بابەتی گەرم:

وەرزشڤانانی ناوداری جیهانی سیاسەت؛ لە ئاڕنۆڵدەوە تا 'سەرۆکی زەوی و زەریا'

Sunday, March 6, 2016



عەلی ئاخوندان ـ بی بی سی
وەرگێر ئومێد بەرین


دنیای سیاسەت هەمیشە بۆ وەرزشڤانەکان وروژێنەر بووە و کەم نەبوونە ئەو سیماگەلەی خۆشەویستیان لەدنیای وەرزشدا خستووەتە گرەوی دنیای سیاسەت.

یەکێک لەدووایین نمونەکان دیداری ئەم ماوەیەی وەزیری وزەی گورجستان و وەزیری نەوتی ئێران بوو، کە کاخا کالادزە یاریزانی پێشووتری هێڵی بەرگری یانەی میلان[ی ئیتاڵیا] لەگەڵ بیژەن زەنگەنە بەیەکەوە دانیشتن.

دەتوانین ئاماژە بەناوی زۆرکەسی دیکەش بکەین، لە نیلسۆن ماندێلاوە کە بۆکسۆڕێکی ئاماتۆڕ بوو یا ڕۆناڵد ڕەیگان کە یاریزانی تۆپێنی ئەمریکایی بوو و کاپتانی یانەی مەلەوانی زانینگەی "یۆڕکا"، تا ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە یاریزانی تۆپێن بووە و ۱٦ ساڵی تەمەنی بۆ تەرخانکرد.
لەو بابەتە، تایبەتە بە ۱٠ وەرزشڤانی ناوداری جیهان کە هاتوونەتە نێو دنیای سیاسەتەوە.

گێری کاسپاڕۆف
گێری کاسپاڕۆف ساڵی ۱۹۸٥ وەکوو گەنجترین پاڵەوانی شەترەنجی جیهان ناوی دەرکرد و زۆرکەس وەکوو ناودارترین یاریزانی شەترەنجی جیهان ناوی دەبەن. یەکساڵ پێش لە بەدەستهێنانی ئەو پاڵەوانەتییە ئەو ببوو بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤییەت و لەساڵی ۲٠٠٥دا دووای دەستکێشانەوەی هەمیشەیی لە شەترەنج، حیزبی "ڕوسیایەکی دیکە"ی دامەزراند، هەرچەندە هیچکات لەلایەن پاڕتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕوسیا کە لەدژی پوتینن بە هێند وەرنەگیراوە.

ئەو چەند جار بەهۆی چالاکی سیاسیەکانییەوە لەدژی حکومەتی ڕوسیا دەستبەسەر کراوە و جارێکیش ژێنێڕاڵێکی پێشووی ڕێکخراوی سیخوڕی یەکیەتی سۆڤییەت ڕایگەیاند کە ئەگەری کوژرانی[کاسپاڕۆف] لە ئارادایە.


ژێرژ وەئا
یەکێک لەباشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپێنی ئافڕیقایە، سێ جاریش خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەو کشوەرەی[قاڕە] پێبەخشراوە. ئەو یاریزانە لیبێریاییە کە ساڵی ۱۹۹٥ وەکوو باشترین یاریزانی ساڵی فیفاش دەستنیشانکرا، لەیانەگەلێکی ناوداری وەکوو میلان، چێلسی و پاریسەن ژێرمەن یاریکردووە.

یەک دەیە دوواتر پێی نایە ڕکابەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی، لەگەڕی یەکەمدا لەنێوان پاڵێوراوەکاندا پێگەی یەکەمی بەدەستهێنا، بەڵام هەڵبژاردن چووە گەڕی دووەم و لەئاکامدا نەیتوانی کورسی سەرۆک کۆماری مسۆگەڕکات، هەرچەندە ناڕەزایەتی سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبوو و ڕاشیگەیاند کە بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەڵام لە ئاخردا هیچی بۆ جێبەجێ نەبوو.

ئاڕنۆڵد شوارتزینگێڕ
زۆرن ئەو کەسانەی ئارنۆڵدی نەمسایی ـ ئەمریکایی بە ناودارترین وەرزشڤانی لەشجووانی جیهان دادەنێن، شوارتزینگێڕ حەوت بار پاڵەوانییەتی "مێستێر ئولەمپیا"ی بردووەتەوە، جگەلەوە لە سینەماشدا توانی ببێتە سیمایەکی دیار. ئەو کۆماریخوازە میانەڕەوە لە ساڵی ۲٠٠۳دا توانی بە یەک ملیۆن دەنگ ببێتە فەرمانداری کالیفۆڕنیا.

ئەوە بۆ یەکەمجار بوو دووای ۱٤۱ ساڵ، سیاسەتمەدارێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا لەدایکبووە، ببێتە فەرمانداری کالیفۆڕنیا. ئاڕنۆڵد بۆ خولێکی دیکەش متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا و تا ساڵی ۲٠۱۱ لەسەر کۆرسییەکەی ماوە.



ئیدی ئەمین
ئایدی ئەمین ناوی خۆی نابوو "سەرۆکی ئاژەڵەکانی زەوی و ماسییەکانی دەریا"، هەشت ساڵ حوکمی ئۆگاندای کرد. دەگوترێ لەو ساڵەدا لە ۱۲ ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، ٤٠٠ هەزار کەس کوژراون. ئەمین ساڵی ۱۹۷۱ بە دەستەڵات گەیشت و لەیەکەمین ساڵی بە دەستەڵات گەیشتنیدا فەرمانی دەرکردنی بەرەگەز ئاسیاییەکانی ئۆگاندای دەرکرد. بەڵام کەمتر کەسێک دەزانێ کە ئەمین پاڵەوانی بۆکسی نیمچە قورسی وڵاتەکەی بوو لە ساڵی ۱۹٥۱ تا ساڵی ۱۹٦٠، جگە لەوەش یاریزانێکی باشی ڕاگبی و مەلەوانێکی حەنتیکە بوو.

 

 



مارات سافی
پیاوی ژمارە یەکی پێشووی تێنیسی جیهان لە ساڵی ۲٠٠۹دا دووای بەدەستخستنی پاڵەوانییەتی لە دوو گراندسلەمدا خۆی خانەنشین کرد، سافین بەردەوام وەکوو وەرزشڤانێکی بەتوانا کە ناتوانێ ڕقی خۆی هاوسارکات ناوی دەهێندرا، ئەو لەکاتێکدا کە تەنیا ۳۱ ساڵی بوو توانی بچێتە ناو پەرلەمانی روسیا. ئەوکە ئەندامی حیزبی ڤیلادمیر پوتینە[حیزبی روسیای یەکگرتوو]، چووار ساڵ لەوەپێش دەنگی دایە گەڵاڵەی قەدەخەکردنی، دانی مافی سەرپەرەشتیاری منداڵانی هەتیوی روسی بە ئامریکاییەکان.




ڕۆماڕیۆ
ڕۆماڕیۆ یەکێکە لەناودارترین هێرشبەرەکانی مێژووی تۆپێن، ئەو ساڵی ۱۹۹٤ لەگەڵ یانەی نیشتیمانی بڕازیل، بوون بە پاڵەوانی مۆندیال و خۆشی بوو بە باشترین یاریزانی ئەو مۆندیالە. ئەو لەساڵی ۲٠۱٠دا وەکوو ئەندامێکی حیزبی سوسیالیستی برازیل چووە ناو پەرلەمانی هەرێمیی ئەو وڵاتە، وەک پاڵێوراوی شەشەمی ریۆدۆژانیرۆ. ڕۆماڕیۆ کە لە ۷٠ یاری نیشتیمانیدا ٥٥ گۆڵی تۆمارکردووە لە دژبەرانی مۆندیالی برازیلە و چالاکیگەلی جیاوازی بۆ دژایەتی کردنی ئەو ڕووداوە وەرزشییە ڕێکخستووە.

ڕۆماڕیۆی ٤۸ ساڵە لەساڵی ۲٠۱٤دا بەشداری هەڵبژاردنی سنای برازیلی کرد و ٦۳/٤ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ئەوە زیاترین ڕێژەیەکی دەنگە کە پاڵێوراوێکی سنا لە ریۆدۆژانیرۆ تا ئەمڕۆ توانیویەتی بەدەستی بهێنێت.

ویتالی کلیچکۆڤ
یەکێک لە باشترین بۆکسۆڕەکانی کێش قورسی مێژووی بۆکسی جیهانە. ئەو دەورانەی لەسەرپێبوو هیچ بۆکسۆڕێک نەیتوانی بیخاتە سەر ڕینگ. ئەو تەنیا دووجار یاری بە بەرامبەرەکانی دۆڕاندووە، جارێک بەهۆی ئەوەی تەقینی برۆیەوە و یاری ڕاوەستا، جارەکەی دیکەش بەهۆیی پێکانەوە. هەروەها تاکە بۆکسۆڕێکی پڕۆفشناڵە کە بڕوانامەی دکتۆڕای وەرگرتووە.

ئەو لە میانەی شۆڕشی نارەنجی ئۆکرایندا پاڵپشتی لە ڤیکتۆر یوشێنکۆڤ کرد و لەگەڵ بەدەستەڵات گەیشتینی ئەو[یوشێنکۆڤ] لە ساڵی ۲٠٠٥ دا وەکوو ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار دەستنیشانکرا. کلیچکۆڤ لە ڕێبەرانی حزبی یەکیەتی دیموکراتیکی ئۆکراین بۆ چاکسازییە و ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە، هەروەها شارەداری کییەفی پایتەختیشە.

کێڤین جانسۆن
کەمتر لایەنگرێکی جیددی بەسکتبال هەیە کە گاڕدی سەرەکی یانەی فۆنیکس سانز لە دەیەی ۱۹۹٠دا نەناسێت. 

کێڤین جانسۆن ۱۲ ساڵ لە خولی پرۆفشناڵی بەسکتباڵی ئامریکا "NBA" یاریکرد، جگە لە فۆنیکس لە یانەی کێلیولەند کاوالیرزیش یاریکردووە.

جانسۆن ساڵی ۲٠٠۸ وەکوو شارەداری ساکرامێنتۆ هەڵبژێردراو بوو بە یەکەمین شارەداری ڕەشپێستی ئەو شارە، ئەو جارێک دیکە لە ساڵی ۲٠۱۲دا وەکوو شارەداری ساکرامێنتۆ هەڵبژێردرایەوە و یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ڕاگرتنی یانەی ساکرامێنتۆ کینگز لەو شارەبوو کە دەگوترا بڕیاربووە بگوازرێتەوە بۆ میامەی.

مانی پاکیائۆ
ئەم بۆکسۆڕە فیلیپینییە، یەکەمین و تەنیا بۆکسۆڕێکە کە توانیویەتی لە ۸ کێشی جیاوازدا ببێتە پاڵەوانی جیهان. پاکیائۆ دەجار بووەتە پاڵەوانی جیهان و یەکێکە پڕ داهاتترین وەرزشڤانانی جیهان. بەپێی ڕاپۆڕتێکی گۆڤاری "فۆربز" ئەو لە ساڵی ۲٠۱٥دا بە داهاتی ۱٦٠ ملیۆن دۆڵار دووای فلۆید میوێدێری ئامریکایی بووە بە دووهەمین وەرزشڤانی پڕداهاتی مێژوو .

ئەو بۆکسۆڕە چەپ دەستە ساڵی ۲٠۱٠ وەکوو نوێنەری پەرلەمانی فیلیپین هەڵبژێردرا و ساڵی ۲٠۱۳ ش بۆ جاری دووهەم دەنگی خەڵکی بەدەستهێنا و کورسی پەرلەمانی بۆخۆی مسۆگەڕ کرد. ئەو هەروەها لە ئامریکا واتە وڵاتی دووهەمیشی چالاکی سیاسی هەیە، لەو پەیوەندییەشدا دەتوانین ئاماژە بە لایەنگریکردنی لە هێری رید سیناتۆڕی نوادا و جێری بڕاون فەرمانداری کالیفۆڕنیا بکەین.

سێباستیەن کۆڤ
یەکێک لە سیما سیمبولیکەکانی وەرزشی بەریتانیا لە دەیەی ۱۹۸٠دابوو، ئەو وەرزشڤانە لە ساڵەکانی ۱۹۸٠ و ۱۹۸٤دا چووار میداڵیای ئولەمپیکی بۆ وەرزشی ڕاکردن بەدەستهێنا.

ئەو هەشت ریکۆڕدی جیهانیی لە کەشی ئازاد و سێ رێکۆڕدی جیهانیی لە یارییەکانی ناو یاریگادا شکاند. شاکاری کۆڤ لە ساڵی ۱۹۷۹دا خوڵقا کە لە ٤۱ ڕۆژدا سێ جار ریکۆڕدی جیهانی شکاند. ئەو ساڵی ۱۹۹۲ لەلایەن حیزبی موحافیزەکارەوە توانی بچێتە پەرلەمان و تا پێنج ساڵیش لەسەر ئەو کورسییە ماوە. هەروەها کۆڤ لە ساڵی ۲٠٠٠وە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی بریتانیایە.

 


پەیوەندی‌دار:

لەبارەی چەمكی ئایدیۆلۆژیاوە

ئازادی و عەقڵی سیاسی

جیاوازی رێبەران و ئەندامانی حزبە سیاسیەکان لەچی دایە؟

ئیدەی سنایپێر

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷