چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی "ئەیوان" دەسبەسەر کرا
Tuesday, March 22, 2016
NNSROJ- چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری "ئەیوان"ی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سەر بە سوپای پاسداڕانی ئەو شارەوە قۆڵبەست کراوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی؛ رۆژی پێنجشەممەی حەوتەی رابردوو "محەممەد سەعید نادری" چالاکی مەدەنی و خەڵکی شاری ئەیوانی پارێزگەی ئیلام، لە ماڵەکەی خۆیدا و لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە دەسبەسەر کراوە.
سەرچاوەکە، "محەممەد سەعید نادری" وەک چالاکێکی چەپ ناساندووە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەست بە سەر هەندێک لە کەلوپەلەکانی ناو ماڵەکەشیدا گیراوە.
تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی راگرتنی محەممەد سەعید نادری روون نەبوەتەوە، زانراویشە ئەو چالاکە مەدەنییە رۆژی سێشەممە ٢٢ی مارس بە تەلەفۆن لە گەڵ بنەماڵەکەی دوواوە و باسی باشبوونی دۆخی تەندرووستیی خۆی کردووە.
نادری پێشتر خوێندکاری زانکۆی شاری یاسووج بوو و بە هۆی چالاکییە خوێندکارییەکانی، چەند جارێک لە لایەن کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆکەوە هۆشداریی پێ درابوو.
ناوبراو دوای تێپەڕبوونی ٢ تێڕمی خوێندن، بە هۆی گوشارەکانی کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆکەی، وازی لە خوێندن هێنابوو.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە