فەرمانی ٧٣
Wednesday, March 2, 2016

دارا ئازادمەنش
بۆ چیا محەمەدی
هاوین بوو...
لە ژێر درەختە پیرەکەی حەوشی ماڵەکە، کچەکە سەری لە سەر ڕانی دایکە جەوانەکەیدایە. دایک پەلکە بۆ زوڵفی دەگرێتەوه و گۆرانی دەچڕێ و کچەکەش بۆنی مێخەکی دایکی دەکات.
دایکی دەڵێت: ئیستا پەلکەکانت لە پەلکەی تاوس دەچێ.
کچەکە دەڵێت: چاوەکان تۆیش لە چاوی تاوس دایە گیان.
*
مشکەکان لە ترسا خۆیان دەخستە بەردەم پشیلەکان، پشیلەکان خۆیان دەخستە بەردەم سەگەکان، سەگەکانیش لە ترسا خۆیان دەخستە ژێر ماشینەکان...
تێلەڤیزیۆنەکان دەڵێن: شەمشەمەکوێرەکان هێرشیان کرد. ئەمە ٧٣یەمین جارە لە زبڵستانە تاریکەکانیانەوە دێنە دەرێ و هێرش دەکەن و دەکوژن و دەبەن و تاڵان دەکەن. بە سەدان منداڵ و پیر و لاو بەرەو شاخە پیرۆزەکان هەڵدێن.
*
شەمشەمەکوێرەکان خۆیان دەکوتا بە پەنجەرەی ژوورەکەدا و لە پەنجەرە و دەرگاوە دەهاتنە ژوورەوە. ژوورەکە تاریک دەبێت. دایک خۆی دەکا بە سپەری کچەکە. کراسەکەی دایک دەدڕێنن و چنگ ئەگرن لێی و دایک بریندار دەبێت. ژوورەکە سوور دەبێتەوە و پڕ دەبێت لە بۆنی مێخەک و کچەکە دەقیژێنێ. کچەکە دەخەنە نێو کیسەیەک و دەیبەن. کچەکەیش بۆنی مێخەکی دایکی دەبات.
*
کچەکە کراسێكی سپیی لە بەرە و لە قەفەسێکی تاریکدایە و پەلکەکانی قرتاون و تینوویەتی. چاوی کە دەبەستێ خەون دەبینێ کە گەورە بووە و دوو باڵی دەرهێناوه و لە بەرزاییەکانی شاخە پیرۆزەکانەوه لەگەڵ دەستەیەک تاوس هەڵدەفرێت. ئەو تاوسەی کە لە پێش هەموویانە، بە کچەکە دەڵێت: پەلکەکانت لە پەلکەکانی منداڵەکەم دەچێ.
: چاوەکان تۆیش لە چاوی دایکم.
کچەکە لە ئاسمان لەگەڵ تاوسەکان دێتەخوارەوه. منداڵ و گەنج و پیر لە تاو تینوویەتی لە مەمکەی کچەکە دەست ئەکەنە ئاو خواردن...
کچەکە پەشۆکاو لە خەو رائەچڵەکێ و مەمکەی ئێش ئەکات.
شەمشەمەکوێرەیەک لە دەرەوەی قەفەسەکە ئاو دەکاتە ناو پەرداخی نیۆ قەفەسەکە و کچەکە لەقەیەک ئەدا لە پەرداخەکە و ئاوەکە دەڕژێنێ.
*
لە دەوروبەری گۆڕەپانەکە هەرایە. پیاوەکان و شەمشەمەکوێرەکان سەیری کچەکە دەکەن.
شەمشەمەکوێرەکەی تەنیشت قەفەسەکە دەڵێ: نرخی ئەم کچە تەنیا ٧٣ دۆلاری ئەمریکییە.
یەکێک لە پیاوەکان دەڵێ: من دەیکڕم.
پیاوەکە ٧٣ دۆلار لە گیرفانیەوە ئەهێنێتە دەرەوە، ئەیدات بە شەمشەمەکوێرەکەی تەنیشت قەفسەکە. دەرگای قەفەسەکە باز دەبێت پیاوەکە دەستی کچەکە دەگڕێت، کچەکە دەستی دائەخات و چاو ئەبڕێتە ئاسمان، خۆرەتاو لە پشت هەورەکانەوە دیارە...
پاییز بوو...
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە