ئاسۆ رۆستەمی بە کەفالەت ئازاد کرا
Monday, February 15, 2016
NNSROJ- بەپێی ئاژانسی هەواڵی هرانا، پێگەی هەواڵی کۆمەڵە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، زیندانییەکی کورد بە ناوی "ئاسۆ رۆستەمی" رۆژی دووشەممە ١٥ی فێڤریە، پاش ١٦ مانگ بەندکران لە ژووری هەشتی زیندانی ئێڤین-دا، بە کەفالەت ئازاد بووە.
ئاسۆ رۆستەمی چالاکی مەدەنیی کورد، مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٤ و دوای بەرێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لە بەردەم نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ پشتیوانی لە کۆبانی، وێڕای چەند چالاکی مەدەنیی تر، قۆڵبەست کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە گەڵ سێ چالاکی مەدەنیی تر، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی ئێران، کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی و بێ ڕێزی بە رێبەری ئەو وڵاتە، بە گشتی سزای ٣٨ ساڵ زیندانیان بەسەرداسەپێنرابوو و لەو سزایەش، ئازاد رۆستەمی ٧ ساڵ سزای زیندانی بۆ بڕابوویەوە.
ئەو بەڵگانەی کە وەک تاوان لە دادگادا رووبەڕووی رۆستەمی کرابوونەوە، بریتی بوون لە؛ چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بڵاوکردنەوەی بابەتگەلی رەخنەگرانە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، هاوسۆزی لە گەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی گیراوانی مەحکووم بە ئێعدام، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە کۆبانی، هاوسۆزی لە گەڵ بنەماڵەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ و پەیوەندی لە گەڵ چالاکانی مافی مرۆڤ.
دۆسیەی ئاسۆ رۆستەمی، هەر ئێستا رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە کراوە و تا دەرچوونی بڕیاری کۆتایی و جێبەجێکرانی بڕیارەکە، بە کەفالەت لە دەرەوەی زیندان دەبێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە