سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران: هەڵبژاردن بایکۆت دەکەین
Monday, February 8, 2016
NNSROJ- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی پەرلەمانی ئێران بە "شانۆیەكی بێ مانا لە خزمەت دەسەڵاتی ملهورانەی ئاخوندان" لەقەڵەمدەدات و بایکۆتی دەکات.
لە بەیاننامەیەکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێراندا کە لە سەر ماڵپەڕی رەسمیی ئەو حیزبە بڵاوکراوەتەوە، وێڕای رەخنەگرتن لە سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاتووە؛ "هەڵبژاردن لە ئێران شانۆیەکی بێ مانایە و تەنیا لە خزمەت دەسەلاتی ملهورانەی ئاخوندان كەڵكی لێ وەردەگیرێ".
حیزبی ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت: "سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران شانۆی هەڵبژارن بایكوت دەكات و هەر لەم پێوەندییەدا داوا لە خەڵكی شۆرشگێرو تێكۆشەری كوردستان دەكەین نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، چونكە ئاخوندەكان بەشداریی خەڵك لە سەر سندوقی دەنگدان دەكەنە هۆیەك بۆ مەشروعیەتدان بە دەسەلاتی نامەشروعیان و دەیكەنە هۆكارێك بۆ سەركوتی زیاتر و كوشتن و بڕین و برسی كردن و تێكچوونی تێكڕای شیرازەی ژیان لە كوردستان و ئێران بە گشتی."
چاوەڕێ دەکرێت کۆتایی مانگی فێبریەی ئەمساڵ، هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدرێت.
سازمانی خەبات یەکەمجار ٢٧ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٨٠ و بە ناوی سازمانى خەباتى نەتەوایەتى و ئیسلامیی کوردستانى ئێران(خەبات) دامەزراوە و یەکێک لە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە