عەبدوڵڵای موهتەدی؛ بەگزادیەکی موکریانی عەوداڵی هەمیشەیی کاکه برایەکی تارانی
Monday, January 9, 2023
عارف سەلیمی
ئەم ڕۆژانە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی "کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" لەبەرامبەر و لەگەڵ ئێرانییە ناوەندگەراکان ڕەخنەی زۆری کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، تەنانەت لایەنگرانی حیزبەکەشی بە دوای خۆیدا هێناوە. کاکڵی ڕەخنەکان ئەوەن کە بۆچی ئەوندە لە بەرامبەر "ئەوان" دا نەرمونیانە. تەنانەت هەندێکیش بە زمانێکی توند دەڵێن بۆچی ئەوندە خۆی بۆیان دەچەمێنێتەوە.
ئەم نووسینە دەیەوێت باسی ئەوە بکات کە ئەم هەڵوێستانەی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی تازە نین، بەڵکوو بە درێژایی ژیانی سیاسیی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی لەمچەشنەی نواندووە.
هەروەها، هەڵوێستی لەمچەشنەی زیاتر لەوەی هەقوڵای تێڕوانین یان خوێندنەوەی سیاسیی بێت، لە کەسایەتییەوه سەرچاوە دەگرێت.
کاک عەبدوڵڵای موهتەدی لە دایکبووی بۆکان و گەورە بووی تاران، یەکێ لە ناسراوترین "سیاسەتمەدار"انی چوار دەیەی ڕابردووی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێران، بە تایبەت لەناو ڕەوتە چەپ و سۆسیالیستە ئێرانییەکانە. لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەیە و لە کاتەوە که ئەو بزوەتنەوە جەماوەرییە بەرەو قاڵبی حزبی خزاوە، هەمیشە سکرتێر یان ئەندامی سەرکردایەتیی بووە. لە ساڵی ١٣٥٨ەوە، دوای گیانبەختکردنی فواد موستەفاسوڵتانی ( تاکە ڕێبەر و تیۆریسییەنی بزووتنەوەی کۆمەڵە تا ئێستا) سکرتێری حزبی کۆمەڵە بوو. دواتر بووە سکرتێری حزبی کۆمۆنیستی ئێران. پاشانیش دوای بانگەشەی دووبارە ساخکردنەوەی کۆمەڵە و جیابوونەوەی لە هاوڕێیانانی کۆمۆنیستی، هەتا ئەم ساتە سکرتێری "کۆمەڵەی کوردستانی ئێرانە" کە لە ناو خەڵکدا بە کۆمەڵەی موهتەدی ناسراوە.
هاوکات ئەندامی یەکێ لەو بنەماڵە "ڕەسەنانە"ی کوردستانە کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا، بەشی بەڕەی خۆیان، حکوومەتیی لۆکاڵیی چەند ناوچەیەکی موکریانیان بە دەستەوە بووە و هەرکات پێیان زیاتر ڕاکێشاوە لەلایەن ناوەندەوە سزا دراون.
باوکی، حاجی ئەوڕەحمان ئاغا وەزیری کابینەی پێشەوا لە کۆماری کوردستان بووە. دواتر کە کۆمار تێکچووە و حکوومەتی ناوەندی لێی خۆش بووە، لە زانکۆی تاران وەک مامۆستای فیقهی شافیعی دامەزراوە.
عەبدوڵڵای موهتەدی، بە حوکمی وەزیفەی باوکی، زۆربە یان تێکڕای تەمەنی منداڵیی لە تاران تێپەڕاندووە و لەو سۆنگەیەوە بەسەر پایتەختی ئێران حەقی ئاو و گڵی هەیە.
بە حوکمی ئەوەش، فارسییەکی ڕەوان و تارانی و بێ لەهجە قسە دەکات. فارسیسەکەی لە هەموو سیاسییەکانی ئێستای ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕەوانترە.
ئەگەرچی هێشتا شارستانییە، دەتوانێ ئیدعای تارانیبوونیش بکات و بە زۆر کەس لەوانەی خۆیان بە تارانی دەزانن، بڵێت شارستانی.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە تاران تەواو کردووە و هەر لەو شارەش چووەتە زانکۆ و بەکالۆریۆسی وەرگرتووە.
بێجگە لە باوکی، سەلاح موهتەدیی کاکیشی پێش خۆی تێکەڵی کاری سیاسی بووە. بەڵام ئەو هەر لە سەرەتاوە ڕووی لە گۆڕەپانی سیاسیی باشووری کوردستان کردوە و لەگەڵ هەموو هەوراز و نشێوەکان وەک یاری غاری مام جەلال ماوەتەوە.
عەبدوڵڵای موهتەدی نە وەک باوکی ڕێگەی ناسیۆنالیزمی کوردیی گرتەبەر و ڕووی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە ئەو کاتە تاکە حزبی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کرد. نە وەک کاک سەلاحی برای ڕووی لە "ئەودیو" بوو.
بەڵکوو ژیانی سیاسیی خۆی بەم بڕوایەوە کە "ئەنتەرناسیۆناڵە ڕێی ڕزگاریی مرۆڤەکان" دەست پێکرد.
ئەوکاتە تەوژمی چەپ باڵی بەسەر زانکۆکانی ئێران و بگرە زۆربەی وڵاتاندا کێشابوو. عەبدوڵڵای خوێندکاریش وەک زۆربەی گەنجانی خوێندکاری ئەو سەردەمە کە حەزیان لە سیاسەت بوو، خۆی بەو تەوژمە سپاردبوو.
لە هەرەتی لاوێتیدا واتە لە تەمەنی بیست ساڵیدا، لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری کوردی زانکۆکانی ئێران بەردی بناخەی رێکخراوێکی نهێنیی چەپ و ڕادیکاڵیان داڕشت کە نزیکەی دە ساڵ دواتر لە گەرمەی شۆڕشی ساڵی ٥٧دا خۆی وەک کۆمەڵە ئاشکرا کرد
لە سەرەتای ژیانی سیاسیدا، بەتایبەت لە سییەکان و چلەکانی تەمەنیدا وەک مارکسیست لێنینیستێکی ڕادیکاڵ ناسرابوو کە دژایەتییەکی توندی هەرچەشنە حزب و کەس و لایەنێک دەکرد بە نزیک لە "بەرەی کاپیتالیست و ئیرتجاع و ئیمپریالیست"ی دەزانی.
ئێستاش ئەگەرچی لە زۆربەی هەڵوێستە ڕادیکاڵەکانی ئەو سەردەمەی پەشیمانە و ئەگەرچی بڕوای بە بەرەی "پڕۆلتاریا" نەماوە، بەڵام دیسانیش (بەتایبەت لە گۆڕەپانی کوردستان) خۆی پە چەپ دەزانێت. دەزانێت کە "چەپبوون" تاکە سەرمایەی هەموو ساڵانی ڕابردوویەتی و ناتوانێ بە ئاسانی دەستبەرداری بێت.
کاک عەبدوڵڵای موهتەدی بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی، چ ئەو ئەوکاتەی کە مارکسیستێکی تۆخ بوو و چ ئێستا کە خۆی وەک سۆسیال دیموکرات دەبینێتەوە، تایبەتمەندییەکی نەگۆڕی هەیە کە بە ئەگەری زۆر بۆ کەسایەتیی دەگەڕێتەوە.
ئەو تایبەتمەندییەش ئەمەیە کە زیاتر بەلایەوە گرینگ بووە لە تاران پەسەند بکرێت، تا لە بۆکان. لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە ئەگەر تارانی "پادار"ی لە پشت بێت بۆکان لە "بێپاکان"ە.
هەرچەندە دزانێ کە تەواوی سەرمایە مەعنەوییەکەی لە بۆکانەوە بۆ بە میرات ماوەتەوە، بەڵام دیسانیش مکوڕە لەوەی کە بەم سەرمایەی لە تاران "کارخانه" دانێت.
ئەوەش دەزانێت کە سەرمایەکەی بە تەنیا بەشی ئەو سەرمایەگوزارییە لە تاران ناکات، ڕەنگە تەنانەت دانگێکیشی پێ نەکڕدرێت. بۆیە هەمیشە بە دوای شەریک و هاوبەشێکی تارانیدا دەگەڕێت. جا ئەو هاوبەشە چەندە قەدەرتر بێت، باشتر.
لە سەرەتای ژیانی سیاسیدا ئەو کاتەی پێیوابوو داهاتوو بۆ پڕۆلتاریا دەبێت، گەڕا و گرووپێکی بچووک لە مارکسیستەکانی ئێرانی هێنایە کوردستان. بە سەرمایەی کۆمەڵە و "براند"ی ئەوان، (هەڵبەت لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی لە ناو کۆمەڵە)، حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان دامەزراند.
دەڵێن بانکهێشتکردنی جەماعەتی مەنسوور حیکمەت کە بە گرووپی سەهەند یان اتحاد مبارزان کمونیست ناسرابوون، لەلایەن کۆمەڵەوە تەنانەت بۆ خودی ئەو جەماعەتەش سەرسوڕهێنەر بووە. پێیان سەیر بووە چۆن ڕێکخراێکی جەماوەری و گەورەی وەک کۆمەڵە داوای "ئێتیلافی" لێیان کردووە. بەڵام کۆمەڵە و کاک عەبدوڵڵا نەک هەر ئەوانیان بانگهێشت کرد، بەڵکوو حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان بۆیان ساز کرد و کۆمەڵەی گەورە و گرانیان کردە لقی کوردستانی ئەو حزبە ساز کراوە.
کاک عەبدولڵا نەک هەر فەرمووی لە مەنسووری حیکمەت کرد، بەڵکوو لە سەرووی مەجلیسیشەوە داینا و کردییە دەمڕاست و تیۆریسییەنی کۆمەڵە کە ئێستا ئیتر لقی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو.
دەڵێن کاک عەبدوڵڵا ئەوندە سەرسامی فکر و زمانی مەنسوور حیکمەت بووە، کە لە کاتی جیابوونەوەی حیکمەت و جەماعەتەکەیدا و کاتێ ویستوویانە بارەگایان لە کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا بگوازنەوە، هەتا نیوەی ڕێ لەگەڵیان کەوتووە. لە نیوەی ڕێگە پاشگەز بووەتەوە و گەڕاوەتەوە.
ڕەنگە هۆکارێکی گەڕانەوەکەی لەبەر ئەوە بووبێت کە نەیویستبێت پێی لە کوردستان داببرێت. کورد گوتەنی ئەمیشی بچێت و ئەویشی پێ نەبڕێت.
حزبی کۆمۆنیستی ئێران ئۆڤەرکۆتێک بوو لە خەیاتخانەی کۆمەڵە بە باڵای مەنسووری حیکمەت و جەماعەتەکەیدا درووابوو. کاتێ ئەوان ڕۆیشتن ئیتر دەبوو بە سنگێکی سەر دیوارەوە هەڵواسرێت. بەڵام کاک عەبدوڵڵا هێشتا دەستبەرداری ئەو ئۆڤەرکۆتە نەبوو.
وەک مەنسوور حیکمەت لە وتارێکیدا ئاماژەی پێداوە، دوای جیابوونەوەی ئەوان، کاک عەبدوڵڵا و هاوڕێیانی لە بازاڕ بەدوای فارسدا دەگەڕان بۆ ئەوەی ئەو ئۆڤەرکۆتە بکەنە بەری.
دە ساڵی دوای جیابوونەوەی مەنسوور حیکمەت، دە ساڵ گەڕانی بێ ئەنجامی کاک عەبدوڵڵا لە بازاڕەکانی سیاسەتی ئێرانی بوو.
لە بەرەبەری سەدەی نوێی زایینی بیری لەوە کردەوە بە یەکجاری واز لەو ئۆڤەرکۆتە هەڵواسڕاو و ئۆتووکراوە بهێنێت و بەرەو ساخکردنەوەی کۆمەڵە هەنگاو بنێت.
کاک عەبدوڵڵا کە تا ئەو کاتە ناسیۆنالیزمی بە ئیرتجاع و دواکەوتوویی دەزانی ئەمجارە بەرەو "کوردایەتی" هەنگاوی نا.
هەڵبەت دوو فاکتەری گرینگ کاریگەرییان لەسەر ئەم بادانەوی هەبوو. یەکەمیان هاتنی پەکەکە بۆ گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دووەمیان دۆخی ئەو ساڵانەی باشوور و باسوخواسەکانی هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق، هەڵبەت بە هاوکاریی تاڵەبانی و بارزانی بوو. یەکەمیان هەراسانی کردبوو و دووەمیان هیوادار.
هەراسان لەوەی نەکا بە هاتنی پەکەکە پێگەکەی لە شارەکەی لەکیس بچێت.
هیواداریش بەوەی ئەو ڕۆڵەی ئەمریکا لە عێراق بە بارزانی و تاڵەبانیی داوە، لە ئێران ئەم بیگێڕت.
بۆ ئەمەش پێویست بوو پێگەی خۆی لە ڕۆژھەڵات بەهێز بکات. ئەو پێگەیەش بە کوردایەتی بەهێز دەبوو نەک بە مارکسیزم کە باوی نەمابوو.
دوای ڕووخانی سەدام و چوونی مام جەلال بۆ بەغدا، ئیتر کاک عەبدوڵڵا بە خێرایی با بەرەو کوردایەتیی و ئەو گوتارەی سەردەمانێک بە ئیرتجاعی دەزانی، بایدایەوە.
ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستانی دابوو. لەو نێوەڕاستەدا ئێران مابوو. عەقڵی بە تەگبیر حوکمی دەکرد هەرچی زووتره خۆی بۆ ئامادە بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە لە ماوەیەکی کورتدا لە کۆمەڵەی موهتەدی هەم فیدرڵییەت پەسەند کرا و هەم بێ هیچ سێ و دووێک ئاڵاکەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم بارەگاکەی هەڵکرا.
ساڵانی سەرەتایی ئەم سەدەی زایینیە ساڵانی ئاوڕدانەوەی کاک عەبدولڵا و حزبەکەی لە قەزیەی کورد بە چاویلکەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
لە بەکارهێنانی ئەو چاویلکەیەدا ئەوندە چوونەتە پێشەوە کە ئێستا جیاوازیی فکریی کۆمەڵەی کاک عەبدوڵڵا لەگەڵ حدکا، لە جیاوازیی نێوان حدک و حدکا (پێش یەکگرتنەوەیان) ئەگەر کەمتر نەبێت زیاتر نییە.
بەڵام کاک عەبدوڵڵا ئەو سەردەمەش کە "ساخکردنەوەی کۆمەڵە" تەواو سەرەحاڵ و بە دەماخی کردبوو، هەر بیری لە سەرمایەگوزاری لە تاران بوو.
دیسانیش لە دەرفەتێک دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەو شەریکە قەدەرە تارانییە ببینێتەوە.
لە سەردەمی سەرهەڵدانەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، ئەو دەرفەتەی دیتەوە. بزووتنەوەی سەوز دەرگای بازاڕێکی نوێی لە فارس و تارانی بۆ کاک عەبدوڵڵادا فەراهەم کردبوو.
لە قاچاخە ڕێییەکانی کوردستانەوە تا ئوردووگای زڕگوێزەڵە فەڕشی سووری بۆ ڕۆژنامەنووس، خوێندکار، چالاکوان و ڕاوێژکارانی لایەنگری مووسەوی و کەڕووبی ڕاخست.
تەنووری بزووتنەوەی سەوز گەرم بوو و تەگبیر ئەوە بوو تا درەنگ نەبووە، زووتر نانەکەی پێوەبدرێت. لە سایەی ئەو تەگبیرە سیاسییەدا هەندێ جار دەبینرا لەو ئوردووگایە کۆنە پێشمەرگە و کۆنە پاسداری لایەنگری سەرۆک وەزیرە مەحبووبەکەی ئیمام، کە لە سەردەمی خومەینیدا سەنگریان لە یەکتر گرتبوو، لەسەر سفرەیەک دانیشتوون.
بزووتنەوەی سەوز بۆ کاک عەبدوڵڵا دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی کەسێک بۆ ئۆڤەرکۆتە هەڵواسراوەکەی مەنسوور حیکمەت ببینێتەوە. بۆ ئەوی بۆشایی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەمجارە بە ناو و ناوەڕۆک و پێناسەیەکی دیکەوە، پڕ بکاتەوە.
چەند ساڵی دواتر، ساڵانی هەوڵی ڕژدی کاک عەبدوڵا بۆ دیتنەوەی تارانییە قەدەرەکان، پێکهاتن لەگەڵیان و پێکهێنان یا بەشداری لە پێکهێنانی "تەشکیلاتێکی سەرتاسەری" لە چەشنی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڵام بە فۆڕم و ناوەڕۆکی جیا، بوو.
بەخشینی چەند کاتژمێر لە فرێکانسی تەلەفزیۆنەکەی بە عەلیڕەزا نووریزادە، باوەشکردنەوە و خستنە بەردەستی هەموو ئیمکانیات و تەشکیلاتی حزبەکەی بۆ بزووتنەوە سەوزییە هەڵاتووەکان، خۆ نزیککردنەوەی لەو کەسانەی بە بەدیلی مەنسوور حیکمەتیانی دەزانی، لە عەلیڕەزا نووریزادە و موحسن سازگاراوە هەتا مێهران بەراتی، مێهرداد خوانساری، شەهریار ئاهی، حەسەن شەریعەتمەداری و تەنانەت سەردار مەدحی، هەروەها و بە دیاریکراوی بەشداریی کارای لە کۆنفرانسەکانی پڕاگ و بەرلین و ... هەمووی لەم چوارچێوەیەدا بوو.
لە هەموویاندا کاک عەبدوڵڵا هیوادار بوو بەوەی هاوبەشێکی بەهێز بۆ کارخانەکەی لە تارانێ دەبینێتەوە.
ئەگەر چی بزوتنەوەی سەوزی مووسەویش وەک سەهەندەکەی مەنسوور حیکمەت هیچی لێ شین نەبوو و زۆربەی بزووتنەوە سەوزییەکان دوای گەیشتنیان بە ئەورووپا بەردیان بۆ کانییەکەی زڕگوێزەڵە هاویشت، ئەگەر چی کۆنفرانس و مەجلیسەکانی ئەو ساڵانە بە دەردی بەفرەکەی پار چوون و ئەگەر چی سەرمایەی کارخانەکەی تاران، دەرکەوت "ئەڵماسی فەریب" بوو، بەڵام کاک عەبدوڵڵا دیسانیش و دیسانیش دەستبەرداری ئەو هیوایە، ئەو خولیایە و ئەو خۆ نزیککردنەوانە نەبوو.
ئەوەیە ئێستاش کە لە ڕۆژھەڵات و لە ئێران شۆڕشی ژنان سەریهەڵداوە، دەبیندرێت کاک عەبدوڵڵا جارێکی تر چەپ و ڕاست لە هەوڵدایە لەناو مەجلیسی تارانیاندا شوێنێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
بۆیە هەڵوێست و هەڵسووکەوتەکانی ئەم ماوەیەی بە لە بەرچاو گرتنی هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی ساڵانی ڕابردووی شتێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر نییە.
کاک عەبدولڵا ئێستاش وەک ساڵانی رابردوو بە "کاک عبداللە"ی عەلیڕەزا نووریزادە و مەسیح عەلینەژاد و تەنانەت بگرە شازادە، گەز گەز باڵا دەکات.
کاک عەبدوڵڵا ( رەنگە بۆ ژیانی ساڵانی منداڵی و گەنجیی لە تاران بگەڕێتەوە) خۆی هێشتا بە شارستانییەک دەزانێت کە دەیەوێت سەنەدی "تارانیبوون"ی لە تارانییەک وەرگرێت.
بە درێژایی مێژووی سیاسیی هەمیشە بە ئاواتەوە بووە لە مەجلیسی تارانییەکان دانیشێت، یان لە مەجلیسەکەیدا تارانییەک لەسەرووی خۆیەوە دانیشێنێت.
وەک باس کرا فارسی بەبێ لەهجە و ڕەوان قسە دەکات. ئەگەر بیەوێت لە قسەکردن و تەنانەت کەل کەلی تارانیانەدا لەگەڵ هیچ ناوەندگەرایەک کەم ناهێنێت. بەڵام دیسانیش ئەوندە متمانەی بەخۆی نییە لە مەجلیسێکدا دانیشێت، تارانیی تێدا نەبێت، یان تارانییەکی لێ بێت و لە سەروویەوە دانەنیشتبێت.
هەر ئەمەش لە ژیانی سیاسیدا بووەتە گرێپووچکەیەک و بەردەوام بە زیانی شکاوەتەوە،
بەڵام دیسانیش دەستبەرداری نەبووە و نابێت. بەردوام لەسەر تەختی تاران تاس هەڵدەخات بەشکم ئەمجارەیان جووت شەش بێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە