کۆدار، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆت کرد
Wednesday, February 17, 2016

NNSROJ- کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار) هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆت کرد.
کۆدار بە دەرکرنی بەیاننامەیەک رەخنەی توندی لە بە گوتەی خۆیان؛ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێکهێنانی پەرلەمانێکی فۆرماڵیتەی یەکدەست و ملکەچ گرتووە و وەک گاڵتەکردن بە شعووری سیاسیی خەڵک لێکیداوەتەوە.
بەیاننامەکەی کۆدار دەڵێ؛ کەسانێک لەو روانگەوە کە هەندێک لە کێشەکان لە نێو پەرلەماندا چارەسەر بکەن، خۆیان بۆ خولی نوێی پەرلەمان بەربژێر کرد، بەڵام پەیامی ویلایەتی فەقیه و سوپای پاسداڕان بە ئاشکرا دەربڕی ئەمە بوو کە، ئەم خولەی پەرلەمان نەک شوێنی چارەسەریی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی ئێران نیە، بەڵکوو گۆڕەپانێکە بۆ تازەکردنەوەی بەیعەت و قبوڵکردنی یاسایی کردەوەکانی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئاست گەلانی ئەو وڵاتە.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار) لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، بەشداری لە خولی دەهەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆت و داواشی لە خەڵک و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە کردووە؛ بە بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە، داکۆکی لە بەهاکانی دیموکراسی بکەن.
چاوەڕێ دەکرێت کۆتایی مانگی فێڤریەی ئەمساڵ، هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدرێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە