ئەولاتری هێڵە سوورەکەی داوودئۆغڵوو
Monday, December 28, 2015
NNSROJ: سەرۆکوەزیری تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەڵگەی لە دەستدایە کە پەیەدە لە "هێڵە سوورەکە" تێنەپەڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سووریای دێموکراتیک، دوای تێپەڕین لە چەمی فورات، توانیان یەکەم شاری ڕۆژئاوای ئەم چەمە لە چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە.
سەرۆکوەزیری تورکیا ئەحمەد داوودئۆغڵوو، لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوودا، تێپەڕینی هێزە کوردییەکانی بەرەو ڕۆژئاوای چەمی فورات بە "هێڵی سوور" دانابوو و ڕایگەیاندبوو "ئەگەر هێزە کوردییەکان بچنە ئەو ناوچەیە، لێیان دەدەین."
ئەم لێدوانەی داوودئۆغڵوو کاردانەوەی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتەوە و سەلاحەدین دەمیرتاش، لە وەلامی ئەو لیدوانەی داوودئۆغڵوودا ڕایگەیاند "یەپەگە دەچێتە ئەوبەری فورات و زۆر چاکیش دەچێت".
هاوسەرۆکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش، لە میانەی وتەیەکیدا بۆ لایەنگرانی پارتەکەی و لە وەڵامی سەرۆکوەزیرانی تورکیادا، وێرای ئاماژە بە قسەکانی ناوبراو، گوتی "هەقیان نییە بچنە ئەودیوی فورات؟ دەچن و زۆر چاکیش دەچن بەڕێز داوودئۆغڵوو. یەکینەکانی پاراستنی گەل دەچنە ئەودیوی چەمی فورات و تۆش لەمدیوی چەمەکەوە زەق زەق چاویان لێدەکەی".
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، هێزەکانی سووریای دێموکراتیک نیوەڕۆی ئەمڕۆ [٢٨ی دێسامبر]، لە هەشتەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی خۆیاندا بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی سەر بە کانتۆنی کۆبانێ، توانیویانە شارۆچکەی "تەشرین" کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای چەمی فورات، بە تەواوی لە دەست چەکدارانی داعش دەربێنن.
هێزەکانی سووریای دێموکراتیک، لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەکینەکانی پاراستنی ژنان و کۆمەڵێک گرووپی عەرەب و ئاسووری پێک هاتووە. ئەو ڕێکخراوە سەربازییە، لە ئۆکتۆبری ئەمساڵدا، بە پشتیوانی هاوپەیمانەتیی نێونەتەوەیی بە دژی داعش و بە دەستپێشخەریی هێزە کوردییەکان دامەزراوە.
بە ڕزگارکردنی ئەو شارۆچکەیە، کە لە ٢٧ کیلۆمەتریی شاری منبەج و لەسەر ڕێگەی جەڕابلوس هەڵکەوتووە، هێزەکانی سووریای دێموکراتیک گەیشتوونە ئەو ناوچانە کە کاربەدەستانی تورکیا بە "هێڵی سوور" بەناویان کردبوو.
دوای ئەم ئۆپەراسیۆنەی هێزە کوردی و سورییەکان، ئەحمەد داوود ئۆغڵوو ڕایگەیاند " ئەوانەی [لە هێڵە سوورەکە] تێپەڕیون سەر بە پەیەدە نین".
ناوبراو کە بە سەردانێکی ڕەسمی لە سربستانە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا گوتی "ئێستا لە باکووری شاری حەڵەب، لە تشرینەوە تا دەگاتە جەڕابلوس، بارودۆخەکە لە گۆڕانێکی خێرا دایە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی هەموو ئەم گۆڕانکاریانە دەکەین. ئێستا، بەپێی ئەو بەڵگانەی بە دەستمان گەیشتوون، ئەوانەی [لە هێڵە سوورەکە] تێپەڕیون سەر بە پەیەدە نین. زیاتر عەرەبەکان و ئەوانەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەتیی [دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا] خەریکی جموجۆڵن."
گوتیشی "لەو پێوەندییەدا هەستیارییەکانی خۆمان بە ڕوونی بەهەموو لایەک ڕاگەیاندووە."
ئەم لێدوانەی داوودئۆغڵوو لە کاتێک دایە کە چاودێران ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای فورات لە دەست چەکدارانی داعش، بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ستراتیژیی هەرێمیی ئاکەپە لەگەڵ "لێکهەڵوەشانی بێ ئەملاوئەولا" وەسف دەکەن.
دکتۆر کامڕان مەتین، مامۆستای زانکۆی ساسێکسی بریتانیا، ئاماژە بە ڕزگارکردنی ژماریەک گوند و ناوچەی ژێر دەسەلاتی چەکدارانی داعش دەکات لە باکووری حەڵەب و گومان دەکات ئەمە پێشڕەویی هێزەکانی یەپەگە بێت، "لە عەفرینەوە بەناو تەشرین و ڕۆژئاوای فوراتدا بەرەو منبەج و جەرابلوس".
ناوبراو هەروەها ئاماژە بە ڕزگارکردنی شاری ڕوومادیی عێراقیش دەکات لەدەست چەکدارانی داعش و پێی وایە، ئەم دوو ڕووداوە گوزارەکردن بن لە "لێک هەڵوەشانی داعش " وەک ڕێکخراوەیەکی سەربازی.
دکتۆر مەتین ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە ئەگەر تورکیا دەستپێشخەریی سەربازی لەو ناوچەیە ئەنجام نەدات کە پێشتر دەیویست هەرێمی تامپۆنی لێ دامەزرێنێ، بەو مانایە دێت کە "ستراتیژیی ئاکەپە لە سووریا و هەرێمەکە، لەگەڵ لێکهەڵوەشانێکی بێ ئەملاوئەولا ڕووبەڕوو دەبێتەوە".
بەڵام سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە، جارێکی دیکە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەمەڕ دروستکردنی "هەرێمی ئەمن" لە ناوچەکە دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەنیازە بە درێژایی ٩٨ کیلۆمەتر لەسەر سنوور و ٤٨ کیلۆمەتر بۆ ناوخاکی سووریا، هەرێمێکی ئەمن دروست بکات.
ناوبراو هەر لەو وتووێژەیدا، بە زمانێکی توند باسی لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وەک "تیرۆریست" بەناوی کردن.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە