەیپۆشن، بە زۆر بە سەریاندا سەپاندوون چەتەکانی تالیبان، پیاوان هەستان وەکوو ڕەمز ئەم نیقابەیان دەبەر کرد و لە سەروبەندی ٨- ی ئازاردا لە بەر دەم کامێرا نیقابەکانیان فڕێ دا و ژنێکی ئەفغانی بە ناوی "ڕیزە گوڵ" کە لە گوندێکی نزیکی هەڕات دەژیا دوای ئەوەی کە کوڕەکەی کە یەکێک لە پۆلیسەکانی پارێزەری گوندەکەیان دەبێ لە لایەن چەکدارەکانی تالیبانەوە دەکووژرێ خۆی و هاوسەری کوڕەکەی کە لە لیتراتووری کۆمەڵگای ئێمەدا دەگوترێ بووکەکەی، خۆی و هاو سەری کوڕەکەی پێکەوە چەک هەڵدەگرن و چالاکی لە بەرانبەر چەتەکانی تالیبان دەکەن و لە یەک چالاکیدا ٢٥ چەکداری تالیبان دەکووژن. ئەمە لە گەڵ ئەو تابڵۆیەی کە ژنان شانیاندایە بەر تابووتەکەی فەرخوندە و نەیان هێڵا پیاوان دەست بە تابووتەکەی فەرخوندەوە بدەن جۆرێکە لە تابوو شکاندن لە نێو کۆمەڵگای ئەفغانستاندا من پێم وایە ئەوە کەمترلەو کۆمەڵگایەی کە گۆیا پێی دەگوترێ سیستمێکە دێمۆکراسییە و نموونەیەکە بۆ عێڕاق و ئەمانە، ئەمن کەمتر ئەو تابلۆیە دەبینم.

 
قازی: زۆر باشە! ئەگەر بە یەک ووشە بڵێی فاکتۆری ئەساسی بۆ گۆڕان چییە؟
قەرەداغی: من فاکتۆری هەرە ئەساسی بۆ گۆڕانکاری لە نێو کۆمەڵگادا لە ڕێکخستن بوونی ژناندا دەبینم. ژنان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و ئیرادەیەکی هاو بەش نیشان بدەن و هەموو بیرو بۆچوونەکانی خۆیان بەلاوە بنێن و ئێمە لەو دیمەنەی کە دیتمان کە چۆن سیلەی غەففار بەرانبەر بە ژنێکی کە کۆنەپەرستی لە نێو کۆمەڵگادا دەپارێزێ دەبێ ئەو تێکۆشانەش هەبێ. واتە تێکۆشانی هەمە لایەنە دەبێ هەبێ بەرانبەر بە کۆنە پەرستییەکانی کە دەبنە هەڕەشە لە سەر ژیانی ژنان لە ناو کۆمەڵگادا و ژیانی تاکەکان لە ناو خودی کۆمەڵگادا، دەبێ ئەو ئیرادە هاوبەشییە، ئەو بەرە دێمۆکراتیخوازە هاوبەشە دروست بکرێ لە بەرانبەر ئەو شەپۆلە کۆنە پەرستییەی کە لە نێو کۆمەڵگادا هەیە. لە بیرمان نەچێ مامۆستا حەسەن، ئێستا لە باشووری کوردستاندا بە ڕێکخراوەیی ئێستا تەڤگەڕێکی سەلەفیزمی زۆر خەتەر هەیە کە خودی دەسەڵات بۆ خۆی سەرچاوەیەکە بۆ دروست کردنی ئەمە. ئەمە خەتەرە لە بەر ئەوەی کە تەنانەت ئەو ئیسلامەی کە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بە ئیسلامی کولتووری دەناسرێ تەنانەت ئەوەش دەکا بە ئامانج، ئەوەش ناهێڵێ لە کۆمەڵگادا و لە ناوی دەبا. ئەو ئیسلامەی کە لە قۆناغی ڕابردوودا باوکم و دایکم و بەشێک لە کۆمەڵگاکە لە چوار چێوەی ئیسلامی تاکە کەسی نێو کۆمەڵگایەکەدا باوەڕی پێ یە ئەوەش دەکووژێ، دەیکاتە هەدەف، نایهێڵێ و تەواوی جوانییەکانی کۆمەڵگا لە ناو دەبا. بە بۆچوونی من لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا پێویست بە هەبوونی ئیرادەیەکی هاو بەش هەیە باوەری بە گۆڕانکاری هەبێ و ژن دەبێ پێشەنگی ئەو گۆڕانکارییە بێ.

قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز نەجیبە قەرەداغی بۆ بەشداریت لە "ڕاوێژ"دا. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

 
تێبینی: ئەو هاوپرسەیە  لە ئێوارەی یەکشەمە ١٧ی مەی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی "ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن
پەیوەست:

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷