دۆخی تەندرووستیی گیراوێکی مانگرتووی کورد نالەبارە
Tuesday, April 19, 2016
NNSROJ- دۆخی تەندرووستیی ئەفشین سۆهرابزادە گیراوی سیاسیی کورد نالەبارە و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیش مانی گرتووە و لێوی خۆی دوریوە.
چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن؛ ئەفشین سۆهرابزادە گیراوی سیاسیی کورد کە بۆ زیندانی میناب دوورخراوەتەوە، نەخۆشیی شێرپەنجەی ریخۆڵە، خوێنبەربوون و کێشەی هەناسەدانی هەیە و لە بەرانبەر کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، پتر لە یەک هەفتەیە لێوی خۆی دوریوە و مانی لە خواردن گرتووە.
ماوەیەک لەمەوبەریش رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرنەیشناڵ لە بەیاننامەیەکدا، تیشکی خستبوە سەر دۆخی تەندرووستیی ئەو گیراوە کوردە و داوای کردبوو؛ چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێت.
کەسوکاری ئەو گیراوە سیاسییە دەڵێن؛ پێشتر و لە کاتی لێپێچینەوەدا، ئەندامانی ئیتلاعاتی کامیاران سۆهرابزادەیان ئەشکەنجە کردووە و بە هۆیەوە ناوبراو تووشی کۆمەڵێک کێشەی تەندرووستی ببوو و بۆ ماوەی ١٠ رۆژیش لە نەخۆشخانەی سنە لە ژێر چاودێری پزیشکیدا راگیرابوو.
ئەفشین سۆهرابزادە ساڵی ١٩٩٠ لە دایک بووە، کۆتایی بەهاری ٢٠٠٩ لە سەر رێگەی سنە – کامیاران قۆڵبەست کرابوو و تۆمەتی ئەوەی درابوە پاڵ کە ویستوویەتی بچێتە ناو یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی بەرهەڵستکاری ئێرانەوە.
دواتر لە دادگەیەکی شاری سنە، بە تاوانی ئەندامبوون لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆندا سزای ٢٥ ساڵ زیندان بە سەر ئەو گیراوە کوردەدا سەپێندرا و بۆ زیندانی میناب دوورخرایەوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران و جیهان بەردەوام رەخنەی ئەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرن کە لە ئاست مافەکانی گیراوانی سیاسیی نێو زیندانەکانیدا کەمتەرخەمە و تەنانەت رێ بە چارەسەری پزیشکی ئەو گیراوانەش نادات کە دۆخی تەندرووستییان نالەبارە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە