بابەتی گەرم:

چەنگیز چاندار: "بزماری فاشیزم لە سەر تابووتی دیموکراسی" دادەکوترێت

Sunday, March 6, 2016



NNSROJ- چەنگیز چاندار، رۆژنامەوان، نووسەر و چاودێری سیاسیی ناوداری تورکیا، لە وتارێکی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ناوەندی میدیایی زەمان، دەسبەسەرکردنی بەڕێوەبەرانی گرووپی کۆمپانیاکانی بۆیداک(کە نزیکن لە عەبدوڵڵا گول) و رێخۆشکەری بۆ گرتنی ٥ پەرلەمانتاری HDP، باسی لە داکوترانی "بزماری فاشیزم لە سەر تابووتی دیموکراسی[ی تورکیا]" کردووە.

چاندار دەڵێ: "رەنگە ئەو کەسانەی لە داهاتوودا مێژووی تورکیا بنووسنەوە، لە سەر رێکەوتی دەستپێکردنی فاشیزم هاوڕا نەبن. بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتی سەقامگیربوونەکەی بۆچوونێکی جیاوازیان نابێت. چونکە پێویست بە نووسینەوەیان ناکات. ئەو دیمەن و گرتە ڤیدیۆییانەی لە بەر دەستن، بەسیانن".

نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا کە ماڵپەڕی تورکیی رادیکاڵ بڵاوی کردوەتەوە، دەڵێت کە پۆلیسی تورکیا چۆن بە گازی فرمێسکڕێژ هەڵیکوتاوەتە سەر ناوەندی یەکێک لە گەورەترین میدیاکانی ئەو وڵاتە و هەروەها بە بڕیاری دادگە، سەرپەرشتیار بۆ دەزگای چاپەمەنیی "زەمان" دانراوە.

چەنگیز چاندار لە درێژەی وتارەکەیدا نووسیویەتی: "رۆژی هەینی، ٤ی مارسی ٢٠١٦ بەڕێوەبەرانی گرووپی کۆمپانیاکانی بۆیداک کە یەکێک لە دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکانی تورکیایە و بە دۆستایەتی لە گەڵ عەبدوڵڵا گول سەرکۆماری پێشوو دەناسرێت، دەسبەسەر کران. هاوکات بۆ گرتنی ٥ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیکی گەلان – کە دوانیان هاوسەرۆکی ئەو پارتەن – رێ خۆش دەکەن، واتا خەریکن بۆ رۆژە پڕ لە شەرم و شوورەییەکانی ساڵی ١٩٩٤ دەگەڕێنەوە و لەوانەیە ئەمە دەرەنجامی زۆر خراپتر لە ساڵانی نەوەدیشی لێبکەوێتەوە."

چاندار لە کۆتایی وتارەکەیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەمەڕ هەڵکوتانی نیوەشەوی پۆلیس بۆ سەر ناوەندی میدیایی زەمان بڵاو کردوەتەوە و بە گوتەی خۆی؛ ئەمە داکوترانی بزماری فاشیزم لە سەر تابووتی دیموکراسیی تورکیایە. 

چەنگیز چاندار چەند ساڵێکە بە توندی رەخنە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا و هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ دامەزراندنی سیستمی سەرۆکایەتیی مۆدێل تورکی دەگرێت.

هەر ئێستا سەرۆککۆماری تورکیا بە پاساوی ئەوەی لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٥ی چەنگیز چاندار سەبارەت بە پرسی کورد و هەڵبژاردنەکانی تورکیا و دەوری پەیەدە و هەروەها مەرامەکانی ئاکەپەدا، بێ رێزی بە ئەردۆغان کراوە، سکاڵای یاسایی لە سەر چاندار تۆمار کردووە.

چەنگیز چاندار کێیە؟

ساڵی ١٩٤٨ لە شاری ئەنقەرەی تورکیا لەدایکبووە.
 دەرچووی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە پەیمانگەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە.
 دوای کۆدەتا سەربازییەکەی ١٢ی مارسی ١٩٧١ بۆ ماوەیەک لە تورکیا هەڵات و لە فەلەستین، بەیرووت و دیمەشق مایەوە و ساڵی ١٩٧٤ گەڕایەوە وڵاتەکەی.
 وەک سەرپەرشتیاری بەشی هەواڵ یاخود وتارنووس لە زۆربەی رۆژنامەکانی وەک؛ وەتەن، جمهوورییەت، حوڕییەت، یەنی شەفەق، سەباح، گونەش و رادیکاڵ دا کاری کردووە.
 ساڵی ١٩٩١ تا ١٩٩٣ راوێژکاری تایبەتی تورگوت ئۆزال سەرکۆماری ئەو کاتی تورکیا بوو. 
ساڵی ١٩٩٥ خەڵاتی عەبدی ئیپەکچی بۆ ئاشتەوایی و دۆستایەتی پێبەخشرا. 
چەند ساڵێکە زۆربەی وتار و لێدوانەکانی تەرخان کردووە بۆ رێگاچارەی سیاسی و دیموکراتیکی پرسی کورد و ساڵی ٢٠١٢ کتێبێکیشی لەم بارەوە بە چاپ گەیاند بە ناوی؛ "شەمەندەفەری مێزۆپۆتامیا".

کتێبە چاپکراوەکانی چاندار:

١-فەلەستینی خۆڕاگر(١٩٧٦)

٢-ئێران، لە دۆینیەوە بۆ سبەی(١٩٨١)

٣-بنبەستی خۆرهەڵاتی ناوین(١٩٨٣)

٤-دیدار لە گەڵ مێژوو(١٩٨٣)

٥-حەوت ڕەنگیلەی خۆر(١٩٨٧)

٦-شارەکانی من(١٩٩٩)

٧-رووسوور دەرچووین(٢٠٠١)

٨-شەمەندەفەری مێزۆپۆتامیا؛ گەشتێک بە نێو مێژوودا(٢٠١٢)



ئەلف. و


پەیوەندی‌دار:

ره‌چه‌ڵه‌کناسیی فه‌لسه‌فیی دێموکراسی و دیکتاتۆریه‌ت

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷